ئایا کۆرۆنا مەترسیدارە؟!

2020-03-25

سەرخێڵ ئەحمەد

بەداخەوە لێرەو لەوێ ژمارەیەک کەس «بە ئەنقەست یان بە نەزانین!» و لەژێر ناوی «شارەزایی یان هەر شتێکی تر!» ئەیانەوێ لەمەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەم بکەنەوە!

بگرە ناڕاستەوخۆ هانی هاتنەدەرەوەی خەڵکی ئەدەن. بە بیانووی ئەوەی ڕێژەی مردن بە کۆرۆنا زۆر سنوردارەو گوایە ڕێژەکەی ناگاتە ڕێژەی پەتایەکی وەرزی! یاخود دەڵێن لەهەزارکەس حەوتسەدو پەنجا کەسی توشبوو پێویستی بە نەخۆشخانە نییەو خۆی چاک ئەبێتەوە! گوایە هەندێ خەڵک کە توش ئەبن هەر هەستی پێناکەن!

،،

هەندێکیان ناڕاستەوخۆ دەیانەوێت بڵێن حکومەتی هەرێم بۆیە خەڵکی کەرەنتینە کردووە بۆ ئەوەی مووچە نەدات! ئەم قسانە زۆر سەیرن!

ئەگەر کۆرۆنا ئەوەندە بێ مەترسییە بۆچی دەوڵەتی چین بەدەیان ملیۆن خەڵکی خۆی لەچەند شارێک کەرەنتینەکرد بۆماوەی نزیکەی دوو مانگ؟! بۆچی ئەو هەموو کارگەو کارخانانەی داخست و ئەو هەموو زیانە ئابووریە گەورەی لەخۆیدا؟! ئێمە لەوان زیرەکترین؟!

بۆچی دەوڵەتێکی گەورەی پیشەسازی وەک ئیتاڵیا تەواوی دانیشتوانی وڵاتەکەی کەرەنتینە کردووە، بە سەدان و هەزاران ناوەندی پیشەسازی و ئەکادیمی و ژیانی گشتی داخستووە؟! ئەزانن ئیتاڵیا خاوەنی دووەمین باشترین سیستەمی تەندروستیە لە جیهاندا؟!

ئەزانن ئێستا ڕۆژ بەڕۆژ ڕێژەی مردن لەو وڵاتە بەڤایرۆسی کۆرۆنا بەرەو هەڵکشانێکی مەترسیدار هەڵەکشێ؟!

خۆتان بڕۆن سەیری ژمارەکان بکەن و بەراوردی بکەن لەگەڵ سەرەتا.

حکومەتی بەریتانیا لەسەرەتای پەتاکە هەمان بیرکردنەوەی هەبوو! ڕایگەیاند کەڕێکاری سنوردار ئەگرنەبەر بۆ ئەوەی بە شێوەی «وردە وردە» پەتاکە بڵاوببێتەوەو خەڵکی خۆیان مەناعە پەیابکەن و ئیتر پێویست بە کەرەنتینەی سەرتاسەری و داخستنی ئەو هەموو کارخانانە نەکات!

بەڵام دوایی بۆی دەرکەوت هەڵەیەکی گەورەی کردووە. دوێنێ بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند بەداخەوە دوو هەفتەی ئایندە بەریتانیا وەک ئیتاڵیای لێدێت و پێویستە خۆمان ئامادە بکەین بۆ لەدەستدانی بەشێک لە ئازیزانمان!

ئەرێ ئەگەر کۆرۆنا مەترسیدار نییە خێرە ئیدارەکەی ترەمپ شارە گەورەکانی وەک نیۆرک و واشنتۆنی بۆ ماوەی دوو هەفتە کەرەنتینە کرد؛ سوپای دابەزاندە ئەو شارانە بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ؟! دیارە ئەوانیش موچەیان پێنادرێ؟!

ئاگاتان لێیە کۆنگرێسی ئەمەریکی پلانی دوو ترلیۆن دۆلاری پەسەند کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخەکە؟! ئەزانن دوو ترلیۆن دۆلار چەند سفری هەیە؟! یانی ئەوەندە بێ عەقڵن بۆ پەتایەکی ئاوا سوک و بێ مەترسی بودجەی ئاوا تەرخان بکەن؟!

ئەزانن چی؟! عەقڵی خۆتان مەیەنە دەستی هەندێ کەس ژیان و مردنی ئێوەیان لامەبەست نییە!

ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە لایک و کۆمێنتە نەک ژیانی ئێوە!