چیرۆكى هاتنى یه‌كه‌م چاپخانه‌ بۆ سلێمانى

2020-04-26

داراغا زامۆ

مێژووى چاپخانەى شارەوانى تەنها مێژووى چاپخانەیەکى ئاسایى نییە، بەڵکو مێژووى هەموو شارى سلێمانیە لە رووى کولتورى و ڕۆشنبیرى و سیاسى و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە.


مێژووى گۆرینى دەسەڵاتى عوسمانیيە بۆ دەسەڵاتى ئینگلیزەکان لە دواى جەنگى جیهانى یەکەم.
مێژووى سەرهەڵدانى بزوتنەوەى شیخ مەحمودو کاریگەرى ڕۆشنبیران لە سەر فەرهەنگى کولتورى ئەم شارە وەک شاعیر و ڕوناكبیر ( پیرەمێرد ) کە چەند هەستى بە گرنگى چاپخانەو ڕۆژنامەوانى و نوسین لەو سەردەمەدا کردوە، ئەم چاپخانەیە لەگەڵ دامەزراندنیدا ئەرکى نوسینەوەى مێژووى شارى سلێمانى پێسپێردراوە کە چۆن لەسەرەتاوە لە وڵاتى بەریتانیاوە دێتە شارى سلێمانى بۆ یەکەم جار لە سەر دەستى ( مێجەر سۆن ) بۆ مەبەستى بەهێزکردنى دەسەڵاتەکەى و حوکمى بەریتانى لە ناوچەکە، هەر لەوێوە لەگەڵ یەکەم بزوتنەوەى نەتەوه‌ی کورد دا دەڕوات بۆ ئەشکەوتى ( جاسەنە) لەوێ ڕۆژنامەى ( بانگى هەق ) چاپ دەکرێ، له‌ دوایدا دەگەڕێتەوە بۆ ناو باڵەخانەى شارەوانى سلێمانى بۆ چاپکردنى چەندین کتێب و نامیلکە و ڕۆژنامە لەو سەردەمەدا بۆ نموونە ڕۆژنامەى ( ژیان ).
ئەم چاپخانەیە سەرەتاى دروستبوونى مێژووى ڕۆژنامەوانى شارى سلێمانیە، وە لە ڕێگەى ئەم چاپخانەیە هەموو کارو چالاکى ڕۆژانەى کولتورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابورى ئەم شارە دیکۆمێنت کردوە.

ئەم نووسینە كه‌ نووسینى باوکمە " غه‌فور ره‌شید داراغا" ده‌رباره‌ى چاپخانه‌كه‌ى شاره‌وانى سلێمانى كه‌ لە ڕۆژنامەى هاوکارى لە ساڵى ( 1972/7/29 ) بڵاو بۆتەوە، بە گرنگم زانى دووبارە بڵاوى بکەمەوە لەبەر گرنگى بابەتەکە.


چاپخانەکەى شارەوانى سلێمانى

لە ساڵى ( 1919 ) کە ( مێجەر سۆن )ى ناحەزى کورد و تێڵاى دەستى ئیمپریالیزمى ئینگلیزى دوژمن بە نەتەوەى کورد، بە فەرمانى ( وڵسن )ى فەرماندارى گشتى عێراقى داگیرکراو هاتە سلێمانى، ئەو مێجەر سۆنەى کە ماوەیەکى دور و درێژ بە کوردستاندا سوڕاوەتەوە بە ناوى ( میرزا غلام حسین شیرازى ) کە شارەزاییەکى باشى پەیدا کردبوو، لە ژیانى کۆمەڵایەتى و ئابورى و نەرێت و خوو ڕەوشت و بارى تیرە و خێڵەکان و شێوەکانى زمانى کوردى.
ئەم ( سۆن )ە وەکو وتمان ئەو ماوە درێژەى کە لە کوردستاندا بوو مەشقێکى تەواوى کردبوو بۆیە لەلایەن دەزگاى ئیمپریالیزمى ئینگلیزەوە کارێکى گرنگى پێ سپێڕرا کە ناردیانە سلێمانى، سۆن بۆ ئەوەى باش لە کارەکەیدا سەرکەوێ لەگەڵ خۆیا چاپخانەیەکى دەستى کێش کردو خێرا دایمەزران.
وە یەکەم ڕۆژنامەى کوردى بەو چاپە چاپ کرد بە ناوى ڕۆژنامەى ( پێشکەوتن )ەوە,

وە ئەم کارە دەستەى بەڕێوەبەرى بۆ دانا لە ژێر چاودێرى و ئاراستەى خۆیدا، بەم جۆرە یەکەم ژمارەى ( پێشکەوتن ) لە ڕۆژى 1919/11/8 دا دەرچوو.

،،

وە ئەم ڕۆژنامەیە سێ ساڵى خایان و ( 118 ) ژمارەى لێ دەرچوو، وە هەفتانە بوو هەفتەى جارێک دەر ئەچوو.

ڕێڕەو و ئامانجى ئەو ڕۆژنامەیە بریتى بوو:

1- پڕوپاگاندەى بۆ دەوڵەتى بەریتانیاى گەورە بڵاو ده‌کردەوە، لە خەڵکى کوردستانى ئەگەیان کە ئیمپراتۆریەتى بەریتانیا خۆر لە بەیداخى ئاوا نابێ، بۆ بە زۆر تر دەنگ و باسى هەندەرانى بڵاو ئەکردەوە بە تایبەتى ئەوەى پەیوەندى بە ئیمپراتۆریەتى بەریتانیاوە هەبوو لەگەڵ ئەو وڵاتانەى کە بە پاشکۆى بەریتانیاوە بەسترابون و خرابونە ژێر چەپۆکیەوە.
2- کنە کردن لە ناو نەتەوەى کورددا بە چاندنى تۆوى دووبەرەکى لە ناو کۆمەڵانى خەڵکى کوردستاندا، هەروەها چاو و ڕاوکردن دژى حکومداریەتى شێخ مەحمودى نەمر وە جیا کردنەوەى خەڵک لێی.
3- چاو و ڕاوکردن دژى شۆرشى ئۆکتۆبەرى مەزن کە ئەو کات ساوابوو وە لە تەمەنى دوو ساڵییدا بوو، ئەو شۆرشە کە چاوى هەموو گەلانى جیهانى کردەوە وە ڕژێمى ئیمپریالیزم و سەرمایەدارى بنکەند و ڕیسوا کرد.
4- بەربەستى پڕوپاگەندەى تورکیزمەکان ( تورک چیەکان ) و چڵکاو خۆرەکان و بزوتنەوەى على شەفیق پاشاى شەرکەس کە بە ( ئۆزەدمێر ) ناوى دەرکرد، کە لە ناوچەى ڕەواندوز و ڕانیە... هتد سەرى دەرهێنا بوو، هێشتا کێشەى ولایەتى موصل ( کوردستانى عیراق ) لابەلا نەکرا بوو تورکەکان داوایان ئەکردەوە، دیارە ئەمەش گەورەترین مەترسی بوو بۆ ئینگلیزەکان لە بارەى نەوتى ئەم وڵاتەوە.
5/ لەم چاپخانەیەدا ئیعلان و بەیاننامە و کاروبارى ئیدارى ئینگلیزەکانى پێ چاپ ئەکرا.
ئەم ڕۆژنامەیە ئەو ڕێڕەوەى کە لێی دواوین جاروبار کاک ( عەلى کەمال باپیر ) کە یەکێک بوو لە بەرێوەبەران هەندێ هەڵبەست و هۆنراوەى بە سۆزى نیشتمانى تیا بڵاو ئەکردەوە...


لە ساڵى 1922 ( وڵسن )ى فەرماندارى گشتى عێراق سەرنجیدا کەوا فەرمانڕەوایەتى مێجەر سۆن له‌ لەڕزین و بۆگەن کردن دایە، هات ( سۆن )ى داخ لە دڵى لابرد وە لە جیاتى ئەو بەچکە ئینگلیزێکى ترى ناردە شوێنەکەى کە ( گۆڵدسمیس ) بوو، وە وەهاى ئامۆژگارى کردبوو کە ئەبێ بڕێک لەگەڵ خەڵکدا نەرم و نیان بێ بۆ ئەوەى بۆگەنەکەى ( سۆن ) لەبەر لوتى خەڵک لابدا.


