مردن و نیوە مردو، نەخۆشی تای خوێنبەربوون؟

2022-05-13

د. بێستون ئەبوبەکر

ماوەی چەند ڕۆژێکە لە ڕاگەیاندنەکانەوە هەواڵی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە لە چەند پارێزگایەکی عێراق بووە بە هۆی مردنی چەند هاوڵاتیەک و کەسێکیش لە هەولێر باس ئەکرێت، وە لێرەو لەوێ خەڵک دەترسن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە لە هەموو ناوچەکاندا.
وەک پزیشکێکی ڤێتێرنەری بە ئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم چەند زانیاریەک لە سەر نەخۆشیەکە بخەمەڕوو بۆ زیاتر ئاشنابوونی هاوڵاتیان دەربارەی ئەم نەخۆشیە ترسناکە.

بەپێی سەرچاوەکانی پزیشکی ڤێتێرنەری یەکێکە لە نەخۆشیە هاوبەشەکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ ، واتە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ئاژەڵی توشبووەوە لە ڕێگەی گەنەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و ژیانی دەخاتە مەترسی یەکی گەورەوە ،چونکە کاریگەری نەخۆشەرانەی ڤایرۆسەکە لە مرۆڤدا زۆر زیاترە وەک لە ئاژەڵدا.
ئەم نەخۆشیە زیاتر لە وەرزە گەرمەکاندا بڵاودەبێتەوە لەبەرئەوەی مشەخۆرەکانی وەک گەنەو ئەسپێ و مێش و مەگەز لە ئەم وەرزانەدا گەشەدەکەن و دەبوژێنەوە.
بۆ یەکەمجار لە ساڵی ۱۹٤٤ ئەم نەخۆشیە لە (کریمیا crimea) دەسنیشانکرا و لە دوایدا لە ساڵی ۱۹٦۹ نەخۆشیەکە جارێکی دیکە لە (کۆنگۆ congo) سەریهەڵداو بڵاوبووەوە . لە ئەم سەردەمەدا نەخۆشیەکە زیاتر لە وڵاتانی ئەفریقا و بەڵقان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا کە دەکەونە باشوری هێڵی پانی ٥۰ کە سنوری جوگرافی گەنەی گوێزەرەوەیە بونی هەیە.

هۆکارو نیشانەکانی نەخۆشیەکە:

هۆکاری سەرەکی نەخۆشیەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڤایرۆسێک کە پێی دەوترێت Nairo virus سەر بە خێزانی Bunya viridae و یەکێکە لەو ڤایرۆسانەی کە بەشێکی سوڕی ژیانی لە گەنەدا بەسەردەبات کە پێی دەوترێت Hyalomma .


نەخۆشیەکە لە ئاژەڵدا :
زۆر جۆر ئاژەڵ توشی ئەم نەخۆشیە دەبن بە تایبەتی مانگاو مەڕو بزن واتە ڕۆڵی هەڵگری ڤارۆسەکە دەبینن بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی کلینیکی لە سەر ئاژەڵەکە دەربکەوێت وە زۆربەی باڵندەکان بەرگری سروشتیان هەیە دژی نەخۆشیەکە بێجگە لە نەعامە کە زۆر کاریگەرە بە نەخۆشیەکە و بە خێرای لە نێوانیاندا بڵاودەبێتەوە بە تایبەتی ئەو ناوچانەی کە نەخۆشیەکەیان تێدا بڵاوە ، بۆ نموونە لە باشوری ئەفریقا لە یەکێک لە کوشتارگەکانی نەعامە نەخۆشیەکە زۆر بە خێرای بڵاوبووە. ئاژەڵەکان بە هۆی گەنەوە نەخۆشیەکە لە نێوانیاندا بڵاودەبێتەوە ،ڤایرۆسەکە بۆ ماوەی ۷ ڕۆژ بەناو خوێنی ئاژەڵەکەدا دەگەڕێت پاشان لە ڕێگەی گەنەیەکی ترەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵێکی تر وە هەموو جۆرەکانی گەنە ئەم کاری گواستنەوەیە ئەنجام دەدەن بەڵام تاوانباری سەرەکی جۆری hyalomma یە .


نەخۆشیەکە لە مرۆڤدا:

ئەو کەسانە کێن کە مەترسی زیاتریان لە سەرە؟
چۆن نەخۆشیەکە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ؟
ئایا لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە؟
هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە؟
نەخۆشیەکە مەترسی زۆرتری لە سەر پزیشکانی ڤێتێرنەری و خاوەن ئاژەڵەکان و قەسابەکان هەیە بە پلەی یەکەم چونکە ئەمانە ڕاسەوخۆ مامەڵە لە گەڵ ئاژەڵ و خوێنی ئاژەڵەکاندا دەکەن .. پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و تاقیگەکان و کەس وکاری نەخۆش مەترسی توشبوونیان لە سەرە بە هۆی مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆیان لە گەڵ نەخۆش و دەردراوەکانی لەشیەوە.
ئەم نەخۆشیە بە هۆی گەنە و ئەسپێ و مشک و جرج و مێش و مەگەز و شەمشەمەکوێرە وە لە ئاژەڵی توشبووە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
ئەم نەخۆشیە زۆر بە خێرای لە مرۆڤەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ چونکە توندوتیژی ڤایرۆسەکە لە مرۆڤدا زیاتر دەبێت. بەپێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە کە زیاتر لە نەخۆشخانەکاندا ئەم دیاردەیە ڕوودەدات لە ئەنجامی کەمتەرخەمی ڕەچاونەکردنی مەرجە تەندروستیەکان ئەویش بە پاکژڕانەگرتنی پێداویستی و کەل وپەلە پزیشکیەکان لە کاتی نەشتەرگەری و دەرزی لێدان و خوێن وەرگرتن هەر لەبەرئەمەشە بە پێی سەرچاوەکان ڕێژەی لەناوچوون لە نخۆشخانەکاندا دەگاتە ٪٤۰ .


