له‌ گۆرانى وتن بۆ مریشكه‌كانییه‌وه‌‌، بۆ هونه‌رمه‌ندێكى نه‌ته‌وه‌یی و جیهانى

2020-07-01

ئەحمەد یوسف

ئەحمەد کایا كێیه‌؟
ئەحمەد کایا لە ساڵی ١٩٥٧ لە شاری ماڵاتیای باکوری کوردستان لە دایک بووە. کۆتا مناڵی خێزانێکی ٧ کەسییە لە دایکێکی تورک، و باوکێکی کورد، ٣ خوشک و برایەک بوون. وەک زۆربەی دانیشتوانی ئەوکاتەی شارەکە خێزانێکی هەژار بوون و لە خانویەکی یەک ژووری 40مەتریدا ژیاون، باوکیشی لە کارگەیەک کاری کردووە.


ئەحمەد کایا مناڵێکی نازدار بووە (بۆ نموونە تا ٤ ساڵی شیری دایکی خواردووە) و حەزی بە گۆرانی وتن بووە. بە تەختە، سازێکی دروست کردبوو و کۆنسێرتی بۆ مریشکەکان ساز دەکرد. کە باوکی دەبینێت ئەحمەد حەزی بۆ گۆرانی وتن و ساز ژەنین هەیە، لە تەمەنی ٦ ساڵیدا سازێکی بۆ دەکڕێت. بانگی دەکەن بۆ ژوورەوە؛ دەڵێن وەرە باوکت شتێکی بۆ کڕیوی. ئەحمەد ئەزانێ کە ئەم بانگ کردنە بۆ شتێکی ئاسایی نییە، کە دێتە ژوورەوە سازێک بە دیوارەکەوە ئەبینێ لە خۆشیا دەست ئەکات بە گریان.


"کە بووم بە ٦ ساڵ ڕۆژێک بانگیان کردم، ڕۆشتم سەیر ئەکەم دیوارەکە سازێکی پێوە هەڵواسراوە. رەسمێکی تەسکەرەی خۆشمی پێوە کراوە. وتیان سازەکەت بگرە بە دەستەوە. وەرم نەگرت. وتبووم نامەوێ و نازانم چی. ئینجا دەستم کردبوو بە گریان و چووبومە باخچەکەی پشتەوە بە سەعات گریابووم." ئه‌حمه‌د كایا وایوت.
كایا، لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا خۆی فێری ژەنینی ساز کردووە و توانیویەتی ئاوازی جیاوازی پێ دەربکات. (چونکە پێشتر جار جار سازەکەی مامی لە گوند و سازەکەی خاڵی لە ماڵاتیا بەکاردەهێنا). کە ئەمەش دەبێت بە یەکێک لە خەسڵەتە جیاکەرەوەکانی کایا، چونکە خۆی فێری ساز بووە و ستایلێکی تایبەت بە خۆی هەیە، سەرچاوەی ستایلەکەشی لەو تەمەنە منداڵییەوە دەست پێ دەکات تا کۆتایی تەمەنی.


"کاتێک سازی خۆمم هەبوو ١٢ سەعات بێ خەوتن سازم ئەژەنی، كاتێك دەستم ده‌کرده‌وه‌ بە قوتابخانە... بێزار ئەبووم. لە پۆل ڕامئەکرد و لە ناوەڕاستی کێڵگەکە دا ئەنیشتم و سازم ئەژەنی... مامۆستاکەم زۆر شانازی پێوە ئەکردم، کە قوتابییەکه‌ی ئەتوانێ ساز بژەنێ. بە مامۆستاکانی دی ئەوت "قوتابییەکەی من زۆر هارە؛ بەڵام ئەتوانێ ساز بژەنێ." كایا واشى ده‌گوت.

