دەروازەکانی کار بە رووی نەوەیەکدا داخراون

2018-07-01

زیاتر لە چوار ساڵ دەبێت هەمو جومگە ئابوریەکانى ئەم  هەرێمە (کە کلیلەکەى لە باخەڵى یەکێتى و پارتیدایە) بەستویەتى، یەک بەدوایی یەکدا قەیران و تەنگژە زیاد- دەبێت بۆ سەر ئەو هاوکێشە ئابوری و داراییانەى کە ژیانى لەم هەرێمەدا پەکخستوە، حکومەت کە هیچ پرەنسیپ و ئەدگارێکى دەزگایەکى پێوە نیە، ڕۆڵەکەى تەنیا لە تەماشاکردنى ئەم هەمو کارەساتەدا کورتکردۆتەوە.

گەورەترین ڕۆڵى حکومەت بۆ چارەسەرکردن قەیران و تەنگژەکان لێدوانێک و یەک دوو لیژنە و ڕاگەیاندنى پڕۆژەیەکى چاکسازییە. هیچ کام لەم ئەکتە ناواقعیانە چەند هەنگاوێک بڕى نەکرد، بگرە هەر لەسەر کاغەزەکان مانەوە، ئێستا لە ئەرشیفدا هەڵگیراون ڕەنگە بیکەن بە یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکان.

بەدرێژایی ئەو ماوەیە هەموو دەروازەکانى کارکردن چ لە کەرتى گشتى و چ لە کەرتى تایبەتیدا بەڕوى ئەو نەوەیەدا داخراون کە هێزى بزوێنەر و داهاتوى ئەم هەرێمەن.

بێگومان ئەمە سەخترین باردۆخە بۆ گەنجان سازدراوە، لە داهاتوویان نوسراوە  "بەخێربێن بۆ بیابانى بێکارى"، ئیدى بێ هیچ گومانێک بەشێکى هەرە زۆریان لە خەونى کارێکدان بەڵام ئەو کارەش ئێستا بونى نییە.

بەمانایەکى دیکە ئەو دەزگایەى کە ناوى "حکومەتى هەرێمە" لەبرى ئامادەسازى بۆ دروستکردنى هەلى کار و پەیداکردنى بوارەکانى کارکردنى بۆ نەوەکانى، ئەو بە پێچەوانەوە خەریکى ئامادەکردن و زیادکردنى ژمارەى ئەو لەشکرە بێکاریەیە کە بەرهەمى عەقڵى خۆیەتى.

هەمو بەکردارى و بەتیۆرى ئەو مەترسیانە دەزانین کە لەهەناوى نەخۆشیەکى گەورەى وەک بێکاریدایە، ئەوە دەزانین کە بێکارى هۆکارى سەرەکى ناسەقامگیرى کۆمەڵایەتى و سیاسیە.

دەزانین کە چۆن ئەو نەخۆشیە ترسناکە لە ناو هەر کۆمەڵگایەکدا باڵادەستبێت ئیدى هەندێک دیاردەى مەترسیدار لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، دواتر تەواوى کۆمەڵگا دەبێتە قوربانى. بەڵام هێشتا ئەو چەند بازرگان و خاوەن کۆمپانیایی کە بینایەکیان دروستکردە و لێیان نوسیوە "حکومەتى هەرێم" لەم موعاناتە تێ ناگەن.

،،

بێگومان ئەمە سەخترین باردۆخە بۆ گەنجان سازدراوە، لە داهاتوویان نوسراوە  "بەخێربێن بۆ بیابانى بێکارى"، ئیدى بێ هیچ گومانێک بەشێکى هەرە زۆریان لە خەونى کارێکدان بەڵام ئەو کارەش ئێستا بونى نییە.

FGF
ناو بازاری سلێمانی ـ بەردەم مزگەوتی گەورە

بەرەنجامى تەحویلکردنى موڵکى گشتى و سامانى گشتى بۆ ئەستۆى چەند بەرپرس و حیزبێک، ئیدى مافیایی لە جوڵە ئابوریەکاندا باڵ بەسەر تەواوى ئەو جوگرافیایەدا دەکێشێت.

لەبرى سیستەم و دەزگایی ئیدارى بەهێز، چەند کۆمپانیایەکى مشەخۆر بەسەر ئابوریدا دەبن بە جوڵێنەرى ئابورى، لەڕاستیدا ئەو دەزگا ئابورى و کۆمپانیانە بۆخۆیان لەمپەڕى بەردەم گەشەکردنى ئابورین. ئەمە بەکردارى دەبنین کە کۆمپانیایەکى حیزبى دەست بەسەر کەرتێکى ئابوریدا دەگرێت، ئیدى هەلى کار دەبێتە موڵکى دۆست و لایەنگرانى حیزب، سەربارى ئەوە چالاکیەکانیش لە کۆنتڕۆڵەوە بەدەست ئەو چەند کۆمپانیا حیزب و بلیاردێرە حیزبیانە.

گەر سەیرێکى ستراکچەرى ئابورى هەرێم بکەین، هیچ خەسڵەتێکى ئابورى پێوەنیە، بەڵکو هەموى دابەشکراوە بەسەر حیزبەکاندا، حیزبەکانیش دابەشى کردون بەسەر چەند سەرکردەیەکدا، کۆمپانیاکانى نەوتی بەشێوەیەکى جوگرافیایی دابەشکراوە، کۆمپانیایی هاوردەکردن دەرمان و کەرەستەى پزیشکى،  هەتا هاوردەکردنى کەرەستەى جوانکارى و جگەرە هەریەکەیان دەبن بە موڵکى پیاوێکى سیاسى.  سەرەنجام ئیعازى ئابورى لە ناو حیزبەوە و بەبەرژەوەندى حیزبى کاردەکات، لێرەدا هەر هۆتافێکى خاڵیە لە بەهایەکى نیشتیمانى.

ئەو بیابانە وشکەى ئێستا، کە هیچ ئۆفەرێکى تێدا نەماوە بۆ گەنج بەرهەمى ڕابردویەکى دورو و درێژە کە سیاسى و حیزبەکان لەبرى پلانى ئابورى نیشتیمانى هەستان بە قۆرخکردن و قۆرخکارى بازاڕ، سیاسەت، کۆمەڵگا،  سروشتى کوردستان.

،،

هێشتا حکومەت لە لێدوان و پڕۆژەى خەیاڵپڵاو نەوەستاوە! بەڵکو هەر خەریکى هێنان و برن و دروستکردنى لیژنەى چاکسازیە، کە هیچیان نابن بە پڕۆژەیەکى چاکسازى ڕیشەى، بەڵکو هەر خەریکى کات بەڕێکردنن.

DFG
ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆ ـ سلێمانی ـ ٢٠١٦

بەرەنجام ئێستا هەمو ستراکچەرى ئابوریەکەى بەرگەى یەک کاتژمێر قەیران ناگرێت، ناتوانێت موچە بدات بەفەرمانبەرەکانى، ناتوانێت هەلى کارکردن بە نەوەکانى خۆى دروستبکات.

هێشتا حکومەت لە لێدوان و پڕۆژەى خەیاڵپڵاو نەوەستاوە! بەڵکو هەر خەریکى هێنان و برن و دروستکردنى لیژنەى چاکسازیە، کە هیچیان نابن بە پڕۆژەیەکى چاکسازى ڕیشەى، بەڵکو هەر خەریکى کات بەڕێکردنن.

قەدەرى گەنجان بەدەست چەند حیزب و سیاسیەکەوە گیرۆدەیە، کە هەر ڕۆژێک بە گرفتێکیاندا دەکێشن، ڕۆژێک بە هۆتافى ئابورى سەربەخۆ و ڕۆژێکى تر ڕێکەوتن لەگەڵ بەغداد، ڕۆژێکى تر دەیانکێشن بە قەیرانێکى نادیارى تردا!گ

ڕەنگە ئەم جوگرافیایەى کە ئێستا گیرۆدەى عەقڵەتیەکى حوکمڕانى نامەتقیە، خراپترین جوگرافیابێت بۆ ئینسان و گەنج.  لە هەر بستەخاکێدا کە قەیرانى ئابورى و دارایی ڕوبدات ئیتر هەمو دەستەڵات و حکومەت هەموو خەمێکیان دەبێتە چارەسەرکردنى ئەو تەنگژانە، بەڵام لێرە پێچەوانەیە چوار ساڵ زیاترە بارێکى سەختى ئابورى و دارایی بەم ناوچەدا گوزەردەکات، هێشتا حکومەت چارەسەرکردنى قەیرانەکان بە کارى خۆیی نازانێت.

بەخێربێیت بۆ بیابانى بێکارى، ئەمە دەبێت ببێت بە پەیامى حکومەتى هەرێمى کوردستان،  بە هەموو زانکۆ پەیمانگاکاندا هەڵبواسرێت. ئیدى هەر مانشێتێکى دیکە هەڵبواسرێت  بۆ گەنج و داهاتوى ئەو نەوەیە-دەبێت وەک درۆیەکى سیاسى لێ بڕوانین، حەقیقەتەى ئێستا هەر ئەم مانشێتەیە بەخێربێت بۆ بیابانى بێکارى.