چیرۆكی كۆشكە ئەفسانەكەی پۆتین چی یە؟

2021-01-25

ئەلیكسی نافالنی ئۆپۆزسیۆنی دیاری ڕوسیا، لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا ئاماژە بەوە دەكات كە ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی ڕوسیا لە ڕێگا دروستكردنی كۆشكێكی ئەفسانەیی لەكەنارە ئاوییەكانی دەریای ڕەش، پارەیەكی زۆری بەهەدەرداوە.
بینەری گرتە ڤیدیۆیەكە لە ماوەی تەنها یەك ڕۆژدا 20 ملیۆنی تێپەڕاند.
نافالنی، دوای دوو رۆژ لە دەستگیركردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی روسیاوە، ئەو گرتەیەی بڵاو كردەوە، كە تیایدا دەڵێت:" تێچووی كۆشكەكە زیاتر لە 1.37 ملیار دۆلار بووە، كە ئەمەش گەورەترین بەرتیلە لە مێژووی روسیادا".


كرملین رەتی دەكاتەوە :
دیمیتری بیسكۆڤ وتەبێژ بە ناوی كرملینەوە، لەو بارەیەوە وتی:" ئەو پڕو پاگەندانانەی كە دەڵێن بەرپرسانی فیدراڵی كۆمەڵگەیەكی كۆشكیان لە كەنارە ئاوییەكانی دەریای رەش دروست كردووە، تەنها هەرایەكە و بەس".
نافالنی لەسەر كۆشكەكە زانیاری زیاتر ئاشكرا دەكات و بە وتەی ئەو ڕووبەڕی كۆشكەكە و باخەكانی دەورو پشتی 39 هێندەی ڕووبەری مۆناكۆیە لە فەرەنسا.
نافالنی تۆمەتبارە بە هەدەردانی پارە، هەروەها بە تۆمەتی پێشێل كردنی مەرجەكانی دەرچوون لە زیندان، سزای 30 رۆژ مانەوەی لە زینداندا بۆ دەركرا، بەڵام نافالنی دەڵێت سزا داناكە بە پاڵنەری سیاسی بووە، وا بڕیار بوو رۆژی چوارشەممە دادگایی بكرێت، بەڵام دادگایی كردنەكە بۆ كاتێكی دیكە دواخرا.


لە گرتەكەدا چی باس كراوە؟
بەپێی ئەو گرتەیەی كە بڵاو كراوەتەوە، كۆشكەكە لە هاوینەهەواری گلیندزیك دروستكراوە،كە پارەی تێچووەكەی نا یاساییە و لەلایەن كەسانی نزیكی نوسینگەی پۆتینەوە دابین كراوە، وەك سەرۆكی كۆمپانیاكانی نەوت و ملیاردێرەكان.
نافالنی لە ڤیدیۆكەدا دەڵێت:" كۆشكێكیان بەو پارەیە بۆ سەرۆكەكەیان دروستكردووە".
هەروەها دەزگای ئاسایشی فیدراڵی روسیا"fsb" خاوەنی 70 كیلۆمەتری چوارگۆشەی دەورو پشتی كۆشكەكەیە.
كۆشكەكە، چەندین خزمەتگوزاری وەك گازینۆ و یاریگای هۆكی سەهۆڵی ژێر زەوی و كێڵگەی كرۆم لەخۆ دەگرێت.


نافالنی دەڵێت:" بۆ كۆشكەكە دیواری ڕێگری دروستكراوە، هەروەها بەندەر و هێزی تایبەت و كڵێسە و ڕێگا پێدانی تایبەت بە خۆی هەیە، هەروەها ڕێگا نادرێت فڕۆكە بەسەریدا بفڕێت، تەنانەت خاڵی پشكنینی سەرسنوریشی هەیە".
زیاتر دەدوێت و دەڵێت:" كۆشكەكە دەوڵێكی سەربەخۆیە لەناو ڕوسیادا، لەو دەوڵەتەدا یەك قەیسەر هەیە و پێویستی بە كەسی دیكە نیە... ئەویش پۆتینە".

دیمیتری بیسكۆڤ لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " ریا نۆڤۆستی"ی فەرمی رەتی كردەوە، كە كۆشكەكە خاوەنداریەتی بۆ سەرۆكی ڕوسیا بگەڕێتەوە و رایگەیاند" ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە، سەرۆك هیچ كۆشكێكی نیە".
وتیشی:" سەرۆك ساڵانە هەموو سەروەت و سامانی ئاشكرا دەكات، بۆیە ئەو پڕوپاگەندانە هیچ بنەمایەكیان نیە".
ڤیدیۆیەكە رۆژی سێ شەممە بڵاو كرایەوە، لەماوەی 24 كاتژمێردا زیاتر لە 22 ملیۆن كەسی سەیری كردووە، لە كۆتایی ڤیدیۆیەكەدا نافالنی داوا لە هاوڵاتیان دەكات دژی ئەم كارەی پۆتین بێنە سەر شەقام.
لەو بارەیەوە وتی:" ئەگەر تەنها لە %10ی هاوڵاتیانی توڕەی ڕوسیا بێنە سەر شەقامەكان، ئەوە هەرگیز حكومەت جورئەت ناكات هەڵبژاردنەكان ساختە بكات".