ئوسامه كامیل
ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئاستی جیهان گه‌وره‌ترین جیاوازی هه‌یه له ستاندارده‌كانی ژیان و دابه‌شبوونی داهات، هۆی ئه‌مه چییه؟ له سه‌ره‌تاكانی چاخی مۆدێرن كاتێك ئاده‌م سمیس ساڵی 1776 كتێبه‌كه‌ی سامانی نه‌ته‌وه‌كانی (The Wealth of Nations) نوسی جیاوازی داهاتی له‌نێوان وڵاته‌كان به 4 تا 5 قات دیاری كردبوو.
ئێستا جیاوازی نێوان ده‌وڵه‌مه‌ندترین و هه‌ژارترین وڵات له‌سه‌رو 40 قاته! كه‌واته بۆچی نه‌ته‌وه‌كان له‌ڕوی ده‌وڵه‌مه‌ندنی و هه‌ژاری، ته‌ندروستی و نه‌خۆشی، ئاسایشی خۆراكی و قاتی له‌یه‌ك جیاوازن؟
ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه له ئاڵۆزترین پرسیاره‌كانی ئابوری سیاسی مۆدێرنه، له‌مڕوه‌وه چه‌ندین تیۆری كاری له‌سه‌ر ئه‌م پرسیاره كردووه: هه‌ندێكیان جیاوازیه‌كه ده‌به‌ستنه‌وه به فاكته‌ری جوگرا فیا و كه‌شوهه‌وا و جۆرى خاك، هه‌ندكیان به كارتێكه‌ره‌كانی كلتور و باوه‌ڕه‌وه یان هه‌ندێكیشیان ده‌یبه‌ستنه‌وه به ئاستی شاره‌زای نوخبه‌ی سیاسی یان بونی ڕاوێژكاری باش.
پڕۆفیسۆر جەیمس ڕۆبنسۆن، زانای سیاسی و ئابوریناس لە زانکۆی هارڤارد و شارەزا لە کاروباری ئەفریقا و ئەمریکای لاتین كه هاوکات لە ئەفریقای باشور، بۆتسوانا و سیرالیۆن و مۆریسیەش کاریکردووە به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ دارۆن ئاسمئۆغلو پرۆفیسۆری ئابوری تورکی بەڕەگەز ئەرمەنی لە زانکۆی MIT و خاوه‌ن مەدالیای جۆن بەیتس کلارکی (2005) کە دەدرێتە ئەو ئابوریناسانەی خوار تەمەن چل ساڵن و گرنگترین بەشداری دەکەن لە پێشخستنی بیری ئابوری. ساڵی 2013 دوای 15 ساڵ توێژینه‌وه‌ی به‌ڵگه‌دار به نمونه‌ی مێژووی كه له‌نزیكه‌وه په‌یوه‌ندیدارن به پرسه‌كانی ئه‌مڕۆوه به‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه (Why Nations Fail: The Origins of Power, Prosperity, and Poverty) تیۆری ئابوری سیاسی خۆیان بڵاكرده‌وه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قورسترین پرسیاری ئابوری سیاسی ئه‌م چاخه. بۆچی هه‌ندێ له نه‌ته‌وه‌كان ده‌وڵه‌مه‌ندن و هه‌ندێكیان هه‌ژار؟ بۆچی له‌لایه‌ك خۆشگوزه‌رانی و ته‌ندروستی و له لاكه‌یتر قاتوقڕی و نه‌خۆشی ده‌گوزه‌رێت؟ بۆچی ده‌وڵه‌مه‌نترین وڵات نه‌رویج داهاتی تاك تێدا 84.000 دۆلاره له‌كاتیدا داهاتی تاك له هه‌ژارترین وڵات بوروندی 170 دۆلاره؟ بۆچی بۆنمونه بۆتسوانا ده‌توانێت پێش بكه‌وێت و ده‌وڵه‌مه‌ند بیت به‌ڵام سیرایلۆن ناتوانێت؟ ئه‌وان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره گه‌شتێكی سه‌رنجڕاكێش به‌ناو هه‌موو قۆناغه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی ئابوری ده‌كه‌ن له قۆناغه‌كانی كۆیلایه‌تی و فیودالی تا قۆناغه‌كانی سه‌رمایه‌داری و سۆسیالیستی.
