ئەیاد حەمە شەریف
جیابوونەوەو هەڵوەشاندنەوەی خێزان کۆتاییهاتنە بەو گرێبەستە شەرعی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئەخلاقییەی، کە لەنێوان پیاو و ئافرەتێکدا بەستراوە، کە لە سەرەتادا مەبەست لێی دروستکردنی خێزانێکی بەختەوەر و بەدیهێنانی خەونێکی سوننەتی و دۆزینەوەی کەناری ئارمییە، لە ئامێز و هاوژینی ڕەگەزی بەرانبەردا.
ئاشکرایە، هیچ جیابوونەوەیەک لە ساتی ژیانکردنێکی شێنەیی و ئاسوودەیی و لێکتێگەشتنی هاوسەراندا ڕوونادات، بەڵکو چەندین هۆکار هەن، کە هەر یەکەیان لە ڕەهەندێک یان زیاترەوە کاریگەرییان لەسەر ئەم پڕۆسەیە هەیە، لێرەدا باس لە سەرەکیترین و باوترین ئەو هۆکارانە دەکەین، کە بوون بەهۆی هەڵوەشاندنەوە و جیابوونەوەی خێزان.
هۆکارەکانی جیابوونەوەی خێزان
کاتێک دووکەس دەچنە ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە بە نزاو تەمەننای جوانترین و پڕئاسودەترین ژیان و پشودان لە سایەی یەکتردا دەچنە ناو پرۆسەکە بەڵام هەندێکجار لەبەر هۆیەک یان چەند هۆکار بڕیاری جیابوونەوەدەدەن لەگرنگترینیان ئەو هۆکارانەی دەبنە مایەی هەڵوەشانەوەی خێزان ئەمانەن:
١/ خراپیی باردودۆخی دارایی و نەبوون یان کەمبوونەوەی مووچە و نەبوونی دامەزراندن، ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە داواکاریی منداڵ و خێزان ڕووی لە زیادبوون کردووە، هەندێک جار لەبەر قورسیی ژیان و ناڕازیبوون بەو ژیانەی خێزانەکان تێیدا ژیاندەکەن، بڕیاری جیابوونەوە دەدەن، کە لەم هۆکارەدا حوکوومەت بەرپرسیاری یەکەمە.
۲/ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: پێش هەموو شتێک ئێمە لە عەولەمەداین، تاکی ئێستا تەنیا کوڕ یا کچی میللەتەکەی خۆی نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەرهەنگ و نەریتی جیهان کارلێکدەکات، ئەمەش وایکرد کە کۆمەڵگەی کوردی لە کۆمەڵگەیەکی داخراو و ڕەهاوە گۆڕا بۆ کۆمەڵگەیەکی کراوە و بە ماوەیەکی کورت جیهان بە ڕوویدا کرایەوە و بووە هۆکاری سەرەکیی جیابوونەوەی خێزان بەم شێوازانەی خوارەوە:
أ/ دایک و باوک خۆیان لە یەکتر دوورکەوتوونەتەوە بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە بەکارهێنانی ئەم سایتانە، بە تێپەڕبوونی کات وەک دوو کەسی نامۆیان لێدێت و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزان.
ب/ بێئاگاییان لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بەهۆی سەرقاڵییان بە ئیش و بژێویی ژیانەوە، لە دوای گەڕانەوەش سەرقاڵ دەبن بە بەکاهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر داهاتووی منداڵەکانیان دەبێت و هیچ پەروەردەیەکی خێزاندروستی فێرنەکراون، تا لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزان.
ج/ لە لایەکی ترەوە ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتی و سایتانە بوونەتە هۆی ورووژاندنی حەزە سێکسییەکان لە گەنجەکاندا، وا لە منداڵ و هەرزەکار دەکات پێش تەمەنی یاساییی خۆی بیر لە هاوسەرگیری بکاتەوە و لە خوێندن دووربکەوێتەوە، بەتایبەت لە کچاندا بەجۆرێک پێش تێگەشتنی تەواو لە بەرپرسیارێتی و هاوسەرگیری دەچنە پڕۆسەکەوە.
