جەنگێک بۆ مانەوە

ڕەوا موسا

2024-12-10

لەدوای کەوتنی بەشار ئەسەد، ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا چۆن ڕێگری لە کەوتنی خۆی بکات؟

لەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی سوریا کە دۆخێکی نوێ و تەواو جیاوازی هێنایە کایەوە، هاوکێشەکانی هێز لە سوریادا گۆڕان. بینیمان چۆن گرووپێکی وەک تحریر الشام کە ژمارەی سەربازەکانی بەقەد ژمارەی ئەو سەربازانە نەبوو کە ڕژێمی پێشووی سوریا تەنها لەناو بازگە و خاڵەکانی پشکنین جێگیری کردبوون، بەڵام توانیان بە تەنها یانزە ڕۆژ سوپا گەورەکەی سوریا بکەنە هەڵم و ڕژێم بکەنە مێژوو. بەر لەوەی باسی هەنگاوی داهاتووی ئیدارەی خۆسەر بکرێت پێویستە بزاندرێت هۆکارەکانی ئەم سەرکەوتنە گەورەی تحریر الشام چی بووە؟ کە لەئاستی تاکتیکی و ستراتیژی ناوخۆیی سوریادا دەتوانین بیگەڕێنینەوە بۆ سێ خاڵی سەرەکی:
یەکەم: بەکارهێنانی تاکتیکی سەربازی زیرەکانە لەلایەن کەتیبەکانی درۆنی شاهینەوە کە لە وتارێکی پێشوودا بەتایبەت و وردتر باسمان کرد. 
دووەم: ڕاپەڕینی خەڵک و بەدەمەوەهاتنی ژمارەیەکی زۆری خەڵک و چەک هەڵگرتنیان و پەیوەندیکردنیان بە تەحریر الشامەوە. 
سێیەم: کودەتای سپی سەربازانی سوپای سوریا کە زۆربەیان چەکەکانیان فڕێ دا و نیوە زیاتریشیان سوننە و دروز و کریستیان بوون، چیتر ئامادەنەبوون شەڕ بۆ بنەماڵەیەکی دەرەبەگی عەلەوی بکەن. 

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەهۆی تێوەگلانیان لە جەنگی غەززە چیتر حزبوڵا نەیتوانی پارێزگاری لە ڕژێمی ئەسەد بکات، هەروەها دوای شکانی یەکەمی جەبهەی حەلەب و حەمما و دەستپێکردنی ڕاپەڕینی خەڵک، هەریەکە لە وڵاتانی ڕووسیا و ئێران هیچ بژاردەیەکیان بۆ نەمایەوە جگە لە کشانەوە و دەستبەرداربوون. بژاردەی دووەم تەنها داخڵکردنی سوپای فەرمی ڕووسیا و ئێران بوو بۆ ناو سوریا و شەڕکردنی ڕاستەوخۆیان بوو لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، کە هیچ کامیان بەهۆی دۆخی خراپی ئێستایانەوە نەیاندەتوانی کارێکی لەو شێوەیە ئەنجامبدەن. 

لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە خێرایانەدا دۆخی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا گەیشتۆتە قۆناغێکی هەستیار و لەهەمانکاتدا جێی مەترسی، هەماهەنگی ئەم دواییانەی هەسەدە لەگەڵ سوپای ڕژێم کە لەئەنجامی گوشارەکانی تورکیاوە بوو بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان تاڕادەیەک ناوبانگی هەسەدەی لەناو عەرەبەکاندا ڕوشاندووە. بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم ڕوشاوییە هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هۆکارەکانی سەرکەوتنی تحریر الشام و گۆڕانی بۆ هۆکاری شکست بۆ کورد، ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا پێویستە چەند کردەیەکی سیاسی ئەنجامبدات تاوەکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پشتوانییەک دەستبەربکات. ئەم کردە سیاسییانە دەکرێت لەم چەند خاڵەی خوارەوە کورت بکەینەوە:

یەکەم: دەرکردنی لێبوردنی گشتی بۆ سەربازانی سوریا هاوشێوەی حکومەتی نوێی دیمەشق، لەپێناوی خۆبەدوورگرتن لە کۆچی خانەوادە و کەسوکاری سەربازان لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ ناو سنورەکانی ژێردەستی تەحریر الشام و سوپای نیشتیمانی سوریای نزیک لە تورکیا. 