ئه‌نده‌رسۆن و ئاسمئۆغلو كار له‌سه‌ر هه‌ندێ كارتێكه‌ری كۆنكرێتیر ده‌كه‌ن.
ئه‌وان پێیانوایه ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین فاكته‌ره‌كانی جوگرافیا زۆر كاریگه‌ر نین ئاسیای بوون و ئه‌فریقای بوون یان ئه‌مریكای و ئه‌ورپای بوون، بۆنمونه هه‌ندێ وڵاتی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئێسته سه‌رده‌مانیك له‌هه‌مان جوگرافیا و له‌سه‌ر هه‌مان جۆری خاك هه‌ژاربوون یان هه‌ژارتربوون له وڵاتانه‌ی كه خاوه‌نی هه‌مان جوگرافیا و جۆری خاكن. هه‌روه‌ها يه‌كێكیتر له تێڕوانینه باوه‌كانیتر گرنگی فاكته‌ری كلتوریه (وه‌ك ئه‌وه‌ی ماكس ڤیبه‌رله كتێبی ئه‌خلاقی پرۆتستانت و ڕۆحی سه‌رمایه‌داری باسی ده‌كات) وه‌ك كاسۆلیك و پرۆتستان بوون، مسوڵمان بوون یان جوله‌كه بوون كه جیاوازیه‌كه‌یان ڕێگه‌خۆشكه‌ره بۆ جیاوازیه ئابوریه‌كان. به‌ڵام لێره‌دا نمونه‌ی هه‌ردوو كۆریاكه پێمان ده‌ڵێت جیاوازیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی دامه‌زراوه سیاسی و ئابوری و یاساییه‌كان دروستی كردووه هیچ ڕگه‌زێكیتر دروستی نه‌كردوو. هه‌روه‌ها نمونه‌ی شاری نۆگالیس هه‌یه كه به شورایه‌ك كراوه‌ته دوو كه‌رت.
ئه‌گه‌ر له‌ته‌نیشت شوراكه بۆستی و سه‌یری باكور بكه‌ی ئه‌وه نۆگالیس ئه‌ریزۆنا (به‌شه ئه‌مریكیه‌كه‌ی) ده‌بینیت. له‌وێدا داهاتی ساڵانه‌ی خێزانێكی مامناوه‌ند 30،000 دۆلاره، زۆرینه‌ی گه‌نجان خویندكارن و زۆرینه‌ی پێگه‌شتوه‌كانیش ده‌رچووی خوێندنن، سیستمی ته‌ندروستی و فێركردن هه‌روه‌ك خزمه‌تگوزاریه‌كانیتری ئاو، كاره‌با، ته‌له‌فون، ئاوه‌ڕۆ و تۆڕی ڕێگاوبان دابینه. خه‌ڵكی له‌م به‌شه له ئاسایش و سه‌قامگیردان و ده‌توانن خه‌ریكی بزنس و وه‌به‌رهێنانی خۆیان بن، هه‌روه‌ها خه‌ڵكی ئه‌م به‌شه ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای خۆیان و ئه‌ندامانی كۆنگرێس هه‌ڵده‌بژێرن و به‌شداری ده‌كه‌ن له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی وڵات.
به‌ڵام ژیان له‌به‌شی باشوری شوراكه له دوری چه‌ن پێیه‌ك ته‌واو جیاوازه، ناوچه‌ی نۆگالیس-سۆنۆرا (به‌شه مه‌كسیكیه‌كه‌ی) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به ناوچه خۆشگوزه‌رانه‌كانی مه‌كسیك ده‌ژمێردرێت. لێرادا داهاتی خێزانێكی مامناوه‌ند یه‌كسانه به یه‌ك له‌سه‌ر سێی داهاتی هه‌مان خێزانی نۆگالیس ئه‌ریزۆنا، زۆرینه‌ی گه‌نجان نه‌خوێنه‌وارن، ستانداردی ژیان و تێكڕای ناوه‌ندی مردن له‌م به‌شه زۆر نزمتره له به‌شه باكوریه‌كه‌ی، بۆیه سه‌یر نیه ئاستی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی ئه‌وه‌نده نزمبێت دایكان نیگه‌رانبن له ڕێژه‌ی به‌رزی مردنی منداڵه‌كانیان، له‌هه‌مان كاتدا سود له خزمه‌تگوزاریه گشتیه‌كان وه‌رناگرن: نه‌بونی ئاوی خاوێن و تۆڕی ڕێگاوبان له خراپترین ئاسته و په‌یڕه‌وی یاسا و پاراستنی ئاسایش له‌خراپترین دۆخدایه، تاوانكاری له ئاستێكی به‌رزدایه و گه‌ره‌نتی كاری بزنس و وه‌به‌رهێنان نییه. هه‌روه‌ها دیموكراسی و هه‌ڵبژاردنی ئازاد ئه‌زمونێكی نوێیه. به‌كورتییه‌كه‌ی جیاواز له خزمه باكوریه‌كانیان دانیشتوانی نۆگالیس-سۆنۆرا ڕۆژانه له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی و بێتوانای سیاسیه‌كانیان ده‌ژین.
كه‌واته چۆن ده‌كرێت دوو به‌شی هه‌مان شار به‌وئه‌ندازه‌یه جیاواز بژین؟ له‌كاتێك خاوه‌نی هه‌مان جوگرافیا و ئاوهه‌وان و خاوه‌نی هه‌مان كلتور و بنه‌چه و باوانن. لێره‌دا لێكدانه‌وه‌یه‌كی ساده و ئاشكراهه‌یه، نۆگالس-ئه‌ریزۆنا له چوارچێوه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانه و دانیشتوانه‌كه‌ی سود له‌ده‌زگا ئابوریه‌كانی ئه‌و وڵاته وه‌رده‌گرن كه ده‌رفه‌تی هه‌ڵبژاردنی كاریان به‌شێوه‌یه‌كی ئازاد بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت و ده‌توان بخوێنن و به‌هره‌ی پێویست به‌ده‌ستبهێنن و هانی خاوه‌نكاره‌كان ده‌درێت وه‌به‌رهێنان له به‌ده‌ستهێنانی باشترین ته‌كنه‌لۆجیادا بكه‌ن.
له‌هه‌مان كاتدا به‌شدارن له پرۆسه‌ی سیاسی به هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ره‌كانیان و دروسكردنی ده‌زگا سیاسیه‌كانیان. له‌ئه‌نجامی ئه‌مه‌دا سیاسیه‌كان خزمه‌تگوزاریه گرنگه‌كانی وه‌ك ته‌ندروستی و فێركردنى گشتی و سه‌روه‌ری یاسا و پاراستنی ئاسایش پێشكه‌ش به هاوڵاتیانیان ده‌كه‌ن. دانيشتوانی نۆگالس-سۆنۆرا وه‌ك ئاماژه‌ی پێدرا هێنده به‌خته‌وه‌ر نین. ئه‌وان له جیهانێكی جیاواز ده‌ژین كه دامه‌زراوه‌ی جیاواز دروستی كردووه.
لێره‌وه ئاسمئۆغلو و ڕۆبنسۆن ئارگۆمێنته‌كانی خۆیان ده‌خه‌نه‌ڕوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی جوگرافیا و كلتور شرۆڤه‌ی ئه‌وه‌ناكه‌ن كه بۆچی هه‌ندێ له نه‌ته‌وه‌كان ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ندێكیان هه‌ژارن. به‌ڵكو ئه‌وه سروشتی دامه‌زراوه‌كانه ئه‌مه دیاری ده‌كه‌ن. مه‌به‌ستیش له‌دامه‌زراوه‌كان دامه‌زراوه سیاسی و ئابوریه‌كان و ئه‌و یاسا ڕه‌سمی و ناڕه‌سمیانه‌ن كه ژیانی سیاسی و ئابوریمان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
ئاسمئۆغلو و ڕۆبنسۆن باس له دوو جۆر دامه‌زراوه ده‌كه‌ن كه ده‌ستنیشانی پێشكه‌وتن و ده‌وڵه‌مه‌ندی یاخود پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌كات: ئه‌و وڵاتانه‌ی خاوه‌ن دامه‌زراوه‌ی كراوه ياخود به‌تۆلێرانسن (Inclusive Institutions) و ئه‌و وڵاتانه‌ی خاوه‌ن دامه‌زراوه‌ی داخراو ياخود مه‌حرومكارن (Exclusive Institutions). بێگومان ده‌سته‌به‌ركردنی كه‌شی وه‌به‌رهێنان و نوێگه‌ری و داهێنان پێوێستی به دامه‌زراوه‌گه‌لێكی ئابوری دیاری كرا‌و هه‌یه، كه ئه‌و دامه‌زراوانه هانی وه‌به‌رهێنانی توانای نوێ ده‌ده‌ن و گه‌ره‌نتی مافی موڵكایه‌تی تایبه‌ت و دابینكردنی هه‌لی یه‌كسان كه یاریده‌ده‌ری هه‌رمیله‌تێكه بۆ ده‌رخستنی لێهاتووی به باشترین شێوه ده‌كات.
ئه‌م جۆره دامه‌زراوانه ئاسمئۆغلو و ڕۆبنسۆن به دامه‌زراوه‌ی كراوه ناوی ده‌به‌ن زیاتر دۆستی پێشكه‌وتنه، به‌وپێیه‌ی به‌رده‌وامێتی به كار و قازانجی تاكه‌كان ده‌دات كه له‌ئه‌نجامدا هه‌م كه‌سه‌كان ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن هه‌م وڵاته‌كه. له‌به‌رامبه‌ردا جۆرێكیتر له دامه‌زراوه كه به دامه‌زروه‌ی داخراو ناویده‌بن هه‌ر به‌و شێوه‌ی به درێژای مێژوو بونی هه‌بووه بۆ ئه‌مڕۆش چه‌نده‌ها میله‌ت هه‌ن كه خاوه‌نی دامه‌زراوه‌گه‌لێكن كه بێتوانایه له پاراستنی موڵكیه‌تی تایبه‌ت، چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكیه‌كان، پاراستنی نه‌زم و ئاسایش، ڕه‌خساندنی هه‌لی یه‌كسان و موكافه‌ئه‌كردنی نوێگه‌ری. ئه‌و وڵاتانه‌ی خاوه‌نی ئه‌م جۆره له دامه‌زراوه‌ن نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌س به‌سه‌ر سه‌روه‌تی نیشتیمانی ده‌گرێـت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی پارتكولارستی كه‌سی و گروپی و فیئه‌وی نه‌ك كۆمه‌لگه‌ی و نه‌ته‌وه‌ی، ئه‌مه‌ش بێگومان گه‌شه‌ی ئابوری له‌رزۆكده‌كات.
بیر له گه‌نجانی كۆریای باكور و باشور بكه‌ره‌وه چی چاوه‌ڕوانییه‌كیان له ژیان هه‌یه. ئه‌وانه‌ی باكور له هه‌ژاریدا گه‌وره ده‌بن به بێ هێچ باگراوه‌ندێكی شاره‌زای و توانای داهێنان یان به‌بێ په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌واو كه ئاماده‌بكرێن بۆ به‌هره‌سازی. سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی لاوازه و قوتابیان سه‌رچاوه‌ی خوێندیان كه‌مه كه به‌شی زۆری ئه‌مه‌ش پڕوپاگه‌نده‌یه بۆ ڕه‌وایتی ڕژێم. دوای ته‌واوكردنی قوتابخانه‌ش بۆماوه‌ی 10 ساڵ ئیجباری خزمه‌تی سه‌ربازی ده‌كرێن، هه‌روه‌ها ئه‌م گه‌نجانه ده‌زانن ناتوانن ببنه خاوه‌نی موڵك و بزنس و ده‌زانن ناتوانن به یاسایی ده‌ستیان بگات به بازاڕ تا لێهاتوی وداهاته‌كانیان به‌كار بهێنن بۆ ئه‌و شتانه‌ی پێویستیانه یا حه‌زیان لێیه.