د/ زۆربەی ناپاکیی هاوسەری، کە هۆکاری سەرەکیی جیابوونەوەی خێزانە لە دادگان، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجامدەدرێت و دەبێتە هۆی تێکدانی خێزانی کوردی.
هـ/ بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان زۆر بەخێرایی هەواڵی جیابوونەوەی خێزان بڵاودەکەنەوە، ئەوەش وادەکات ئەو پڕۆسەیە ئاسایی بێت، هەروەها ڕاگەیاندنەکان لە ڕێگەی نیشاندانی چەندین فیلم و زنجیرەفیلمی بیانی و بەرنامەگەلێکی خراپ، کە نامۆن بە کۆمەڵگەی کوردی و لەگەڵ دین و فەرهەنگ و کولتووری کوردیدا ناگونجێت و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزان.
و/ زۆر جار ڕاگەیاندنەکان بەبێ کۆنترۆڵ، هەواڵی ناڕاست بڵاودەکەنەوە و دەبێتە هۆی لاوازکردنی پەیوەندیی خێزانی و هەڵوەشاندنەوەی خێزان.
۳/ کافتریا و گازینۆ و یانە شەوانەکان:
ئەم شوێنانەش یەکێکن لە سەرەکیترین هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی خێزان، بەهۆی ئەوەی کە تا بەرەبەیان کراوەن و هیچ سانسۆرێکیان لەسەر نییە، کە وایکردووە سەرۆک خێزانەکان کاتەکانیان بەسەربەرن، کە ئەمەش لەلایەک دوور دەبن لە گرنگیدان و پەروەردەکردنی منداڵەکانیان، لەلایەک دەبێتە هۆی نەمانی ڕێز و خۆشەویستی لەنێوان هاوسەراندا، کە بە جیابوونەوە کۆتاییدێت.
هەروەها بەشێک لەم شوێنانە ژووری (VIP)یان تێدایە، کە هۆکارە بۆ بەلاڕێدابردنی گەنجان و دوورکەوتنەوە لە بەهاکۆمەڵایەتییەکان لەلایەک و ئەنجامدانی ناپاکیی هاوسەری لەلایەکی ترەوە.
٤/ هاوسەرگیری بە منداڵی: یەکێکی تر لە هۆکارەکان ئەنجامدانی هاوسەرگیرییە لە دەرەوەی دادگاکان، ئەویش لەلایەن مامۆستایانی ئایینییەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی کە تەمەنی یاساییی ئەو (کچ و کوڕان)ە نەگەیشتووەتە ماوەی یاسایییان، بۆیە پەنا بۆ دەرەوەی دادگاکان دەبرێت، ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەش زۆر جار بە جیابوونەوە کۆتاییدێت، چونکە لەو تەمەنەدا (کچ و کوڕ) هەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن و بەتەواوەتی لە چەمک و واتای هاوسەرگیری تێنەگەیشتوون و بیر و هۆشیان هێشتا ناکامە.
هەر لە سیاغی ئەو هۆکارانەی باسمانکرد، گرنگە ئاماژەیەکی کورت بە ئەو بوارانە بدەین، کە تێیاندا هەڵوەشاندنەوەی خێزان کاریگەرییەکی سلبییان دەکاتە سەر، لەوانە:
۱/ بهرگریی نیشتمانی کەمدەکاتەوە و ئینتمای تاك لاوازدەکات.
۲/ بهرپاكردنی شارستانی دهوهستێت، پێشكهوتن نامینێت، هاریكاریی كۆمهڵایهتی لاواز دهبێت.
٣/ تاوان و دزی و گهندهڵی و نهفامی و زۆر دیاردهی سلبیی تر زیاددهكا.
٤/ منداڵان دەبنە قوربانییەک، کە بەبێ پرس و ویستی خۆیان ژیانیان دەفەوتێ و زۆر جار داهاتوویان نادیار و بگرە ڕەفتاریان بەرەو خراپی دەچێت.
٥/ ژن و پیاویش زۆر جار لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە دەبنە قوربانی، کە بە ناوێک و چاوێکی کەمترەوە سەیردەکرێن، لە دوای جیابوونەوەیان لە یەکتر، هەروەها لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە دەبنە قوربانی، کە ترسیان لە دووبارەبوونەوەی ئەو ئەزموونە شکستخواردووەی پێشتریان هەیە و هەندێک جار دەرفەتی هاوسەرگیرییان لەدەستدەچێت.
