مینەی لوله‌کژەن، نه‌وایه‌ك به‌ته‌نیشت ده‌روێش عه‌بدوڵاو قاڵه‌ مه‌ڕه‌وه‌

2018-07-28

ئەگەر دوو کەس یان زیاتر لە هەڵەبجە باسی ئامێری مۆسیقی شمشاڵ‌و مێژووی ژەنینی ئەم ئامێرە لە شارەکەدا بکەن، ئەوا بەبێ ناوهێنانی شمشاڵژەنێکی ناو مێژووی شارەکە گفتووگۆکەیان ناتەواو دەردەچێت.

هاوتەریب لەگەڵ ناوی "دەروێش عبدللە" لە هەورامان و "قالە مەڕە" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوی مینەی لوله‌کژەن، بۆ هەڵەبجەییەکان، شمشاڵژەنێكی سەدەی ڕابردووی شارەکەیان ناوێکی ئاشنایەو ئێستاش کە لە تیڤی ڕادیۆ‌و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی ئینتەرنێتدا گوێبیستی هەر ئاوازێكی شمشاڵ دەبن، دەست بەجێ ئەو شمشاڵژەنەیان بیر دێتەوە.

حەمەئەمین عبدالکریم، ناوی تەواوی "مینەی لوله‌کژەنە،کە هەندێک دەڵێن: ١٩٠٣ز. و هەندێکیش دەڵێن: ١٩٠٦ز لە گوندی بیاوێڵەی سەر بە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە.
بەپێی ئەو نوسراوانەی کە لەبارەی ناو براوەوە هەن، ئەو ژیانێكی پڕ لە تەنگ و چەڵەمەوهەژاریی بەسەر بردووەو دوای مردنی باوکی بووە بە لێپرسراوی خێزانەکەیان.

هەر بۆیە بووە بەشوان‌و بۆ پەیداکردنی بژێوی خێزانەکەیان پشتی بەخۆی بەستووە، مینە هەر لە سەرەتای منداڵیەوە لە کاتی شوانیکردنیدا زۆر عاشقی ئامێری شمشاڵ و ژەنینی دەبێت.

دروستکردن‌و بەکارهێنانی ئامێری شمشاڵ کە یەکێکە لە ئامێرە کۆنەکانی میوزیک، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣ هەزار ساڵ پێش زاین، شارەزایان باس لەوە دەکەن کە ئەم ئامێرە داهێنراوی نەتەوە ڕۆژ هەڵاتییەکانە، بەتایبەت ئاریاییەکان کە نیشتەجێی ناوچەکانی ڕۆژاوای چینن هەتاکو ناوچەکانی ڕۆژئاوای میزۆپۆتامیاو ئەناتۆلیای ناوەڕاست و باکوری قەفقازیا بوون.، کوردیش وەک پێکهاتەیەکی تێکەڵە لە گەلی ئاریایی بێبەش نەبووە لە بەکارهێنانی ئەم ئامێرەو لە مێژە بەکاری هێناوە.

وەک باسدەکرێت ئەم ئامێرە لە پێش ئیسلامدا زیاتر لە ناوچەی هەوراماندا وەک زمانی ئاگادار کردنەوە بەکار هاتووە، کە ئەگەر میوان یان کەسێكی گرنگ سەردانی گوندێكی کردبێت ئەوا بە گوێ بیستبوونی یەکێك لە ئاوازەکان کە لایەن ژەنیاری گوندەکەوە ژەنراوە هەموو دانیشتوانی گوند زانیویانە کە چی ڕوویداوە، هەر وەک چۆن بانگدان لە مزگەوتەکان بۆ ئاگادار کردنەوەی موسوڵمانانە لە کاتی نوێژەکانیانە.

ئەوانەی شمشاڵ دەژەنن، دەڵێن: "فێربوون و بەکارهێنانی ئەم ئامێرە بۆ ژەنینی ئاوازە جۆراو جۆرەکان، کارێكی ئاسان نییەو کاتێكی زۆری دەوێت، هەر بۆیە زۆر بەی ئەوانەی فێری ئەم ئامێرە دەبن شوانی مەڕو ماڵاتن و لە بەرئەوەی لە پێدەشت و چیاو دۆڵەکاندا کە چاودێری لە وەڕانی ئاژەڵەکانیان دەکەن، کاتێكی زۆریان هەیە بۆ ژەنینی ئامێرەکە.

مینەی لوله‌کژەنیش، وەک هەر شوانێکیتر لەبەر ئەوەی زۆربەی کاتەکانی بە چاودێریکردنی لەوەڕانی ئاژەڵەکانیەوە بەسەر بردووە، هەر بۆیە هۆگری بەکارهێنانی شمشاڵ بووە و هەر لە سەرەتای لاوێتیەوە دەستی بە ژەنینی کردووە.

دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک ئێستا کەم پێدەشت و چیا و دۆڵ و بنار هەیە کە یەکێک لە ئاوازە ژەنراوەکانی مینەی تێدا نەنووستبێت، کەم کەسی دۆستی مۆسیقا و ئامێری شمشاڵ هەیە لە هەڵەبجەدا بە ناوی "مینەی لوله‌کژەن" ئاشنا نەبێت.

چەند سەدەیەک دوای دروستبوونی ئەم ئامێرە، سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، شمشاڵژەنی ناوبراو یەکەم ئاوازی بە شمشاڵەکەی ژەند. لە ئێستادا بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی کە "مینە" یەکەمجار لەسەر دەستی کێ فێری ژەنینی ئەم ئامێرە بووە؟.

هەندێک دەڵێن: کە لەلای یەکێک لە شمشاڵ ژەنە ناودارەکانی ناوچەی هەورامان و خەڵکی گوندی "یاڵانپێ" بەناوی "حەمە ئەمین کوڕی سۆفی عەلی"فێری ژەنینی شمشاڵ بووە. هەندێکیش دەڵێن: ئاوازەکانی شمشاڵ ژەنی میللی "مینە جەلیلەیی" کە ناوبراو گاوانی گوندەکەی ئەمان"بیاوێڵە" بووە، کاری تێکردووە. وەک دەڵێن بە تەمەنێكی لاوێتیەوە، زۆر جار لەگەڵ "مینە جەلیلەیی"دا،چووەتە دەشت‌و دەرو سەرپەرشتی گا گەلەکەی بۆ کردووە، تا سود لە هونەری شمشاڵ ژەنینەکەی وەر بگرێت.

باس لەوەش دەکرێت کە "مینەی لوله‌کژەن" هەر بە یاوەریکردنی "مینە جەلیلەیی" دڵی ئاوی نەخواردۆتەوە، بەڵکو جار جاریش چۆتە خزمەت شمشاڵژەنی میللی "هەیاس کاکەیی" بۆ ئەوەی سود لە تواناو بەهرەی ئەویش وەر بگرێت.

شارەزایانی ئامێری شمشاڵ باس لەوە دەکەن کە یەکەمجار ئەم ئامێرە لە ئێسکی باڵی هەڵۆ دروستکراوە،دواتر قامیش بۆ دروستکردنی بەکار هێنراوە و ئێستاش کانزاکانی وەک ئاسن و مس و فافۆن بۆ دروستکردنی ئەم ئامێرە بەکار دێت.

ئەوانەی کە شمشاڵ دەژەنن دەزانن کە بەشێوەیەکی فەرمی ژەنینی ئامێرەکە چەند ئاوازێكی هەیە کە بریتین لە " سەحەری، چەمەری، دەرەیی، حەسبە، هەرزاڵە، مەیگەلی". کەچی "مینەی لولکژەن" جیاواز لەمە کاتێک بە شمشاڵی قامیش دەستی بە ژەنین کردووە، چەند کونێكی کردووەتە شمشاڵەکە و بۆ هەر یەکێکیان ناوێکی داناوە و ئاوازێكی تایبەتی پێژەندووە، لەوانەش "فەتاح پاشایی، ئەحمەد بەگی، هەوارە لانکێ، کەتان لە مل، قڵجی، مەنی مەمانی مەمۆ."

بەهۆی لێهاتوویی و هەناسە درێژی لە ژەنیندا، "مینە" توانیویەتی لەگەڵ هونەرمەندە ناودارەکانی ڕابردوودا ئاهەنگ و کۆڕی ژەنین ساز بکات، بۆ نموونە وەک دەگێڕنەوە: لەگەڵ شماڵ ژەنی ناوداری ناوچەی هەورامان "دەروێش عبداللە"دا، کە گۆرانی شاعیر، بە فریشتەی مۆسیقا ناوی دەبات، پێکەوە لە تەکیەی نەقشبەندی لە بیارە شمشاڵیان ژەندووە، وە لە گەڵ هونەرمەند حەسەن زیرەک ئاهەنگی گێڕاوەو لە زۆرێک لە ئاهەنگەکانی خەڵکی هەڵەبجە و بنەماڵەی جافەکانی هەڵەبجەدا بە ژەنینی شمشاڵ بەشدار بووە.

جێگەی ئاماژەیە، ژەنینی ئاوازەکانی مینە هێندە پڕ سۆز و چێژ بەخش بووە، بۆتە هۆی ئەوەی کە دوو شاعیر لە هۆنراوەکانیاندا بیخەنە ڕستەوە. لە وانەش مامۆستا "ع.ع.شەونم" هۆنراوەیەکی بۆ ناوبراو نوسیوە بەناوی "تو خوا کاکی شمشاڵ ژەن ئاوازێک" { بەداخەوە زۆر هەوڵمدا شیعرەکەم دەست نەکەوت هەتا نموونەیەکی بخەمە بەردەست}.لە بەرامبەر ئەمیشدا، شاعیر "دیار هەڵەبجەیی" لەدێڕێکی هۆنراوەی "برینێكی پڕ لەئازار"دا، کە جەفا کێشانە بۆ جارانی هەڵەبجە، دەنوسێت "شمشاڵەکەی خاڵە مینە بۆ بێ سۆز و بێ ئاوازە؟".

شەوێکی زستانی ساڵی ١٩۷۸ بوویە دوا وێستگەی ژیانی "میەنەی لوله‌کژەن" و بە ماڵئاوایکردنی لە ژیان، پێدەشت و بنار و چیا و دۆڵ و چەم و کانیاوەکانی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور لە بیستنی ئاوازە ناوازەکانی "مینە" هەتیو کەوتن، ئەوانیش لەگەڵ ئاژەڵ‌و باڵندە و مرۆڤەکانی شەیدای ئاوازەکانی "مینە" بوونە ماتەمگێڕی پرسەکەی.

دەوترێت، "مینە" لە دوای خۆی تەنها ٣ کاسێت لە بەرهەمەکانی جێهێشتووە، ڕەنگە ئەوانیش لە لەناوچووبن‌و نەپارێزرابن.

بۆ نوسینی ئەم بابەتە، سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:

۱.بەرنامەی دیکۆمێنتاری کەناڵی "کوردستان ٢٤" لە بارەی "شمشاڵ"ەوە کە بەرواری ٩/١/٢٠١٨ بڵاو کراوەتەوە.

۲."لەبارەی دەروێش عبداللە ی هەڵەبجەییەوە" وتار/ ن: دانا هەڵەبجەیی – ماڵپەریPukmedia بەرواری ٤/٨/٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە.

٣.کتێبی "هەڵەبجە و کەسایەتیەکان" بەرگی دووەم، ن: ئازاد حەمدی.