چۆن لە مەرگ ڕزگارم بوو

2021-06-20

مەلا سەعدون هەڵەدنی

"دوای تێپەڕبونی زیاتر لە٤٣ ساڵ بەسەر کارەساتی هەکاری، کاتی ئەوە هاتوە وەك شایەتحاڵ و بریندار و بە موعجیزە دەربازبویەکی ئەو کاراساتە، ئەوەی بینیم، بیگێڕمەوە.
ساڵی ١٩٧٨ گەنجێکی خوێنگەرمی ١٧ ساڵان بووم، بەڵام خۆشەویستی نیشتیمان و نائومێدی ڕۆژگارە شومەکانی دوای ئاشبەتاڵ، وەك زۆربەی گەنجانی کوردوستانەکەم ویژدانی داخ ئەکردم. سەرباری کەمیی تەمەنم، سەرەتای ئەو ساڵە لە هەرێمی چوار بوم بە پێشمەرگە لای شەهید غەریب هەڵەدنی و شەهید مەحمود گەورەدێیی. بەڵام لەبەر کەمیی چەك، من پێشمەرگەیەکی بێچەك بووم. هەر ئەوکات لە سەرکردایەتیەوە بروسکەمان بۆ کرا برۆین بۆ ناوزەنگ و بناری قەندیل. لەوێ بە هێزێکی زۆرەوە کە زۆربەمان بێ چەك بووین، بە بناری قەندیلدا بەرەو ناوچەی سێ سنوور بەڕێکەوتین. ئامانجی ئەم هێزە وەرگرتن و هێنانی چەك بوو کە لە سوریاوە بۆمان ئەهات".

،،

"هێزەکەمان چەند ڕەتڵێك بوو کە شەهیدان عەلی عەسکەری و دکتۆر خالد سەعید و شێخ حسێنی بابە شێخی ئێزدی سەرکردایەتیان ئەکرد. لەگەڵ بەڕێکەوتنمان، سوپای ڕژێمی شای ئێران بەتۆپ و فڕۆکە، بەخەستی بۆردومانی کردین.

لەبەر کەمیی پێداویستی خوارد ن و حەسانەوە، زۆر شەکەت و برسی بووین، دوای سێ شەو و سێ ڕۆژ ڕۆیشتن، گەیشتینە ناوچەی کێلەشین ی نزیك سێ سنوور، بەڵام بەداخەوە چەند پێشمەرگەیەکمان لە هیلاکیی و لە برسا گیانیان لەدەستدا".
"لە کێلەشین، مەڕدارەکانی ئەو ناوچەیە سەرباری بێ دەرامەتیان، بەپێی پێویست خواردنیان داینێ و هەریەکەمان کەوچکێك حەڵوا مان بەرکەوت و کەمێك بوژاینەوە. لە کێلەشینەوە بەرەو سێ سنور بەڕێکەوتین و لە لۆلان هێزەکانمان کە چەند ڕۆژێك بوو دابڕابوون، یەکیان گرتەوە. بەڵام لە جۆرجان، سوپای عێراق بە پشتیوانی و چاوساغی جاشەکانی، هێرشیان کردە سەرمان و تا شەو شەڕ بوو، بەداخەوە لەو شەڕە نابەرامبەرەدا کە زۆرمان بێ چەك بووین، چەندین پێشمەرگەمان شەهید و بریندار بوو.
دوای شەڕەکە، ئەو شەوە گەیشتینە ماسی ڕۆلوێ لەناوخاکی تورکیا و دواتر بەڕێکەوتین بۆ بازێ، لەبازێ چەند ڕۆژێك پشومان دا، لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە دۆست و پشتیوانمان هەبوو. پاشان خوالێخۆشبوو دکتۆر کەمال خۆشناو و سالار عەزیز گەیشتنە لامان و هەندێك چەکیان پێ گەیاندین کە لەسوریاوە بە قاچاخ هێنابویان، من کڵاشینکۆفێکی پێنج بزمارم وەرگرت".

