سمێڵ لە کۆمەڵگەی کوردیدا

2022-08-27

لە کۆمەڵگەی کوردیدا، سمێڵ چەندان واتاو ئاماژەی پێوە گرێدراوە

لە چەند گوزارەو ئیدیۆمی کوردی جیاوازدا، وشەی سمێڵ لە ڕووخسارو مانا بەرجەستەکەی واوەتری پێبەخشراوەو سمێڵ کراوەتە پێوەری کەسایەتی و بەڵێندان و وەکو تانەو سوکایەتیش گوزارشتی لێکراوە.

لەزۆر باردا، سمێڵ هاوتا لەگەڵ ڕیشدا هاتووەو پێکەوە گرێدراون، بەڵام لە کۆمەڵگەی کوردیدا، لەڕووی سیمبوولییەوە، هەمیشە سمێڵ بە پیرۆزترو گرنگتر لە ڕیش تەماشا کراوەو کەسایەتی و بەهای تاکی پێوە وابەستەکراوە.

بەهۆی فراوانبوونی بازنەو کایە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەوە، دەستەواژەو ئەو گوزارشتانەی وشەی سمێڵیان تێدایە، سنووری هێماکردن بۆ تاکیان تێپەڕاندووەو ئەو ئیدیۆمە کوردیانەی وشەی سمێڵیان تێدایە، بۆ گوزارشتکردن لە گروپ و دەستەو هێزەجۆراوجۆرەکان بەکاردەبرێت.

گوزارەو ئیدیۆمی، " بۆ ڕیش چوو، سمێڵیشی نایە بانی" یەکێک لەباوترین ئەو پەندو گوزارانەیە کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەکاردەهێنرێت، ئەم پەندە کوردییە بۆ ئەوکەسانە بەکاردەبرێت کە گەرەکیان بووە کارێک، یان پرۆژەیەک ئەنجام بدەن و ئەوان لەوکارەدا نەک هەر سەرکەوتوو نەبوون و هیچیان دەستنەکەووتووە، بەڵکو زیانی گەورەشیان کردووە، جا کارو پرۆژەکە ئابوری بووبێت، یان کۆمەڵایەتی، یاخود سیاسی.

ئەم پەندو ئیدیۆمە کوردییە، جیا لە هێماکردن بۆ شکستی گەورە، هاوکات نیشانی دەدات کە سمێڵ لە کۆمەڵگەی کوردیدا پیرۆزی و بەهای لە ڕیش زیاترەو لە پێناو دەستکەوتنی شتێکی بچوکدا کە بە ڕیش هێما کراوە، شتێکی گەورەتر لە دەستدراوە کە سمێڵەو کابرا بۆ ڕیش چووە سمێڵیشی ناوەتە بانی.

 

زۆرجار، سمێڵ دەکرێتە ‌پێوەری پیاوەتی و مەرج و بەڵێنی پێوە وابەستە دەکرێت و کابرا بۆ ئەوەی لەکارێکدا بەرانبەرەکەی بێنێتە ژێرباری باوەڕپێکردنەوە، یان خۆی وەکو پیاوێکی پیاوانەی خاوەن بەڵێن پیشان بدات دەڵێت: ئەم سمێڵانە سمێڵی پیاو نەبێت.

هەر لەباری وعدو مەرج و بەڵێندان بە کەسی بەرانبەرو بۆ وەدەستهێنانی متمانە، بەجۆرێکیتر سمێڵ دێتە کایەکەوەو دەگوترێت:" سمێڵم دەتاشم"، ئەویش بەواتای ئەوەی هەتکی پیاوەتی خۆم دەکەم لەکاتی بەجێنەگەیاندنی ئەوکارەدا کە بەڵێنی کردنیم داوە.

وەکو پلارو دانە لێدان لە کەسایەتی و خاسیەت و ڕەوشتی کەسێک، وشەی سمێڵ بە چەند جۆریتر لە پەندو ئیدیۆمی کوردیدا بەکار هێنراوەو گوزارەی " سمێڵ شۆڕ"، بە کەسێک گوتراوە کە غیرەتی نەبوبێت و ترسنۆک بووبێت، ئەم گوزارەیە لسەردەمی عوسمانییەکانەوە هاتووەتە ناو کۆمەڵگەی کوردیەوەو لەودەمەوە بەکاردەهێنرێت.

گوزارەو ئیدیۆمی" سمێڵی چەور کرد" یەکێکی دی لەو گوزارانەیە کە سمێڵ تیایدا بووەتە هێمای واسیتەو بەرتیلدان و خۆنزیککردنەوە لەکەسێک کە بەرپرسە یان شت بەدەستە بۆ ئەوەی کارێک ئەنجامبدات، سەرباری تانەلێدان و ڕەخنەگرتن لە ڕەفتاری سمێڵ چەورکردن، سمێڵ لەم گوزارەیەدا هاوتاکراوە بە بەرپرس و کاربەدەستێک و لەبری کەسێک بەکارهاتووە.

وەکو، توانج و پلارو ڕەخنە لەبەرانبەر ڕەفتاری خراپ و دزێوی کەسێکی سمێڵداردا وتراوە:"  پشیلەش سمێڵی هەیە"، واتە مەرج نییە هەرکەسێک سمێڵی هەبێت پیاو بێت ئەوەتا پشیلەش سمێڵی هەیە، هاوکات وتراویشە " سمێڵی بەتاشیندا" ئەم گوزارەیەش کاتێک بەکارهێنراوە کە کەسێک خراپەیەکی بەکەسێکیتر کردبێت و ئەو کەسەش بەهۆی ئەوکارە ناشیرین و لەکەدار بووبێت، لەم گوزارەیەدا تاشینی سمێڵ هاوتاکراوە بە کەسایەتی مرۆڤ و تاشینیشی یەکسانکراوە بە شکاندنی کەسایەتی ئەو کەسەوە.
  
ئیدیۆمی " سمێڵ بابڕیی"، یان " کابرای سمێڵ بابڕ" بە یەکێک وتراوە کە سمێڵێکی گەورەو فشی هەبووبێت، زۆرجاریش وەکو هێمای ئازایەتی بەکارهێنراوە.

بۆ بڕیارنەدان لەسەر ڕووخسارو شێوەو، بایەخدان بە ڕەفتارو ناوەرۆک، ئیدیۆم و پەندی " هەموو سمێڵ سورێک هەمزە ئاغا نییە"، لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بەشێوەیەکی بەردەوام ئامادەیی هەیەو هاوکات سمێڵی سووری هەمزە ئاغا، هۆشیاریدانیشە بەوەی کە مرۆڤ نابێت بەڕواڵەت فریو بخوات و هەموو سمێڵ سوورێک بە هەمزە ئاغا بزانێت.