هۆکارەکانی بڵاوبوونەوە:

۱. کڕینی گۆشتی ئاژەڵ لە سەرجادە و کۆڵانەکان کە لە کوشتارگەکاندا سەرنەڕاون و لە لایەن پزیشکی ڤێتێرنەریەوە پشکنینی بۆ نەکراوە.

۲. گەشتکردن بۆ ئەو ناوچانەی کە نەخۆشیەکە تێیدا بڵاوە.
۳. لێکردنەوەی گەنە لە ئاژەڵی توشبوو بە دەست و کوشتنی بە دەست و بەرکەوتنی خوێنەکەی لە دەستی مرۆڤ.
٤. کارکردن لە گەڵ نەخۆش.
٥. سەربڕینی ئاژەڵی نەخۆش.
٦. کارکردن لەو جێگایەی کە مشک و جرجی تێدایە.
۷. پابەندنەبوون بە سەلامەتی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سێکسی.

نیشانەکانی نەخۆشیەکە لە مرۆڤدا:

نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا زۆر توندو تیژو ترسناکە ماوەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە و تا دەرکەوتنی نیشانەکان ۳ - ۷ ڕۆژ دەخایەنێت هەندێ جار تا ۱۳ ڕۆژ درێژدەبێتەوە..
۱. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی نەخۆشەکە هەندێ جار دەگاتە ٤۱ پلەی سەدی.
۲. سەرئێشەیەکی تیژ.
۳. ئازارێکی توند لە سک و پشت و گەدەو ئەژنۆو گشت ماسولکەکانی لەش دەگرێتەوە.
۳. هەندێ جار ڕشانەوەو سوربوونەوەی چاو.
٤. یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم نەخۆشیە خوێنبەربوونە لە ئەندامەکانی لەش کە لە شێوەی پەڵەی سوری خوێناوی دەردەکەوێت.
٥. لە شێوەی توندو تیژی نەخۆشیەکە لە دوای چوارەم ڕۆژەوە نەخۆش توشی لووت پژان دەبێت و خوێنێکی زۆری لێ دەڕوات و لە کاتی دەرزی لێداندا لە شوێنی دەرزیەکە خوێن ناوەستێت.


چارەسەر :
تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەم نەخۆشیە نەدۆزراوەتەوە .. پێکوتەی ریڤابیرین دژی ڤایرۆسی CCHF بەکارهێنراوە نەخۆشەکان سودێکی باشیان لێوەرگرتووە کە لە ڕێگەی دەم و لولەی خوێنەوە دەدرا بە نەخۆشەکان .. وە هەندێ لوقاح لە ناوچەیەکی بەرتەسکی ئەروپای ڕۆژهەڵات بەکارهاتووە کە سودێ وەهای نەبووە .. لەبەرئەوە لەم کاتە باشترین کارێک کە بکرێت خۆپاراستنە لە تووشبوون بە نەخۆشیەکە.


چۆن خۆمان بپارێزین:

۱. قەڵاچۆکردنی بەردەوامی مشەخۆرە دەرەکیەکان بە تایبەتی گەنە ئەویش بە شۆردنەوەی ئاژەڵەکان و دەرمانکردنی شوێنی مانەوەی ئاژەڵەکان بە درمانی تایبەتی.
۲. خاوەن ئاژەڵەکان لە کاتی بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیاندا پێویستە بە جل و بەرگ و دستکێشی تایبەتەوە کارەکانیان بکەن.
۳. پزیشکانی ڤێتێرنەری و کارمەندانی قەسابخانەکان پێویستە بە جل و بەرگی تایبەتی و دەستکێشەوە کارەکانیان ئەنجام بدەن و ڕێگە نەدەن لاشەی ئاژەڵی نەخۆش بچێتە بازاڕەکانەوە.
٤. لە نەخۆشخانەکاندا پێویستە ڕەچاوی مەرجە تەندروستیەکان بکرێت و گشت کەل و پەل و پێداویستیەکان بە پاک و خاوێنی ڕابگیرێت.
٥. ڕێگەگرتن لە هاتوچۆپێکردنی ئاژەڵ لە نێوان پارێزگاکاندا.
٦. ڕێگریکردن لە هاتنی گەشتیار لەو ناوچانەی کە نەخۆشیەکە تێیدا بڵاوبووەتەوە.
۷. ڕێگەگرتن لە سەربڕینی ئاژەڵ بە نایاسایی لە سەرجادەو کۆڵانەکاندا.
۸. لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە بە بەردەوامی هۆشیاری زانستی بڵاوبکرێتەوە لە سەر نەخۆشیە هاوبەشەکان بە شێوەیەکی گشتی و تای خوێنبەربوون بە تایبەتی.
هیوام سەلامەتی هەمووتانە.