( گۆڵدسمیس ) هاتە سلێمانى و ( مێجەر سۆن ) بارى کرد، بەبار کردنى سۆن ڕۆژنامەى ( پێشکەوتن ) لە کارکەوت، ئەو کات گورج ( حاجى مستەفا پاشاى یاموڵکى ) کە لە دەوڵەتى عوسمانیدا بە ( نەمرود ) ناوى دەرکرد بوو، ئیمتیازى ڕۆژنامەیەکى لێ سەند بە ناوى ڕۆژنامەى ( بانگى کوردستان )ەوە کە لە چاپخانەکەى مێجەر سۆن چاپ ئەکرا یەکەم ژمارەى لە 1922/8/2 دەرچوو، هەفتەى جارێک دەرئەچوو بە کوردى‌و عەرەبى و تورکى نوسینى بڵاو ئەکردەوە، بە پێچەوانەى ڕۆژنامەى ( پێشکەوتن )ە کەى سۆن گەلێک نوسین و وتارى نیشتمانى و کۆمەڵایەتى بڵاو کردەوە.


لە 19922/9/22 ( شێخ مەحمود )ى نەمر هاتەوە سلێمانى پاش ئەوەى لە بەند و دیلێتى ڕزگار بوو وە بە ڕەسمکى بوو بە ( حکومدارى کوردستانى خوارو )

،،

یەکەم ژمارەى ڕۆژنامەى ( ڕۆژى کوردستان ) ى دەرکر لە 1922/11/15

بە چاپخانەکەى مێجەر سۆن کە ئەم ڕۆژنامەیە ئۆرگانى ( زمان حاڵى ) حکومەتەکەى شێخ مەحمود بوو, هەفتەى جارێک دەرئەچوو, هەموو بەیاننامە و فەرمانەکانى شێخ مەحمودى نەمرى بڵاو ئەکردەوە بە ناوى ( ملک کوردستان- محمود ).


ئەم ڕۆژنامەیە ( 15 ) ژمارەى لێ دەرچوو وە لەسەر خواستى شێخ مەحمود ناوەکەى گۆڕا بوو بە ڕۆژنامەى ( ئومێدى ئیستقلال ) کە هەر ئۆرگانى حکومەت بوو، دیارە ئەم ناو گۆڕینە خۆى لە خۆیا نوقڵانەیەکى باشە، وە دیسان ئەوەش ئەگەیەنی کە شێخى نەمر ئەیویست سنورى حکومەتەکەى ( کوردستان ) پەرەپێ بسێنی هەرهیچ نەبێ کوردستانى خوارو بگرێتەوە، ئەم ڕۆژنامەیە دیسان هەفتەیی بوو وە تا کۆتاى مانگى شوباتى ( 1922 )ى خایاند.


شێخى نەمر لە ژێر پاڵەپەستۆى دەزگاى ئینگلیزەکاندا لە ڕۆژى 1923/3/4 سلێمانى چۆڵ کرد وە بە لەشکر و بارەگا و تفاقەوە ڕوى کردە ناوچەى سورداش وە لەگەڵ خۆى چاپخانەکەى مێجەرسۆنى بار کرد وە لە ئەشکەوتى ( جاسەنە ) دایمەزراند، وە لە ڕۆژى 1923/3/8 یەکەم ژمارەى ( بانگى هەق )ى بەو چاپخانەیە دەرکرد کە ئۆرگانى شۆرشگیرانى کوردستان بوو, پاش ماوەیەک کە لەشکرى کوردستان بە سەرۆکایەتى شێخ مەحمود ناوچەى سورداشى چۆڵ کرد وە چووە ( پیران ) لە ناوچەى پێنجوێن, چاپخانەکەى ناردەوە سلێمانى وە داى بە دەزگاى شارەوانى.


لە 18ى ئابى ( 1924 ) لە چاپخانەى شارەوانى ڕۆژنامەى ( ژیانەوە ) چاپ کرا کە ڕۆژنامەیەکى هەفتەى بوو وە ( 56 ) ژمارەى لێ دەرچووە لەلایەن دەستەیەکەوە دەرئەکرا کە سەر بە ئینگلیزەکان بوون ئەم ڕۆژنامەیە تا 1926/12/14ى خایاند.


لە ڕۆژى 1926/12/21 لەم چاپخانەیە ڕۆژنامەى ( ژیان ) لەلایەن دەزگاى شارەوانیەوە دەرچوو، وە خوالێخۆش بوو مامۆستا ( حسین ناڤم ) بەرێوەبەرى چاپخانەکە بوو, وە ئیمتیازە کەشى بە ناوى شارەوانىیەوە بوو.
ئەم ڕۆژنامەیە دیسان هەفتەیی بوو، زۆرتر لە ئەدەب و هونەر و هەڵبەست ئەدوا.
لە ساڵى 1932/5/6 مامۆستا ( حسین ناڤم ) کۆچى دوایى کرد لە جیاتى ئەو بوێرى هەڵکەوتوو ( پیرەمێرد ) دانرا بە بەرێوەبەرى چاپخانەکە و ڕۆژنامەکەو توانى ژمارەى ڕۆژنامەکە بگەینێتە ( 553 ) ژمارە.


