د. کرمانج گوندی:  لە کارەساتی هەڵەبجەدا چەکدارەکانی هێزە کوردییەکان دەستی ئافرەتیان دەبڕی بۆ ئەوەی بازنی زێڕی لێبکەنەوە

2023-03-15

دیبلۆماتیک

 دکتۆر کرمانج گوندی، لە کتێبی، " سی ساڵ خەبات و وڵاتێکی وێران"دا باسلە داگیرکردنی هەڵەبجەو ڕۆڵی خراپی هێزە کوردییەکان لە کارەساتی هەڵەبجەدا دەکات و دەڵێت، لە ڕۆژانی دوای کیمیاییبانکردنی هەڵەبجەدا، چەکدارانی هێزە کوردییەکان کەوتوونەتە دزی و تاڵانی و تەنانەت دەستی ئافرەتیان بڕیوەبۆ ئەوەی بازنەی زێڕەکەی ببەن.

کرمانج گوندی لە کتێبەکەیدا کە وێسگەو ڕووداوە گرنگەکانی ساڵی ۱۹٦۱ تا ساڵی ۱۹۹۰ باسکردووە، دەربارەی کارەساتی کیمیاییبارانکردنی هەڵەبجە دەڵێت:"  پاسدارو هێزە کوردییەکان لە بەرواری ۱۳ ــ ۱٤؍ ۳ ؍ ۱۹٨٨دا، هێرشیان بۆسەر هەڵەبجە دەست پێکردو داگیریان کرد، پاش داگیرکردنی هەڵەبجە،خەڵکی شار ویستبوویان لە شاردا وەدەرکەون، مەترسی ئەوەیان هەبوو ڕژێم دەستی خۆی لێیان بوەشێنێ، بەڵام زۆربەیان بە ئامۆژگاری هێزەکانی یەکێتی لە شاردا مابوونەوە".

کرمانج گوندی لە لاپەڕە ۱۳٦ی کتێبی " سی ساڵ خەبات و وڵاتێکی وێران"دا، دەربارەی ڕۆڵی خراپی هێزە کوردییەکان و دزی و ڕاوڕووتی ئەوان دەکات و نووسیوویەتی:"  لە ۱٦ ــ۳ ــ ۱۹٨٨ دا، کە بۆمبارانی کیمیایی بەسەر هەڵەبجەدا باری، ئا لەو ڕۆژە ڕەشەدا، لە وەختێ لاشەی هەزاران زارۆک و ژن ، مێرد و پیری بێتاوان، لەنێو ماڵ و کۆڵان و شەقامەکانی هەڵەبجەدا کەوتبوون، چەکدارەکانی هێزە کوردستانییەکان، بە جێگەی ئەوەی تەرمی شەهیدان بنێژن و برینی بریندارەکان تیمار بکەن و یارمەتی لێقەوماوان بدەن، کەوتنە تاڵانکردن و دزینی ماڵی شەهیدان و برینداران و لێقەوماوانی ئەم شارە".

 

 ئەو دەشڵێت:" ڕۆژی یەکەم، گوایە ماڵی پیاو خراپان"یان چەپاوڵ کردووە، ئەو چەکدارانە دەستی ئافرەتی کوردیان دەبڕی، بۆ ئەوەی کاتژمێرو بازنی زێڕی لێبکەنەوە، گوێیان هەڵتڵیشاندن بۆ ئەوەی گوارەی ئاڵتونی لێبکەنەوە.

کرمانج گوندی، باسی لەوەشکردووە کە لە لایەن بەرپرس و چەکداری هێزە کوردییەکانەوە، بنکەو بارەگاکانیان لە دەوروبەری هەڵەبجە پڕ کراوە لە کەل و پەلی تاڵانکراوی خەڵکی هەڵەبجەو دەڵێت:" هەتا سێ مانگیش دوای کارەساتەکە، بنکەکانی " تریفە، چاوگ، بامۆک، جەلیلە، عەبابەیلێ، هاوار، سەرکەن، گریانە، دزڵی" و دەیان ئەشکەوت، پڕبوون لە تەلەفیزیۆن، یەخچاڵ، وەرتەو مافور، کورسی و مۆبل، گاوگۆتاڵ و مەڕو ماڵات و پەلەوەری ماڵی، پاشان لەبەر ساخ نەبوونەوەیان لە لایەن چەکدارە دزەکان ئاگریان تێبەردراون".

پاش نووسینەو وێناکردنی ئەو دیمەنە دزێوانە، نووسەری کتێبی "سی ساڵ خەبات و وڵاتێکی وێران" دەپرسێت و دەڵێت:" هێزێک خۆی بە پێشڕەو و ڕزگارکەری گەلەکەی دانێ، چۆن دەچێ لەشکری دەوڵەتێکی دی کە داگیرکەرێکی تری وڵاتەکەی خۆیەتی بۆ داگیرکردنی شارێکی خۆی دێنێ و لە کارەساتەکەشدا ڕۆڵێکی زۆر ناجوامێرانە دەبینێ و دوای شەهیدبوونی هەزاران مرۆڤ لە دانیشتوانی ئەو شارە ، سەرلەنوێ دەکەوێتەوە تاڵان و دزی".