یەکەم کۆنسێرتی کایا لە جەژنی کرێکاراندا لە کارگەکەی باوکی دەبێت. لە تەمەنی ٩ ساڵیدا خۆی و سازەکەی لە شەوێکدا گۆرانی بۆ خێزانی کرێکارەکان دەڵێت و بۆ یەکەم جار لە بەردەم کۆمەڵێکی زۆردا کۆنسێرتێک ساز دەکات. دوای ئەمەش بانگهێشت دەکرێ بۆ چەند شار و شارۆچکەیەکی دی تا لە بۆنە جیاوازەکانی کارگەکانی تردا ئامادە بێت و گۆرانی بڵێت.


لە دوای ١٠ ساڵیش، لە پشووی هاویندا دەست دەکات بە کارکردن لای شریتچییەک. لای ئەو شریتچییەش (خاوه‌ن تۆمارگه‌ى هونه‌رى) هەم بە خەڵکی جیاواز ئاشنا دەبێت هەم ئاشنا دەبێت بە نۆتەکان کە کاریگەرییان لەسەر مۆسیاقاکەی هەبوو.

،،

"باوکم هەمیشە ئەیوت: کوڕەکەی من ئەبێت بە هونەرمەندێکی زۆر دەوڵەمەند. بۆ ئەو، بوون بە هونەرمەندێکی دەوڵەمەند گرنگتر بوو تا هونەرمەندێکی باش."

لەبەر هەژاری باوکی هەمیشە ویستوویەتی بچن بۆ ئیستەنبوڵ تا بتوانێ لەوێ ژیانێکی باشتر و بۆ خێزانەکەی دابین بکات، هەمیشە لە ماڵەوە باسی ئیستەنبوڵی بۆ دەکردن و پێی دەوتن ڕۆژێک دێت دەچین بۆ ئیستەنبوڵ. بۆیە پاش ئەوەی خانەنشین ئەبێ لە سالێ ١٩٧٢، ماڵ دەگوازنەوە بۆ ئیستەنبوڵ. وەک چۆن بەشێکی زۆری دی لە دانیشتوانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا کۆچیان کردووە بۆ شارە گەورەکان بە مەبەستی دەستکەوتنی کار و گوزەرانێکی باشتر.

کایا لە ژیانیدا ٤ کودەتای سەربازی بینیوە و لە ساڵەکانی (١٩٦٠، ١٩٧١، ١٩٨٠، ١٩٩٧). ئەحمەد زیاتر تێکەڵی چەپەکانی تورکیا بووە و رۆحی شۆڕشگێرانەی هەر لە گەنجییەوە تێدا دروست بووە. تەنانەت لە ساڵی ١٩٩٩ سەردانی وڵاتی کوبای کردووە و لەوێ لەگەڵ چەپەکانی ئەوێ تێکەڵ بووە. بە هەمان شێوە دواتر ئەوانیشی بانگهێشت کردووەتەوە بۆ تورکیا دەعوەتی کەباب و مەیی کردوون.

"وەڵام ئەیەمەوە
ئەو دایکانەی دەستیان لەسەر کەمەریانە...
زیندانەکان و ئازارەکان...
زۆر باس دەکەم
چونکە لەوانەی سەریان لە ناو قوڕدا شاردۆتەوە
بێزاربووم
شۆرش دەکەم"

جوانترین خەسڵەتی کایا حەقبێژییە، چونکە کایا هەمیشە لایەنی حەقی گرتووە و هەرگیز ڕێی نەداوە ئایدۆلۆژیا تایبەتەکانی خۆی ڕێ لەوە بگرێ ڕاستییەکان بڵێ. چەند هەڵوێستێکی لێرە باسدەکەم لە زاری خۆیەوە کە باس لە: گەریلاکانی شاخ و سەربازەکانی دەوڵەت، باڵاپۆشی و ئیسلامییەکان دەکات.

كایا چۆن دژى زوڵم و زۆر ده‌وه‌ستایه‌وه‌؟
ئه‌و به‌رگرى له‌ گه‌ریلایه‌ك ده‌كرد كه‌ شاخه‌كان گیان له‌ده‌ست ده‌دات، له‌به‌ر داواكردنى مافى گه‌له‌كه‌ى..
هه‌روه‌ها کایا باس لە زوڵمی حکومەت بەرامبەر چینی ئیسلامی بە گشتی و بە تایبەتیش دەستگیرکردنی ڕەجەب طیب ئەردۆگان لە دوای کودەتای ١٩٩٧ دەکات و دەڵێت:
"دیموکراسی بۆ هەموومانە، چەنێک پێویستە ئازادی ڕا دەربڕین بۆ من هەبێت، پێویستە ئەوەندەش بۆ کاک طیب [طیب ئەردۆغان] هەبێت. نابێت هیچ کەسێک بەرامبەر خوێندندەوەی هۆنراوەیەک ئازادی لێ زەوت بکرێ"
هەر لە دوای کودەتای ١٩٩٧ قوتابییە باڵاپۆشەکان لە زانکۆکان وەرنەدەگیران، تەنانەت پەرلەمانتارێک لە دەرگای پەرلەمانەوە دەرکرا لەبەر ئەوەی سەرپۆشی بەسەرەوە بوو. کایا ئەم سیاسەتەی بە ستەم دەبینی کە بەرامبەر باڵاپۆشان دەکرا.
"ستەم لەسەر هەرکەسێک بێت، ئێمە، ڕێک لەسەر ستەمکارەکە ئەبین. ستەم لە هەرشوێنێک هەبێ، دژ بەو ستەمە شۆڕش ئەکەین. شۆڕش تەنها بۆ ئەو کاتە نییە کە چەپەکان ستەمیان لێ دەکرێ، بۆ هەموو کەسێکە کە ستەمی لێ دەکرێ"
كایاى مه‌زن ده‌شڵێت:
"کە من بتوانم چاکەت و پانتۆڵ لەبەر بکەم، ئەبێ ئەویش بتوانێ لەچک لەسەر بکات."

کایا بەڕاستی سەرکردە بوو، هانی خەڵکی دەدا بەرەو ڕاستی. ئەو ناوبانگەکەی خۆی بۆ پارە پەیا کردن و ڕابواردن بەکار نەهێنا. بەڵکو هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوە بوو ڕاستییەکان بگەیەنێت. لە گۆرانییەکانی، تەلەفزیۆن، ڕادیۆ و هەرشوێنێکی دەست بکەوتایە بیروڕاکانی خۆی ئاماژە پێ دەکرد.

ئەحمەد کایا لەو تەمەنە کورتەی کە هەیبوو شۆڕشێکی حەقبێژی بەرپا کرد کە هەمیشە دەتوانین وەک نموونە لێی بڕوانین و لەوە تێبگەین کە تەنها ناوبانگ و پارە بەس نییە بۆ مرۆڤ. مرۆڤەکان دەبێ هەوڵبدەن تا کەسانی تر بەرەو باشە ببەن، لەگەڵ حەق و ڕاستی بن تەنانەت ئەگەر وڵات و حکومەتێک بە تەواوی دژیشیان بێ.

،،

کایا لە کارە ڕێخکراوەییەکانیدا هاوڕێیەکی ژنبراکەی دەناسێت بە ناوی ئەمینە، دوای ماوەیەک بڕیار دەدات کە هاوسەرگیری لەگەڵ بکات. لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ ئەمینە خێزان پێک دەهێنێ، دوای ساڵێک منداڵێکیان دەبێ و ناوی دەنێن چیهـ'دەم.


بەڵام ئەم هاوسەرگیرییە زۆر ناخەیەنێت، لەبەر ڕێکنەکەوتنییان لەسەر کارەکانی کایا، کە دەیویست لە بواری مۆسیقا و گۆرانیدا کاربکات. ئەمینە پێی وابوو کایا کارێکی ڕێک و پێکی هەبێت باشترە و کارە موزیکییەکانی بە خەیاڵ دەبینی. بۆیە ڕۆژێک ئەحمەد کە دەگەڕێتەوە ماڵەوە توشی شۆک ئەبێت، ماڵەکە چۆڵە، کەلوپەلەکان براوە و ئەمینە و چیهـ'دەمیش لەوێ نین. ئەمینە بڕیاری داوە و کچەکەی بردووە و ماڵی جێهێشتووە، دواتریش لەگەڵ کایا جیا دەبێتەوە.

کایا زۆر هەوڵی داوە تا توانیویەتی گۆرانیەکانی تۆمار بکات و بڵاویان بکاتەوە. ڕۆژی خستبوویە سەر شەو و لەم ستۆدیۆ بۆ ئەو ستۆدیۆ دەڕۆشت تا ڕازی ببن گۆرانییەکانی بڵاو بکەنەوە. بەڵام لەبەر هەستیاری گۆرانییەکانی کەسیان ڕازی نەدەبوون بۆی تۆمار بکەن.


تا لە کۆتاییدا لە ستۆدیۆی دێهیشم، کە سێزەر باهجان خاوەنی بووە و پێكەوە لەگەڵ سێلدا باهجانی گۆرانیبێژی خوشکی کاریان کردووە، دەست دەکات بە تۆمارکردنی یەکەم ئەلبوومی لە ژێر ناونیشانی 'مەگری ڕۆڵەکەم'.


بۆ ئەوەی فریای کۆنسێرتەکەی بکەوێ ئەحمەد داوا ئەکا کە بە ٣ ڕۆژ ئەلبوومەکە تۆمار بکەن. پاش گفتوگۆ لەگەڵ سێلدا باهجان دەست پێ دەکەن و بە ٣ ڕۆژ تەواو ئەبن. پاش تۆمار کردنی، ئەلبوومەکە دەنگدانەوەیەکی بەرچاو بە خۆیەوە ئەبینێ، بە تایبەت دوای ئەوەی قەدەغە کرا.


پاشان داوای هەڵگرتنی قەدەغەبوون لەسەر کاسێتەکە دەکەن، سەربەست دەکرێ و پێشکەوتنی باش لە فرۆشتنی کاسێتەکە ڕوودەدات و زۆر دەفرۆشرێ. هەرچەندە کاسێتەکە سوودێکی ماددی نەبوو بۆ کایا، دوای کۆتایی هاتنی ئەم ئەلبوومەش، کایا بێ پشوودان دەست دەکاتەوە بە تۆمار کردنی ئەلبوومی دووەمی.
كایا له‌باره‌ى ناوبانگى خۆیه‌وه‌ ده‌ڵێت:
"لەپڕ بەناوبانگ بووم، لە کاتێکدا چاوەڕێم ئەکرد بچمە زیندان، بەناوبانگ بووم؛ بەڵام دیسان پارە لە گیرفانما نییە. بە ڕێگادا ئەڕۆم، هەموو ئەوانەی ئەمناسن، بە تایبەت قوتابیانی زانکۆ ئەپرسن: کاکە ئەحمەد، بۆ کوێ؟ لە ئون کاپیەوە بۆ کۆجاموستەفاپاشا بە پێ ئەڕۆشتم، ٩٠ هەزار لیرەی پارەی بلیتم پێ نەبوو.
ئەموت وەڵا هاتووم وەرزش ئەکەم. ئەیانوت: ئەها دە باشە کاکە ئەحمەد، ئەمان! پێویستمان بە تۆ هەیە. ئەم جۆرە قسانە ئەڕۆشتن و ئەهاتن."
گولتەن کایا، کاتێک لە زیندانی چوار ساڵ و نیوی ئازاد دەبێ کە تێیدا سێلدا باهجانیشی ناسیوە، بۆ سەردان دێت بۆلای باهجان. سێلدا باهجان داوای لێ دەکات لە ستۆدیۆکەیدا ئیشی لەگەڵ بکات و ئەویش قبوڵی دەکات. هەر لەوێش بە ئەحمەد ئاشنا دەبێت. پاشان بریاری هاوسەرگیری دەدەن لە ساڵی ١٩٨٦ و کچێکیان دەبێت و ناوی دەنێن مێلیس.