دووەم: لابردنی سەرجەم ئاڵاکانی کەجەکە و پەکەکە و وێنەی بەڕێز ئۆجەلان لە شەقام و شار و دێهاتەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا، لەپێناوی نەهێشتنی بیانووی تورکیا کە بەردەوام پێداگیری دەکات لەوەی هەسەدە لقێکی پەکەکەیە. ئەم ئەزموونە تەحریر الشام چەند جارێک ئەنجامی داوە و بەتەواوی تێیدا سەرکەوتووبووە کە سێ جار ئاڵا و جلوبەرگ و ناویان لەخۆیان گۆڕیووە، بەهۆیەوە توانیان پشتیوانییەکی گەورەی شەقامی سوری بەدەستبهێنن و هەروەها وڵاتانی خۆرئاوایان ناچارکرد تاوتوێی دەرهێنانی ناوی گرووپ و سەرکردەکانی تحریر الشام بکەن لە لیستی تیرۆر.

سێیەم: هەڵدانی ئاڵای پەسەندکراوی نوێی سوریا لەسەرجەم دامودەزگا ئیدارییەکان و لەسەرجەم پێگەکانی هێزەکانی هەسەدە، هەروەها ڕاگەیاندنی پاپەندبوونی بە حکومەتی نوێی دیمەشق. ئەمەش لەپێناوی بەدەستهێنانی پاڵپشتی ناوچە عەرەبییەکانی ژێردەستی و دوورکەوتنەوە لە ئەگەری ڕاپەڕینی هاوشێوەی ئەوەی بەسەر ڕژێمدا هات.

چوارەم: نزیکبوونەوە و درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ تحریر الشام بەگشتی و ئەبو محمدی جۆلانی بەتایبەتی، لەپێناوی بەدەستهێنانی دانپێدانان و پاڵپشتی ناوخۆیی و دەرەکی. 

پێنجەم: هەڵسەنگاندێکی وردتر بکەن لە ئەگەری درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیلدا، چونکە ئیسڕائیل نیازپاکی بەرامبەر کورد نیشاننەداوە و هاوپەیمانی سەرەکی و نزیکی تورکیاشە. بۆیە ڕاگەیاندنی نزیکبوونەوە لە ئیسڕائیل یاخود ناردنی وەفد بۆ ئیسڕائیل لەبەرامبەردا هیچ هەڵوێستێکی ئەرێنی لە ئیسڕائیل نەبیندرێت زیاتر کردەیەکی خۆکوژییە. 

شەشەم: دەستپێکردنی جەولەیەکی چڕی ناردنی وەفد و دانووستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دەرەوە لەپێناوی بەدەستهێنانی دانپێدانان و سەقامگیری، هەروەها گوشارکردن لە تورکیا بۆ ڕێککەوتن. 

حەوتەم: بەرخۆدان و بەرگرییەکی چڕ و توند لەدژی سوپای نیشتیمانی سوریا کە تورکیا پشتیوانیان دەکات، ئەمە هەسەدە وەکو هێزێکی کاریگەر دەهێڵێتەوە و هیچ پێشنیارێک بۆ کشانەوە لە تەنانەت لە هیچ گوند و دێهاتێکیش قبوڵ نەکەن. 

