دڵشکاوترین مرۆڤ کۆچی دوایی کرد

2022-05-07

عومەر مەحمود


عاسی مستەفا ئەحمەد ئەو مرۆڤە دڵشکاوەی ناو تەپ وتۆزی جەنگ وجێنۆسایدە.
لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٢خەڵکی گوندی زینانەی سەربەناحێی سەنگاو – قەزای چەمچەماڵە لەکۆتایی مانگی ئازاری ساڵی ١٩٨٢ لەبەرەی جەنگی شوش بەدیلگیراو ماوەی ٩ساڵ وەک دیلی جەنگ لەئێران مایەوە بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ نیشتمان لە رۆژی ٢٤ی ئابی ١٩٩٠ بەسەرهەواری خاڵیدا هاتەوەو هەموو خانەوادەکەی هاوژین و منداڵەکانی ئەنفالکرابوون.
چیرۆکی ئەم پیاوە لەتەمەنی خۆی درێژترەو لەناو ئەنفالدا لەزۆربەیان تراژیدی ترە، بەڵام دەتوانم بڵێم لەهەموویان تایبەت ترە .
دوای گەڕانەوەی نامەیەكی لەبارەی ژن و منداڵە ئەنفالكراوەكانیەوە ئاراستەی سەدامی دکتاتۆر كرد دوای چاوەڕوانییەکی زۆر تەنها دوو دێر وەڵامی لە سعدون عەلوانی سکرتیری دیوان وەرگرتەوە کە تیاید نوسرابوو:
"ژن و منداڵەكەت لە پرۆسەکانی ئەنفالدا لەناوچەی باکور لەناوچوون"
بەداخەوە ئەو پیاوە ئەمرۆ لە سلێمانی كۆچی دواییكرد.

،،

عاسی هەرسەدام غەدری لێنەکرد بەڵکو ژیان وکۆمەڵگاو تەنانەت دادگاو نوسەرانیش ستەمیان لێکرد.

تەنیا سەبوری ئەم پیاوە بەشداری کردنی بوو لەدادگایی کردنی تاوانبارانی ئەنفال بەڵام ئەفسوس لەکۆنوسی دادگاکەداو لەکتێبەکەی دادوەر محەمەد ئەلعورێبی و کتێبی خەڵکی تریشدا بەهەڵە زانیارییەکانی تۆمارکراون بەجۆرێک ناوی باپیری هەڵەیە، ناوی گوندەکەی هەڵەی ناوی کجێکی هەڵەیەورۆژی گرتنەکەی هەڵەیە.
بەهیوام رۆژی مردنەکەشی بەهەڵە بۆتۆمار نەکەن
رۆحت شادبێت مرۆڤە تەزیوەکەی ناوتەپ وتۆزی جەنگ وجێنۆساید
کاری زۆرم دەربارەی ئەم پیاوە کردووە بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی بڕوانە گەشتەکانی ئەنفالستان- دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم .
چیرۆکی ئەم پیاوەم لەسیناریۆیەکی درێژدا نوسیوە بەهیوام رۆژێک سەرسکرین ببینێت.
خێزانە ئەنفالکراوەکەی عاسی مستەفابریتی بوون لە:
١- عەزیمە عەلی ئەحمەد، لەدایكبووی ١٩٥٥
٢- چرۆ عاسی، لەدایکبووی ١٩٧١
٣- فەرەیدوون عاسی، لەدایکبووی ١٩٨١
٤- ڕووخۆش عاسی، لەدایکبووی ١٩٨٢