سیاسیەکانى کوردستان و نەوەکانیان، روو لە پاسپۆرتى دۆمینیکا دەکەن

بۆ بەدەستهێنانی "پاسپۆرتى دووەم" کوردستان ملیاران دۆلار لەدەست دەدات
2022-09-20

دەیان هەزار هاوڵاتی لەهەرێمی کوردستان هەوڵی کۆچی نایاسای بۆ ئەوروپا دەدەن و بەمەش هەریەکەیان بە تێکڕا ١٠ هەزار دۆلار دەدەن بە قاچاخچیەکان، ئەمە لە کاتێکدا کە هەزاران کەسی تری چینی نوێی بازرگان و دەوڵەمەندان و بەرپرسانی حیزبی و حکومی هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی دووەم دەدەن و هەریەکەیان ١٠٠هەزار دۆلار لەسەری دەکەوێت، ئەمەش ڕێگەیان پێ دەدات ئازادانە گەشت بکەن و پارە و سامانەکانیان بۆ دەوڵەتانی تر بگواستنەوە و بەمەش ملیاران دۆلار لەهەرێمی کوردستان لەدەست دەچێت و کاریگەریش لەسەر وەبەرهێنان دروست دەکات.

دوای سێ هەوڵی شکستخواردوو بۆ گەیشتن بە بەریتانیا لەڕێگەی تۆڕە تەقلیدییەکانی قاچاخچیەوە کە لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرن، هەژار حەمەی تەمەن ٢٥ ساڵ بە نائومێدی گەڕایەوە شاری سلێمانی، هاوڕێیەکی بیرۆکەی کڕینی ڕەگەزنامەی وڵاتێکی کاریبی وەک ڕێگەیەکی ئاسان و سەلامەت بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی ئاواتی بۆ دەخوازیت خستە بەردەم، ئەویش ئەوەیە "لە وڵاتێکی سەقامگیردا نیشتەجێ بێت و پاسپۆرتێکی پێ بێت کە بتوانێت گەشت بۆ 146 وڵات بکات، لەنێویاندا وڵاتانی ناوچەی شنگن و شانشینی یەکگرتوو."

سیاسیەکانى کوردستان و نەوەکانیان، روو لە پاسپۆرتى دۆمینیکا دەکەن و سەدان هەزار دۆلار لەو رێگایەدا خەرجدەکەن

هەژار کە چەند جارێک ژیانی خۆی خستۆتە مەترسییەوە لە هەوڵی پەڕینەوە لەڕێی دەریا و هەروەها وشکانیەوە لە تورکیاوە بۆ یۆنان، دەڵێت: " پێش ئەوەی ئەوەی ئەوە ببیستم کە دەتوانم لە ڕێی پاسپۆڕتی دۆمەنیکاوە کە ڕێگەیەکی تەواو ئاسان و یاسایی بوو خەونەکەم بەدی بهێنم، زۆر نائومێد بووم."

پاش ئەوەی هەژار قەناعەت بە بیرۆکەکە دەکات، جارێکی تر نائومێد دەبێتەوە  لەبەرئەوەی تێگەیشت ئەم ڕێگەیەش بە ڕۆتیناتەکانی و لەبەرئەوەی تەنهایە، نزیکەی ١٤٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی لەسەری دەکەوێت، نەک ١٠٠ هەزار دۆلار.

سەرەڕای تێچووی زۆری، ئەگەری بەدیهێنانی خەونەکەی وای لەو گەنجە کوردە کرد کە لە بواری فۆتۆگرافیدا کار دەکات، فشار بخاتە سەر دایک و باوکی و تەنانەت هەڕەشەی خۆکوشتنیش بکات تا خانووەکەیان کە لە ناوچەی کوردساتە بفرۆشن بۆ ئەو مەبەستە، بەو مەرجەی هەژار بەڵێن دەدات قەرەبوویان بکاتەوە و شەو و ڕۆژ کار بکات کاتێک دەگاتە شوێنی مەبەست.

 ساڵانە دەیان هەزار هاوڵاتی کورد کە زۆربەیان گەنجن، هەوڵدەدەن لە ڕێگای قاچاخچێتی  بگەنە وڵاتانی ئەوروپا، کە تیایدا ساڵانە بە دەیان کەس بەهۆی خنکان لە دەریادا یاخود خنکان لەناو بارهەڵگرەکاندا گیان لەدەست دەدەن. ئەو کەسانەی کە داهاتیان کەم و مامناوەندە، بە تێکڕا لەو گەشتەدا ١٠ هەزار دۆلار دەدەن، لە کاتێکدا دەوڵەمەندەکان ڕێگای دیکە دەگرنە بەر کە تێچووی چەندین هێندەی ئەو ژمارەیە دەبێت.

قاچاخچییەکان و کۆمپانیاکانی کڕینی ڕەگەزنامەکان و وەبەرهێنەران دەڵێن، لەم ساڵانەی دواییدا ملیارەها دۆلار لە هەرێمی کوردستان چووەتە دەرەوە، چونکە کوردستان لە ئەنجامی "گەندەڵی، نەبوونی دادپەروەری و ترس لە داهاتوو"، دەرفەتی گەورەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی لەدەستداوە.

هەڵهاتن بۆ جیهانێکی تر

دوای نزیکەی شەش مانگ، هەژار دەگاتە بەریتانیا، بەڵام وەک کەسێکی سینگڵ نا، بەڵکو وەک کوڕی بنەماڵەیەکی تر، چونکە لەوێ خاوەنی ئەو نووسینگەیەی کە مامەڵەی لەگەڵ کردووە بەڵگەنامەی ساختەی بۆ دەکات و دەیکاتە ئەندامی خێزانێکی کوردی چوار کەسی.

لە پێناو بنیاتنانی داهاتویەک بۆخۆی، هەژار لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بۆ فەرەنسا دەڕوات، پاشان لە دانکیرکەوە بە شەمەندەفەر بەرەو لەندەن و لەوێش خۆی تەسلیم بە پۆلیسی بەریتانیا دەکات، بۆ ماوەی دوو ڕۆژپۆلیس دەستبەسەری دەکات، دواتر دەگواسترێتەوە بۆ ئوتێلێک.

ئەو گەنجە، وەک دەیان پەنابەری وڵاتانی تر، زیاتر لە ساڵ و نیوێکە لەو ئۆتێلەدا دەژی و هەفتانە یارمەتییەکی بچووکی دارایی (٨ پاوندی) وەردەگرێت. بۆیە تا خەرجییەکانی بەدەستبهێنێت، ناچار بووە لە "بازاڕی ڕەش" دا کار بکات، هەرچەندە حکومەتی بەریتانیا تێچووی ژیانی بۆ دابین دەکات، لەوانەش خواردن و خواردنەوە و بیمەی تەندروستی.

دۆمینیکا کە دوورگەیەکی بچووکە و ژمارەی دانیشتووانەکەی ٧٢ هەزار کەسە

سەرچاوەی جۆراو جۆر لە نوسینگەی كۆمپانیاكانی دابینکردنی "ڕەگەزنامەی دووەم" لە كوردستاندا چالاكن و لە رێگەی جۆراوجۆرەوە ریكلام بۆ كارەكانیان دەکەن و دەڵێن هەزاران هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان، بە تایبەت لە چینی تازە دەوڵەمەند، لەڕێگەی وەبەرهێنانی دارایی یان کڕینی خانووبەرەوە، بەدوای بەدەستهێنانی پاسپۆرتی دۆمینیکا و پاسپۆرتی وڵاتانی دیکەوەن.

 بیرۆکەی کڕینی پاسپۆرت بۆ دۆمینیکا کە دوورگەیەکی بچووکە و ژمارەی دانیشتووانەکەی ٧٢ هەزار کەسە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای تێچووی زۆری، کە بەلانی کەمەوە 110 هەزار دۆلاری تێدەچێت، بە تایبەتی لەناو ئەو کەسانەی بەدوای ڕێگەیەکی سەلامەت و ئاساندا دەگەڕێن بۆ گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە، بەتایبەتیش پاش ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا ڕێڕەوی کۆچکردن لە ڕێگەی بێلاڕووس و تورکیاوە ئاڵۆز بوون.

بڵاوکردنەوەی بانگەشەی ریکلامی لە پەیج و ماڵپەڕەکانی سۆشیال میدیادا

جگە لەو گروپە گەشتیاریانەی کە بۆ بانگەشەکردنی ئەو ڕیکلامانە بوونەتە بازاڕێکی چالاک، ئەم کۆمپانیایانە بانگەشە بۆ ئاسانکاریی بەدەستهێنانی ئەو ڕەگەزنامانە لە ڕێگەی ڕیکلامی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرامەوە دەکەن.

ئەمەش تەواو بە شێوەیەکی یاسایی لە ڕێگەی بەرنامەکانی "ڕەگەزنامەی وەبەرهێنان" یان "ڕەگەزنامەی ئابووری" ئەنجام دەدرێت. دۆمینیکا، وڵاتێکە لە دوورگەیی کاریبی کە بە کەناراوە جوانەکانی ناسراوە و هەرزانترین بەرنامەی ڕەگەزنامەی هەیە، کە لەلایەن حکومەتەوە لە ساڵی ١٩٩٣ ڕاگەیەندرا وە، ئەویش وەک حکومەتی دۆمینیکا دەڵێت بۆ هاندانی بەشداری ئابووریی بیانی و پەرەپێدانی ژێرخانی وڵاتەکەیەتی.

بەپێی ئەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەرنامەکە لە ماوەی ٣ بۆ ٤ مانگدا مافی بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی یاسایی  و هەمیشەیی و پاسپۆرتی دووەم بە وەبەرهێنەرانی بیانی دەدات. ئەم پاسپۆرتەش ڕێگە بە خاوەنەکانی دەدات بە ئازادی گەشت بۆ وڵاتانی ئەوروپا کە عێراقییەکان بەزۆری وەک وێستگەیەک بۆ سەقامگیری سەردانیان دەکەن، بکەن.

حکومەتی دۆمینیکا دوو بژاردە بۆ ئەو کەسانە دادەنێت کە دەیانەوێت پاسپۆرت لە وڵاتەکەیان بەدەست بهێنن، یەکەمیان ئەوەیە کەسێک بەتەنها بۆ بەدەستهێنانی پاسپۆرتەکە دەبێت ١٠٠ هەزار دۆلار بدات، بەڵام گەر هاوسەری هەبوو ئەوا ١٥٠ هەزار دۆلار دەدات، ئەمە جگە لە تێچووی  کرێی فەرمانگە و کۆمپانیاکان کە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی داواکاریەکەدا دەکەن، هەروەها بڕی پارەکەش بۆ هەر ئەندامێکی تری خێزان بەپێی تەمەنی جیاوازیان زیاد دەکرێت.

بژاردەی دووەم لە ڕێگەی وەبەرهێنانی خانووبەرەوەیە، لێرەدا داواکار دەبێت وەبەرهێنان لە پرۆژەیەکی خانووبەرەدا کە لەلایەن حکومەتەوە لە دۆمینیکا پەسەندکراوە بکات کە بەهاکەی لە ٢٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی کەمتر نەبێت. وەبەرهێنەر دەبێت خاوەندارێتی موڵکەکە بۆ ماوەی لانیکەم ٣ ساڵ لە بەرواری بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەوە بهێڵێتەوە، پاشان وەبەرهێنەر دەتوانێت دوای ٥ ساڵ بە بەرنامەی وەبەرهێنان موڵکەکە بەپێی ڕەگەزنامەی دۆمینیکا بفرۆشێتەوە، بەبێ ئەوەی ڕەگەزنامەکەی بکشێنێتەوە یان هیچ کام لە ئیمتیازاتەکانی لەدەست بدات.

پەسەندکردنی ئەم ڕێکارە تاڕادەیەک ئاسانانە، داواکارییەکانی زیاد کردووە، بە تایبەت کە دۆمینیکا داوا لە داواکاران ناکات هیچ تاقیکردنەوەیەکی زمان ئەنجام بدەن، هەروەها پێویست ناکات سەردانی وڵاتەکە بکەن یان نیشتەجێ بن. هەروەها خاوەن پاسپۆرتەکانی سوودمەندن لە گەشتکردن بەبێ ڤیزا بۆ ١٤٦ وڵات و هەرێمی جیهان، لەنێویاندا یەکێتی ئەوروپا و ناوچەی شنگن.

سوودەکانی تری ئەوەیە کە منداڵە تازە لەدایکبووەکان بە میرات ڕەگەزنامە بەدەست دەهێنن و ڕێگە بە دوو ڕەگەزنامە دەدرێت و بە ئاسانی دەتوانن بە ئەمریکا و کەنەدا بگەن و مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەییان پێدەدرێت وباجیش ناچیتە سەر ئەوانە کە نیشتەجێ نابن لەوێ.

ئەم سوودە سەرەکیانە هانی زۆرێک لە بازرگان و سەرمایەدار و سیاسەتمەدارە نوێیەکانی داوە بەتایبەتی ئەوانەی کە بنەماڵەکانیان لە ئەوروپا ناژین، داوای ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتە بکەن تا بە ئاسانی چێژ لە گەشتکردن وەربگرن و هەروەها دەرچوون لە عێراق  مسۆگەر بکەن و بتوانن لە وڵاتێکی سەقامگیر، گەر دۆخەکە لە عێڕاق گۆڕانکاری و قەیرانی بەسەردا هات، نیشتەجێبن.

 ژمارەیەک سەرچاوەی پەیوەندیدار ئەوە دووپات دەکەنەوە کە داواکاری بۆ وەرگرتنی ڕەگەزنامەی دۆمینیکا لە کوردستان پەرەی سەندووە، ئەمەش لە ساڵی ٢٠١٩ەوە دەستی پێکردووە و لە ساڵی ٢٠٢١ گەیشتووەتە لوتکە، تا ٢٠٢١ ژمارەی ئەو کەسانەی بەدەستیان هێناوە و فایلەکانیان لە تەواوبوون نزیک بووەتەوە زیاتر لە ١٥ هەزار کەسە. ئەم ژمارەیش لەلایەن سەرچاوەیەکی ئەمنی دراوە بە ڕۆژنامەی ئەلعالەم ئەلجەدید، هەروەها ئاماژە بەوەش دەدات کە هەزاران کەسی دیکە خەریکی ئامادەکردنی نوسراوەکانیانن بۆ بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی دووەم.

چەند جارێک، پەیوەندیمان بە کۆمپانیای (MontReal Management Consultants) کرد، ئەو کۆمپانیا فەرمیەی کە بانگەشە بۆ داواکارییەکانی ڕەگەزنامەی دۆمینیکا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بنکەکەی لە دوبەیە، بۆ ئەوەی لە ژمارەی ئەو عێراقیانەی کە مامەڵەکانیان بەرەوپێش بردووە و هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئەم ڕەگەزنامەیەیان بەدەستهێناوە بپرسین، بەڵام ئەو کۆمپانیایە رەتیکردەوە وەڵام بداتەوە.

بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کارەکانی کۆمپانیاکە وتی: "ئەم جۆرە ئامارانە لەلایەن خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی دۆمینیکا و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بە نهێنی دەمێننەوە و ڕێگە بە کەس نادرێت سەیریان بکات".

هەمان پرسیارمان لە زۆر سەرچاوەی کار لەم بوارەدا کرد، بە هیوای بەدەستهێنانی ژمارەیەک، یەکێکیان تەنها ئاماژەی بەوەدا کە کۆمپانیا سەرەکییەکە بۆ کارەکانی زیاتر پشت بە عێراقییەکان دەبەستێت، لەبەرئەوەی "عێراقیەکان بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنن کە داوای ڕەگەزنامە دەکەن".

خەڵکى سلێمانى زۆرترین داواکارییان لەسەر پاسپۆرتى دۆمینیکا هەیە و بەپلەى دووەم خەڵکى هەولێر

هەرچەندە هیچ ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە پاسپۆرتی دۆمینیکایان هەیە لە هەرێمی کوردستان و ژمارەی ئەو کەسانەی کە داوای وەرگرتنی دەکەن نییە، بەڵام چاومان بە سێ سەرچاوە لە هەولێر کەوت کە دووانیان کارمەندی ئاسایش و سێیەمیان خاوەنی نوسینگەی گەشت و گوزارە و هەمویان ئەوەیان دووپات كردەوە كە كەسایەتییە سیاسی و حزبییەكانی كورد و بنەماڵەكانیان لە پێشەوەی ژمارەی ئەوە داواکاریانەوەن کە بۆ ئەو مەبەستە دەکرێت.

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان كە بە هۆكاری تایبەت داوای كرد ناوی ئاشكرا نەكرێت، رایدەگەیەنێت، ئێستا زیاتر لە ١500 كەس پاسپۆرتی دۆمینیكایان هەیە، كە نزیكەی 600 بەرپرسیان لە بەڕێوەبەرایەتییە ئەمنیە حكومی و حزبیەکان لە كوردستان كاردەكەن.

سیروان بابان کە ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە ئاماژە بەوە دەکات کە زیادبوونی داواکاری بۆ پاسپۆرتی دۆمینیکا و وڵاتانی دیکە، لەلایەن بەرپرسانی حیزبی و حکومییەوە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەو بەرپرسانە لە ئایندەی دۆخەکە نیگەرانن و ئەگەری ئەوە هەیە کە دۆخەکە لە دژی ئەوان هەڵگەڕێتەوە، بۆیە لە پێشبینی هەر حاڵەتێکی لەناکاو کە لەوانەیە ڕووبدات، پاسپۆرتەکانیان ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکانیان هەڵبێن.

بابان دەشڵێت، چینێک لە بەرپرسان و سیاسەتمەداران لە ڕێگەی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە سامانێکی گەورەیان کۆکردۆتەوە و دڵنیان کە دەسەڵاتیان بەردەوام نابێت، ئەمەش وایان لێدەکات هەست بە دڵەڕاوکێ بکەن، بۆیە بەدوای هاووڵاتیبوونی وڵاتێکی دیکەدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا پەنای بۆ ببەن.

خەڵکی سلێمانی زۆرترین پشکیان لە ژمارەی داواکاری بۆ ئەم جۆرە پاسپۆرتە بەردەکەوێت بەشێوەیەک مانگانە ٤ کەس ئەم داواکاریە پێشکەش بە تەنها یەک کۆمپانیا کە لەو بوارەدا دەکەن. لە سلێمانیدا ٧ کۆمپانیای لەو جۆرە هەیە. دوای ئەویش هەولێر دێت کە ١٠ کۆمپانیای لەو جۆرەی هەیە و بەدواشیدا دهۆک کە ٩ کۆمپانیا ئەو کارە دەکەن.

بەشێک لەم کۆمپانیایانەش لەڕێی یاریکردن بە مامەڵەکان و بونی کەیسی تەزویر و نایاسایی پارەیەکی زۆریان کۆکردوەتەوە.

جگە لە وڵاتی دۆمینیکا بانگەشە بۆ هەردوو وڵاتی سانت کیتس و نیفیسیش دەکرێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا.

١٥٠٠ سیاسی و برپرسی کورد پاسپۆڕتی دۆمینیکایان هەیە.

 وتەبێژی فەرمی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، یاسین مەحمود رەشید رایدەگەیەنێت، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە داوای رەگەزنامەیان کردووە لە وڵاتانی وەک دۆمینیکا، تورکیا، ئیسپانیا، یۆنان و ئەوانی دیکە نزیک دەبێتەوە لە 100 هەزار، و هەریەکەیان لە نێوان ١١٠ بۆ ٤٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی لەسەری دەکەوێت.  یاسین بڕی ئەو پارەیەی کە لە کوردستان دەچێتە دەرەوە بە زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکات.

وتەبێژی فەرمی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان رەخنە لە نەبوونی رێوشوێنی حكوومی دەگرێت بۆ ڕاگرتن یان سنوورداركردنی ئەم ڕەوتە، كە ساڵ لە دوای ساڵ دەستی بە زیادبوون كردووە بەتایبەتی لەنێو چینی سیاسی و حزبی.

یاسین مەحمود مەزەندە دەکات کە نزیکەی ٢٠٠ هەزار عێراقی لە بەرامبەر پێدانی ٢٥٠ هەزار دۆلار بۆ خاوەندارێتی موڵک یان لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتی نیشتەجێبوون و پاسپۆرت و ڕەگەزنامەی تورکییان بەدەستهێناوە.

لەگەڵ زیادبوونی داواکارییەکان بۆ وەرگرتنی ڕەگەزنامەی تورکیا، لە مانگی ئایاری ڕابردوودا حکومەتی تورکیا ئەو بڕە پارەیەی بۆ ٤٠٠ هەزار دۆلار بەرزکردەوە.

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت ١٥٠٠ سیاسی و برپرسی کورد پاسپۆڕتی دۆمینیکایان هەیە.

ئامارەکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی ئەو موڵکانەی کە عێراقییەکان لە سەرەتای ساڵی 2015 تا نیوەی یەکەمی ئەمساڵ کڕیویانە 46٢٣٠ خانوو بووە. پەیمانگاکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو بیانیانەی لە ماوەی ٧ ساڵ و نیودا زۆرترین خانوویان لە تورکیا کڕیوە عێراقی بوون، ئێرانییەکان بە کڕینی ٣٣٤٠٤ خانوو لە پلەی دووەمدا دێن، لە کاتێکدا ڕووسەکان ٢٤٨٧٧ خانوویان کڕیوە.

ژمارەی ئەو عێراقیانەی کە مافی نیشتەجێبوونیان لە تورکیا بەدەستهێناوە، بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠٢١، نزیکەی ١١٧ هەزار کەسە. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیلو رایگەیاند، ١١٤ هەزار عێراقی لەسەر خاکی تورکیا دەژین.