هەشتەم: دەکرێت پەیوەندی نهێنی لەڕێگەی لایەنی سێیەمەوە ( کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە) لەگەڵ ئێران ببەسترێت تا گاریگەریان هەبێت بەسەر ڕازیکردنی تورکیاوە بە وەستاندنی هێرشەکان، بەڵام هەر پەیوەندییەکی فەرمی و ڕاستەوخۆ خراپتر دەشکێتەوە. ئێرانییەکانیش ڕەنگە بەو ئاراستەیە بڕۆن کە مانەوەی هەسەدە گرنگ بێت بۆیان، چونکە هەم زیادبوونی هەژموونی تورکیا و پەرەسەندنی دۆخەکە بۆ عێراق هیچ گومانێک بۆ ئەوە ناهێڵێتەوە کە دەگاتە ئێرانیش و ناتوانێت خۆی لەو ئاگرە بەدووربگرێت. بە پێچەوانەشەوە تێکچوونی ئێران لە قازانجی یەکەمی تورکیا و ئازەربایجان و ئیسڕائیلدایە.   

پێویستە ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا بەخێرایی و بە وردییەوە ڕەچاوی سەرجەم ئەم خاڵانەی سەرەوە بکات، هیچ یەکێکیان فەرامۆش نەکات. دواتر لە قۆناغی کۆتاییدا ئەگەر جێبەجێکردنی هیچ کام لەم خاڵانە ڕێگری نەکرد لە هێرشی تورکیا بۆناو قوڵایی ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە و مەترسی بوونیەتی لانەچوو، ئەوا ڕاگەیاندنی دەوڵەت باشترین بژاردەیە. جەنگان وەکو دەوڵەت بزاوتی ناسیۆنالیزمی کوردی گڕدەدات و ناوخۆی تورکیاش دەشێوێنێت، وە ئەگەری زیاتری مانەوە دەستبەردەکات لەبری جەنگان وەکو ئیدارەیەک. بەڵام بەهۆی دۆخی سەختی ئێستا و پێداگرییەکانی تورکیاوە پێویستە ئەم بژاردەیە لەدوای جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو هەنگاوانەی سەرەوەبێت، چونکە لەم دۆخەدا مانەوە وەکو هەرێمێکی فیدڕاڵی باشترە. بژاردەی دەوڵەت وەکو کارتێکی گوشار و هەڕەشە بەرامبەر تورکیا و حکومەتی دیمەشق بمێنێتەوە ترسناکتر و سامناکتر دەرکەوێت، تا لە قۆناغی داهاتوودا خۆیان بەهێزتر دەکەن و ئەمەش بەو مەرجەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دووبارە نەکەنەوە لە خراپ ئیدارەدان و بەکارهێنانی سەرچاوەکانی وڵات، لەبری ئەوە بیخەنە خزمەتی بەمۆدێرنکردن و بەهێزکردنی ئیدارەکە بۆ قۆناغێکی تر. 

گرنگە بزانین چیرۆکی سوریا نەگەیشتۆتە ئەڵقەی کۆتایی، بەڵکو ئەگەری سەرهەڵدانی ناکۆکی و دووبەرەکی ناوخۆیی هەیە لەناو گرووپە چەکدارە جیاوازەکاندا. لەو سیناریۆیەشدا ئەبو محمدی جۆلانی وەکو نوێنەری دیمەشق دەردەکەوێت، هاوپەیمانی لەگەڵ ئەم نوێنەرەدا بۆ هەژموونی تورکیا نەرێنی دەبێت. لەکۆتاییشدا بڕیار لەلای ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوایە، کە گەلەکەیان و چارەنووسی شۆڕشەکەیان بە چ ئاراستەیەکدا دەبەن. نابێت لەبیریشی بکەن کە چۆن ڕووسیا و ئێران ئامادەنەبوون جەنگی ڕاستەوخۆ بۆ ڕژێم بکەن، بەهەمانشێوە نە ئەمریکا و نە ئیسڕائیلیش هیچ نیازێکی وەهایان بۆ ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوانییە.