بەگوێرەى راگەیەنراوی دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان رۆژی دووشەممەى داهاتوو پەرلەمان لەسەر چەند پرسێک کۆدەبێتەوە.
وەک لەکارنامەدا هاتووە، بڕگەى چوارەمی دانیشتنەکە کۆمەڵێک پرسی گرنگ و جێناکۆکیی پەرلەمانتاران لەخۆدەگرێت و چاوەڕێ دەکرێ لەسەر ئەم خاڵە مشتومڕی گەرم بێتەئاوارە.
،،
چونکە وەک لەرابردووش بەشێک لەفراکسیۆن و پەرلەمانتاران راگەیاندووە، پرۆسەى چاکسازى شکستی هێناوەو دواى ساڵێک لەدەرچوونى یاساکە هێشتا هیچی ئەوتۆی لێ جێبەجێنەکراوە.
هەر لەو دانیشتنەدا پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر کەموکوڕیی خاڵە سنوورییەکان و دیاردەى قاچاخچێتی و داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ دەکات، کە گەندەڵییەکى گەورەو فراوانی تێدا دەکرێت. لەلایەن میدیاکان و پەرلەمانتارانە چەندین بەڵگەنامەى حاشاهەڵنەگر خراونەتەڕوو، کە لەدەروازە سنورییەکان لەلایەن بەرپرسانەوە قاچاخچێتی دەکرێت و داهاتەکەى ناگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت.
هەروەها تاوەکو ئێستا پرۆسەى بەرهەمهێنانى نەوت و داهاتى نەوت و ناوخۆ، ناڕوونە و لەوڕووەوە چەندین بەڵگەنامە خراونەتەڕوو، کەداهاتى نەوت و ناوخۆش هەر چەندە زیادیکردووە، بەڵام هەموو داهاتە ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت و وەزارەتى دارایی، بەڵکو لەلایەن بەشێک لەکۆمپانیا حزبییەکان و بەرپرسانەوە دەستی بەسەرداگیراوە.
بۆیە چاوەڕێ دەکرێت پرسەکانى لێبڕینی موچە و شکستی چاکسازى و قاچاخچێتی خاڵە سنوورییەکان و ناشەفافییەت لەداهاتى نەوت وناوخۆ، وا بەئاسانى لەناو هۆڵی پەرلەمان گەنگەشەی هێمنانەى لەبارەوە ناکرێت و بەهۆی ناکۆکیی و راجیایی پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکان لەسەر ئەو پرسانە، چاوەرێ دەکرێ، دانیشتنەکەى رۆژی دووشەممەى داهاتووی پەرلەمان، ئاگری ناکۆکییەکان و رەخنەکان خۆشتر بکات.