جەلالی مەلەکشا، ئەگەر جەستەی نەخۆش بێت شیعرەکانی نەخۆش ناکەون

2018-06-07

یەحیا سەمەدیی / بەشی فەرهەنگ و هونەر / ئاژانسی میهر

جەلالی مەلەکشا شاعێرێکی بەناوبانگی کوردە،  ساڵی ١٩٥١ زاینیی لە گوندی مەلەکشا سەر بە شاری سنە لە دایکبووە. ھەر لە شاری سنە خویندوویەتی و پەروەردە کراوە، مامۆستا جه‌لال مه‌له‌کشا، لە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆکی دەنووسی و لەبەر ھێز و پێزی لە نووسیندا بە بێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی ببێ، دەبێتە ئەندامی"کانوونی نووسەرانی ئێران"

پاش ساڵی ١٣٥٧ (١٩٧٩ زاینی) لەغاوی قەڵەمی دەگێڕێتەوە بۆ نێو زمانی کوردی و لە کوردیشدا سەرکەوتنێکی بەرچاوی دەبێ. بۆ ماوەی ۱۵ ساڵ وەکو نووسەر و ڕۆژنامەوان دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و بە ڕاستی پەرە بە زمان و ئەدەبی کوردی ئەدات.

شیعرەکانی جەلالی مەلەکشا تا ئێستا بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، سوێدی و..وەرگێڕدراون.

مامۆستا جەلال ئێستا (۱۳۹۷ ک.ھ) ( ٢٠١٨ زاینیی) لە شاری سنەیە و ھەرچەند کەوتوەتە بەر تووکەشەقی چارەنووس و نەخۆشە و تۆزێ وەزعی جەستەیی باش نییه، بەڵام بێ گومان جەلال لەو نووسەرە دەگمەنانەیە کە قەد قەڵەمی نەبردوەتە قوربانگای نان و ناو و دەسەڵات، ئەگەر جەستەی نەخۆش بێ، شێعری نەخۆش ناکەوێت. 

مامۆستا زۆربەی شێعرەکانی بەرز و جوانن و بۆ نموونە دوو شێعری «ھەتا لووتکە چەندی ماوە؟» و «داستانی دارە پیرە» لە شیعرە بە ناوبانگەکانی کاک جەلالن کە لە کتێبەکەی "زڕەی زەنجیری وشە دیلەکان" چاپ کراوە.

لە بواری ڕۆژنامەگەری؛ بەرلە ساڵی ١٩٧٩ لە ڕۆژنامە فارسییەکان لە تاران ئیشی کردووە وەک:. کەیهان و چەند ڕۆژنامەیەکی دیکە. لە کوردیشدا لە سەردەمی مامۆستا هێمن دا چووەتە گۆڤاری سروە تا ئەو کاتەی وازیان لەو گۆڤارە هێنا، ماوەی پانزە ساڵ کار دەکات. هەر لە سەردەمی سەرنووسەریی ڕەحمەتی کاک ئەحمەدی قازی دا لەگەڵیان بووە تا ماوەی ١٥ ساڵ. پاش ئەو ماوەیە و بە هەر هۆیەک بووه دەستیان لەو گۆڤارە کێشایەوە. کاک ئەحمەدی قازی لەوێ بووە، کاک مارف ئاغایی، سەرتیپ جەعفەری، ڕەحیم سورخی، ڕەحیم لوقمانی، ساڵح سوزنی و...ئەمانە کە هاوکاریان لەگەڵ گۆڤارەکە نەما و بە ناچار ئەو گۆڤارە کەوتە دەستی کەسانێک کە شارەزاییان لەو کارەدا نەبوو، یان ئەوەی کە پابەندییەکیان نەبوو، یان مەبەستێ تریان بوو و زۆر بایەخیان بە کارەکە نەدەدا و هەر بۆیە ئەو گۆڤارە زۆر زوو لە کیس چوو. 