قیادەی مۆقەتە
پارتی ئاشبەتاڵی بەشۆڕشێکی ١٢٠ هەزار چەکداری کردبوو، هەموو چەکەکانی بەکاملی لە تۆپەوە تا کڵاشینکۆف، تەسلیمی بەعس کردبۆوە. دروستکرنەوەی ئەم حزبە بەناوی قیادەی مۆقەتە و تەشکیلکردنی هێزی چەکدار، جگە لە پەلاماردانی ئێمە و ڕێگرتن لە شۆڕش، هیچ ئامانجێکی تری نەبوو. قیادەی مۆقەتە بە ئازادی ئەچونە ئێران و تورکیا و تەنانەت عێراقیش، چەك وتەقەمەنیان لەهەمویان وەرئەگرت. " قیادەی مۆقەتە، عەشایرەکانی ئەو ناوچەیەیان هاندابوو کە شۆڕشی نوێ و یەکێتی، هێزێکی کافری مارکسیە و بێدینیی بڵاو ئەکەنەوە و هاتون تاڵانتان بکەن.
هێزەکەی قیادەی مۆقەتە بە چەکی باش و بە پشتیوانی عەشایرەکانی ناوچەکە هاتنە سەرمان. نابەرامبەریەکە لەوردابوو کە هێزەکەی ئێمە هێشتا زۆربەمان بێ چەك بووین، بۆیە هێزەکانمان لێكدابڕان. هێزەکەی ئێمە دکتۆر خالید سەعید سەرپەرشتی ئەکرد و بەرەو سوریا ڕۆیشتین، بەڵام چەکدارەکانی قیادەی مۆقەتە لەگەڵ عەشایرەکان کە چەکی تورکیان پێ بوو، لە هەموو شوێنێك پەلاماریان ئەداین. لە حەسەن ئاغا دیسان پەلاماریان داینەوە، چەندین پێشمەرگەمان شەهید و بریندار بوو، جەوهەر سەعید ی برای دکتۆر خالد لە نزیك منەوە شەهید بوو، لەبەر بێ ئەزمونیی و مناڵیی خۆم، یەکسەر وتم کاك دکتۆر خالد ئەوە کاک جەوهەر شەهید بوو، بەڵام بێ ئەوەی هیچ خۆی تێك بدا، وتی هەمووتان بۆ من جەوهەرن، هیمەت بکەن. لەبەر نابەرامبەریی شەڕەکە و بەهۆی کەمیی چەك لای هێزەکەی ئێمە، هێزەکەمان ئەوەی شەهید و بریندار نەبوو، گیران.
من لەو شەڕەدا، بە سەختی بریندار بووم، قاچێك و دەستێکم شکا، چەندین ڕۆژ لە و شاخە بە برینداریی کەوتبووم، چەند شوانێکی ئەو ناوچەیە هاتن، لە جیاتی ئاو و خواردن، ئازاریان دام و خستیانمە بن دووسێ بەردەوە بۆ ماوەی سێ شەو و سێ ڕۆژ، ڕۆژێك سێ ژنە مەڕدار هاتنە شوێنەکە، منیان بینی و قاپێك شیریان دامێ".
"سوپای تورکیا هاتبوە ناوچەکە بۆ سۆراغی شەڕەکە، کاتێکم زانی هاتن بەسواری وڵاخ بردیانم بۆ یەکێك لە گوندەکان، هێزێکی سوپای تورکیا لەوێ بوو، دوای تەداوی برینەکانم، بە هێلیکۆپتەر بردیانم بۆ جولەمێرگ (هەکاری)، لەوێ یانزە پێشەرگەی تری برینداری لێبوو، دوانیان بەناوەکانی ئیسماعیل و ئیبراهیم لەوێ شەهید بوون، پاشان منیان لەبەر کەمیی تەمەن جیاکردەوە و بردیانم بۆ دیاربەکر.
زیاتر لە پینج مانگ بە برینداریی لە زیندان و لە نەخۆشخانەکانی دیاربەکر مامەوە. تەندروستیم باشتر بوبوو، پێشتریش وتبووم خەڵکی سوریام چونکە ئەمزانی پەیوەندیمان لەگەڵ سوریا باشە و ئەگەر تەسلیمی سوریام بکەنەوە سەلامەت ئەبم. لەگەڵ پۆلیسی ئیفادی تورکی لە نوسیبێنەوە بردیانم بۆ قامشلی، بەڵام لەوێ کەسم نەئەناسی و هیچ دەلیلێکم نەبوو کە سوری بم، بۆیە جارێکی تر هێنایانمەوە بۆ تورکیا. من ئینکاریم کرد کە عێراقی بم، چونکە ئەمزانی تەسلیمکردنەوەم بە عێراق کۆتایی ژیانمە. ئەمجارەیان تەسلیمی ئێرانیان کردمەوە، لەوێ یەکسەر گیرام، لە شنۆ پانزە ڕۆژ بوو لە پایەگایەکی نزیك سنوور زیندانیی بووم. لەو ناوچەیە هەواڵەکە بڵاوبوبۆوە کە کوردێکی عێراق بە برینداریی گیراوە، چونکە هەر بەدارشەق ئەڕۆیشتم".
"شەهید موحەمەدی مەلا عەلی بێژوێ، بەسەردانی خزمەکانی هاتبوە ئەو گوندانە، خەڵك پێیان وتبو کەسێکی بریندار لەو پایەگایەگیراوە و عێراقیە و ئەشێ پێشمەرگەی یەکێتی بێ، شەهید موحەمەد وەك پیاوێکی دەسڕۆیشتوی خانەدان یەکسەر بڕی ١٥ هەزار تمەن ی دابوو بە پایەگاکە بۆ ئازادکردنی من. دوو سەرباز بە شەلەشەل هێنایانمە خوارەوە و لەناو باخێکدا بەجێیان هێشتم و وتیان بەزوترین کات ئێران بەجێ بهێڵە.

