دادپەروەرترین حاکمی ئێران کورد بوو!

2021-06-04

دانا حەمە عەزیز

مێژووی حوکمڕانیی پێنج سەد ساڵی ڕابردووی ئێران، لەنێوان سەفویی ،زەندیی، قاجاریی، پەهلەویی و جمهوری ئیسلامی ئێراندا بەش ئەکرێ.
بەدرێژایی ماوەی ١٥٠٠ هەتا ١٩٢٥، ئێران تەنها یەك جار لەلایەن ئاری نەژادەکانەوە حوکمڕانی کراوە ئەویش حوکمڕانییەکەی کەریم خانی زەند بوو.

ئیمپراتۆریەتی سەفەویی کە تورك نەژادن، لە ساڵی ١٥٠٠ وە هەتا ١٧٥١ حوکمی ئێرانیان کرد. سەرەنجام بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنەوە، لەساڵی ١٧٢٢ دۆخی وڵات توشی پاشا گەردانیی و بیدادیی زۆر و شەڕی ناوخۆ بووە و، ئیمپراتۆریەتەکە گەیشتە لێواری ڕوخان. دراوسێکانی ئیمپراتۆریەتی سەفەویی، دۆخەکەیان قۆستەوە، ئەفغانیەکان لە خۆرهەڵات و ڕوسەکان لە باکور و عوسمانیەکانیش لە خۆرئاواوە هەریەکەیان بەشێکیان داگیرکرد. عوسمانیەکان ڕووبەڕوی بەرگری سەختی هۆزەکانی خۆرئاوای ئێران بونەوە، لەوانە زەندیەکان بەسەرکردایەتی مەهدی خانی زەند.

نادر قولی بەگ وەك فەرماندەیەکی بەدەسەڵات، بوو بە حاکمی دیفاکتۆی ئێران و، بە ناوی سەرپێخستنەوەی ئیمپراتۆریەتی سەفەوییەوە، پەلاماری قەوم و عەشیرەتەکانی خۆراوای ئێرانیدا، بەختیارییەکان، لوڕەکان و فەیلیەکانی تێك شکاند و بە زۆر بەرەو خوراسان و سنورەکانی ئەفغانستان کۆچی پێکردن. نادر بەگ، مەهدی خانی زەند و هۆز و قەومەکانی تری بە ڕێگر و چەتە لەقەڵەم دا. لە یەکەم هێرشدا بۆسەر گوندی (پاریی) زێدی زەندیەکان لە ناوچەی (مەلایەر)ی هەمەدان، لە ساڵی ١٧٣٢ دا سوپاکەی نادر بەگ، ٤٠٠ پیاوی زەندیان کوشت. ئەو زەندیانەی لەژێر فەرماندەیی ئیناق خانی زەند و و بوداق خانی برا بچوکیدا بە زیندویی مانەوە، بەزۆر و بەلێشاو بەرەو بیابانەکانی تورکمانستان کۆچیان پێکرا. ئەوکات کەریم خان لە سی یەکانی تەمەنیدا بوو و چوە پاڵ سوپاکەی نادر قولی بەگ و بوو بە جەنگاوەر.

خۆرهەڵاتناسی ئینگلیز John R. Perry، ئەڵێ:
"کەریم خان سوارێکی هەژار و بێ پارە بوە، زینی ئەسپی ئەفسەرێکی ئەفغانی دزی بوو کە بە زێڕ نەخشێنرابوو. ئەفسەرەکە زینەکەی لای زین چاکەرەوەیەك دانابوو و، کەریم خانیش دزیبوی، بەڵام کاتێ حوکمی سێدارە بەسەر زین چاکەرەوەکادا ئەسەپێنرێ، کەریم خان یەکسەر ئەڕوا زینەکە لە شوێنی خۆی دا ئەنێتەوە و ژیانی کابرا ڕزگار ئەکا" !

کەریم خانی زەند کێیە؟
ناوی موحەمەد کریم خانە و زۆربەی جاریش هەر پێی وتراوە کەریم بەگ و دواتریش کەریم خانی زەند. ئەو کوڕی ئیناق خانی زەندە، ساڵی ١٧٠٥ز لە گوندی پاری کە فارسەکان پێی ئەڵێن پیروز، لە دایك بووە. پەری یان پاریی، مەڵبەندی ناوچەی زەندەکانە و ئەکەوێتە قەزای مەلایری سەربە پاریزگای هەمەدان. زەند تیرەیەکی بچوکی سەر بە عەشیرەتی گەورەی (لەك)ە. لەك، گەورەترین لقی لوڕەکانن کە بەشیکی سەرکین لە کورد. عەشیرەتی لەك لە ناوچەی شوان و ئاغجەلەر و چەمچەماڵ و گەرمیان و خانەقینەوە درێژ ئەبێتەوە تا کرماشان و هەمەدان.
کەریم خان سێ خوشك و، برایەك و دوو باوك برای هەبوە، بە ناوەکانی موحەمەد سدیق خان، زەکی خان و ئەسکەندەر خان.

نادر قولی بەگ، تورکی سەفەویی بووو، ساڵی ١٧٣٢ عەباسی سێەم ئەکا بە شای ئیمپراتۆری سەفەویی، بەڵام دەسەڵاتی تەواو هەر لای خۆی ئەبێ و دواجاریش کە ساڵی ١٧٣٦ شا عەباس لا ئەبا، تاجی شاهانە ئەنێتە سەری خۆی. سەرباریی لێهاتوویی لەجەنگ و کاروباری سەربازیدا، سالی ١٧٤٧ نادر شا لەناو سوپادا بەدەستی پیاوە جەنگاوەرەکانی خۆی تیرۆر کرا. کەریم خان لەگەڵ فەرماندەیەکی سوپاکەی نادر شا بە ناوی زەکریا خان، جڵەوی سوپا و حوکمی ناوچەکانی هەمەدان و کرماشان و کوردوستان و بەشێك لە پارێزگای سلێمانی و گەرمیان وخانەقین و لوڕستان ئەگرنە دەست. ساڵی ١٧٤٨-١٧٤٩، لەژێر فەرماندەیی کەریم خان دا، کۆچۆیکراوە زەندیەکان لە تورکمانستانەوە ئەگەڕێنەوە سەر زێد و گوندەکانی خۆیان لە هەمەدان و کرماشان.

عەلی مەردان خانی بەختیاری، وەك نەیارێکی سەرسەختی کەریم خان لە ناوچەکانی چوار مەحالی بەختیاری و لورستان و سنورەکانی عێراقەوە ئەکەوێتە گێچەڵ کردن بە دەسەڵاتی کەریم خان، بەڵام سوپاکەی ئەشکێ و، شار و ناوچەی گوڵپایەگان لەدەست ئەدا، کە بە قوڵایی سیراتیجی دەسەلاتی عەلی مەردان دا ئەنرا. دوای ئەم شکستە، عەلی مەردان هێرش ئەکاتە سەر شاری ئەسفەهان کە پایتەختی ئیمۆراتۆریەتی سەفەویی بوو، بەڵام دوای ئەوەی سوپاکەی لێرەش ئەشکێ داوای ڕێکەوتن و بەشکردنی دەسەڵات ئەکا لەگەڵ کەریم خان و ئەبولفەتاح ی حاکمی ئەسفەهان.

ساڵی ١٧٥٠ هەمویان لەسەر ئەوە ڕێکك ئەکەون کە ئەبولفەتاح لە شوێنی خۆی بمێنێ، ئیسماعیل شا کە تەمەنی تەنها ١٧ ساڵ بوو ببێ بە شا، عەلی مەردان بکرێ بە جێگری دەسەڵاتداری وڵات و کەریم خانیش بکرێ بە سەردار واتە سەرکردەی سوپا کە لەو کاتەدا ژمارەی ٢٠ هەزار سوار بوو.

کەریم خان بۆ ڕێکخستنی کاروباری وڵات، سەردانی کوردوستان ئەکا، لەو کاتەدا، عەلی مەردان پەیمانەکەی شکاند و سنوری قەڵەم ڕەوی خۆی زیاد کرد و بەرەو باشور کشا و ئیسماعیل فەیلی کرد بە حاکمی لوڕستان.

،،

بەڵام کەریم خان لە زۆربەی شوێنەکان عەلی مەردانی تێکشکاند و ناچاری کرد بەرەو خوزستان و ناو عێراق پاشەکشە بکا.

عەلی مەردان بە پشتیوانی دەوڵەتی عوسمانی و یارمەتی ئەفغانەکان جاریکی تر پەلاماری ئێرانی دا و چوە ناو کرماشانەوە. پیاوانی زەند دوو ساڵ لە کرماشاندا گەمارۆیاندان و ناچاری تەسلیم بونیان کردن.

دەسەڵاتی کەریم خان فراون بوو، بەرەو باشور ڕۆیشت، لەهەموو شوێنێك، شار و گوندەکانی ڕێکئەخستەوە، لە باشور بایەخی بە شیراز دا، چەندین پارك و قەڵا و دیوار و حەمامی تیا دروست کرد و کردی بە پایتەختی دەولەتەکەی. کەریم خان، لەگەڵ بریتانیا پەیوەندیەکانی کردەوە، ڕێگەی بە کۆمپانیای هیندستانی خۆرهەلات دا لە باشوری ئێران مەڵبەندی خۆی بکاتەوە و سەرمایەگوزاریی بکا.