ئاماری جیابوونەوەی خێزان
شوێنەکان کاریگەری هەیەلەسەر ڕێژەی جیابوونەوەی خێزان و ئەو شوێنانەی لەدەرەوەی ناوەندی شارەگەورەکانن وەک گوند و ناحیە دوورەکان ڕێژەی جیابوونەوەی خێزان تێیدا کەمە ئەمەش لەبەر چەند خاڵێک کە گرنگترینیان ئەمانەن:ــ
۱/لە شارەگەورەکاندا ئازادیەکی زۆرزیاتر بە منداڵەکان دراوە لە چوونەدەرەو و بازاڕکردن و ...هتد ،کە ئەمەش کاریگەری لەسەر هەڵوەشانەوەی خێزان هەیەودەبێتە جۆرێک لە بێ ئاگایی بوون لە بەرپرسیاریەتی هاوسەری
ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەشارەگەورەکاندا کچ و کوڕ خۆیان هاوسەربۆخۆیان دەدۆزنەوە زۆرجار بەماوەیەکی کەم بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن لەگەڵ ئەو کەسانەی خۆیان دەیانەوەێ بەبێ ئەوەی بەباشی بیناسن،ئاشکرایە زۆرجار ئەو شێوازە هاوسەرگیرییە سەرکەوتوونابێت.
چونکە ناتوانرێت بە ماوەیەکی کەم شارەزای کەسایەتی و خێزان و بنەماڵەی بەرامبەر بێت.
۲/لە شوێنەکانی دەرەوەی شارەگەورەکان تاڕادەیەکی زۆر پابەندن بە داب و نەریتی کوردییەوە،لەبەر ئەوە ئەگەر گونجانی تەواو لەگەڵ هاوسەرەکانیشیان نەبێ ناتوانن جیاببنەوە ئەمەش زۆرجار بە پاساوی سومعەی بنەماڵە و خێزان وە گوێگرتن و گوێڕایەڵی باوانیان دەبن لە بەرەوامی و دەستپێکی پرۆسەی هاوسەرگیریدا.
۳/شارەگەورەکان ژمارەی دانیشتوانیان زۆر زیاترە کە ئەوەش سروشتیەونەگۆڕە ئەو شوێنانەی ژمارەی دانیشتوانیان زۆربێ کەلێن و ڕوودا و هەڵوەشانەوەی تێیدا زۆرترە بەبەراورد بە ناوچەیەک کە ژمارەی دانیشتوانی زۆرکەمترە.
٤/لە ناوەندی شارەکاندا ژیانکردن قورسترە بەهۆی گرانی خواردن و پێداویستی و مەسروفگرانی کە ئەم خاڵەش دەچێتە زمنی داراییەوە کەلاوازبوونی باری دارایی زۆرجار هۆکارە بۆ هەڵوەشانەوەی خێزان.
٥/بوونی شوێنگەی داڵدەدان و چەندین ڕێکخراو لە شارەکاندا کە نابەرپرسیارانە کارەکانیان دەکەن زۆرجار کێشەیەکی بچوکی نێوان ژن و مێرد گەورەدەکەن تا ئەو ئاستەی لە پیاوەکەی جیا دەکەنەوە کە ئەم ڕێکخرا و لایەنانە زۆر بەکەمی دەتوانن لە گوند و ناحیە و قەزا دوورەکان ئەو کارەبکەن.
ئاماری جیابونەوە
ساڵ شارەکان
2012
2810 هەولێر
2350 سلێمانی
320 گەرمیان
914 دهۆک
.........................................
2013
2760 هەولێر
2184 سلێمانی
420 گەرمیان
1053 دهۆک
........................................
2014
2424 هەولێر
4012 سلێمانی
1238 گەرمیان
1103 دهۆک
........................................
2015
324 هەولێر
3855 سلێمانی
516 گەرمیان
1261 دهۆک
......................................
2016
2665 هەولێر
1888 سلێمانی
436 گەرمیان
1261 دهۆک
....................................
2017
2985 هەولێر
1360 سلێمانی
542 گەرمیان
1383 دهۆک
..................................
