حكومه‌تی خۆمانه‌و برنجی خۆمانه‌و ڕۆنی خۆمانه‌و دزی خۆمانه‌

2022-04-11

تاهیر بامۆکی

ئه‌م به‌یانی یه‌ له‌ پاش نوێژی به‌یانی سه‌عات پێنج و چاره‌ك (5،15) ڕۆشتم بۆ به‌نزینخانه‌ بۆ وه‌رگرتنی به‌نزین، هه‌ر ڕۆشتم هه‌ر ڕۆشتم كۆڵان به‌ كۆڵان ڕۆشتم تا نزیك هه‌سه‌ناوا بومه‌وه‌، ئیتر سه‌یاره‌ له‌ دوای سه‌یاره‌كه‌ی منه‌وه‌ نه‌بوو، ورده‌ ورده‌ هاتن هێنده‌ی كه‌ درێژ بوویه‌وه‌.

وابزانم كاتژمێر 7،30 جوڵه‌ دروست بوو، ده‌مه‌تر بڕۆ بیكوژێنه‌وه‌، سی مه‌تر بڕۆ بیكوژێنه‌وه‌، ئیتر گله‌یی و بۆڵه‌ی سائقه‌كان به‌ری ئاسمانی گرتووه‌، نه‌به‌سه‌یری مۆبایل و نه‌به‌زیكری به‌یانیان و نه‌ به‌ پاككردنه‌وه‌ی سه‌یاره‌كه‌ له‌ خۆڵه‌ باریوه‌كه‌ ئه‌م كاروانه‌ ته‌واو نابێت و نابڕێته‌وه‌، بیرم له‌ چی ده‌كرده‌وه‌ ئه‌م میله‌ته‌ له‌ سه‌دا نه‌وه‌د و حه‌وتی حه‌زی له‌ یاسا و ڕێزگرتنه‌ له‌ كه‌سانی تر، به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س وا فێربوون كه‌ نۆره‌ بڕ بكه‌ن یا خۆیانی پیا بكه‌ن یا جێگه‌ی له‌ خۆیان لاژگترێك بكه‌نه‌وه‌ وا ئه‌زانن قوله‌ی قافیان گرتووه‌.

ئه‌و خه‌ڵكه‌ هه‌ناسه‌ سارده‌ چه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌ی توولانیدا وه‌ستاوه‌ هێنده‌ی ئه‌وه‌ی مشه‌خۆرێك له‌لاوه‌ خۆی پیا بكات ئازاری ڕۆحیان نادات، له‌لایه‌كی تر سه‌یاره‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ ترسی ئه‌وه‌ش په‌یدا ده‌بێت به‌نزین به‌ش نه‌كات و نه‌مێنێ، ئه‌وكاته‌ ئه‌بێت بڵێی وه‌خته‌كه‌م چوو به‌نزینیش نه‌بوو به‌جارێ ماڵی وێرانم.

ئه‌مڕۆ خوا لوتفی وابوو له‌ پاش 4,15 چوار سه‌عات و چاره‌كێ من سه‌ره‌م هات و به‌نزینه‌كه‌م وه‌رگرت. ئاخ گه‌لی خاوه‌ن نه‌وت!!! داخ گه‌لی خاوه‌ن خه‌یر و به‌ره‌كه‌ت!!!

،،

چه‌پڵه‌ی زۆریان لێدا حكومه‌تی كوردی دروست ببێ، حكومه‌تی خۆمانه‌ و برنجی خۆمانه‌ و ڕۆنی خۆمانه‌ و دزی خۆمانه‌ و سوكایه‌تیكردن به‌ میله‌تی خۆمانه‌ و قسه‌ی زلی خۆمانه‌ و كوردایه‌تی خۆمانه‌ و چی و چی تر.

مامۆستایه‌كی تری ئیمام و خه‌تیب له‌گه‌ڵ مندا له‌سه‌ره‌كه‌دا وه‌ستابوو، ئیتر قسه‌ هات و قسه‌ چوو مامۆستاكه‌ فه‌رمووی: مامۆستایه‌كی قسه‌ خۆشی لای ئێمه‌ هه‌بوو، خه‌ڵك زۆر ڕێزیان لێ ده‌گرت كابرایه‌ك خۆی پاڵاوتبوو بۆ په‌رله‌مان ڕۆشتبوو بۆ خزمه‌تی ئه‌و عالمه‌ به‌ڕێزه‌، له‌ پاش سه‌لام و كه‌لام وتبووی مامۆستا من خزمی ئێوه‌م و دایكم له‌ ئێوه‌یه‌، مامۆستاش فه‌رموو بووی وایه‌ هیچ خیلافی تیا نی یه‌، كابرا وتبووی مامۆستا بڵێ به‌م خزمانه‌ با ده‌نگم بۆ بده‌ن منیش به‌ڵێن بێت خزمه‌تتان بكه‌م، مامۆستاش وه‌عدی پێدا و ته‌بلیغی خه‌ڵكه‌كه‌ی كردبوو كه‌ فڵانه‌ كه‌س خزمه‌ ده‌نگی پێ بده‌ن، كاشی به‌ عه‌مه‌ل هات ده‌رچوو، هه‌تا چوارساڵه‌كه‌ ته‌واو بوو بۆ ته‌عزێیش ڕێی نه‌كه‌وته‌ ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌.... خواكردی ده‌ورێكی تری هه‌ڵبژاردن هاته‌ پێش، كابرا ده‌ماری خزمایه‌تی تڵیسیاوه‌ و هاته‌وه‌ بۆ ناو خزمه‌كانی و بۆ لای مامۆستا داوای كرد ئه‌مجاره‌ش ده‌نگی پێ بده‌ن ، ئینشائه‌الله خوا كردی ده‌رچووم هه‌قی جاره‌كه‌ی تریشتان بۆ ده‌كه‌مه‌وه‌، مامۆستاش بێ سێ و دوو فه‌رمووی: به‌خوا ئێمه‌ به‌كچێنی ئیستیفاده‌مان لێ نه‌كردی وه‌ی له‌ بێوه‌ژنییه‌كه‌ت، ئیتر كابرا ملی شۆڕ كردبوو ڕۆشتبوو، په‌كوووو ئه‌م سیاسیانه‌ ڕوودارن، په‌كووو ئه‌م كاربه‌ده‌ستانه‌ درۆزن و ده‌ست بڕن !!!! حه‌یف كه‌ خه‌ڵكی به‌ش مه‌ینه‌ت وه‌ك مامۆستا وه‌ڵامی تازه‌ خوازبێنی كه‌ر ناده‌نه‌وه‌، فاعتبروا یا اولی الالباب، به‌كوردی ئه‌و كه‌سه‌ كه‌سه‌ ئه‌لفێكی به‌سه‌.