زنجیرە دەستگیركردنەكانی قاسم موسڵیح یەكێك لە سەركردە دیارەكانی حەشدی شەعبی دوای مانەوەی 15 رۆژ لە زیندان كۆتایی هات.
دەڵێن موسڵیح لە زیندانی VIPیدا بووە و خزمەت كراوە، كە بە تۆمەتی پەیوەندی بە تیرۆر و كوشتنی ئەیهاب وەزنی چالاكوان كەربەلا دەستگیر كرابوو، موسڵیح بەهۆی " نەبوونی بەڵگەی پێویست"دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا ئازادكرا، بەڵام ئەم ئازادكردنە هەیبەتی دەوڵەتی لەبەرامبەر میلیشیاكانی نزیك لە ئێران هێنایە خوارەوە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەكی بەپەلەدا ڕایگەیاند،كە "دادگا مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو كەیسانەدا دەكات، كە بەپێی بەڵگە و یاسا دەخرێتە بەر دەستی دادوەر"، ئاماژە بەوەش دەكات كە" قاسم موسڵیح بە كوشتنی ئەیهاب وەزنی تۆمەتبار كرابوو، بەڵام هیچ بەڵگەیەك لە دژی نەخرابووە ڕوو،بەتایبەت لە كاتی ئامادەبوونی لەبەردەم دادگا و وەرگرتنی وتەكانی،هەروەها بەپێی زانیارییەكانی پاسپۆرتەكەی، موسڵیح لە كاتی كوشتنی ئەیهاب وەزنی لە دەرەوەی وڵات بووە، ڕەتیشی كردۆتەوە كە ئەو تاوانەی ئەنجام دابێت یان بەشداری تێدا كردبێت، دادگاش هیچ بەڵگەیەكی دەست نەكەوت كە موسڵیح ئەو تاوانەی بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئەنجام دابێت".
قاسم موسڵیح كێیە؟
ناوی تەواوی قاسم موسڵیح محمود خەفاجیە، تەمەنی 55 ساڵە، لە شاری كەربەلای ناوەڕاستی عیراق لە دایك بووە،مێژوویەكی لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمەكەی سەددام حسێن هەیە، بەشداری لە ڕاپەرینی شیعەكان " شەعبانیە"ی ساڵی 1991دا كردووە، كە دوای جەنگی یەكەمی كەنداو 14 پارێزگای عیراق لە دژی بەعس ڕاپەڕینیان كرد و حكومەتی ئەو كاتی عیراق كۆنترۆڵی ئەو شارانەی لەدەستدا،بەڵام ئەم دۆخە زۆری نەخایاند و لە دوای یەك مانگ، رژێم هێزێكی زۆری كۆكردەوە وڕاپەڕینەكەی دامركاندەوە ، هەروەها سەدان خەڵكی ڕاپەڕیوی دەستگیر كرد و ژمارەیەكی زۆریشی لە سێدارە دان، كە موسڵیح یەكێك بوون لە دەستگیر كراوەكان
،،
ماوەی سێ ساڵ لە زیندانی بەعسیەكاندا مایەوە و دواتر ئازادكرا، ئەویش بە نهێنی رووی كردە ئێران و تا ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003دا نەگەڕایەوە بۆ عیراق.
موسڵیح دوای ڕوخانی رژێمی سەددام حسێن جارێكی دیكە گەڕایەوە كەربەلا، بۆ ئەوەی بەشداری لە دامەزراندنەوەی هێزی ئەمنیدا بكات و پارێزگاری لە شوێنە پیرۆزەكان بكات،موسڵیح ئەركی پاراستنی شوێنە پیرۆزەكانی لەڕووی ئەمنی و ڕێكخستنەوە پێدرا،هێزێكی ئەمنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی پێكهێنا،پێكهێنانی ئەو هێزە هاوكات بوو لەگەڵ پێكهێنانی سوپای مەهدی سەر بە موقتەدا سەدر،بەڵام ئەمان سنوریان تەنها پاراستنی شوێنە پیرۆزەكان بوو، وەك خۆیان دەڵێن " هەردوو شوێنە پیرۆزەكە"، وەك ئاماژەیەك بۆ مەزارگەی ئیمام حوسێن و براكەی ئەبی فەزڵی عەباسی.
موسڵیح خاوەنی دوو منداڵە، محمد و نور، بە باوكی محمد ناسراوە، لەسەردەمی نوێی دوای سەددام حسێن جارێكی دیكە دەستگیر كرایەوە، بەڵام ئەمجارە لەلایەن ئەمریكیەكانەوە بوو، بەتۆمەتی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی هێزەكانی هاوپەیمانان سێ ساڵ زیندانی كرا، دواتر ئازادكرا و جارێكی دیكە دەستی بە پێكهێانی هێزی سەربازی كردەوە،بەلام ئەمجارە بە هەماهەنگی لەگەڵ مەزارگای حوسێنیە لیوایەكی بەناوی "لیوای عەلی ئەكبەر" پێكهێنا، كاری هێرشی سەربازی بوو لەكاتی فتوای جیهادكردن،بەردەوام بوون لە كاركردن تا ئەو كاتەی هێزەكانی سەر بە مەزارگەی عەباسی و لیوای عەلی ئەكبەر و فیرقەی ئیمام عەلی، لە دامەزراوەی حەشدی شەعبی كشانەوە و پەیوەندییان كرد بە وەزارەتی بەرگرییەوە، كە فەرمانیان لەسەرۆك وەزیرانەوە پێدەگات.
موسڵیح لەگەڵ گەنجانی خۆبەخش هێزێكی بۆ چوونە ناو سامەرا پێكهێنان، پێكهێنانی هێزە چوار ڕۆژ پێش فتواكەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان بوو، كە فتوانی جیهادی كیفائی دەركرد،ئەم هێزە بۆ شكاندنی ئابڵوقەی سەر شارەكە و پارێزگاری لە مەزارگەی ئیمان عەلی مەهدی و حەسەن عەسكەری بوو، هەروەها بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی داعش بوو بۆ سەر شارەكە، بۆ ئەوەی ڕووداوەكەی ساڵی 2006 دووبارە نەبێتەوە.
موسڵیح لێرەش لیوایەكی بە ناوی "لیوای تەفوف" دروست كرد، ئەمەش دوای ئەوە بوو كە لە لیوای عەلی ئەكبەر هاتە دەرەوە، هەندێك لە میدیاكانیش باس لەوە دەكەن، كە موسلێح بەهۆی كاری پێچەوانەی ڕێكارە ئیدارییەكان دەركراوە.
لیوای تەفوف بەپشتگری ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری ئەو كاتی دەستەی حەشدی شەعبی بووە، كە لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكادا لەگەڵ قاسم سولەیمانی لە سەرەتای ساڵی 2020 لە نزیك فرۆكەخانەی بەغدادی نێودەوڵەتی كوژران.
لیواكەی قاسم موسڵیح لە ناوچەكانی رۆژئاوای ئەنبار جێگیر كران، بەپێی سەرچاوە ئەمنیەكان، كاری پاڵپشتی و هاوكاری ئەو چەكدارانە بووە، كە هێرشیان دەكردە سەر بنكەی عەین ئەسەدی سەربازی، كە یەكێكە لە بنەكەكانی ئەمریكا.
موسڵیح بەوە ناسرابوو، كە لەگەڵ چەكدارانی لیواكەی زۆر توند بووە، هەروەها هەڕەشەی لە ئەفسەرێكی سوپای عیراق كردبوو،ئەمە جگە لەوەی هەڕەشەی لە چالاكوانان دەكرد و دەیترساندن و هەوڵی ڕفاندنی دەدان،بەڵام دوای هەموو ئەم كارانەی لەلایەن هێزێكی عیراقیەوە لە 25ی ئایاری 2021 دەستگیر كرا، دەستگیركردنەكەی بەهۆی داوای خۆپیشاندەرانەوە بوو، كە داوایان دەكرد بكوژانی چالاكوانان بەتایبەت ئەیهاب وەزنی دەستگیر بكرێن،بەڵام دەستگیر كردنەكەی هەر وا بە ئاسانی تێنەپەڕی، هێزەكانی حەشدی شەعبی هاتنە سەر شەقامەكانی بەغدا و ناوچەی سەوز-یان گەمارۆ دا و داوای ئازادكردنیان دەكرد، بەمەش هەیبەتی حكومەتی عیراق و سوپا لەبەرامبەر میلیشیاكانی حەشد هاتە خوارەوە.
،،
دوای ئەم ڕووداوانە، شاری كەربەلا چاوەڕوانی ئازادكردنی موسڵیح بوون،دوای ئازادكردنیشی سەدان كەس خۆیان بۆ پێشوازی ئامادەكردبوو، دروشمی پشتگیریان دەوتەوە و وشتر و ئاژەڵی دیكەیان بۆ كردە قوربانی.
وا دیارە ئازادكردنی موسڵیح بە فشاری ئێران بووە،چونكە هاوكات بوو لەگەڵ سەردانی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بۆ بەغداد، كە بەپێی سەرچاوەكان قائانی بەڵێنی ئەوەی داوە، كە ڕێگا لە حەشد بگرێت هێرش بكەنە سەر دامەزراوە حكومیەكان، لەبەرامبەریشدا حكومەت لێپێچینەوە لە هیچ كەسایەتیەكی حەشد نەكات.
ئازادكردنی موسڵیح لاوازی حكومەتی عیراقی بەرامبەر بە گروپە چەكدارییەكان نیشاندا، هەروەها دەستكراوەشی كردن بەوەی هەر كارێك ئەنجام بدەن، چونكە ناتوانرێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.