ئەو دەمەی گۆڕانکاری لە جوگرافیا، دابڕانێکی مێژوویی دروست دەکات

2021-06-02

محـــەمـــەد بـــەکــر

وشەی (Arctic) واتە جەمسەری باکوور، لە وشەی ئارکیتیکۆسی یۆنانییەوە هاتووە بە واتای "نزیک لە ورچەکە" دێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کۆمەڵەی ئەسێرەی ورچی گەورە.

یەکەمین هەوڵی تۆمارکراو بۆ دۆزینەوەی ئەم ناوچەیە دەریاوانێکی یۆنانی بوو بەناوی "پایسیاس" لە ساڵی ٣٣٠ ی پێش زایندا. کە ناوی "سۆل" ی لەم ناوچەیە نا. یەکەمین کەسیش کە ئۆقیانوسی باکووری بەرەو ڕۆژئاوا بڕی دۆزەرەوەی نەرویجی "ڕوال ئاماندسن" بوو لەساڵی ١٩٠٥ و بیست ساڵ دواتریش توانی لەگەڵ دوو هاوڕێیدا یەکەمین کەس بێت بەسەر جەمسەری باکووردا بفڕێت، ئەم کارەشیان بە باڵۆنێک ئەنجامدا.

خاوەندارێتی:
لەبارەی خاوەندارێتیـیەوە دوو بۆچونی سەرەکی هەن، یەکەمیان ئەو وڵاتانەن کە بەحوکمی جوگرافیا سنوریان لەسەر ئۆقیانوسی جەمسەری باکوورەو خۆیان بە خاوەنداری جەمسەری باکور دەزانن، کە بریتین لە: "ڕووسیا، نەرویج، دانیمارک (کە خاوەنی گرینلاندە)، کەنەدا، ئەمەریکاش لەڕێگەی ئالاسکاوە، بۆچونی دووەم پێی وایە جەمسەری باکوور میراتێکی مرۆڤایەتیە و هەموان تێیدا پشکدارن.

جەمسەری باکوور وەک قەیرانێکی جیهانی:
چاوەڕوان دەکرێت بەردەوامی توانەوەی بەفرو بەستەڵەکی ئەم جەمسەرە ببێتە هۆی قەیرانێکی جیهانی، لێکەوتەی ماڵوێرانکەری دەبێ بۆ هەندێک وڵات و بۆ هەندێک وڵاتی تر بەپێچەوانەوە.

لێکەوتەکان:
١- ژێرئاوکەوتنی هەندێک وڵاتی نزمی وەک هۆڵندا و بەنگلاندیش و بەشێکی زۆری ناوچە کەناراوەکان لە جیهاندا، ئەمەش شەپۆلێکی گەورەی کۆچکردنی دانیشتوانی بەدوادا دێت.
٢- گۆڕانکاری کەشوهەوا لەسەر ئاستی جیهان.
٣- بەتوانەوەی بەفری ناو ئۆقیانوسی جەمسەری باکوور چاوەڕوان دەکرێ لە داهاتوودا ببێتە شاڕێگەیەکی بازرگانی بۆ کەشتیڕانی.
٤- توانەوەی بەفر دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جەمسەرەکەو ئۆقیانوسەکەی، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ژینگەی زیندەیی ناو ئۆقیانوسەکەو بە دوای خۆیدا کۆچی ماسیەکان بۆ ئەو ناوچەیە دەستپێدەکا و ئەوەش بەدوای خۆیدا کەشتیەکانی ڕاوکردنی ماسی کێش دەکات و لەڕووی ئابووریەوە بایەخی زیاتر دەبێ.
٥- ئەم گۆڕانکاییە ژینگەیی و ئابوورییە شەپۆلێکی کۆچکردنی دانیشتوان بۆ ناوچەکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
سەرەڕای گەلێک لێکەوتەی تر بۆ ناوچەکەو جیهان.

پێگەی ڕووسیا:
ڕووسیا سەرەڕایی ئەوەی گەورەترین وڵاتە لەڕووی ڕووبەرەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆرینەی کەناراوەکانی بەستەڵەکە وەک پێویست نەیتوانیووە وەک هێزێکی گەورەی زەریایی ڕۆڵ ببینێ، بەڵام بەتوانەوەی سەهۆڵی ناو ئۆقیانوسی جەمسەری دەتوانێ بەئاسانی بگاتە ئاوە گەرمەکان، چیدی پێویستی بەو گەرووە ئاویانە نابێت کە ئەمەریکاو وڵاتانی ڕکابەری کۆنترۆڵیان بەسەریاندا هەیە.

توانەوەی ئۆقیانوسی جەمسەری باکوور دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بایەخی ئابووری و جیۆپۆڵۆتیکی نۆکەندو گەرووەکانی وەک سوێس و پەنەما، ئەمەش زیانی زۆر بەپێگەی ئابووری و سیاسی میسر و پەنەما دەگەیەنێت. لەم حاڵەتەدا زلهێزێکی وەک چین دەتوانێ بەبێ پشت بەستن بەم گەروانە بگاتە ئەوروپا و لەسەدا چلی دووری و ماوەی ڕێگا ئاوییەکەی کەم دەبێتەوەو بەمەش دەتوانێ نرخی شمەک زیاتر دابەزێنێت و لەحاڵێکی وادا هەیمەنەی زیاتر دەبێت. ئەمەش بەڕێکەوتن لەگەڵ ڕووسیا دەبێت. ڕەنگە ئابووری لاوازی ڕووسیاو ڕکابەری لەگەڵ ئەمەریکا ڕێکەوتن بۆ چینیەکان ئاسانتر بکات.

،،

لەئێستادا سەرەتاکانی ململانێی نێودەوڵەتی لە ئاوەکانی ئۆقیانوسی جەمسەری باکووردا دەرکەوتوون و ڕووسەکان زیاد لە هەمووان بایەخ بە ناوچەکە دەدەن

بەڵام ئەوەی ڕوونە دەوڵەتە لاوازەکانی ناوچەکە بەدوای هاوپەیمانی نوێدا دەگەڕێن تا بتوانن لەبەرامبەر زلهێزەکاندا بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن، ئەمەش خاڵێکی دیکەیە کە پرسەکە بە جیهانی دەکات. هەڵبەت خاڵی سەرەکی ململانێکان بۆ دۆزینەوەی بڕێکی زۆری یەدەکی نەوت و کانزا دەگەڕێتەوە لە جەمسەری باکوردا.

هەموو ئەمانە بایەخی ژیاری بە ناوچەی بەستەڵەکی باکوور دەبەخشن و چیدیکە وەک ناوچەیەکی پەراوێز نامێنێتەوە لەدەرەوەی مێژوو، ئەمەش واتا دابڕانی مێژوویی، بۆیە هاتنەژوورەوەی پێ بەپێی ئەم ناوچەیە بۆ ناو مێژوو هاوشێوەی دۆزینەوەی ئەمەریکا و جیهانی نوێ، گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسی و جیهانیەکاندا دروست دەکات وەلێ لە چوارچێوەیەکی بچوکتردا و بە کاریگەرییەکی کەمتر.

تێبینی: بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە پەیوەندی نێوان مێژوو و جوگرافیاو ڕۆڵ و کاریگەری جوگرافیا لەسەر مێژوو بڕوانە کتێبی "کورد و چیا"