نەخۆشخانەکەی زیقار، شەقام جۆش دەداتەوە

2021-07-14

بەهۆی سوتانی نەخۆشخانەی " ئیمام حوسێن"ی تایبەت بە چارەسەری توشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای زیقار، تاكو ئێستا 124 كەس گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی زۆری قوربانیەكان توڕەیی شەقامی لەو شارە بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە زۆرینەی نەخۆشخانەكانی پارێزگاكەیان داخست، هەروەها لەسەر دەرگای نەخۆشخانەكان چەندین دروشمیان نوسی لەوانە" بە فەرمانی هەژاران داخرا"، ئەمە جگە لەوەی داوای دەست لەكاركێشانەوە و لێپێچینەوەیان لە لایەنی حكومی و ئیداری پارێزگاكەیان دەكرد؟

ژمارەیەكی زۆری كەسوكاری قوربانیەكان لەبەردەم نەخۆشخانە سوتاوە كۆبوونەوە، بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیان مۆمیان هەڵكرد، هەروەها ترسی ئەوەش هەیە، كە خۆپیشاندان و توڕەیی تەواوی پارێزگاكە بگرێتەوە.

خۆپیشاندەران لە مەیدانە گشتیەكانی زیقار خێمەیان هەڵداوە، بەتایبەت لە مەیدانی " الحبوبی"، كە ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە هاوشێوەی ڕاپەڕینەكەی ئۆكتۆبەری ساڵی 2019یە، كە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، خۆپیشاندەران دروشمیان دژ بە گەندەڵی و چەوساندنەوە دەوتەوە، وەك :" كێ دەمسوتێنێ؟" و " ئەی گەلی عیراق هەڵیانمەبژێرن... پارتەكان دەمانسوتێنن".
چاودێران پێیانوایە، كارەساتی سوتانی نەخۆشخانەی حوسێن، لەوەیە ببێنە مایەی پریشكی خۆپیشاندانی سەرتاسەری هەموو ناوچەكانی عیراق بگرێتەوە، بەتایبەت كە ئەمە یەكەم ڕووداو نیە، هەروەها وەك لە گرتە ڤیدیۆكانیش دەبینرێت، نەخۆشەكان بەهۆی گەندەڵی و گرنگیپێنەدانەوە بێ چارەسەر ماونەتەوە.

تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان پڕ بوون لە وێنەی گردبوونەوەی جەماوەری كە هەموو مەیدانەكانی عیراقی گرتۆتەوە.
خۆپیشاندەرێك بە سكای نیوزی وتوە كە:" ئێمە ناچینەوە بۆ ماڵەوە، بەڵكو لێرە دەمێنینەوە لە سەرە شەقام و مەیدانەكان، بەردەوام دەبین تا ئەو كاتەی ستەمكار گەندەڵكاران دەڕۆن، ئەوانەی بە زیندویی دەمانسوتێنن

،،

ستەم و سوتاندن بەسە، ئێمە مرۆڤ و ئازادین، چیدیكە ئەو بێدەنگی و ڕازی بوونە قبوڵ ناكەین".

چاودێران، نیگەرانن لە دۆخی پارێزگاكە و پێیانوایە، دوای بە خاكسپاردنی قوربانیەكان خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە زیقار دەست پێدەكاتەوە، هەروەها ترسیان لە ئاڵۆزبوونی دۆخەكە هەیە، بەشێوەیەك تێكهەڵچوون و توندوتیژی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكان ئەگەرێكی زۆر نزیكە.

عێراقیەكان لەبری چارەسەر دەسوتێنرێن:

عێراقیەكان هێشتا كارەساتی سوتانی نەخۆشخانەی " ئیبن خەتیب"یان لەبیر نەچۆتەوە، كە سێ مانگ لەمەوپێش لە بەغداد ئاگری گرت و بەهۆیەوە 82 كەس بوونە قوربانی و 110 كەسیش برینداربوون، كارەساتی نەخۆشخانەی حوسێنیشی بەسەردا هات، كە هەردوو نەخۆشخانەكە تایبەت بوون بە چارەسەری توشبووانی كۆرۆنا،ئەوەی ئەم دوو نەخۆشخانەی كۆكردۆتەوە، تەنها ژمارەی قوربانیەكان نیە، بەڵكو هۆكاری سوتانی هەردوو نەخۆشخانەكەیە، كە هەردووكیان بەهۆی خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵیەوە كارەساتی گەورەیان بەدوای خۆیاندا هێنا، لە ئیبن خەتیب بەهۆی نەبوونی سیستەمی ئاگر كوژێنەوە، ئاگرەكە هەموو نەخۆشخانەكەی گرتەوە، نەخۆشەكانیش لەبری چارەسەر سوتان، هەروەها لە زیقاریش نەخۆشخانەكە كەمترین خزمەتگوزاری تێدا پێشكەش دەكرا، لەوەش خراپتر بە كابینە دروستكرابوو، كە لە ئەگەری كەوتنەوەی ئاگر، زۆر بە خێرایی ئاگرەكە هەموو بەشەكانی نەخۆشخانەكە دەگرێتەوە، ئەگەر ئاگرەكەش نەگاتە هەموو بەشەكان، ئەوە نەخۆشەكان بە دووكەڵی ئاگرەكە دەخنكێن.

،،

ئەوەی لە عێراق ڕوودەدات، بەهۆی خراپی بەڕێوەبردنەوەیە، كە بەرهەم ئەحمەد ساڵح، لە تویتێكیدا ئاماژەی بەوە كرد" كە گەندەڵی و خراپ بەڕێوە بردن ڕێگرن لەوەی دامەزراوەكان چاكسازیان تێدا بكرێت".

هەر بەهۆی دووبارە بوونەوەی ئەم كارەساتانە و چارەسەرنەكردنی گرفتەكان و گوێ نەدان بە خەڵكی هەژار، وای لە خۆپیشاندەرانی زیقار كردووە، بڵێن" بەرپرسەكان بە زیندوویی دەمانسوتێنن".