به‌رهه‌مه‌كانى كایا چین؟
سەرجەم بەرهەمەکانی کایا لە ١٨ ئەلبوم و ١٩١ گۆرانی پێکدێت، کە تەنها یەک گۆرانی کوردی تێدایە. هەرچەندە زۆرجار بەرامبەر یاسایان دەکردەوە بە ناحەق و گۆرانی و کاسێتەکانیان قەدەغە دەکرد، کاسێتەکانی کایا هەمیشە لە ریزبەندی یەکەمەکانی تورکیا بوون، ڕیکۆردی نوێیان دەشکاند.
کایا زمانی کوردی نەزانیوە و فێرنەبووە، بەڵام هەمیشە شانازی بە کورد بوونی خۆیەوە کردووە، بانگەشەی بۆ برایەتی و پێکەوەژیان کردووە. لە کۆتا ساڵەکانی تەمەنی، لە ئاهەنگێکی دی ساڵی ١٩٩٩ کایا بە باشترین هونەرمەندی ساڵ هەڵدەبژێردرێ لە لایەن ڕێکخراوی مەگەزین. ناوی کایا دەخوێندرێتەوە و مایکەکە ئەیەنە دەستی، ئەحمەد کایا دەست دەکات بە قسە و دەڵێت:
"من ئەم خەڵاتە تەنها بە ناوی خۆمەوە نا، ئەم خەڵاتە بە ناوی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، ئەم خەڵاتە بە ناوی )دایکانی شەممە (، ئەم خەڵاتە بە ناوی هەموو ئەوانەی ئەرکیان کێشاوە لە مەگەزین و بە ناوی هەموو خەڵکی تورکیاوە وەرئەگرم. وە کەسیش نەپرسێ کێ ئەم ئەرکەی خستە سەر شانت، مێژوو خستیە سەر شانم. لە ڕۆژانی داهاتوودا کاسێتێک دەردەکەم. لەبەر ئەوەی من بە ئەسڵ کوردم گۆرانییەکی کوردی دەردەکەم و کلیپێکی کوردی دەکەم. دەزانم کەسانێکیش هەن کە ئەم کلیپە بلاو دەکەنەوە. گەر بڵاویشی نەکەنەوە، ئەزانم کە لەگەڵ خەڵکی تورکیا حساب دەکەن."
لەگەڵ وتنی ئەم قسانە قیامەت هەڵدەستێ لە هۆڵەکەدا. لەگەڵ ناوهێنانی کورد هۆڵەکە ئارامی لێ دەشێوێ. یەکێک هاوار دەکات دەڵێت شتێک نییە بە ناوی کورد.
یەكێک دەڵێ: "ئاه، دابەشکەر، ملت بشکێنە و بڕۆ، بڕۆ بۆلای ئاپۆ، ئەمە فڕێ بەنە دەرەوە." یەکێکی دی دەست دەکات بە وتنی گۆرانی ڕەگەزپەرستانەی تورکی. کایا لە دوای کۆتایی هاتنی گۆرانیەکە کایا دەڵێت: "ئێمە هەموو تەمەنمان پارێزگاریمان لە یەک پارچەیی تورکیا کردووە؛ بەڵام لەسەر ئەوانەش نابینەوە کە ڕاستیەکانی خەڵکی کورد ڕەتدەکەنەوە، با بزانن." پاشان کایا بە ناچاری هۆڵەکە و ئاهەنگەکە بەجێ دە‌هێڵێت.

سه‌ره‌تا جه‌نگێكى نه‌ته‌وه‌یی دژى كایا
ئەم ڕووداوە دەبێتە سەرەتای جەنگێک کە دەمێک بوو پلانی بۆ دانرابوو دژی کایا. چونکە ئەحمەد کایا حەقبێژ بوو، هیچ کات لە ناحەقی بێدەنگ نەدەبوو، بۆیە ئەو مەترسییەک بو بۆ دەوڵەت. لەبەر ئەوەش هێرشێکی ناڕەوا و ناشرین دەست پێدەکات دژی کایا. لە ڕۆژنامەکاندا بە مانشێتی گەورە شتی لەسەر دەنووسن: ئەی بێشەرەف (!)، خائین (!)، ئەوەی پارە بدا ئەحمەدی دەست دەکەوێ (!)، بێشەرەفێک بە ناوی ئەحمەد (!)، عەیبت کرد (!) ... هتد
ئەو جەنگەی دژی کایا دەستی پێکرد جەنگێکی ساردی پلان بۆ داڕێژراو بوو. فەرمانی گرتن بۆ کایا دەردەچێت و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
لەبەر ئەوەی پێشتر ڕێککەوتنی کردبوو بۆ چەند کۆنسێرتێک لە ئەوروپا، پارێزەرەکانی کایا دەتوانن دادگا قایل بکەن و ئازادی بکەن تا بتوانێت بچێ بۆ ئەوروپا کۆنسێرتەکانی ساز بکات.

