لەسەر چی بەشەرهاتووین؟ دین چییەو مەبەستمان چییە لە دین؟

د. ئیدریس لاهوت

2022-11-08

 کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیی بە گشتی_ و کۆمەڵگەی کوردی بە تایبەت_ زۆر باسی دین دەکەین و سەبارەت بە دین بووین بە چەندین دەستەوە، بەڵام بە شێوەی گشتی لەم کۆمەڵگە شەرقیانەدا بەرگری کردن لە دین و دینی دەستە جەمعی زۆر باوە و خەڵکی هەمووی خۆی بە خاوەنی دەزانن و قسەی لێ دەکەن.

ڕەنگە هیچ شتێ نەبێ بە ئەندازەی دین قسەی لێ بکرێ لە لایەن یار و نەیار، دۆست و دوژمن، چ ئەوانەی پابەندی پرەنسیب و بەهاکانی دینن و چ ئەوانەشی کە بڕوایان پێی نییە و وەک دونیابینییەکی کۆن و تەقلیدی تەماشای دەکەن.

پرسیار ئەوەیە دین چییە و ئێمە بۆ قسەی لێ دەکەین؟! گرنگتر لەوە کە دەڵێین دین، ئایا مەبەستمان چییە لە دین؟! دین چییە و ئێمە بە چ واتایەک بەکاری دێنین؟! ئایا ئێمە لەسەر شتێ بە شەڕ دێین کە تووشی تەلبیس بووە یا وەک لۆژیکییەکان دەیڵێن تووشی ئیشتراکی لەفزی «لەفزێک و چەندین واتا، یان لەفزێ کە چەند واتای دەبڕێ بە بەردا» هاتووە و ئێمە خەریکین لە بازنەی بۆشدا و بێ لێک تێگەشتن قسەی لێ دەکەین؟! 

دین لە هەندێ لە سەرچاوەکاندا بە واتای ڕێگا هاتووە، ڕێیەک بۆ ڕزگاری مرۆڤ. 

ڕەنگە بە درێژایی مێژوو هیچ چەمکێ بە ئەندازەی دین قسەی لێ نەکرابێ، یان بە دیدێکی تر ڕەنگە هیچ چەمکێ بە ئەندازەی دین هەمووان خۆیان ناکەنە خاوەنی. گرفتی دین و پرسە دینییەکان لەمەدایە کە هەمووان هەق بە خۆیان دەدەن قسەی لێ بکەن و هەمووان خۆیان بە پسپۆڕی دەزانن. هیچ چەمکێ بە قەد دین ڕاچڵەکێنەر و پڕ لە کێشمەکێشم نییە. تاوێ حکومەتی لەسەر درووست دەکەین و دەمێ خەڵکی لەسەر دەکوژین، دەمێ دەیکەینە عینوانێ بۆ پێکەوە ژیان و قەڵای ئاشتی و دەمێکیش گرووپ گرووپ و خێڵ خێڵ لە پێناویا یەکدی تەکفیر دەکەین و دەسڕینەوە، دەمێ کەرەستەی بۆ ساز دەدەین مەقلووبەی بۆ حازر دەکەین و دەمێکیش ڕێیەکە بۆ گەیشتن بە ڕەهایی و ڕزگاری، ساتێ دەیکەینە جوێن و یەکتر شکاندن لەسەری و دەمێکیش دیبەیت و هەرای لەسەر ساز دەدەین، بەڕاست دین چییە کە هێندە ئاوکێشە و ئەم هەموو پانتاییەی هەیە لە دونیابینی و ژیانی ئێمەدا؟!

 ئەگەرچی کەم تا زۆر لە پێشتردا هەوڵم داوە هەندێ تێڕوانین لەم بارەوە بخەمە خزمەتی دۆستان، بەڵام لێرە هەوڵ دەدەم تەنها لەسەر یەک ڕەهەندی گرنگی ئەم بابەتە بوەستم، ئەویش ئەوەیە ئێمە مەبەستمان چییە لە دین وا لەسەری بە هەرا دێین و چۆن لە دین گەشتووین؟!  ئایا دین چییە و ئێمە چۆن لێی گەشتووین؟! 

دین لە هەندێ لە سەرچاوەکاندا بە واتای ڕێگا هاتووە، ڕێیەک بۆ ڕزگاری مرۆڤ. 
زۆر باشە ئایا مرۆڤ دەبێ لە چ ڕزگاری بێت، بۆ دین هاتووە ڕزگاری بکات؟! لە چی ڕزگاری بکات؟! ئایا تا چەند توانیویەتی ڕزگاری بکات؟! وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ کاتی دی هەڵ دەگرم.

دین= ئایدۆلۆژیا
هەندێ جار ئێمە کە دەڵێین دین مەبەستمان لێی ئایدۆلۆژیایە، ئایدۆلۆژیا یەک سیستەمی سیاسییە و ئێمە بڕێ جار لێمان دەبێتە دین. واتە دین وەک ئایدۆلۆژیایەک سەیر دەکەین، گەر دینێک هێڵە ئایدۆلۆژییەکەی تێدا نەبینینەوە ئەوا بە دینی نازانین، کە لێرەدا گرووپێ بە ناوی دین و دینداریەوە هەڵدەستن بە جێبەجێکردنی کۆمەڵێ هەڵس و کەوت لە چوارچێوەیەکی ناعەقڵانی دەستەجەمعییدا دەخولێتەوە، یان چوارچێوەیەکی سیاسی. واتە هەژموونی گرووپ جێی عەقڵانیەتی تاک دەگرێتەوە، هەژموونی مەسڵەحەتی سیاسی جێی دین دەگرێتەوە. ڕووکردنە قیبلەی بە گرووپ و حەجی بە گرووپ و بە قیست و حیزبی پێبکەستراوو هتد، هەروەها سوڵتەدان بە هەندێ لە دەقە دینییەکان لەسەر حیسابی دەقەکانی دی بۆ گڕدان و وزەپێدان بە ماشێنە ئایدۆلۆژییەکەیە نەک خودی دین.

 ئایدۆلۆژیا واتە بەرنامە و سیستەم، مارکس ناوی لێ ناوە هەڵەی سیستماتیکی عەقڵ، چونکە هەڵەکانی ئایدۆلۆژیا سیستماتیکییە. 

تۆ دەتەوێ حکومەتێ یان شۆرشێ یان جووڵەیەکی سیاسی تەشکیل بدەی لێرەدایە کە پێویستت بە ئایدۆلۆژیایە یان دەتەوێ لە حکومەتێ یان حیزبێ بەرگری بکەی ئەوا دیسان پێویستت بە ئایدۆلۆژیایە، ئایدۆلۆژیا زەرورەتەن تێپەڕە و زەمەنییە، بەڵام دین مەفهوومێکی دیکەی هەیە. لێرەدایە عەبدولکەریم سرووش دەڵێ دین باڵاترە لە ئایدۆلۆژیا، هەروەها ڕەخنە لە شەریعەتی دەگرێ کە دینی وەک ئایدۆلۆژیا بینیوە.

نمووونەی ئەمە لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا زۆرە و لە مێژووی کۆنیشدا هەبووە، دەتوانین ئیخوان و حیزبە ئیسلامییەکان وەک نموونە وەرگرین، هەروەها ئێران و توورکیاش بە شێوەیەکی زەق. بە تایبەت لە ئێران تەنانەت شێوازی جل و بەرگ و مستیلە و هەڵس و کەوتیش لەم چوارچێوە دینییە ئایدۆلۆژییەدا خۆی دەبینێتەوە. گەر سەر بە هەمان ئایدۆلۆژیابووی ئەوا تۆ ئینقلابییت و ئەهلی نەجاتی، گەرنا گومڕایت و گرفتی بەردەم ئایدۆلۆژیای دینی، لێرەدا دین وەک گوێرەکەی سامری لێ دێت. 

دین= کەلتوور «کەڵچەر»
بڕێ جار کە دەڵێین دین لە ڕاستییدا مەبەستمان کەلتووری دینییە، واتە مەبەستمان ئەو میراتەیە کە پێشینان بۆیان جێ هێشتووین، مەبەستمان ئەو سلووک و مامەڵانەی کە لە ڕابردوودا و لە مێژوودا بە هۆی تێگەشتن لە دینەوە ڕوویان داوە، فڵان ئیمام وای کرد و وای فەرموو، فڵان خەلیفە و پادشای ئیسلامی وای کرد و هتد لێرەدا دین کۆمەڵێک پاشخانی مێژووییە کە دەماودەم و بە پێی کشان و داکشان کەتۆتە ناو مێژووەوە کە لە هەندێ کرداری ئەمڕۆماندا دەردەکەون وەک پشتێن و جامانە و جلی مەلایەتی و عەمامە و هتد.
کەواتە لێرە دین بەشێکە لە کەڵچەر و ئیمکانیەتی ئێمە کە خۆمان هەڵمان نەبژاردووە بەڵکو بە میرات بۆمان جێماوە. واتە بۆمان جەعل کراوە و دانراوە نەک ئێمە خۆمان هەڵمانبژاردبێ وەک ڕەنگی چاو و شێوەی جیسم و مەکانی جوگرافی.
لێرەدا گەر تۆ بەرگریکاری سەرسەختی لە دینەکەت کە هەرچییە ئەوا لە هەر جوگرافیاییەکی دیکەشدا بویتایە هەر وا دەبووی، لێرە فەرقی کەسێ کە لە تەلئەبیب یان میسر لە دایک دەبێ وەک یەکە، ئەو تاکەی کە لە قوم لەدایک دەبێ بەم دونیابینیبەوە هەرگیز نابێتە تاکێکی سوونی مەزهەبی شافیعی وەک ئەو تاکەی کە لە میسر لەدایک دەبێت. ئەوەی کە تۆ لە چینێکی هەژاری یان دەوڵەمەند خۆت دیارییت نەکردووە. لێرە دینیش بە هەمان شێوە هەڵبژاردەی تۆ نییە، بەڵکو بەشێکە لە کەڵچەری تۆ. کەواتە مسوڵمان بوونی تۆ لێرەدا شتێک نییە هەڵتبژاردبێ، هەر بۆیە ئەمە بەشێکی کەڵچەرە و تۆ لێرەدا مسوڵمانێکی کەڵچەرییت! یەک یەهوودی و یەک مسوڵمان لێرە هیچ جیاوازییەکیان نییە. ئەوەی کە لە نێو خێزانێکی مسوڵمان لە دایک بووی ئەمە جۆرێکە لە دینی کەڵچەری، ئەمە دین نییە بەڵکو کەڵچەرە. کەسێ بەم تێڕوانینە بڵێ دینی من بەرزترە وەکو ئەوە وایە نەژادپەرست بێ و بڵێ ڕەنگی من باڵاترین ڕەنگە، هەر بۆیە ئەمە ئەوپەڕی حەماقەتە و هیچ ئەرزشێکی تێدا نییە، ئەمە دەقیق هەمان ڕاسیزمە و نەژادپەرستی. واتە لێرە ئازادی حزووری نییە، شتێکیش ئازادی تێدا نەبوو هیچ جۆرە ئەرزشێک لەگەڵ خۆی ناهێنێ.

دین = مەعریفەی_دینی

بڕێ جار کە قسە لە دین دەکەین لە ڕاستییدا مەبەستمان لێی ئەو ڕاڤە و تەفسیرانەیە کە لە مەتنە دینییەکاندا هەڵگیراون و بۆمان ماونەتەوە، چ لە بواری شەریعەت وەک تەفسیری ئیبن کەسیر و قورتوبی و کەبیر و شەرحی بوخاری و هتد. چ لە بواری کەلام لە مێژووی ئیسلام و مەسیحییەت و دینەکانی تریش، چ لە بواری عیرفان و سۆفیگەری، بۆ وێنە بابای سۆفی مەبەستی لە دینێکە کە شێخی گەیلانی کڵێشەکانی دیاری کردوون لە فەتح ئەلرەبانی، کەسێ کە سەر بە شێعەی دوانزە ئیمامییە مەبەستی لە دین ئەو سەرچاوانەن کە ئیمامی جەعفەر و ئیبن بابەوەی قومی و هتد کڵێشەی داناون. 

دین = دەقی دینی

بڕێ جار کە دەڵێین دین مەبەستمان دەقی یەکەمی دیینە کە بە وەحی ناوەزدە دەکرێ، واتە کاتێ قسە لە دین دەکەین هەندێ جار دەقیق مەبەستمان دەقی دینییە نەک شرۆڤە و تەفسیر و ڕاڤەیەک کە بە درێژایی مێژوو بۆی کراوە. ئەمەش دیسان واتایەک و ڕەهەندێکی دیکەیە کە تێگەشتنی ئێمە بۆ دین و لەمەدا کورتی دەکەینەوە.

دین = دونیابینی
بڕێ جار مەبەستمان لە دین کۆی ئەو دونیا بینییەیە کە دین دیاری دەکات واتە مەبەستمان لە دین جۆرێکی دونیابینییە کە بڕوای بە دواڕۆژ هەیە و دونیا پەراوێز دەخات.

لێرەدا دەبینین کە دین یەک مەفهوومی ناڕوونی هەیە، هەر بۆیە کاتێ کە دەکانەوێ قسە لە سەر دین و دینداری بکەین باسەکەمان ئاڵۆز دەبێ و گرێی تێدەکەوێ، چونکی بە دەقیقی نازانین باسی چی دەکەین و دەمانەوێ چ شتێ بکەینە چەقی بابەت و خەریکین باسی چ شتێ دەکەین، ئایا مەبەستمان لە دین چییە؟! ەر نەزانین مەبەستمان لە دین چییە هەرگیز وەڵامێکی ڕوونمان نابێ و ناتوانین وەڵامێکی ڕۆشن بەدەستەوە بدەین و لە ئەنجامدا ئەم بێ سەروبەرییە دەخولقێ کە دونیای شەرقی تێکەوتووە.

دین = سیستەمی تیۆری «مەزهەب»
بڕێ جار مەبەستمان لە دین مەزهەبە، هەر کات لە مێژوودا پێغەمبەرێ سەری هەڵدابێ ئەوا دواتر کۆمەڵێ بیرمەند هاتوون و هەندێ لەو تێڕوانین و ئیعتقادانەیان بە شێوەی مەزهەبێ کڵێشە کردووە، لێرەدا ئەم سیستەمە و ئەم کڵێشە وەک قوتابخانەیەک دیاری دەکرێ و تۆ لێت دەبێ بە دین. بۆ وێنە شافیعی مەزهەبی شافیعی درووست دەکات واسیڵی کوڕی عەتا موعتەزیلە و ئەبوو حەسەنی ئەشعەری قوتابخانەی ئەشعەری شێخی موفید سیستەمێک و غەزالی سیستەمێکی تر و بەم شێوە.  ئەمەش یەک بابەتی بەشەرییە و یەک سیستەمی مرۆیی کە لە مێژوودا شکڵی گرتووە. 

دین = ئۆبژە
واتە بڕێ جار مەبەستمان لە دین یەک بابەتی توێژینەوەیە، واتە گەر من دین بکەمە بابەتی موتاڵا و توێژینەوە مەرج نییە و بە واتای ئەوە نایەت کە من یەک دیندارم. واتە لێرەدا دین بابەتی توێژینەوەیە، وەک دەڵێی مێژووی کورد، وایش دەڵێی مێژووی دین. کەواتە لێرە دین مەوز وعی موتاڵا و توێژینەوەیە. وەک ئەو یەهوودیانەی کە زانیارییان لە دینی ئیسلام هەبووە و قسەیان لەسەر کردووە بە ئەندازەی یەک زانا بێ ئەوەی پابەندی ئیسلامیش بوبن. بۆ وێنە ئیسلام لە میسر، ئیسلام لە شام، ئیسلام لە عێراق و هتد ناوی کۆمەڵێ توێژینەوەن کە دەکرێ خاوەنەکانیان بە هیچ شێوەیەک دینداریش نەبن. لێرەدا هیچ پەیوەندییەکی زەڕووری نییە لە نێوان توێژینەوە لەسەر دین و مەفهوومی دینداری. دەکرێ کەسێ فەقیهبێت و هیچ بڕوای بە دینیش نەبێت. لێرە دین مەزووعی لێکۆڵینەوەیە و بڕێ جار ئێمە ۆین وەک یەک هەقیقەت کە بڕوامان پێیەتی لەگەڵ دین وەک مەوزووعی لێکۆڵینەوە بەیەکەوە دەبەستینەوە کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە یەکەوە نییە، هەر چۆن هیچ جۆرە پەیوەندییەکیش لە نێوان حافزی قورئان و قورئانی بووندا نییە. 

دین = سیستەمی ئەخلاقی

بڕێ حار مەبەستمان لە دین یەک سیستەمی ئەخلاقییە، واتە دین تەنها وەک سیستەمێکی ئەخلاقی دەبینین. کانت دەیگوت دین جەوهەری ئەخلاقە چاکە بکە و خراپە مەکە. ڕاست بڵێ و درۆ مەکە و هتد. ڕاستە پەیوەندی هەیە لە نێوان دین و ئەخلاقدا بەڵام ئەخلاق شتێکە و دین شتێکی دیکە.

دین = ئەنتۆڵۆژی
بڕێ جار مەبەستمان لە دین یەک واتای وجوودییە. لێرەدا دین بە واتای یەک جۆر چێبوونی ئینسانی. لێرەدا دین باڵاترین ڕەهەندی خۆی وەردەگرێ و بۆ هەندێ لە عاریفان و فەیلەسووفان زهوور دەکات.

کەواتە دەبێ پێش هەموو شت لەم کێشەمکێشمە تێ بگەین تا لە یەک بگەین کە کاتێ دەڵێین دین مەبەستمان چییە لە دین؟!