دنیا لە چاخی ڤایرۆسدا

2020-03-29

ئوسامە کامیل مەحمود

بەگوێرەی دکتۆرەکانی توب، ئەم ڤایرۆسە ڤایرۆسێکی پەرەسەندووە (mutation) و لە داهاتوشدا ڤایرۆسیتر چاوەڕێمانە.

هەموو دەوڵەتەکان و هەروەها بەگشتی توێژەران و ئەکادیمیستی بوارە جیاوازەکان پێیانوایه لەبەردەم دامەزرانی بونیاتێکی نوێی سیۆسیۆ‌ـ ئیکۆنۆمی، سیاسی و پزیشکین، هاوڕان دونیای پاش کۆرنا هەروەک پێش کۆرۆنا بەردەوام نابێت. هەرخۆی سیستەمیش چ دەوڵەتی و چ نێودەوڵەتی سروشتێکی دینامیکی هەیە و کۆرۆنا دەکرێت پرۆسەکە خێراتربکات، هەروەها لەمێژوشدا نەخۆشیە ڤایرۆسی و تەنگەژە ئابوریەکان یاخود جەنگە هەمەلایەنەکان هەبوون و فاسیلەی نێوان دوو دنیای دوو سیستەمی جیاواز بوون.

لە حاڵی حازرەوە کۆمەڵێ ئاماژە هەن لێیەوە دەتوانین پێشبینی ئەو دنیایە گۆراوەی پێبکەین، لێرە لەخوارەوە هەندێک لە ئاماژە و دەرکەوتە سادەکانی لەگەڵ ئێوە شەیردەکەم: پێش هەموشتێک ئەو توێژینەوانەی لە دامەزراوە زانستیەکان کراون ئاماژە بەوەدەدەن کۆرۆنا ڤایرۆسێکی بەرهەمهێنراو یان لە تاقیگە دزەکردوو نیە، واتە ئەمە هیرشێکی بیۆتیرۆر یا بایەلۆژی نیە و هیچ بەڵگەیەک جێنەماوە بۆ کۆمپلۆت تیۆری. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە دەوڵەتان ستراتیژی خۆیان ئیتر بازرگانی و ئابوریبێت یان سیاسی بێت لەسەر بنیات نەنێن بۆ گۆڕین یان پارێزگاری کردن لە هاوسەنگی هێز و ئابوری داهاتوو.

،،

ڤایرۆس لەزۆر بارا ئەو بوارانەی سەروەری و باڵادەستیمان بەسەردا هەبوو له ژێردەستی دەرهێناین.

هەربۆیه لەبەردەم دوباره بنیاتنانەوەی سەروەریەکی نوێین بەسەر هەمان ئەو بوارانەدا که دیار نیه چۆن دەبێت. بەکورتیەکەی ئیمپراتۆریەتیەک له ڤایرۆس دروست بوو کۆنترۆڵی مرۆڤی نەهێشتووه بەسەر هەموو بوارەکاندا چ ئابوری، ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی چ بواری ئاسایش و پزیشکی.

لەسەردەمی جەنگی ساردا دەوڵەته ڕۆژئاوایەکان خەڵکانی خۆیان تۆقاندبوو له بیری کۆمەنیزم که پاشان بووه هۆی دروستبونی فۆبیا و وەسوەسه لای خەڵکی، له نەتیجەش کۆمەڵگەکان و هەندێ دەوڵەت بوونه قوربانی ئەم وەسوەسه هەرچەند کۆمەنیزم بۆخۆیشی ئایدۆلۆژیایەکی جدیبوو. ئەمڕۆکەش له کۆی دنیا بەهۆی ڤایرۆسەوه گەورەترین ترس دروستبووه که له هەمووماندا هەیه و بەڕادەیەکی ترسناک کلتورێکی ترس زاڵبووه کە دەکرێت دەوڵەتەکان هەم ستراتیژی خۆیان لەسەر پەرەپێبدەن، هەمیش له ناوەوە سود لەم ترسه وەرگرن.

ترس وەک ڕەگەزێکی سیاسی بەکاڵاکراوه، کاتێک سەیری چین و ڕوسیا و ئەمریکا یانیش وڵاتانی مامناوەندی وەک تورکیا و ئێران دەکەین، سەرۆکەکانیان ستراتیژیەک پەیڕەودەکەن هەڵگری پۆتانسێلی تەعلیمات و ڕەفتارگەلێکن مەبنیبێ لەسەر تۆتالیتاریزم. له نێوان دوو جەنگه جیهانیەکه و لەکاتی قەیرانی ئابوری 1929 کاتێک ڕژێمه ناسیۆنالیست، فاشیست و سۆسیالیستەکان هاتنه پێشەوه لەلایەن کۆمەڵگەکان ئەم دیاردەیه وەک بڵێی سروشتی و ئاساییه قبوڵدەکراو دەبینرا. ئێستەکەش له قۆناغێکداین ترس و وەسوەسه وادەکەن تۆتالیتاریزم بەسروشتی و قبوڵکراو ببینرێت و هەرجۆره فەرمان و ڕێنماییەک بەبێ هەر پرسیار و ئیعترازێک قبوڵ بەکەین وەک قبوڵکردنی بژاردەی کەمکردنەوەی دانیشتوان یانیش جێهێشتنی بەتەمەنەکان لەبەردەم مەرگ (لێره هیچ مەبەست له لایەن و ڕێنماییه توبیەکان نیه، بەڵکو ئەوەی ئەوان دەیڵێبن بەڕاستی دەبینین و بەگوێیان دەکەین).

ئەڵبەت ترساندن و هۆشداری دوو شتی لەیەکجیان، ئەوەی لێرەدا غەریبه که ڕەنگه لەمەجبوریشبێت هەڵسوکەوتی دکتۆرەکانیش لەبابەتی بڵاوکردنەوەی ترس بەئاراستەیەکه که لەپاڵ ئایدۆلۆژیای زاڵ شوێندەگرێت، هەر بۆیه هەندێ جار لێدوانی دژبەیەکیش دەدەن. له ئێستاده دەوڵەتەکان لەپاڵ ڕاگەیاندنی باری نائاسایدا سنورەکانیان داخستووه و هاوڵاتیەکانیشیان له ماڵەوه گلداوەتەوه. وەک ئەوەی دکتۆرەکان باسیدەکەن ڤایرۆسەکەی ئێسته دەرەنجامی موتەیشن بێت و ڤایرۆسیتری چاوەرێمان بکات و خەڵکیش عادەت بەئەم ڕێوشوێنانه بکەن له داهاتودا دیسان له کاتی ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆس دیار نییه دەسەڵاتداران چۆن مامەڵه لەگەڵ ئەم باری نائاساییە دەکەن.

لەلایەکیترەوە، ڕۆشتن بەرەو فۆرمێکی هەندێک نوێتر لە دەوڵەتداری. بەپێچەوانەوە ئەم جارە ئەکتەرە مالی وتایبەتەکان پاکێجی ئابوری و خزمەت پێشکەشناکەن بەڵکو دەوڵەتان ئەم کارە دەکەن. ئەمریکا نمونەیەکی گرنگە کە حاڵی حازر سەربازەکانی ڕژاندوەتە شەقامەکان و وەختە بەشێک لە دامەزراوە و کۆمپانیا تەندروستیەکان بە دەوڵەتی دەکرێن. بەمانایەکیدی ئیمبراتۆریەتی ڤایرۆس ئەو مەشروعیەته دابیندەکات لەپەنا ترس و شۆکی مەوجود و ڕوبەڕوبونەوە دەوڵەت توندوتیژی و سێبەری فراوانتر دەکات بەسەر ژیانی کۆمەڵگەکاندا کە حاڵی حازر شاهیدی ئەمەین لە دەسڵاتخوازترین بۆ لیبراڵترین دەوڵەت.

هەروەک ئەو توندوتیژی وفشارانەی وەکو ڕێوشوێن لەدوای 11 سێپتەمبەر له ئەمریکا و پاشان هەموو جیهان ڕویدا (مەبەست له توندوتیژی دەوڵەت لایەنه یاساییەکەیەتی واته سنوردار کردنی ئازادی و چالاکی). هاتنه ئارای دۆکترینی جڵەوگیری پێشوەختە و بەڕێوبردنی تەنگەژه گوازراوه و هێرشبەرەکان. هەرەشە و تەنگەژەیەک کە دەوڵەتان لە بودجەکانیان هیچ پێشبینی حساباتێکیان بۆ نەکردبوو ئەمڕۆ زۆرێکیان بە ملیارها دۆلار لە خەزێنەکانیان دەرەهێنن بۆ ڕوبەروبونەوەی، واتە خەرجیەکی نوێ ئیزافە بوەتە سەر بوجەی دەوڵەت کە ڕەنگە ئەم بابەتی پێشبینی و پلانی پێشوەختەش گۆڕانبێنێت بەسەر سێکتەری تەندروستی گشتی ناو وڵاتەکان.

،،

ڤایرۆس مەیدانی توبی زیاتر چۆڵکرد به باوەڕی خورافی و دکتۆرەکان بوونەته ئەکتەری تاقانەی مەیدانەکه.

لەلایەکی تر، لە هەرقۆناغێکدا توێژێکی دیاریکراوی وەک جەنگاوەران، فیزیکیست، ئەندازیار و ئابوریزانەکان.. باڵادەستبوون لە کۆمەڵگەکانی جیهاندا، ئەمڕۆ دکتۆرەکان باڵادەستن، بەمانایەکیتر باڵادەستبوونی تەکنەلۆژی توبی و پیشەسازی کیمیایی، کە دکتۆرەکانیش بوونەتە یەک لەگرنگترین ئەکتەرەکانی سەرمایەداری و تابڕوات باڵادەستیان زیاد دەبێت.

بەکورتی تەکنەلۆژیای پزیشکی وەک یەک له گرنگترین پێکهاتەی ڕەگەزی هێز لەگەڵ تەکنەلۆژی جەنگی شانبەشان ڕێدەکەن، بیرمان نەچێت توب هەرتەنها لەمەجالی ئینسانی نا لەمەجالی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی و هیتریش چالاکی هەیه. کۆمێنتێکی کورت لە ڕووە ئابوریەکەشی: لە قەیرانی ئابوری 2008 پارە و سەرمایە لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا لێشاویکرد، ئێستاکەش بەگوێرەی ئابوریزانەکان ڕەنگە جارێکیتر پارە لە ئەوروپاوه دەست بگۆڕێت بۆ ئاسیا بەمەش ئەوروپا دەرگیر و ئاسیا زەنگینتر دەبێت. هەروەها زیاتر گەشەسەندن و بەربڵاوبوونی پارەی ئەلیکترۆنی، ڕۆبۆت، هۆم ئۆفیس و دیلیڤەری. لە نەتیجەی ئەمەش زیاتر بەدیجیتاڵبوونی ژیان.