ئاسۆی دەلاک چۆن دەستگیرکرا؟

مستەفا چاوڕەش دەڵێت، ڕۆژێک ئاسۆی دەلاک ویستی بچێت بۆناو شاری سلێمانی چالاکییەک ئەنجام بدات، مەلا بەختیار داوای لێکرد خائینێک بکوژێت کە ئەفسەری دائرەی ئەمن بوو، منیش پێشمەرگەیەکم لەگەڵدا بوو، وتی منیش لەگەڵیدا دەڕۆمەوە بۆناو شر، دواتر بەهۆی خیانەتی ئەو پێشمەرگەیەوە ئاسۆی ەلاک دەستگیرکرا.

وەکو خۆی لە کتێبی " بیرەوەرییەکان"یدا باسیدەکات، ئەوکاتەی کە ئاسۆی دەلاک لەناوشاری سلێمانیدا دەستگیرکراوە،  مستەفا چاوڕەش ئامر هەرێمی پێنجی هێزەکانی یەکێتی بووە لە قەرەداغ و ماوەیەکی کەمیش بووە ئەو بەرپرسیاریەتەی وەرگرتووە.

مستەفا چاوڕەش  لەبیرەوەرییەکانیدا  چیرۆکی دەستگیرکردنی ئاسۆی دەلاک بەهۆی خیانەتی پێشمەرگەیەکی لای خۆی دەگێڕێتەوە.

بەپێی گێڕانەوەی مستەفا چاوڕەش، مەلا بەختیار چووەتە سنووری هەرێمی پێنجی قەرەداغ بۆ ڕێکخستنەوەی پێشمەرگەکانی یەکێتی کە لەپاش شەهیدبوونی سیروان تاڵەبانی پێشمەرگەکانی ئەو هەرێمەی یەکێتی پەرتەوازەبوو بوون.

مستەفا چاوڕەش دەڵێت، مەلا بەختیار کە هاتبوو ئاسۆی دەلاکی لەگەڵدا بوو، ئاسۆ کەسێکی ئازاو شارەزای ناوشار بوو، ویستمان لەسەر داوای خۆی بچێت لەناو شاری سلێمانی چالاکییەک بکات، مەلا بەختیار داوای لێکرد بۆ کوشتنی خائینێک کە ئەفسەری ئەمنی دائیرەیەک بوو،  ئاسۆ گەنجێکی ناسراو بوو، ناوی هەبوو، منیش کوڕێکم لەگەڵ بوو، ماوەیەکی زۆریش بوو لەگەڵمدا بوو، وتی منیش دەچم، دیاربوو پێشتر لەگەڵ ئاسۆدا قسەیان کردبوو کە پێکەوە بچنەوە ناو شار، ئەوان بەبێ ئاگاداری ئێمە قسەی خۆیان کردبوو، لای منەوە هیچ بەرنامەیەک نەبوو کە ئەو کوڕە بچێتەوە.


مستەفا چاوڕەش باسیدەکات پاش ئەوەی کە پێشمەرگەکەی لای ئەو وتوویەتی منیش دەڕۆمەوە بۆناو شار بۆ چالاکی،  بەر لەڕێکەوتنیان لە قەرەداغەوە بۆناو شاری سلێمانی، ئەوان پلانیان بۆ داڕشتوون.

مستهفا چاوڕەش دەڵێت:" ئەو پێشمەرگەیەی کە لەگەڵ مندابوو وتی منیش حەزدەکەم بچمەوە بۆکاری ناوشار، لەگەڵ مەلا بەختیار دوو کەسمان بۆ دیاریکردن، هەریەکەیان کەسێکی بۆ دیاری کرا، پێمووتن کە چوونە قەراغ شار دەبێت لەیەک جیا ببنەوە، لەبەر ئەمنیەتی ئیشەکەتان نابێت کەستان جێگەی ئەویتر بزانێت، وتیان باشەو پاش ئەنجامدانی کارەکە دەگەڕێینەوە، دەمانچە چواردە خۆرەکەی خۆمم دایە پێشمەرگەکەی لایخۆم".

لەگێڕانەوەی چیرۆکی دەستگیرکردنی ئاسۆی دەلاکدا، مستەفا چاوڕەش دەڵێت، " دوای چەند ڕۆژ جوابیان هێنا وتیان ئاسۆی دەلاک گیراوەو کەسیش نازانێت چۆن گیراوە، بەڵام ئەو پێشمەرگەیەی لەگەڵیدا بوو، لەناو شاردا دەسوڕایەوە، دواتر دەرکەوت کە شێوەی گرتنەکەی چۆن بووە".

مستەفا چاوڕەش زۆرتری دەربارەی دەستگیرکردنی ئاسۆی دەلاک گێڕاوەتەوەو لەبیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی:" هەردووکیان دەڕۆنەوە بۆ سلێمانی، دیارە بڕوا بەیەکتر دەکەن، ئەو کوڕە کە لای منیش بووە وادیارە سەر بەڕژێم بووەو پیاوی حکومەت بووە، یان ڕەنگە دوایی لەگەڵیاندا ڕێکەوتبێ.

لەباسی هۆکاری خیانەتکردنی ئەو پێشمەرگەیە لە ئاسۆی دەلاک، مستەفا چاوڕەش دەڵێت:" وەک باسیدەکەن کایخۆی ئاسۆی دەلاک لە چالاکییەکانیدا خزمێکی ئەو پێشمەرگەیەی کوشتووە، ئەمەش فرسەتێکی باشە تۆڵەی لێبکاتەوە، پێکەوە دەچنە ناوشار، پێشمەرگەکەی لایمن پێیووتووە من جێگەم هەیەو ئەمینە، ئەویش لەگەڵی چووە، ئیتر کەس نازانێ ئاسۆ چۆن گیراوە، لەوەدەچێ سەرخۆشی کردبێ یان لەخەودا فرسەیان لێهێنابێت، ئەگینا ئەگەر بەشەڕە دەمانچە بوایە، ئاسۆ کوڕێکی ئازاو چاونەترس بوو، وای بەسەر نەدەهات".


مستەفا چاوڕەش، لە میانی گێڕانەوەی چیرۆکی دەستگیرکردنی ئاسۆی دەلاکدا دەڵێت، وردە وردە دەرکەوتووە کە ئاسۆ گیراوە، بەڵام نازانرێت کە چۆن گیراوەو ئەو پێشمەرگەیەش کە خیانەتی لێکردووە لە شاری سلێمانیدا ماوەتەوەو بینراوە کە لەسەر شەقامەکان دەگەڕێ.

بەپێی گێڕانەوەی مستەفا چاوڕەش، پاش ماوەیەک پێشمەرگەکە کەسێکی بینیوەو پێی وتووە دەمانچەکەت دەدەمێ و بیبەرەوە بۆ کاک مستەفا، بەڵام  ئەو زوو جوابی بۆ ناردووە کە لێی وەرنەگرێ، چونکە بەوهۆیەوە دەزانرێت کە پەیوەندی لەگەڵ ئەودا هەیەو ەستگیر دەکرێت.

لەکۆتایی چیرۆکی دەستگیرکردنی ئاسۆی دەلاکدا، مستەفا چاوڕەش دەڵێت:" پاش ماوەیەک پێشمەرگەکە جوابی نارد، وتبووی ئامادەم چالاکییەک بکەم و بێمە دەرەوە، جوابم نارد بۆی کە کەسێکی خائینمان بۆ بکوژێت، ئەو کەسەشم بۆ دیاری کرد، ئەوکەسە چەندین کەسی بە لەسێدارەدان دابوو، تەقەی لێکردو بە خەستی برینداری کرد، بەڵام ئەوکەسە نەمردو ئێستاش لای فڵانە حیزب داڵدە دراوە"

دەربارەی سەرئەنجامی ئەو پێشمەرگەیەی کە به وتەی مستەفا چاوڕەش بەهۆی خیانەتی ئەوەوە ئاسۆی دەلاک دەستگیرکراوە، ڕێکخستنەکانی ناو شاری سلێمانی کە زانیویانە ئەو ئاسۆی دەلاکی بەگرتن داوە، هەر زوو لەناو شاری سلێمانیدا کوشتوویانەتەوە.

2022-08-27