2018
3598 هەولێر
4085 سلێمانی
------- گەرمیان
1509 دهۆک
.................................
2019
4357 هەولێر
4859 سلێمانی
689 گەرمیان
1667 دهۆک
.................................
2020
3261 هەولێر
3002 سلێمانی
575 گەرمیان
1303 دهۆک
................................
2021
4043 هەولێر
4767 سلێمانی
1093 گەرمیان
1796 دهۆک
(چارەسەرەکانی جیابوونەوەی خێزان)
ئەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوەی خێزان چەندین هۆکاری شەخسی و مادی و …..هتد.
کەسەرجەمیان ئەگەری چارەسەرکردنیان زۆرە و دەتوانرێت بەشێوەیەکی لوجیکی چارەسەربکرێن بۆیە لێرەدا پێشنیازی چەند چارەسەرێک دەکەین بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی هەڵوەشاندنەوەی خێزان، گرنگترینیان بریتین لە:
یەکەم/ بەگشتی سیستمی ڕاگەیاندن لە قۆناغی ئێستای کۆمەڵگەی کوردیدا، پێویستە سیستمێکی (ئامانجدار) بێ، نەک (لیبراڵ)، چونکە کۆمەڵگەی کوردی لە قۆناغی ڕاگوزەردایە لە شەعبییەوە سەفەردەکات بەرەو ڕۆژئاوایی، کە ئەمەش بە کۆمەڵگەی کوردی نەگونجاوە، گرنگە بتوانرێت لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە، بەرنامەگەلێکی باش بکرێت بە بەڕێوەبەری کۆمەڵگە و بتوانن باس لە خراپیی لێکەوتەکانی هەڵوەشاندنەوەی خێزان بکەن و ڕێگر بن لە کەمکردنەوەی ئەو ڕێژە زۆرەی جیابوونەوەی خێزان.
دووەم/ بە یاسا مولزەمکردنی ئەو کەسانەی دەیانەوێت بچنە ناو پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە، بەوەی ناچاربکرێن بەشداری خولی کۆمەڵایەتی و دەروونی بکەن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، کە مانگێک کەمتر نەبێت و دادوەر گرێبەستەکەیان بۆ واژوونەکات، تا دڵنیا نەبێت لە بەشداربوونیان، ئەم نموونەیە لە وڵاتان هەیە، بۆ نموونە مالیزیا.
سێیەم/ بوونی یاسایەک کە جۆرێک سانسۆر بخاتە سەر بەکارهێنانی ئەو سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییانە، کە لەگەڵ بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و ئایینییەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا ناگونجێت، هەروەک چۆن لە زۆرێک لە وڵاتان یاسای لەو جۆرە هەیە، تا دەرچوونی یاساکە بڕیارێک لە وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە دەربکرێت، سەبارەت بەم بابەتە.
چوارەم/ زۆر جار ڕێکاری یاسایی هاندەری هەڵوەشاندنەوەی خێزانە، بۆیە پێویستە ڕێکارەکان ڕەچاوی ئەو فەرموودەیە بکەن (الطلاق ابغض الحلال) و جیابوونەوەی خێزان لەسەر هۆکاری بچووک بەشێوەیەک مەرجدار بکرێت، جێبەجێکردنی ئاسان نەبێت.
پێنجەم/ هەموارکردنی یاسای باری کەسێتیی کارپێکراو لە ئێستادا، بەشێوەیەک پێبژاردنێکی قورس بخاتە سەر ئەو لایەنەی هۆکارە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکە بە ناپاکیی هاوسەرێتی، ئەم خاڵەش کاریگەریی گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەکە دەبێت.
شەشەم/ بوونی چەند پڕۆگرامێکی هۆشیاریی خوێندن لە پۆلە بنەڕەتییەکانەوە دەستپێبکات، کە باس لە گرنگیی خێزان بکات و بەشێوەی وانە لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە بوترێتەوە، تێیدا وانەی ئەخلاقی بوترێتەوە، کە باس لە سۆز و خۆشەویستی و ڕێزی نێوان ئەندامانی خێزان بکرێت و ئەو بەرپرسیارێتییەی دەکەوێتە سەر شانی دایکان و باوکان دیاریبکرێت و پارێزگاری لە بەها کۆمەڵایەتییەکان بکات.
حەوتەم/ بوونی سەنتەرێکی سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لە گشت شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، کە دوو ئەرک لەخۆبگرێت ئەوانیش:
أ/ هۆشیارکردنەوەی ئەو گەنجانەی دەیانەوێت بچنە ناو پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە، بە بوونی چەند پسپۆڕێکی کۆمەڵایەتی و ڕەوانەکردنیان بۆ ئەو سەنتەرە لەلایەن دادگاکانەوە پێش ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری.
ب/ ڕێنماییکردنی ئەو هاوسەرانەی کێشەکانیان گەیشتووەتە دادگا و نیازی جیابوونەوەیان هەیە، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەڵوەشاندنەوەی خێزان.
هەشتەم/ فرەژنی لە چوارچێوەی (فقە) زۆر کاریگەریی نەرێنی بەسەر هەڵوەشاندنەوەی خێزانەوە هەیە، بەڵام هەمان فرەژنی لە چوارچێوەی شەرع دەبێتەهۆی زیادبوونی هاوسەرگیری..
مەبەست لەم خاڵە ئەوەیە کە سیستم و پڕۆسهی هاوسهری مانای بهردهوامیی كۆمهڵگهیه، بۆیه له یهكهم کڵپهی مێژووی مرۆڤایهتی تا ئێستا ئایین و حوكوومهتی ڕهشیده ههردهم گرنگییهكی چارهنووسسازی بهو پڕۆسهیه داوه، بهشێكی زۆر له پانتایی دهستوور و یاسا و ڕێنمایییهكان بهو پرسه پڕكراونەتەوه.
له بنهچهدا هاوسهری بنیاتنراوه لهسهر یهك پیاو یهك ژن ئهوه مانای هاوسهرییه، مهرجیش نییه ههموو هاوسهرییهكی لهو جۆره ئارامی بووبێت، لهلایهكی تر ڕێژهی ئافرهت له پیاو زیاتره، كهواته فرهیی چارهسهرێكه، ئهوانهی دژی ئهو ههنگاوهن له دژی بهرژهوهندیی مافی ئافرهتدان، ههندێک كهس له چوارچێوهی ئارهزووبازی دهیكاته فرهژنی، نهك وهك چارهسهر و به ڕێڕهوی شەریعهت، جا بۆ ئهوهی فرهژنی لهنێوان ئارهزووبازی و چارهی كێشهكانیان جێی خۆی بگرێت، ئهوا شهریعهت كۆمهڵێك مهرجی داناوه تا خێزان ههڵنهوهشێتهوه بههۆی ئهو پڕۆسهیه بریتییه له: دادگهری و پابهندبوون به گرێبهستی مارهیییهكه و پارێزگاری کردن لە بنچینەکانی هاوسهرگیری کە پێکدێن لە (موده و رحمه)، كهواته بۆ ههنگاونان بهرهو فرهژنی پێویسته به بڕیاڕ و ڕاوێژی ههر دوو ڕوكنی خێزان بێت، به دهر لهو سنووره فرهژنییهی حهڵاڵ نابێت ئهگهر نهشتوانین بڵێین حهرامه، یان به لای كهمی (مهكرووهه)، چونكه بهڵێن شكاندنی تێدایه، ئینجا خێزانێك پێكدههێنیت، خێزانێك تێكدهدهیت، كه لهسهر (موده و رحمه) بنیاتنراوه، لهلایهكی تریش ئهگهر لهو چوارچێوه شهرعییە ئافرهت ههر ڕازی نهبوو، ئهوا گوناههكه دهكهوێته ئهستۆی ئافرهتهكه، بهڵام ههر دهبێ بوهستن لهسهر پارێزگاری له كیانی خێزان و نهیكاته فرهژنی، چونكه ئهسڵ ئهوهیه پارێزگاری له كیانی خێزان گرنگتره له سوننهتێك و خێرێك، بۆیە پێویسته یاسادانهرانی كوردستان سیستم بۆ پارێزگاری له كیانی خێزان دابڕێژن، گرنگە ئەم دوو ڕێکارە، توێژینەوەی لەسەر بکرێت لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە.