شكستی ئابوری هەرێمی كوردستان

2017-12-24

هەر لە یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمەوە تا ئێستا، ئەو مێژووە کە نزیکەی سێ دەیە دەبێت، بۆشاییەک هەیە لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا کە چەقی قەیران و گرفتە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بووە. بۆشایی غیابی عەقڵی ئابوری تا ئێستاش هەر بە ڕوخساری ئەم هەرێمەوە دیارە، سەرەنجامی فەرامۆشکردنی، ئیتر دونیایی حوکمداری کوردی دەکاتە جوگرافیایەکی نا سەقامگیر و پڕ لە کێشە و قەیران.

لە نا ئامادەگی زانستی ئابوریدا، سەرچاوەی بڕیارەکان یاخود مەرجەعی ئابوری دەکەوێتە ناو دیوەخان و عەشیرەت و بنەماڵە و حیزبەوە. بە واتایەکی دیکە لە بری سیستەمی ئابوری، و پلانی ئابوری، و سیاسەتی ئابوری، دەزگایی بڕیار و بیرکردنەوە لە هەناوی جێگایەکی نادروستەوە دێت.

لە ساڵی ١٩٩١ وە تا ئێستا، ئابوری هەرێمی کوردستان بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە، قۆناغی یەکەم لە ساڵی ١٩٩١ وە تا ٢٠٠٣ دەستپێدەکات، لەم قۆناغەدا کە سەرەتایی ئەزمونی حوکمداری کوردییە، خەسڵەتی ئەم ماوە زەمەنیە بە دیدێکی ئابوری، دۆخێکی نا ڕێکخراو مەترسیدارە چونکە پرۆسەی حیزب و شۆڕش بە بەرژەوەندی گشتیدا هەنگاوی نەنا، هەر هێندە نا بەڵکو سەروەتی گشتی کەوتە باخەڵی حیزب و بەرپرسەکانەوە. لەم سەردەمەدا هەر شتێک کە موڵکی گشتیە و بەهایەکی هەبوایە ئیدی هەر زوو فرۆشرا بە دەوڵەتانی دەراوسێ. سەرباری شەڕی براکوژی کە مایەیی لەناوچونی سامانی مرۆیی و سروشتی بوو، ئەو زیانانەی کە بەهۆی شەڕەکەوە بەر هەرێم کەوت ملیارەها دۆلارە، سەرباری تێچونی شەڕەکان، ئەم تێچونانە هەمووی کەوتە ئەستۆی داهاتی گشتی یەوە.

،،

لە نا ئامادەگی زانستی ئابوریدا، سەرچاوەی بڕیارەکان یاخود مەرجەعی ئابوری دەکەوێتە ناو دیوەخان و عەشیرەت و بنەماڵە و حیزبەوە. بە واتایەکی دیکە لە بری سیستەمی ئابوری، و پلانی ئابوری، و سیاسەتی ئابوری، دەزگایی بڕیار و بیرکردنەوە لە هەناوی جێگایەکی نادروستەوە دێت.

بەدوایی قۆناغی یەکەمدا، قۆناغی دووەم دێت و تا ساڵی ٢٠١٤ بەردەوام بوو، لەم سەردەمەدا بەهۆی کرانەوەی هەرێم بە ئاڕاستەی بەغداد و جیهاندا چەند هەلێکی گرنگ پەیدابوو. هەر لەم ماوەیەدا حکومەتی هەرێم کەوتە بەردەم لێشاوێک لە پارە کە بڕەکەی نزیکەی ٨٠ ملیار دۆلار بوو ڕاستەوخۆ لە بەغدادەوە دەنێرا بۆ هەرێم، ئەم بڕە پارەیە بۆ هەرێم پارەیەکی نەخت بوو. سەرباری ئەو داهاتەی کە لە ناوخۆدا ساڵانە دەستی دەکەوت.

لەم ماوەیەدا گرنگترین خەسڵەتەکانی ئابوری هەرێمی کوردستان لەم چەند خەسڵەتەدا کورتدەکەینەوە.

