زینکردنی ئەسپی ڕەئیسی بۆ سەرۆککۆماری داهاتوو!

2021-06-19

سەرباز حەمەکەریم مستەفا


سەید ئیبراهیم ڕەئیسی ساداتی لە 1960/12/14 شاری مەشهەد لە دایکبووە. سیاسەتمەداری کۆنەپارێز، ئەندامی لیژنەی مردن کە بە [کۆمیسیۆنی مردن] ناوبانگی دەرکردبوو، ئەندامی شورای ناوەندی [کۆمەڵگەی ڕۆحانیەتی جەنگاوەر]، جێگری سەرۆکی یەکەمی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕابەر و سەرۆکی دادگای ئیسلامی ئێرانە کە پاش سادق لاریجانی لە 2019/3/7 لە لایەن عەلی خامنەیی ئەو پۆستەی پێسپێردراوە.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2017دا توانی زیاتر لە 16ملیۆن دەنگ (38.3%) بەدەستبهێنێت و لە بەرامبەر حەسەن ڕۆحانیدا (57% دەنگەکانی بەدەستهێنا) شکستی هێنا.
پاش مردنی ڕۆحانییە بەهێزەکانی وەک ئەکبەر هاشمی ڕەفسنجانی، مەحمود هاشمی شاهرودی، محەمەد یەزدی، محەمەد تەقی مصباح یەزدی و محەمەد ڕەزا مەهدەوی لە ساڵانی 2010_2020، ئەوا ڕەئیسی بە چەند هۆکارێک تاکە کەسێکە هێزەکانی پاراستن، سوپا، ڕۆحانییەکانی قوم و کۆمەڵێک لە ڕیفۆرمخوازان دەتوانن بگەنە ڕێککەوتن لەسەری بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەرکی ڕابەرایەتی و سەرۆککۆماری،

هۆکارەکانیش خۆیان دەبیننەوە لە:
یەکەم/ ئیبراهیم ڕەئیسی بۆماوەی دووساڵ پۆستی سەرۆکی دادگای لە ئەستۆیە و کورسی سەرۆککۆماری ئەم کەسایەتییەی هەنگاوێک بۆ سەرۆکایەتی نزیک کردووەتەوە.
دووەم/ لەنێو ئەو ڕۆحانیانەی کە لە سیستمی حکومڕانی ئێران لە ئاستێکی باڵای حکومەتدان، ئەوا ئیبراهیم ڕەئیسی وەک ئەندامی لیژنەی مردن بەشداری کارای هەبووە لە سەرکوتی ناڕەزاییەکانی چل ساڵەی گەلی ئێران.
سێیەم/ چەند ساڵێکە دامەزراوەی بانگەشە و ڕاگەیاندنی ڕژێمی ئێران، تاکێکی دژەگەندەڵی لە ڕەئیسی دروستکردووە.
چوارەم/ ڕەئیسی سەیدە و ئەمەش واتە باشتر دەتوانرێت بە عەمامەی ڕەشەوە وەک نەوەی پێغەمبەر و نوێنەر و جێگری ئیمام زەمان لەنێو خەڵکیدا نفوزی هەبێت.
پێنجەم/ ڕەئیسی کەسێکی نە تەمەن مامناوەندی 52 ساڵەیە کە وەک موجتەبا خامنەیی کە گروپێک پەیڕەوی نەکەن و نە پیرە پیاوێکی هەشتا ساڵەیە کە ڕژێم نەتوانێت لەسەر ڕێبەری سی ساڵەی ئەژمار بکات.


بوونی ئیبراهیمی ڕەئیسی بە تاکە بەربژێری دیاری کۆنەپارێزەکان دەگەڕێتەوە بۆ:
-- کارنامەی ئیبراهیمی ڕەئیسی لە سەرۆکایەتی دادگا و سڕینەوەی پاڵپشتی و هاوکارییە دارییەکان و لاوازکردنی لایەنگرانی ڕکابەرە سیاسییەکانی.
-- بەردەوامی سیاسەتەکانی ئاسایشی ڕژێمی ئێران و شوێنکەوتنی ئیبراهیمی ڕەئیسی لە داخوازی سوپا و ئەندامانی ئاسایش.
-زینکردنی ئەسپی سەرۆکایەتی بۆ کەسێک کە ڕۆڵی ئامێری واژۆکردنی ڕژاندنی خوێنی هەزاران کەسی لە بەندینخانەکانی ئەو وڵاتەدا گێڕاوە.
-دادگاو سیستمی دادوەری ئێران بە سەرۆکایەتی ڕەئیسی لە خزمەتی سوپادا بووە.
وێڕای ئەوەی هەر لەو پۆستەیدا لەژێر ناونیشانی [ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی] لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا دژایەتی چەند کەسێکی کردووە کە دەتوانرا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا خۆیان بەربژێر بکەن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری و ئاڵنگاری پۆستی ئیبراهیم ڕەئیسی بکەن لەوانەش: لە سادق لاریجانی (دۆسیەی ئەکبەر تەبەری و هاوکارەکانی) تا کوڕانی بەرپرسانی پێشووی دادگاکانی وەک (دەری نەجەف ئابادی و موقتەدایی)، هەروەها حەسەن ڕۆحانی (دابینکەرانی خەرجیی سەرۆکایەتییەکەی و براکەی) و سەرەڕای دەستبەسەرکردنی هاوکارەکانی وەک (مەهدی جەهانگیری).....
کەواتە بۆچی لەنێو گەندەڵکارە سیاسیی، ئابووریی و داراییەکان، لەسەر ئەم کەسانە جەخت کراوەتەوە؟ گەر بۆ ڕەتکردنەوەی داواکاری خۆبەربژێرکردنیان نەبێت!
لە کۆتاییشدا ئیبراهیم ڕەئیسی بەربژێرێکی دیاری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەمساڵە و کەسێکی نزیکە لە ڕابەر (عەلی خامنەیی)ەوە و هەردەم پاڵپشتی کار و پڕۆژەکانی کردووە و پێشبینی دەکرێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. وێڕای ئەوەی هەندێک کات وەک [توندڕەوێکی کۆنەپارێز] وەسف دەکرێت. ئەمە سەرباری ئەوەی بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سزا دراوە.