لە ساڵى 1934/8/14 ( پیرەمێرد ) لە بەرێوەبەریتى چاپخانەکە لابرا, ئەمجا هات چاپخانەکەى لە شارەوانى بە کرێ گرت بۆ ماوەى ( 3 ) سێ ساڵ کە لە 1937/8/3 دا بۆى تازە نەکرایەوە بە هۆى ناکۆکى نێوان پیرەمێرد و ( مەجید یاقوبى ) فەرماندارى شار ( متصرف ) لەسەر ئەوەى کە پیرەمێرد لە ڕۆژنامەکەدا گەڵێک هەڵبەست و سرودى نیشتمانى بەسۆز بڵاو ئەکاتەوە.


لە 1938/10/16 پیرەمێرد چاپخانەیەکى باشى بۆ خۆى کڕى و ئیمتیازى ڕۆژنامەى ( ژین )ى بۆ خۆى وەرگرت

.


لە چلەکاندا ماوەیەک ئەم چاپخانەیە لەلایەن مامۆستا ( مەحمود ئەحمەد )ەوە بەکرێ گیراوە توانى هەندێک کتێب و نامیلکەى پێ چاپ بکات, ئەمە ناوى چەند کتێب و نامیلکەیە کە بەو چاپخامەیە چاپ کراوە:


1/ قصص الانبیا‌و بە کوردى لە نوسینى مامۆستا ( زێوەر ) لە ساڵى ( 1920 ) چاپ کراوە.
2/ دیوانى مەحوى لە ساڵى ( 1922 ) چاپ کراوە.
3/ دەستورى موچەخۆرى لەکاتى حکومدارێتى شێخ مەحمود چاپ کراوە لە ساڵى ( 1923 )
4/ گۆرانى کوردى نیشتمانى لە ساڵی ( 1925 ) چاپ کراوە.
5/ هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن نوسینى ( م.م. پشدەر ) لە ساڵى 1938 چاپ کراوە.
6/ بەهەشتى ون بوو لە هەڵبەستى خوالێ خۆش بوو بەختیار زێوەر لە ساڵى 1946 چاپ کراوە.
7/ گوڵاڵە لە نوسینى مامۆستا ( مەحمود ئەحمەد ) ساڵى 1947 چاپ کراوە.
وەکو لە پێشەوە وتمان کە ئەم چاپخانەیە بۆ مەبەستێکى تایبەتى هێنراوە لە سلێمانى دانرا, بەڵام پاش ماوەیەک شۆرش و نیشتمان پەروەرەکان قۆستیانەوە و توانیان گەلێک خزمەتى بزوتنەوەى ڕۆشنبیر و کوردایەتى پێ بکەن, وە ئەم چاپخانەیە لەم ڕوەوە ڕۆلێکى گەورەى دیارى کراوى هەبوو.
بەڵام بە داخەوە ئێستا ئەو چاپخانەیە کەفتەکار و بێ ناز کەوتوە چڵ و چیواڵەکەى لە یەکێک لە عەمارەکانى شارەوانى سلێمانى فڕێ دراوە.


خۆزگە شارەوانى هیمەتێکى بکردایە:
1/ ئەو چاپخانەیە ( چڵ و چیواڵەکەى ) بدایە بە مۆزەخانە.
2/ یان لە کۆشکى شارەوانیدا ژورێکى بۆ تەرخان بکردایە, پاشماوەى ئەو چاپخانەیە تێ دابنایە, وە کورتە مێژوویەکى لەسەر تۆمار بکرێ, بۆ ئەوەى نەوەى ئەمڕۆمان ئاگادارى ئەو ڕۆڵە گرنگە بن کە ئەم چاپخانەیە پێى هەڵساوە لە ڕووى بزوتنەوەى ڕۆشنبیرى و نەتەوایەتى گەلەکەمانەوە دیارە ئەم پێشنیازەشم کارێکى گرانى ئەوتۆ نییە کە لە توانادا نەبێ لەبەر ئەوە چاوەڕوانى هیمەتى کاربەدەستانى شاڕەوانى سلێمانیم لەم ڕوەوە.