شەرپێفرۆشتن ، گێچەڵپێکردن

2021-09-11

محمد خۆشناو

دیاردەیەکی سەیر نیە ، لەهەموو سەردەمێک بەدیار دەکەوێت ، ئەم دیاردەیە زیاتر هەندێک نوسەر و راگەیەنکار پەیرەوی دەکەن ، هەموو ئیشوکاریان شەرفرۆشتن و هێرشکردنە بۆسەر کەسایەتی گشتی و خەلکی دیار لە سەرکردە و نووسەر و رۆشنبیر و کەسایەتی کۆمەلگە ، پاڵنەرەکەی زیاتر بۆ مەراییکردنی غەریزەیە ، یا دوروویی کەردنە بۆ دەسەلات ، هەر دەسەلاتێک بێت ، ئامانج لێی بەرژەوەندی کەسیە ، ئەم گێچەلکردنە لە خەیالی نەخۆشەوە دێت.


هیچ رێگریەک نیە کە نووسەر یا راگەیانکار ، باری سەرنجی خۆی بەراستگۆیانە لەسەر دەسەلاتدارێتی هەر سەرۆکێک یا بەرپرسێک یا هەر نووسەر و رۆشنبیرێک بە سلبی یا ئیجابی دەرببرێت 

،،

بەلام هەرگیز ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ، کە هەموو پاشخان و بەرهەمی کەسی گێچەڵپێکراو سفر بکرێت و هێڵی سووری بەسەردا بهێنرێت و ، بکرێتە بوونەوەرێکی قێزەوەن و نەفرەتلێکراو.


دووڕوویی پەتایەکە لە راگەیاندن بلاوبۆتەوە ، هەیانە جلوبەرگی شرۆڤەکارێکی بەرێز و ووردبین لەبەردەکات و ووشەی یەکلاکەرەوەت بە ئارامی و هێمنی دەداتێ ، هەشیانە بە هەڵچوونێکی دروستکراو قسە دەکات ، بۆ ئەوەی کاریگەری خۆی لەسەر جەماوەر دەستەبەربکات و ، وا دەزانێت دەنگی گەورە و هەڵچوون راستگۆیی دەداتە دوورووییەکەی ، جگە لەمە مەبەستی ئەمانە، هەولدانە بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگی ، کە هەمیشە وەلامیان نادرێتەوە تا نەبنە پاڵەوان ، قسەیەک هەیە کە دەڵێت« لە کەسێکی ناسراو بدە تا بەناوبەنگ بیت» ئەمانەی باسمانکرد زیاتر لە سۆشیالمیدیا و هەندێک سایت بەدیاردەکەوێت ، لە لاپەرەی خۆی هێرشێکی تووند بە دەنگێکی نەڕەنەڕ دەکەنە سەر کەسەکە و ، هاوار دەکات و هەرچی قسەی ناشیرینی هەلبەستراوە دەداتە پال کەسەکە ، ئەمەی بۆ ئەوەیە هەزاران کەس گوێی لێبگرن و ، لەپشت ئەوانەوە خۆی گەورە بکات و ، ببێتە پاڵەوانێکی نەتەوەیی و پاریزەری خەڵک ، لەکن ئەمانە گرنگ نیە ، کەسی شەرپیفرۆشراو ، لەنزیکەوە دەناسێت یان نا و چی کردووە و چی نەکردووە!! گرنگ ئەوەیە جەماوەر پەیدا بکات و دڵی بەرپرسەکەی رازیبکای و پارە و پۆست وەرگرێت ، قەڵەمی ئەمانە وەکو دڵ و دەروونی خاوەنەکانیان پرە لە رک و کینە و ئاگری حەسادەت هەناوی داپۆشیون و ، هەر خەریکی پیلانگێرانن ، بەجۆرێک خۆی دەردەخات کە هاورێتە ، بەلام ئاگات لەخۆت نیە پێتوەدەدات ، بەدڵێکی ساف لەگەلیدایت و دەرۆیت و چاوت نوقاندووە و رەخنەت لە دەسەلات گرتووە ، دەنگت تۆمار دەکا ، کە ئاوڕ دەدەیتەوە دەبینی ئەمە برادەرتە لە پشتەوە لێیدای ، ئەمە ئازارێکە لە دەروونتدا بەجێدەمینێت و ، برینەکەی لەگەل رۆیشتنی زەمەنیش هەر دەمێنێت ، ئەمە ناپاکی روحە کە خۆشەویستی دەکوژێت و ، کارێکی دوژمنکارانە و تێکدانە کە کارێکی ئاسانە بەچاوتروکانێک دەکرێت

،،

بەلام هاورێیەتی وەکو بیناکردن پێویستی بە ئەرک و ماندوبوونێکی زۆرە ، ئەمەیە جیاوازی نێوان دۆست و دوژمن.


جوانترین ئەو شتەی لەناو مرۆڤدا هەبێت ویژدان و بەزەیی و سۆزە ، کە ئەمانە کەوتن ، ژیان دەبێتە بوونەوەرێکی سەیر کە رووخساری ئادەمیزادی پێوەیە ، بەلام مرۆڤایەتی تێدا نەماوە ، مرۆڤ زۆر شت فێردەبێت و زۆر شتیش لەبیر دەکات ، دەزانێت چۆن تەقە بکات ، بەلام لەبیری دەچێت چۆن گوڵ بچێنێت!!