کەریم خان دەستی گرت بەسەر تەواوی دەوڵەتی ئێستای ئێراندا جگە لە شاری مەشهەد و پارێزگای خوراسان کە بەدەست ئافشیاردە ئەفغانیەکانەوە بوو. دەسەڵاتی کەریم خان بەشێکی ئازربایجان و ئەرمینیا و بەشێك لە پارێزگای سلێمانی ئێستا و گەرمیانیشی گرتەوە، تەنانەت بۆ ماوەیەك (بەسرە)شی گرت.
دادپەروەریی کەریم خان لە هەموو دنیا دەنگی دایەوە. سەروەریی یاسا هەموو شار و گوندێکی ئێرانی گرتەوە، بەجۆرێك خەلکی ئێران نازناوی نوینەری خەڵکیان بە کەریم خان بەخشی. کەریم خان نەچوە سەر کورسی شاهانە، بەڵکو لەسەر فەرشێکی سادەی هەرزانبەها دائەنیشت، چی خشڵ و گەوهەری هەبوو، پارچە بە پارچە هەمووی فرۆشت بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی. ئەو جلێکی سادەی لەبەردابوو، شەرمی لە ڕابردووی خۆی نەئەکرد، مێزەرە کشمیریە سادە زەردباوەکەی هەر لەسەردا بوو. مانگی یەک جار جلەکانی ئەگۆری، زۆرجار خۆی جلەکانی خۆی ئەشت.

بەپێچەوانەی پاشا و حاکمەکانی پێش خۆی، کەریم خان پرسی بە عولەمای دین نەکرد لە تەشریع و بەڕیوەبردنی وڵاتدا، هەرچەندە شیعەی دوانزە ئیمام، دین و مەزهەبی زۆربەی دەوڵەتەکەشی بوو. بەڵام ڕێزی لە دین ئەگرت، تەنانەت بە زەبری هێز لە خوار بەغداوە ڕێگەی کەربەلای بۆ زیارەتکارانی ئێرانی کردەوە.

ژمارەی سوپاکەی دەوڵەتەکەی کەریم خان ٤٠ هەزار سەرباز بوو، لەم ژمارەیە ٢٤ هەزاری کورد بوو، زۆربەیان سەر بە زەند و زەنگەنە و لوڕ و فەیلی بوون.
کەریم خان ساڵی ١٧٧٩ کۆچی دوایی کرد و لەناو مۆزرخانەی شیراز بەخاك سپێردرا.

دوای مردنی کەریم خان، شیرازەی وڵات تێك چوو. شازادەکانی زەند، کەسیان نەیانتوانی ولات بپارێزن. موحەمەد عەلی خانی زەند بوو بە جێگرەوەی کەریم خان، بەڵام توانای بە گژاچونەوەی قاجارە تورکەکانی نەبوو. لوتفی عەلی خانی زەند دوا شازادەی زەند بوە کە لە ساڵ١٨٨٩ لەسەر دەستی ئاغا محوحمە قاجاری تورك تێکشکا.
ساڵی ١٧٩٤ ئاغا موحمەد قاجار تاجی شاهانەی نایە سەریی و، بەم شێوەیە تورکەکان جارێکی تر بونەوە بە حاکمی ئێران تا ساڵی ١٩٢٥ کە ڕەزا شای پەهلەویی باوکی موحەمەد ڕەزا شا بوو بە پاشا.

،،

ڕەزا شا پیاویکی نەتەوەیی بوو، بڕوای وابوو لەپاڵ زمانی فارسی دا وەك زمانی دەوڵەتی ئیران کە مێژویەکی دوری هەیە، ئیران ئەبێ لەلایەن ئاری نەژادەکانەوە بەڕێوە ببرێ بەڵام چاوی کوردی نەئەبینی.

موحەمەد ڕەزا شای کوڕی وەك دوا شای پەهلەوی، پەندی زۆری لە هەڵەکانی باوکی وەرگرت، ئێرانی وەك دەولەتێکی مۆدێرن بەروی دنیادا کردەوە، بەڵام وەك باوکی خاوەنی عەقڵیەتێکی فاشیانە بوو. شا خۆی ناو نا بوو شاهانشای ئاریامیهر واتە پاشای پاشاکان و خۆشەویستی ئاری یەکان بەڵام چاوی کوردی نەئەبینی، لەهەمانکاتدا شیعەی وەك ناسنامەی فارس و دەوڵەتی ئێران ئەبینی.
جمهوری ئیسلامی، درێژکراوەی هەمان عەقڵیەتی شۆڤێنی پەهلەویی یە. تەنانەت خومەینی و هەموو ئاخوندەکانی ئیستا بە عەلی خامنەیی شەوە کە تورك نەژادە، لە شا قەومیترن و فارس بەسەرداری هەمو نەتەوەکان ئەزانن و مەزهەبی شیعەش جگە لە ناسنامەی دەوڵەتی فارسی، نرخێکی تری نیە.

سەرچاوە:
John R Perry, history of Iran 1747-1779, karim- Khan Zand.
-وکیل الرعایا، زندگی کریم خان زند، معصومه پاکروان.
-کریمخان زند، بەرگی دوەم ، عبدالحسین نوائی.