زۆرێک لە میدیا جیهانیەکان باس لە ڕووخانی ئابوری عێراق دەکەن وە پێیانوایە گەر ڕێگەچارەیەک نەدۆزرێتەوە، شکستی ئابوری، ووڵاتەکە بەرەو شەپۆلێکی تری توندی توندوتیژی و ناسەقامگیری دەبات.
لە ڕاپۆرتێکی Foreign policyدا هاتووە کە داڕووخانی ئابووری عێڕاق یەکێکی ترە لە کێشە گەورەکانی جۆو بایدنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا وە فەرامۆشکرنی بارودۆخەکە گرفتی گەورە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ساز دەکات.
،،
عێراق مانگانە پێویستی بە ٧ ملیار دۆلار هەیە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی بدات و پێداویستییکانی تری ئیداری ووڵاتەکە پر بکاتەوە.بەڵام بوونی پەتای Covid 19 و دابەزینی نرخی نەوت داهاتی مانگانەی ووڵاتەکەی دابەزاندووە بۆ ڕێژەیەک کە دەستکەوتی مانگانەی لە نێوان ٢.٥ بۆ ٣.٥ ملیار دۆلار دایە. ئەمەش گرفتی زۆری بۆ وڵاتەکە دروست کرد، بۆیە عێراق چەند مانگێکە قەرزی کردووە بۆ ئەوەی بتوانێ مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بکات.
کەمبوونەوەی داهات، گەورەترین کێشەی بۆ عێراق دروست کردووە بەتایبەتی کورتهێنانی لە بودجەدا. لەمەش خراپتر ووڵاتەکە پێشتر قەرزێکی زۆری کردووە و هیچ پلانێکی وەکو بەدیل نەبووە تا ئەم کۆسپە چارە بکات و پێویستی بە قەرز نەبێت. لە راستیشدا ناشتوانێت قەرز بکات، چونکە پێشتر قەرزێکی زۆری کردووە. ئەی عێراق چی بکات؟ لێرەوەیە کێشەکان سەرهەڵدەدەن، دینارەکەی بەهای دادەبەزێت و نرخی دۆلار بەرز دەبێتەوە، پشێوی ئەمنی دروست دەبێت کە پەلدەکێشێت بۆ دەستوەردانی نێودەوڵەتی، چؤن؟
شارەزایان پێیانوایە بۆ ئەوەی عێراق بتوانێ یاسای بودجە تێپەڕێنێت و مووچەی فەرمانبەران دابەش بکات، چەند رێگایەکی هەیە.
،،
کوردستانی خۆشمان سەلامەت نابێت لەم باردودۆخە، ڕوونە کە تاکە هیوای هەرێم بۆ دەرباز بوونی قەیرانی دارایی خۆی بەغدایە، حاڵێ بەغداش بەم شێوەیەیە کە ئێستا دەیبینین. جگە لەمانە، ئاسەوارەکانی ئەم خۆپیشاندانانەی دوایی هەر ماون، کە خەڵكی لەبەر بێموچەیی و برسیەتی نەبوونی هاتنە سەرشەقام و دەیان شەهید و برینداری لێکەوتەوە.
ئەم قەیرانە ئابووریە، گرفتی گەورەتری سیاسی و ئەمنی بۆ عێراق دروست دەکات. بیرمان بێت خۆپێشاندەران و شەقامی وڵاتەکە تا ئێستاش لە چاوەروانی سەرۆک وەزیران مستەفا کازمین کە بەڵێنەکانی چاکسازی جێبەجێ بکات، کە نەی کردووەو ناشتوانێ بیکات. بۆیە ساڵی داهاتووە ئەگەری زۆرە پێکهەڵبژانی سیاسی و ئەمنی رووبدات. شەقامەکان پڕ دەبنەوە لە خۆپیشاندەران، تووندیژی سەرهەڵدەدات. ئێرانیش کە دنیایەک بەرژەوەندی لە ووڵاتەکە هەیە، ئاڵؤزیەکە وەکو هەل دەقۆزێتەوەو دەعمی میلیشیان دەکات کە ئاگری ئاڵۆزیەکە بگەشێننەوە. ئێران عێراقی ناسەقامگیر و بێخاوەن و پڕ پشێوی دەوێت، تا بتوانێت بە ئارەزوی خۆی دەست وەردان بکات. بێگومان ئەمریکاش کە بە ترلیۆن دۆلاری لەم ووڵاتە سەرف کردووە، عێراق بە هی خۆی دەزانێت و ئەویش دەستەوەستان بەرانبەر ئێران دانانیشێت. لەلایەکی ترەوە تورکیاش بەبیانووی بوونی پەکەکە و پاراستنی تورکمەنەکانی کەرکووک، خۆی دەخزێنێتە ناو یارییەکە.