ئه‌وانه‌ی له باشورن ده‌بنه خاوه‌نی په‌روه‌رده‌یه‌كی باش و خۆیان له‌به‌رده‌م هاندانێكی وا ده‌بیننه‌وه كه پاڵیان پێوه‌ده‌نێت بۆ ته‌قه‌لادان له‌وپیشانه‌ی هه‌ڵیانبژاردووه. گه‌نجانی باشور ده‌زانن ئه‌گه‌ر كارزان یان كارمه‌ندێكی سه‌ركه‌وتووبن له‌به‌رهه‌می هه‌وڵه‌كانیان ده‌خۆن و ده‌بنه خاوه‌نی شوێنی نیشته‌جێبون و ئۆتۆمبیل و چاودێری ته‌ندروستی. هه‌روه‌ها له‌باشور ئازادی بازاڕ و بازاڕی كراوه و ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ هه‌موان به‌رده‌سته و ده‌وڵه‌ت هاریكاری چالاكی ئابوری ده‌كات، وه‌ك قه‌رزی بانك بۆ خانوبه‌ره و پرۆژه‌ی بزنس و وه‌به‌رهێنان، بۆیه گه‌نجان ئازادن و زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌یه ده‌ستبه بزنسی خۆیان بكه‌ن. كه‌واته وڵاتان له سه‌ركه‌وتنه ئابورییه‌كان جیاوازن له‌به‌ر جیاوازی ده‌زگاكانیان و ئه‌و یاسانه‌ی حوكمی چالاكیه ئابوریه‌كان و هاندانی خه‌ڵك ده‌كه‌ن.
تیۆرێكیتری بەناو بانگ دەربارەی ئەوەی بۆچی هەندێک لەنەتەوەکان دەوڵەمەندن و هەندێکیکش هەژار، بریتیە لە گریمانەی نەشارەزای، کە پێداگری لەوە دەکات نایەکسانی و هەژاری لە جیهاندا هەیە، لەبەر ئەوەی فەرمانڕەواکانمان نازانن یان ڕاوێژکاری بێقابیلیان هەیە. ئەم بیرۆکەیە لەلایەن زۆربەی ئابوری ناسانەوە پشتگیری دەکرێت و پێلەسەر ئەو بۆچونەی ئابوریناسی ئینگلیزی لیۆنێل ڕۆبنس داده‌گرن کە پێیوایە زانستی ئابوری جەخت لەسەر باشترین شێوەی بەکەرهێنانی کەرەستە کەمەکان دەکات بۆ هێنانەدی ئامانجە کۆمەڵایەتیەکان. لە ڕاستیدا بەناوبانگترین ئەنجامی تیۆری لە ئابوری‌دا کە پێیدەوترێت یەکەم تیۆری خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی، ئەو بارودۆخە دەستنیشان دەکات کە تەرخانکردنی دەرامەتەکان لە "ئابوری بازاڕدا" لەڕوانگەی ئابوریەوە لەڕوی کۆمەڵایەتییەوە پەسەندە.
ئابوری بازاڕ شتێکی ئەبستراکتە کە مەبەستلێی دۆخێکی ئەوتۆیە کە تێیدا هەموو تاک و کۆمپانیاکان بتوانن بەئازادی هەرکاڵا و خزمەتگوزاریەک بەرهەمبهێن و بیفرۆشن و بیکڕن.
کاتێک بارودۆخێکیوا ڕونادات "شکستی بازاڕ" دێتە ئاراوە. ئەم شکستەیە بنەمای نایەکسانی لە جیهاندا پێکدەهێنێت. چونکە تا شکستەکانی بازاڕ بێچارەسەر بمێنێت ئەوا ڕەنگە ئەو وڵاتە بەرەو هەژاری زیاتر بڕوات. گریمانەی نەشارەزای وا دایدەنێت وڵاتانی هەژار هەژارن چونکە ژمارەیەکی زۆر شکتی بازاڕیان هەیە و ئابوری‌ناسان و نوخبەی سیاسیان ناتوانن چارەسەری بکەن لەڕابردودا پەیڕەوی ڕاوێژی خراپیان کردووە. کەواتە ئایا گریمانەی نەشارەرای دەتوانێت شرۆڤەی نایەکسانی جیهانی بکات؟ ئایا هەژاری وڵاتانی ئەفریقی لەبەرئەوەیە کە سەرکردەکانیان بیروبۆچونی هەڵەیان هەیە دەربارەی بەڕێوبردنی وڵاتەکانیان، لەهەمانکاتدا شرۆڤەی سەرکەوتنی ڕۆژئاوا ئەوەیە سەرکردەکانیان زانیاریان باشترە یاخود باشتر ئامۆژگاری دەکرێن؟ ئاسمئۆغلو ڕۆبنسۆن دەڵێن هەرچەندە نممونەی ناسراوی ئەو سەرکردانە زۆرن کە سیاسەتی کاولکارانەیان پەیڕەو کردووە و درکیان بە ئاکامەکنی ئەو سیاسەتە نەکردووە، بەڵام گریمانەی نەشارەزای لە باشترین حاڵەتیشدا ناتوانێت شرۆڤەی بەشێکی بچوکی نایەکسانی جیهانی بکات.
ئەوان بۆ ئێرەش نمونەی غانا دەهێننەوە کە ئەگەر بەشێوەیەکی ڕوکەش سەیری بکەی ڕۆچونە ئابوریەکەی غانا پاش سەربەخۆی لە بەریتانیا لە دەرەنجامی نەشارەزای بوو. ئابوریناسی بەریتانی تۆنی کیلیک کە ئەوکاته وەک ڕاوێژکار کاری بۆ حوکومەتەکەی کوامی نکرۆما دەکرد چەندین نمونەی لەو گرفتانە بەدرێژی تۆمارکردوە. ئەو سیاسەتانەی نکرۆما کە بایەخی بە پیشەسازی دەدا دەرکەوت زۆر ناکارامە بوو. کیلیک دەگێڕێتەوە "کارگەی دروستکردنی پێڵاو لەنێوان کارگەی گۆشت لە باکور و شوێنی پێستە خۆشکردن بوو لە باشور، بۆ خۆشکردنی پێستەکان ٥۰۰ میل دەبڕدرا بۆ شوێنی خۆشکردنی پێستکان کە لە باشور بوو پاشان پێستەکە دەهێنرایەوە بۆ کارگەی پێڵاو لە کوماسی ناوەڕاستی وڵات، لەبەرئەوەی بازاڕی سەرەکی پێڵاو لە ناوچەی میترۆپۆلیتانی ئەکرەیە بوو، دەبوو دیسان پێڵاوەکە بۆ ۲۰۰ میلی باشور بگوازرایەتەوە". کیلیک دەڵێت هەڵبژاردنی شوێنی هەڵە بووبووه هۆی ئاستەنگ لەبەردەم سەرکەوتنی کارگەکه.
کارگەی پێڵاو نمونەی چەندین پرۆژەی لەم شێوەبووە. بۆنمونە کارگەی لە قتوکردنی مانگۆش لە شوێنێکی غانا بوو کە مانگۆی لێبەرهەم نەدەهێنرا و بەرهەمی کارگەکەش زیاتربوو لە هەموو خواستی جیهان بۆ بەرهەمەکە. ئەم زنجیرەیە لە پەرەپێدانی نەشیاوانەی ئابوری لەبەرئەوە نەبوو نکرۆما یا ڕاوێژکارەکانی زانیاری هەڵەیان هەبوو یان بێئاگابوون لە سیاسەتی ئابوری. ئەوان کەسێکی وەک کیلیک ڕاوێژکاریان بوون تەنانەت لەلایەن سێر ئارسەریش کە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بوو ئامۆژگاری دەکرا و دەیزانی ئەم سیاسەتانە گونجاونین. ئەوەی لەپشت پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتانەبوو ئەوەبوو کە نکرۆما پێویستی بەم جۆرە سیاسەتانەبوو بۆ کڕینی پشگیری سیاسی و هێشتنەوەی ڕژێمە نا دیموکرسیەکەی لە حوکم. ناکرێ نەکارە ئومێدبڕەکانی غانا و نە حاڵەتە لە ژمارە نەهاتووکانی خراپی بەڕێوبردنی ئابوری بخرێتە ئۆباڵی نەشارەزای. خۆ ئەگەر کێشەکە بریتیبوایە لە نەشارەزای ئەوا سەرکردە نیازپاکەکان هەرزوو تێدەگەشتن کە چ جۆرە سیاسەتێک دەبێتە هۆی زیاد بوونی داهات و خۆشگوزەرانی و هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانەیان دەدا.
ئه‌و نمونانەی ئاسمئۆغلو و ڕۆبنسۆن ژمارەیەک وانەی گرنگ لەخۆدەگرێت: لەنێوان دامەزراوە ئابوری و سیاسیە کراوەکان فیدباکێکی ڕونی پۆزەتیف هەیە، واتە پەیوەندیەکی پاراڵێڵ لەنێوانیان هەیە. دامەزراوە کراوەوە ئابوریەکان (Inclusive Economic Institutions) کە پارێزگاری لە موڵکایەتی تایبەت دەکات و هانی توانای نوێدەدات، لە دامەزراوە ئابوریە داخراوەکان (Exclusive Economic Institutions) کە زۆرینە مەحروم دەکات و سەرچاوە و داهاتەکان لەبەرژەوەندی نوخبەی سیاسی کۆدەکاتەوە زیاتر دۆستی گەشەی ئابورییە. دامەزراوە ئابوریە کراوەکان پشتیوانی لە کرانەوەی دامەزراوە سیاسیەکان دەکەن و بە پێچەوانەشەوە. دامەزراوە سیاسیە کراوەکان بەدابەشکردنی هێزی سیاسی بەشێوەیەکی تۆلێرانسانە هانی سەروەری یاسا دەدا، دواجار هەموو ئەم ڕەگەزانەش تابڵێی گرنگن بۆ پاراستنی موڵکیەی تایبەت و سەرپێکەوتنی بازاڕی ئابوری کراوە.
وانه‌ی دووەم ئەوەیە هیچ تیۆرێکی ئەلتەرناتیڤ هێزی ڕونکردنەوەی نیە بۆ تێگەشتن لەو جیاوازیە گەورەی ئاستی ڕەفاهی نێوان وڵاتەکان. زۆربەی جیاوازیەکان لە ئاستی ڕەفاهی لە سەدەی ۱۹ و سەرەتاکانی سەدەی ۲۰ ڕویداوە، کەواتە بۆچی؟
ئەو نمونانەی ئاسمئۆغلو و ئەندەرسۆن لە تیۆرەکەیان باسیان کردووە چەندین بۆچونمان لا گەڵاڵە دەکات: ئەو جیاوارزییەی لە نێوان ئەمریکای باکور و باشور هەیە بەهۆی جوگرافیاوە نییە. ئەگەر وابوایە لانیکەم گونجاوی زۆربەی بەشەکانی ئەمریکای باشور بۆ کشتوکاڵ یارمەتیدەر ئەبوو بۆ چڕبوونەوەی دانیشتوان تێیدا لە سەردەمی کۆڵۆنیالیزم. بەڵام بەپێچەوانەوە ئەمریکای باشور لە ئەمریکای باکور زیاتر فەقیرکەوت. پێچەوانە بوونەوەی وێنەکە تەنها بە فاکتەری جوگرافیا ڕون ناکرێتەوە. هەروەها هۆکاری ئەمە جیاوازی کلتوریش نییە و پەیوەندیشی بە گریمانەی شارەزاییەوە نیە. بەڵکو لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە جیاوازی ئەو دەمەزراوە سیاسی و ئابوریانەوە هەیە کە ئیمپریالیزمی بەریتانی و ئیسپانی لەو دوو کیشوەرە دایانمەزراندووە بەگوێرەی ئەو بارودۆخەی کە هەبووە. ئیسپانیەکان له‌سه‌رتاسه‌ری كیشوه‌ری ئه‌مریكای لاتین دامه‌زراوه و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی هاوشێوه‌یان دامه‌زراند كه بۆ تاڵانكردنی كیشوه‌ره‌كه و چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵكه خۆماڵیه‌كه دیزاینكرابوو.
هه‌رچه‌نده ئه‌م دامه‌زراوانه بوونه هۆی دەوڵەمەنکردنی ئیسپانیه‌كان و نه‌وه‌كانیان، هاوكات ئه‌مریكای لاتینیان كرده نايه‌كسانترین كیشوه‌ر له جیهاندا و توانا و پۆتێنشه‌ڵی ئابوری ئه‌م كیشوه‌ره‌یان لاوازكرد.
بەڵام ئینگلیزەکان سەرنەکەوتن لە بنیاتنانی ئەم دامەزراوە داخراوەنە، بەجێی ئەمە دامەزراوە کراوەکان سەرپێکەوت و گەشەی کرد. ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد لە سەدەی ۱۹ ویلایەتە یەکگرتووەکان ببێتە جێگەیەک کە زیاتر سود لە تەکنەلۆژیای نوێ و فرسەتە ئابوریەکان وەرگرێت.
لەوانەیە پرسیارە قورسەکە ئەوەبێت چۆن بەگوێرەی کات دامەزراوە ئابوریە داخراوەکان بەرەو کروەی بوون دەڕۆن؟ ئەم پرسیارە چەند ئاڵۆزیش بێت هێشتا هەندێ لایەنی ڕونی هەیە. زۆر جار نوخبەی سیاسی وڵات ئەوەندەی بەرژەوەندیان لەگەڵ دامەزراوە داخراوکان هەیە ئەوەندە خواستیان بۆ بنیاتنانی دامەزراوەی کراوە نیە، به‌ڵام هه‌ندێجاریش گۆڕانكاری دامه‌زراوه‌ی به‌رهه‌می عه‌قڵانیه‌ت نیه به‌ڵكو ئه‌وه جۆری ململانێكانه شوناس به جۆر و شێوازی دامه‌زراوه‌كان ده‌ده‌ن، واته نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار ئیمكانی بنیاتنانی دامه‌زراوه داخراوه‌كانیان نییه.
ئەمە لە نمونەی کۆمپانیای ڤێرجینیا دەبینین، كاتێك كۆمپانیای ڤێرجینا گه‌شته ئه‌وباوه‌ڕه‌ی كه مۆدیلی كلاسكی به كۆڵۆنیكردن له ڤێرجینا كارناكات ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمپانیاكه چیدی نه‌یده‌توانی نه‌خه‌ڵكی خۆماڵی نه كۆلۆنیسته‌كان ناچار به‌كاركردن بكات، هه‌ستان به گۆڕانكاری دامه‌زراوه‌ی به گۆڕینی ده‌زگا چه‌وسێنه‌ره‌كان به دامه‌زراوه گه‌لێكی به تۆلێرانس، ساڵی 1618 كۆمپانیاكه هه‌ستا به په‌یڕه‌وكردنی سیستمی هێدرایت كه بریتی بوو له پێدانی 50 ئه‌یكه‌ر زه‌وی به هه‌ر نیشته‌جێیه‌كی نێرینه و 50 ئه‌یكه‌ر زه‌وی به هه‌ر ئه‌ندامێكی خێزانێك كه بتوانێت بێت بۆ ڤێرجینا. نیشته‌جێبوان بوونه خاوه‌ن زه‌وی و خانوی خۆیان و هه‌روه‌ها ساڵی 1619 ئه‌نجومه‌نی گشتی دامه‌زرا و هه‌ریه‌ك له پیاوه‌كان ده‌یانتوانی ڕای خۆیان ده‌رباره‌ی ئه‌و یاسا و دامه‌زراوانه به‌یانكه‌ن كه له‌ڕێگه‌یه‌وه كۆڵۆنیه‌كه به‌ڕێوه ده‌برا. ئه‌مه‌ش بووه سه‌ره‌تای دیموكراسی له ئه‌مڕۆی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان. هه‌ندێ كاتیش داواکاریەکانی ئەوانەی بێبەشن لە هێزی سیاسی نوخبەی سیاسی ناچار بەگۆڕانکاری دەمەزراوەی دەکات و بەکردنەوەی دامەزراوە ئابوریەکان چارەسەرێکی مامناوەند دەکەوێتەڕوو. وه‌ك كۆماری چین له‌مڕۆدا، چین هه‌رچه‌ند له‌ڕوی سیاسیه‌وه داخراوه به‌ڵام به‌گرتنه‌به‌ری نه‌وعه سیاسه‌تێكی ئابوری لیبراڵانه گۆڕانكاری دامه‌زراوه‌ی به‌ره‌و ئابوری كراوه كردووه. بەڵام هەنێک جاریش وەک ئەوەی لە سوریا و لیبیا بینیمان نوخبەی سیاسی دژی هەر گۆڕانکاریەکی سیاسی دەوەستنەوە ئەمەش وادەکات گۆڕانکاری دامەزراوەی بگۆڕدرێت بۆ گۆڕانکاری شۆڕشگێڕی کە ئەمەش ڕیسکی ناسەقامگیری بەدوایخۆیدا دەهێنێت. لەهەمانکاتدا گواسنەوەی دەسەڵات لەنوخبەیکەوە بۆ نوخبەیەکیتر هەندێجار دیسان بنیاتنانەوەی دامەزراوەی داخراوی لێدەکەوێتەوە، وەک ئەوەی لە شۆڕشی ڕوسیای 1917 ڕویدا لە گۆڕانی قەیسەر بۆ بەلشەفیک.