1.لەناوبردن و پوکانەوەی کەرتی کشتوکاڵ ، بەهۆی سیاسەتی هەڵە و نەبونی سیاسەتێکی ئابوری لەسەر ئاستی نیشتیمانیدا ئیتر پڕۆسەی ڕەتاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و سڕینەوەی وەک سیاسەتێک بەرچاو دەکەوێت. ئەویش دەرئەنجامی سیاسەتی بە موچەخۆرکردنی خەڵک و گۆڕینی کۆمەڵگای کوردی لە بەرهەمهێنەرەوە بۆ بەکاربەر.

2.کەرتی پیشەسازی، گەرچی لە ئاستی پێویستیدا نەبوو بەڵام ئەم کەرتەش بوو بە قوربانی سیاسەتی نا حەکیمانەی ئابوری دەستەڵاتی کوردی، چونکە نە پەرەدرا بەم کەرتە و نە ئەو پیشەسازیە خۆماڵیانەش هەبوو پارێزران بەڵکو زۆرینەیان لە ناوچوون.

3.کەرتی گەشت و گوزاریش وەک هەر کەرتێکی دیکە کەوتە بەردەم ڕەحمەتی گەندەڵی. هەر لەم ماوە زەمەنیەدا بەشێکی شوێنە گەشتیاریەکان تەلبەند کرا، و ناوچە مێژوویەکانیش بەهۆی فەرامۆشکردنیانەوە توشی لەناوچون هاتن و بەشێکیان داگیرکراو و بەشێکی دیکەش بەتەنها وەک ناو ماونەتەوە.

4.خراپ بەکارهێنانی بودجەی گشتی کە بە ئاڕاستەیەکی نادروستدا هەنگاوی دەنا، لە ناو بودجەدا زۆرینەی جار لە ٧٥%ی بودجە بۆ خەرجی بەکارخستن دەچوو، وە ٢٥%ی بە ئاڕاستەی خەرجی وەبەرهێناندا.

5.دەستبەسەردا گرتنی بازاڕ و بازرگانی و کەرتی وەبەرهێنانی خانوبەرە لەلایەن بەرپرسە حیزبی و حکومیەکانەوە و جوڵاندنی بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی تایبەتدا.

6.گەندەڵی لەسەر ئاستی ئابوری و ئیداری و دارایی، دەرئەنجامی ئەم گەندەڵیە کوردستان بوو بە ناوچەی سپیکردنەوەی پارە، و تاوانی ئابوری. دواتریش بەهۆی گەندەڵی ئیداریەوە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام و لایەنگیری حیزب کران بە موچەخۆری بن دیوار، ئەمەش بوو بەهۆی دەرکەوتنی بێکاری شاراوە. جگە لە بڵاوبونەوەی ڕەشوە و بەرتیل کە بەکاردەهێنرا بۆ بەمەبەستی ڕازیکردنی هاوڵاتیان بۆ دەنگدان و بێدەنگکردنیان.

،،

دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، و لەدەستدانی ٥١% خاکی کوردستان، پارسەنگی هێز گۆڕا، هەرێم لە بەهێزیەوە بەرەو لاوازی، و بەغدادیش بە پێچەوانەوە، بوو بە جەمسەرە بەهێزەکە. لەم کاتەدا هەرێم بەشێکی زۆری بیرە نەوتەکانی لەدەستدا، و هەناردەکردنی نەوت کەمی کرد لە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوتەوە بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە

7.بەتەنها کەرتی نەوت و داهاتی ئەو کەرتە کرا بە سەرچاوەی داهات و ئابوری کوردستان ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری خراپی لە سەر تەواوی ئابوری هەرێم هەبوو، چونکە لە هەرێمدا دەکرێت کە کەرتە گرنگەکانی دیکە (کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشت و گوزار) بەکاربهێنرێت بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم.

دەستەڵاتی کوردی لەم قۆناغە گرنگەدا دەستکەوتێکی نەبوو، چونکە لە بنەڕەتەوە دەستەڵات بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی نیشتیمانیدا کاری نەدەکرد و هیچ بنەمایەکی دروست بۆ پرسە ئابوریەکان نابینرێت. بەڵکو ئاڕاستەکە بە ئاڕاستەی حیزب و بنەماڵەدابوو.

دەکرا لەو بڕە پارە خەیاڵیەوە کە هاتە ناو هەرێمی کوردستان دەستبکرایە بە بنیاتنانی ژێرخانی ئابوری و بەرهەمهێنان و بوژاندنەوەی کەرتە ئابوریە گرنگەکان. بەڵام دەستەڵات لەبری ئەو پڕۆسە ئابوریانە دەستیکرد بە پرۆسەی موچەخۆکردنی خەڵک و لەناوبردنی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی، و دروستکردنی کەناڵی ڕاگەیاندن و کۆمپانیایی حیزبی و دروستکردنی هێزی سەربازی بۆ بەرژەوەندی تایبەت. بەم شێوەیە خەرجیەکانی سەرشانی حکومەت زیادیکرد، و بەشێکی زۆری بودجە بۆ موچەی کارمەندی حیزب و حکومەت دابینکرا، شتێکی کەمیش بۆ بەرهەمهێنان. هەرچی بەرهەمهێنانە لەو کەرتانەدا ئەنجام نەدرا کە زۆر گرنگ و پێویست بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی ئابوری.

قۆناغی سێیەمی ئابوری هەرێم، دەرئەنجامی ئەو فەزا وێرانەیە کە حکومەت و دەزگا نا تەندروستەکان بڕیاریان لێدا، دوایی دروستبونی قەیرانی دارایی لە مانگی فێبرایەری ساڵی ٢٠١٤ وە، دەستەڵاتی هەرێم توانایی پێدانی موچەی هاوڵاتیانیان نەما، و لەو کاتەشدا حکومەتی هەرێمی سەرقاڵی هێنانی کۆمپانیاکانی نەوت بوو بۆ هەرێم نزیکەی ٥٧ کۆمپانیای هێنایە ناو پڕۆسەی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێمدا. بەم چەشنە حکومەت بوو بە ژێر قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت، بەڵێندەرە تورکی، و کۆمپانیاکانەوە. ئەم پڕۆسەیە بەردەوامبوو تا ئەو کاتەی حکومەتی هەرێم قەرزە کەڵەکەبوەکانی سەرشانی گەیشتە ٢٢ ملیار دۆلار. پەرچەکرداری حکومەت و دەزگاکانی، هەوڵدان بوو بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەنیدا، ئەم پلانەش سەری نەگرت، ئەڵتەر ناتیڤەکانی بەرزکردنەوەی ڕێژەی باج و ڕسومات، لەگەڵ کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران بۆ ڕێژەیەک کە داهاتی تاکەکەس تا ڕێژەی ٦٥% کەمی کرد. بەم بارەیەوە حکومەت هەر نەیتوانی موچەی فەرمانبەرەکانی دابین بکات.

،،

کەیسی نەوت یەکێکە لە کەیسە هەرە ناشەفافەکان لە هەرێمدا، هێشتا ئەم تاکە سەرچاوەی داهات وەک موڵکی گشتی مامەڵەی پێوەناکرێت، و زانیاریەکانیش هێندە زۆر نین تا لەوە تێبگەین ئەم داهاتانە بۆ کوێ دەچێت و چۆن سەرفدەکرێت. ئەم کەیسەش وەک خۆی ماوەتەوە.

گەرچی ئاماژە ئابوریەکانی ئەم قۆناغە پڕ مەترسیە بۆ هەرێم، بەجۆرێک ئەتوانین بڵێن لەم قۆناغەدا شتێک نەما بە ناوی ئابوریەوە، چونکە ژمارەکان بەم چەشنە دەکەونە بەرچاو.
1.داهاتی ناوخۆ بەڕێژەی ٧٠% کەمی کرد.
2.ڕێژەی بێکاری لە ئاستێکی مەترسیداردایە، بەتەنها لە ناو گەنجاندا ڕێژەکە ٤٥%.
3.نزیکەی ٦ هەزار پڕۆژە لە کارکردن وەستان.
4.زیاتر لە ٤ هەزار کارگە داخرا.
5.وەبەرهێنا بەڕێژەی ٤٠% کەمی کرد.
6.ڕێژەی هەژاری گەیشتە ١٥%.
7.کۆمەڵگای کوردی توشی دەیەها گرفتی مەترسی بویەوە وەک بەرزبونەوەی ڕێژەی جیابونەوەی لەنێوا ژن و پیاودا، و خۆکوشتن، و بڵاوبونەوەی دیاردەی دزی و دەیەها جۆری تری دیاردە و گرفت کە تەواوی کۆمەڵگای کوردی لێی زەرەرمەند دەبێت.

گەرچی لە ئێستادا زۆرترین ئارگۆمێنت لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانە، بەڵام ڕەنگ نیە هێندە سانابێت. لە سەرەتایی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا حکومەت هەرچەندە هەوڵی چاکسازی دا بەڵام هیچی بەدەست نەهێنا، هەرچی هەوڵی پاکردنەوەی لیستی موچەخۆر و لابردنی ئەو کەسانەی کە بەنایاسایی بون بە موچەخۆر ئەمەشی پێ چارەسەر نەکرا. لە ڕاستیدا هێزی حکومەت کە تا دوا ئەندازە لە ناو بارەگاکانی حیزبەوە دێت توانا ڕاوەستانی نیە بەرامبەر بە حیزب و ئەو کەسانەی کە بە گەندەڵیەوە سەرقاڵن. بەڵکو حکومەت خۆی نێچیرێکی سادەی بەردەم ئەو کەسانەیە.

دواتر، کەیسی نەوت یەکێکە لە کەیسە هەرە ناشەفافەکان لە هەرێمدا، هێشتا ئەم تاکە سەرچاوەی داهات وەک موڵکی گشتی مامەڵەی پێوەناکرێت، و زانیاریەکانیش هێندە زۆر نین تا لەوە تێبگەین ئەم داهاتانە بۆ کوێ دەچێت و چۆن سەرفدەکرێت. ئەم کەیسەش وەک خۆی ماوەتەوە.

دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، و لەدەستدانی ٥١% خاکی کوردستان، پارسەنگی هێز گۆڕا، هەرێم لە بەهێزیەوە بەرەو لاوازی، و بەغدادیش بە پێچەوانەوە، بوو بە جەمسەرە بەهێزەکە. لەم کاتەدا هەرێم بەشێکی زۆری بیرە نەوتەکانی لەدەستدا، و هەناردەکردنی نەوت کەمی کرد لە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوتەوە بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. زۆرترین تێبینی لەسەر ئەوەیە کە ئایا حکومەتی بەغداد و هەرێمی کوردستان دەگەنە ڕێکەوتن؟ بۆ ئەوەی ئیدی حکومەتی هەرێم تاکە ڕێگەی خیرا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی گەڕانەوەیە بۆ بەغدا، بەڵام وەک هەرێمێکی لاواز، دیسانەوە دەبێت ئەوە لەبەرچاوبگیرێت بەغداد تا دوا ئەندازە هەوڵدەدات کە مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت، لەلایەکی دیکەشەوە ئامادە نیە ئەو قەرزە کەڵەکەکراوەی کە لەسەر هەرێمە خۆی بکات بەخاوەنی، کەواتە هەرێم چۆن دەتوانێت قەرزەکانی بداتەوە؟

دواتر مەرجەکانی بەغداد هەرێم بە ئاسانی پێی ڕازی نابێت، چونکە لە تەنیشت مەرجە ئابوریەکانەوە بەغداد هەوڵدەدات دەستەڵاتی ناوەند لە هەرێمدا جێگیربکات. و ئەگەری ڕێکەوتنیش هێندە ئاسان نیە، کەوابوو لەم بارەدا گەر بەو گریمانەیە بێت ئەوا حکومەتی هەرێم لەناو هەمان قەیراندا دەمێنێتەوە، لەم کاتەدا ئەگەری بەردەوامبونی قەیرانی دارایی ئەگەرێکی نالۆژیکی نیە.