،،

کایا بە دڵێکی شکاوەوە تورکیا بەجێ دەهێڵێت و بۆ کۆتا جار ماڵئاوایی لێ دەکات. هەرچەندە هەمیشە گەڕانەوە بۆ تورکیا لە خەیاڵیدا بوو، بەڵام ئەم ماڵئاواییە بوو بە کۆتا ماڵئاوایی و جارێکی دی نەیتوانی بگەڕێتەوە.


"لە ئەوروپاوە ئەڵێم: هاوین بێ یان زستان بێ فەرق ناکا، من شەوانە زۆر سەرمام ئەبێت. کێشەکە نەبوونی کالۆریفەر نییە، کێشەکە نەبوونی بەتانیش نییە. تەنها یەک شت دەبێتە هۆی سەرما بوونم. من لە بێ نیشتیمانیدا سەرمامە."

ئەحمەد کایا لە ئەوروپا بەردەوام دەبێت لە کۆنسێرتەکانی و لە شاری پاریس نیشتەجێ دەبێت. لەوێش لە ستۆدیۆی ماڵەکەیدا بەردەوام دەبێت لە تۆماردکردنی گۆرانی کە هەندێکیان دوای کۆچی دوایی بڵاودەکرێنەوە.

"هەرچۆنێک بێ ڕۆژێک یەکێک چیرۆکی پیاوێک دەنوسێ کە لەبەرئەوەی بە ئەسڵ کوردە، ئەیویست تەنها یەک گۆرانی کوردی بڵێت. هیچ ویستی وڵات دابەشکردنی نەبوو. وە ئەوانەی ئەم چیرۆکە ئەخوێننەوە، تێ ئەگەن کە پێویست ناکا لە گۆرانیبێژەکان و گۆرانییەکان بترسن. من نامەوێ تەسلیمی قەدەرێکی کلاسیکی ببم و ئەمەوێ ئێستا تێبگەن لێم، نەک دوای مردنم."

کایا کوردێک بوو کە کوردی نەدەزانی، بەڵام لە زۆرێک لەوانەی کوردیشیان دەزانی لەسەر کوردی کردووەتەوە و هەمیشە لەگەڵ برایەتی و پێکەوە ژیان بوو، دەیویست جەنگ کۆتایی بێت. لە کۆتاییدا لە ساڵی ٢٠٠٠ و لە تەمەنی٤٣ ساڵیدا بۆ کۆتا جار ماڵئاوایی لێ کردین و لە گۆڕستانی پێر لاشێس لە پاریس بە خاک سپێردرا. کایا و بەرهەمەکانی و مێژوویەکی پڕ لە حەقبێژی و هەڵوێستی بۆ جێهێشتین. تا نموونەیەک بێ بۆ هەموومان، تەنانەت گەر حەقبێژییەکمان ژیانیشمان لە ناو ببات، هەرگیز لێی لا نەدەین و هەمیشە لەگەڵ حەق و ڕاستی بین.

"نەمانویست شتەکان بۆ خەڵکی بەجێبهێڵین، هەزار نەماممان لە بیابانی خەڵکیدا چاند، ئاویان نەدا، چەمینەوە."

ئەحمەد یوسف


سەرچاوەکان:
1ـ کتێبی başım belada
2ـ کتێبی Ahmed Kaya – kendine iyi bak
3ـ وتە و گرتە ڤیدیۆییەکانی کایا
4ـ دوکیومێنتاری ئاوێنەکان