نامەیەکی پڕ لە گلەیی مەولانا خالیدی نەقشبەندی بۆ عوسمان بەگی برای مەحمود پاشای بابان

2020-03-08

سەرتیپ شێخانی

ئێوە چەندجار چ بە ڕاسپاردەو چ بە نامە نووسین خوازیاری گەڕانەوەی ئەم هەژارە بۆ ویلایەتی خۆتان بوون و چەندین ڕێنمایی و دڵسۆزیتان دەرهەق بەم هەژارە کردووە، ئێستا ئەم هەژارە ڕووی بۆ وڵاتی ئێوە هێناوە و چەند ڕۆژێک بە میوانی دەیەوێت لە کوێستانی سەرگەت نیشتەجێ بێت.

جۆرەها ڕەفتاری سەیر لەگەڵ دۆستانی مندا دەکرێت و ئەم کارە جێی سەرسوڕمانە، لە ڕوانگەی ڕێزی زۆری پێشتر و بە پێی دابی گەورەیی و میوان نەوازیتان وا گومانم دەبرد ئێوە ئەگەر خۆتان بە پێشوازی هەژار نەیەن، بێگومان کەسێک لە پیاوانی موعتەبەری خۆتان دەنێرن. ئێستا وێڕای ئەمانە ئەبیستم کە جۆرەها قسەی نا شایەن لە مەجلیسی ئێوەدا بەم هەژارە دەگوترێت و هەزار درۆ بە زمانی من و دۆستانی منەوە بە گوێی جەنابتان دەگات و ئێوەش باوەڕ دەکەن.

ئەم حاڵەتە لە هۆش و مافی فەرمانڕەوایانی بەرز چاوەڕوان نەدەکرا، چونکە ئێوە لە سەرەتاوە تا کۆتا ئەم هەژارە لە هەموو کەس باشتر دەناسن و مەردومی ئەهلی عیناد واز لە درۆ هەڵبەستن ناهێنن.

،،

بە کورتی ئەگەر پەرەپێدەری ڕێبازی بەرزی نەقشبەندی هەیە، ئەوە ئەم هەژارەیەو ئەگەر شایەنی گفتوگۆ و دەمەدەمێش هەبێت هەر منم.

ئەگەر مەلایانی مونکیری(هەژاران) ڕاست دەڵێن و قسەی لەبەر خودا دەکەن، کاری مەردان جنێودان و بەدگۆیی هەژاران نییە، ئێوە خۆتان لاوێکی بەختەوەرن، لەبەر خودا ئاگری ئەم فیتنە و فەسادە بکوژێننەوە، هەستە و شێخ مەعرووف و مەلا صالح و شێخ عەبدول ڕەحیم کە لە گەورە زانایانن، بە هاوڕێیەتی خۆت بهێنە، ئەگەر دەشڵێن ئێمە پێمان عەیبە بڕۆین بۆ لای فڵان، ئەم قسەیە نییە، چونکە ئەوان بە قسەی خۆیان دەعوا بۆ خوا دەکەن، نەوەک بۆ لای من دێن، و ئەگەر نایەن بۆ دێی (سەرگەت) بێنە شاری گوڵعەنبەر(خورماڵ) ئێمە ڕازین و خۆمان دێیینە ئەوێ، ..........ئێوە خۆتان لەو دانیشتنە ئامادەبن، منی هەژار لەگەڵیان باس و گفتوگۆ دەکەم، ئەگەر بۆ خاترتان مەعلووم بوو، کە جگە لە سەرکەشی و حەسادەت و خراپەکاری مەبەستێکی تریان هەیە، باشە، بە پێچەوانەوە ئەگەر من باسی ئیرشاد و شێخێتیم کرد و دەردەکەوێت کە باسی پووچ و بێهودە دەکەم.

هەروەها لە درێژەی نامەکەیدا دەڵێت: کە من لەسەر هەق نەبووم پشتگیری مەکە، کە لەسەر هەقیش بووم نابێت بمڕەنجێنن، ڕاستە من وەلی نیم بەڵام دەستم بە زنجیرەی ئەولیاوە گرتووە، ڕەنجاندنی ئەولیا بۆ دین و دنیا زیانی گشتی هەیە.

تێبینی: ــ مەبەست لە شێخ مەعرووف، شێخ مارفی نودێییە. ئەم نامەیە جیاوازی و ناکۆکی و کێشمەکێشی تەریقەتی قادری و نەقشبەندی دەردەخات، کە بە پێی ئەم نامەیە بێت مووریدانی تەریقەتی قادری بە پاڵپشتی دەسەڵاتی بابانی ئازار و ئەزێتی زۆری مووریدانی نەقشبەندییان داوە، وەلێ تواناشیان نەبووە بە زمانێکی زانستی و شارەزایی ئاڵنگاری مەولانەش ببنەوە. ــ ئەم نامەیە لە لاپەڕە " ۱۲۱ ــ ۱۲۲ ــ ۱۲۳ ی کتێبی " مەکتوبات" کە وەرگێڕدراوی نامە فارسییەکانی مەولانا خالیدە، بڵاو کراوەتەوە