لەوێ پیاوێكی مشکی بەسەر چاوەڕوانی ئەکردم کە دوایی تێگەیشتم شەهید محمدی مەلا عەلی یە. وتی کاکە پێمبڵێ تۆ چ کارەی، وتم دەربەدەر و لێقەوماوم، بەلام دواتر خۆم پێناساند و چیرۆکەکەم بۆگێڕایەوە، زۆری پێخۆش بوو، بێ ئەندازە ڕێزی لێنام، بردمیە ماڵێك، لەوێ پاش ٧ مانگ دەربەدەریی و برینداریی و زیندانیی، بۆ یەکەمجار هەستم بە ئارامیی و حەسانەوە کرد. دیارە ئەوکاتە نەمئەزانی کە کاك موحەمەد کۆمەڵەی ئێرانە و دۆست و پشتیوانی یەکێتی یە. دوای چەند رۆژێك لە حەسانەوە، بە ئۆتۆمبێلێك بەڕێی کردم بۆ سەردەشت و، ئۆتۆمبێلەکە بردمی بۆ ماڵی کاك موحەمەد، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کاك عەبدوڵای موهتەدی بوو کە من ئەوکاتە نەمئەناسی و نەمئەزانی کێیە! پاش چەند ڕۆژێك، کاك موحەمەد بەقاچاغ بەڕێی کردم بۆ خڕی ناوزەنگ و، لەوێ بە هاو سەنگەر و دۆست و ناسیاو شادبومەوە"

،،

"لە ناوزەنگ، پانزە ڕۆژ لە بارەگاکەی مامەحمەد مەنداوێی بووم، لەوێ مامجەلام بینی و هەموو شتێکم بۆ گێڕایەوە، دکتۆر مەحمود عوسمانیش دانیشتبوو، دکتۆر مەحمود دە دیناری دامێ و بە مامجەلالیشی وت یارمەتیم بدا.


دوای حەسانەوە، لە ناوزەنگەوە بەسواری وڵاخ ناردیانمەوە بۆ هەرێمی چوار لە سنوری دۆڵی جافەتی( بەهۆی برینداریەکەم و شکانی قاچ و دەستمەوە هەر بەدارشەق ئەڕۆیشتم)"

جارێکیتر ڕزگار بوون لە مەرگ
"لە ڕێگەی گەڕانەوەم بۆ دۆڵی جافەتی، شەهید سدیق وڵاخلویی و مام بەکرە سورم لەگەڵ بوو. لەڕێگە، لە چیای سەر تەنوربان، لە سواری وڵاخەکە هاتمە خوارەوە، چونکە شوێنەکە سەخت بوو، پاش کەمێك وڵاخەکە هەڵدێرا و، لێرەش بە موعجیزە ڕزگارم بوو. پاش گەیشتنمان بە گەوردێ، بەرەو گەڕەدێ بەڕێکەوتین، بەڵام کەوتینە کەمینەوە و لێرەش ڕزگارم بوو"!
"لەگەڕەدێوە هاتمەوە بۆ هەڵەدن و، بە دایك و باوکی ڕەحمەتیم و بە کەسوکار شادبۆمەوە، کە شەش مانگ بوو پرسەیان بۆ دانابووم".
"داوای بوردن لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانم ئەکەم ئەگەر کەموکوڕیی لە گێرانەوەکەمدا هەبێ یان ناویانم بیرچوبێ"
دواجار وەك پێشمەرگەیەکی زۆر گەنج و سادە، شایەتێکی زیندووی پاکیی و دڵسۆزیی سەرکردە و پێشمەرگەکانی کاروانی هەکاریم. کاروانی هەکاری بۆ ئامانجێکی پیرۆز بەڕێکەوت، ئامانجی گەیشتن بە چەك و فراوانکردنی شۆڕش و ڕووبەڕووبونەوەی داگیرکەر بوو. بەڵام گولەبارانکردنی سەرکردەکان و سەدان پێشمەرگەی خوێنگەرمی ئەو کاروانە لە پێناوی چیدا و بۆ خزمەتی کێ بوو؟ دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ٤١ ساڵ بەسەر کارەساتی
هەکاریدا، هەمیشە پرسیار ئەکەم ئاخۆ کورد جگە لەخۆی دوژمنی هەیە؟!
بەڵام دڵنیام ئەگەر کاروانی هەکاری سەرکەوتوو بوایە، ئێستا شتێك نەبوو ناوی دوبەرەکیی ودوو ئیدارەیی و بادینی و سۆرانی بێ!