فەرەنسا و مەغریب : ئاین چ پەیوەندیەکی بە یاریەکەوە هەیە ؟

2022-12-14

عادل باخەوان
یەکەم : لەو بیست و حەوت ملیۆن موسوڵمانەی کە لە ئەوروپادان، زۆرترینیان لە فەرەنسادا دەژین و هاوڵاتی فەرەنسین و شانازی بە فرەنسیبونیانەوەدەکەن و گەر بژاردەیان بخەینە بەردەست لەنێوان فەرەنسا و هەر وڵاتێکی دیکەی جیهانی ئیسلامیدا، بەدڵنیاییەوە فەرەنسا هەڵدەبژێرن.
دوو : هەر موسوڵمانێک لە فرەنسادا، وەک هەر هاوڵاتیەکی جمهوریەتی فەرەنسی، هەموو مافێکی هەیە : موسوڵمانمان  هەیە وەزیرە، سەفیرە، سەرۆکی شارەوانیە، باشترین یاریزانی جیهانە، پەرلەمانتارە، بەڕێوبەری کابینەی وەزارەتە، سەرۆکی بانکە، ....، و هەر دەزگایەکی فەرەنسی یان هەر ئەکتەرێی فەرەنسی، هەر جۆرە گوتارێک یان ڕەفتارێکی نەرێنی بەرهەمبهێنێت بەرامبەر موسوڵمانێک کە بۆنی ڕاسیزمی لێبێت، ڕوبەڕوی زیندان دەبێتەوە.
سێ : هەرگیز لەبیرماننەچێت کە ئیسلام ئاینی دوهەمە لە فەرەنسادا و نزیکەی دووهەزار و سێسەد و شەست و هەشت مزگەوت لە فەرەنسادا هەن و دەرگاکانیان بەو پەڕی ئازادیەوە کراوەیە بۆ موسوڵمانە فەرەنسیەکان. 
چوار : لێرەوە، وێناکردنی یاریەکەی ئەم شەوی نێوان فەرەنسا و مەغریب وەک جەنگی نێوان موسوڵمانان و فەرەنسا، نەک هەر مانای نیە، بەڵکو هەڵەیەکی زۆر گەورەیە بەرامبەر موسوڵمانانی فەرەنسا و تەنانەت مەغریبیش.
پێنج : گەر تۆ پێتوابێت کە چەندین ملیۆن موسوڵمان لە دنیادا داوا دەکەن لە خوا کە دەستێوەردان بکات، بۆئەوەی کە مەغریب لە فەرەنسای بباتەوە، ئەوە بەڕاستی کارەساتە، چونکە گەر فەرەنسا لە مەغریبی بردەوە، تۆ دەکەویتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە.
شەش : بەداخەوە بەشێکی زۆر لە موسوڵمانانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر لەسەرەتاوە لە فەرەنسا تێنەگەیشتون و پێیانوایە هێرشکردنە سەر ئێمانیول ماکرۆن، ئەرکێکی ئاینیە. گەر سەرۆک ماکرۆن هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە مارین لۆپێن نەبردایەتەوە، هەموو ئەو ئیماندارانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دڵنیادەکەمەوە کە، هەر وەک چۆن هیتلەر پێنج ملیۆن جولەکەی سوتاند، ئاواش مارین لۆپێن دەکرا هەمان تراژیدیا بەسەر موسوڵمانانی فەرەنسادا بێنێت. بەپێچەوانەوە، ئەوەی موسوڵمانانی فەرەنسی لە (لەناوچونی دەستەجەمعی) پاراست سەرۆک ماکرۆنبوو، بەڵام وادیارە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر بە عەقڵیەتی گەڕەک فەرەنسا دەخوێنێتەوە.