لەو سەردەمەی قازی و جەلال و ئەو کەسانەی کە ئاماژەیان پێ کرا لەو گۆڤارە بوون بە شاهیدی دۆست و دوژمن خراپ نەبوو. بە هەر حال بە باوەڕی هەندێ کەس، بوونی لە نەبوونی زۆر باشتر بوو و لە ئاستێکی بەرزدا کاریان دەکرد و سروە بوو بوو بە هەوێنی خزمەت لە زۆر بواردا و خزمەتێکی باش و زۆری بە زمان و ئەدەبی کوردی کرد. دوای سروە کاک جەلال بۆ ماوەیەکی زۆر وازی له چالاکی ڕۆژنامەوانی هێنا و تا حەفتاکان و پێم وایە لە ساڵی ١٣٧٨ (١٩٧٨ زاینیی) بوو کە بانگهێشت کرا بۆ هاوکاری لەگەڵ ڕۆژنامەی جام جەم و ئەوش بڵاوکردنەوەی لاپەڕەکانی تایبەت بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و چەن ساڵ لەوێ خزمەتی کرد.

ماوەیەکیش لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق لە گۆڤاری پرشنگ سەرقاڵی کاری ڕۆژنامەوانی دەبێت. لە شاری سنەش لەگەڵ چەند حەوتەنامە و گۆڤاردا کار دەکات. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بە دڵی نەبووە و ئیدی تاقەتیشی نابێ و وەکوو کارێکی هەمیشەیی لەگەڵیان هاوکاریی ناکات.

،،

 جەلالی مەلەکشا، ماوەیەکە بە هۆی نەخۆشییەوە ئیدی تاقەتی کاری ڕۆژنامەوانی و چالاکی فەرهەنگی نامێنی و ئیتر چەن ساڵە خانەنشینە و لە ماڵی دایکی لە سنە دەژی و هاوسەر و کوڕەکانیشی لە ورمێ دەژین.

 ماوەیەکیشە بە هۆی نەخۆشییەوە ئیدی تاقەتی کاری ڕۆژنامەوانی و چالاکی فەرهەنگی نامێنی و ئیتر چەن ساڵە خانەنشینە و لە ماڵی دایکی لە سنە دەژی و هاوسەر و کوڕەکانیشی لە ورمێ دەژین.

dfc
جەلالی مەلەکشا ـ شاری سنە

جەلالی مەلەکشا هەر لە تەمەنی لاوەتی و سەرەڕای ئەوەی کە هیچ بەرهەمێکی چاپکراو وەکوو کتێبی نەبوو، دەبێ بە ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران، لەو کاتەدا زۆرێک لە شاعیران و نووسەرانی گەورەی ئێرانی لەو کانوونەدا ئەندام بوون. شاعیران و نووسەرانێک وەکوو ئەخەوانی سالس، ئەحمەدی شاملوو و جەلالی ئالی ئەحمەد و مەحموود ئیعتماد زادە و هووشەنگ گوڵشیری و کەسانی تر و ئەوان خۆیان دامەزرێنەری کانوون بوون و پاش ئەوانیش کانوون بەردەوام بوو لە کار و چالاکییەکانی و زۆربەی شاعیر و نووسەرانی توانا و ناودار ئەندامی کانوون بوون. لەو کاتەدا بابەت و نووسینی کاک جەلال لە چیرۆک و شێعر لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاودەکرایەوە و لە حاڵێکدا هیچ کتێبێکی لە چاپ نەدرابوو و ڕێگە بە چاپ کردنی کتێبی نەدرابوو.

لەگەڵ ئەحمەدی شاملوو ئاشنایەتی هەبووە، زۆر شتی دەنووسی و بۆی  دەنارد و لە گۆڤاری جومعەدا بڵاوی دەکردەوە. زۆرێک لە شێعر و نووسینەکانی خۆی بۆی دەنارد و وەڵامی دەدایەوه. 

جارێکیان لە یەکێک لە دانیشتنەکاندا نەمر شاملوو لە هەڵسەنگانی نووسینەکانی کاک جەلال وەکوو پێداهەڵگوتنێ لە سەری لە یەک دوو ڕستە دا دەڵێ: مەلەکشا شاعێرێکی سادق و ڕاستبێژە و نووسین و شیعرەکانی هەر بەم شێوەیە سادقانەیە و هیوام وایە ببێت بە شاعێرێکی باش.

df
لە ڕاستەوە:: جەلالی مەلەکشا، نەجمەدینی غوڵامی، عەباسی کەمەندی

ئەوەی کە لە پێوەندی کاک جەلال مەلەکشا و مامۆستا ئەحمەدی شاملوو گرینگ بوو، وەرگێرانی شێعر و بەرهەمی کوردی بوو کە مامۆستا جەلال مەلەکشا لەو سەردەمە هەوڵی بۆی دەدا و دەیکرد و وەرگێڕدراوی بەرهەمی شاعێرانێک وەکوو شێرکۆ بێکەس، عەبدوڵڵا پەشێو و لەتیف هەڵمەت لە گۆڤاری کتێبی جومعە شاملوو بڵاوی دەکردەوە. 

وەک بڵێین کاک جەلال دۆستایەتیەکی نێزیکی لەگەڵ  شاملو بووبێت؛ نا وا نەبوو، لەو ئاستەدا بووە کە باسی کرا.

،،

جەلالی مەلەکشا یەکێک لەو ئەدیبانەیە کە هەم لە دونیای شیعردا بووە و هەمیش لە دونیای چیرۆکدا. لەهەر دوو بوار کاری کردووە. بەڵام بە شێعر بەرهەمێکی جوانتر و زەریف تر و کاریگەرتری بە بەرهەم گەیاندوە و قەڵەمێکی بەهێزتری لە شیعردا بووە، خۆی دەڵێت: بە لای منەوە شێعرێک کە وێنە و خەیاڵی تێدا نەبێت، شیعر نییە و تەنیا نەزمە. 

dfc
دیوانە شیعری جەلالی مەلەکشا

جەلالی مەلەکشا یەکێک لەو ئەدیبانەیە کە هەم لە دونیای شیعردا بووە و هەمیش لە دونیای چیرۆکدا. لەهەر دوو بوار کاری کردووە. بەڵام بە شێعر بەرهەمێکی جوانتر و زەریف تر و کاریگەرتری بە بەرهەم گەیاندوە و قەڵەمێکی بەهێزتری لە شیعردا بووە. 

خۆی دەڵێ: بە لای منەوە شێعرێک کە وێنە و خەیاڵی تێدا نەبێت، شیعر نییە و تەنیا نەزمە. 

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەو تایبەتمەندیانەی کە هەست و بیری شێعری تێدا بێت و مانای شێعر بات و وەک بەرهەمێکی ئەدەبی ڕەنگ بداتەوە لە ئێستادا لای خەڵک و نووسەران و زانایانی بواری ئەدەب و شێعر پەسند بکرێ، مامۆستا جەلال گەیشتۆیە قۆناخ و دوایین مەنزڵی شێعری و کەسێکی خاوەن بەرهەم و بە مانای کلیمە شاعێرە. شاعێرە و لە رەوتی شێعری کوردی و تایبەتی لە کوردستانی ئێران ڕۆڵ و کاریگەری چاک و بە قازانجی بووە و ناوی قەد ون نابێ و تا شێعر و وشە و زمانی کوردی بمێنێ جەلال و شێعری جەلال یش دەمێنێ.

نمونەیەک لە شیعرەکانی جەلالی مەلەکشا:

من کە ســـــــــوتاوی فیراقم ئیتر ناوم بۆ چییە
خەزنەداری گەنجی عیشقی تۆم دراوم بۆ چییە

کەم بە شـمـێـری برۆ قەســـــــدی دڵی زارم بکە
من شـەهیدم تیخی تیژی تازە ســواوم بۆ چییە

من بە بەد ناوی لە دنـیـادا بەناو بانـگـم، بـەڵام
یادو ناوی تۆم لە دڵ بێ، بانگ و ناوم بۆ چییە

وەک پڵنگی جەنگەڵی عیشقم بە سەربەستی دەژیم
زوڵف و چاوی تۆم هەبێ، زنجیر و داوم بۆ چییە

ئەم جیهانە چۆڵ و هۆڵ و من غەربێکم نەناس
نیشتیمانی خۆم دەوێ، دنیای گڵاوم بۆ چییە

من لە تەنیایی گەلێک تەنیا ترم لەم شـــارە دا
ماڵی غەم هەر ئاوەدان بێ، ژاوە ژاوم بو چییە

بۆ فەرامۆشی بەرەو مەیخانە ڕاکێشم مەکەن
مەست و کەیلی ساغەری عیشقم، شەراوم بۆ چییە

من کە پەیمانم لەگەڵ ڕۆحی هەتاوا بەسـتـوە
نازو غەمزەی وردە تیشکی ناو بە ناوم بۆ چییە

من موریدی حەزرەتی پەروانەم و غەرقی گڕم
نوری ڕوخسارم دەوێ، شەمعی شکاوم بۆ چییە..؟!