ڕاپۆرتی ماڵپەری ئەلمۆنیتەر لەسەر ناكۆكیەكانی ناو یەكێتی

2021-07-16

نوسینی ئەمبێرین زەمان


ململانێی دەسەڵات لەناو خانەوادەی تاڵەبانیدا بەشێوەیەکی بەرچاو ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو زیادیکرد کاتێک دەیان چەکدار هەڵیانکوتایە سەر دەزگای ڕاگەیاندنی هێشتا لەدایک نەبووی سەر بە لاهور شێخ جەنگی تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ڕکابەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە ترسی ئەوەی هەیە درێژەبکێشێت و ناجێگیریی ئەمنی و لەوانەشە جەنگێک لە کوردستانی عێڕاقدا، کە هاوپەیمانێکی گرنگی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، بەرپا بکات.


لە بەیاننامەیەکدا ئای پلەس گوتی کە نزیکەی پەنجا چەکداری دەمامکدار بە جلو بەرگی سەربازیەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئۆفیسی ئای پڵەس لەسلێمانی کە بە پایتەختی کارگێڕی یەکێتی دادەنرێت و کەلوپەلەکانیان شکاندووە دایانخستووە.


یەکێتی دووەم گەورەترین پارتی سیاسیە لە کوردستانی عێڕاق و لەگەڵ پارتە ڕکابەرەکەیدا، پارتی دیموکراتی کوردستان، لەدەسەڵاتدا پێکەوەن. ئاژانسی هەواڵی ژیانیش کەسەر بە باڵەکەی لاهورە پەلاماردراوە و لە تویتێکدا ئاژانسی هەواڵی ژیان ئەمەی بە کودەتا لەدژی خاوەنەکای ناوبرد.

،،

ئەم پەلاماردانە لەکاتێکدا هات کە بافێڵ تاڵەبانی دەستیکرد بە زنجیرەیەک هەنگاو کە ئامانج لێیان وەلاخستنی ئامۆزاکەی و دەستبەسەرداگرتنی تەواوە بەسەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا.

یەکێتی لەلایەن باوکی بافێڵ تاڵەبانیەوە، جەلال تاڵەبانی، دامەزراوە کە سەرۆکی کاریزمی پێشووی عێڕاق بووە و لەگەڵ مەسعود بارزانیدا بۆ ماوەیەکی درێژ ڕابەری سەرەکی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد بوون لە عێڕاق و چوار ساڵ پێش ئێستا کۆچی دوایی کرد.


پێشتر بافێڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندبوو کە مادەیەکی ژەهراوی لەبەرەگای دەزگای زانیاری دۆزراوەتەوە کە ویستراوە غافڵکوژی بکەن، بەڵام ئەوەی نەگوت کە کەی و لە کوێ و هیچ زانیاریەکی تری زیاتری لەوبارەیەوە نەگووت، بەڵام بەڕوونی دیاربوو دەستی پەنجەی بۆ لاهور تاڵەبانی ڕاکێشا و ڕێگای خۆشکرد بۆ لەناوبردنی.


هەفتەی ڕابردوو بەهاندانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بافێڵ تاڵەبانی سەرکردەکانی دژە تیرۆر و دەزگای زانیاری سەر بەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان لابرد کە هەردووکیان سەر بەلاهور بوون و لە جێیاندا کەسانی سەر بە خۆی دانان. قوبادی برابچوکی بافێڵ تاڵەبانی کە جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەیەکی ئاشکرا باڵپشتی لەم هەنگاوانە کرد، چەندین سەرکردەی دێرینی یەکێتی وەک کۆسرەت ڕەسوڵ و مەلا بەختیار کە سەردەمانێک خۆیان ململانێی دەسەڵاتیان دەکرد لەناو یەکێتیدا، پشتگیری بافێڵ تاڵەبانی دەکەن.


دەوترێت کە پافێڵ تاڵەبانی تەمەن ٤٨ ساڵ و لاهوری تەمەن ٤٥ ساڵ زۆر ناکۆک بوون لەسەر دەسەڵات و پارە و بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە لاهور تاڵەبانی و براکانی قۆرغی قاچاخچێتی و چالاکیە بازرگانیەکانی تریان لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کردووە کە سنورێکی دورو درێژیان لەگەڵ ئیڕاندا هەیە.
ململانێی دەسەڵات شەپۆلێک پێشبینی هێناوەتە ئاراوە بەوەی کە ئێران کە کاریگەرترین ئاکتەری بیانیە لە ژێر قەڵەمڕەوی یەکێتی و تورکیاش نفوزێکی زۆری لە ژێر دەسەڵاتی پارتیدا هەیە، هەردووکیان بەشێوەک لە شێوەکان لەم مەسەلەیەوە تێوەگلاون. ئەمەش بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە دەوترێت لاهور تاڵەبانی دەستی هەبووە لە یارمەتیدانی ئیدارەی ترەمپ بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی لەمانگی یەکی ٢٠٢٠ دا. لەهەمان کاتیشدا لە بەرژەوەندی ئیڕاندا نیە ببینێت بافێڵ طاڵەبانی هێزی زیاد دەکات.


نەیاری ئەنکەرەش بۆ لاهور لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە پەیوەندێەکی نزیکی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان و هەروەها مەزڵوم کۆبانیدا هەیە. تورکیا لۆمەی لاهور بەوە دەکات کە دوو ئەندامی گەورەی دەزگای ئیستیخباراتی تورکیا لە مانگی هەشتی ٢٠١٧ دا لە نزیکی سلێمانی لەلایەن پەکەکەوە ڕفێنران.

،،

بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە خانەوادەی تاڵەبانی دەڵێن کە بانگەشەکانی دەستێوەردانی دەرەکی زیادەڕەویی زۆر تیاکراوە و سەرچاوەیەکیش نزیک لە ماڵی تاڵەبانیش بە مۆنیتەری گوت "ئەمە شەڕێکی نێو خێزانیە".


سەرچاوەکە، وەک زۆر لەوانی تر، وتی هێشتا زۆر زووە هێڕشی پێچەوانەی لاهور ببینین و پێکدادانی توند هەرچەندە ئەگەری نیە، ناتوانین بڵێین نابێت.
هەرەوەها سەرچاوەکە وتیشی لاهور تاڵەبانی بەهۆی هێرشە زمانیە توندەکانی دژی مەسعود بارزانی کەوتنی خۆی نزیککردەوە و یەکێک لە سەرچاوەکان وتی "مەسعود بارزانی هێڵی سورە، بەڵام ئەو وا سەیری دەکرد کە وەک یەک بن"، هەروەها وتیشی ‌هێرشەکانیشی بۆ سەر ئەنقەرە یارمەتی نادا.


سەرچاوەکە وتی "دوا جار ئەم شەڕە ئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی دامەزراوەکانە لە کوردستانی عێڕاق ئەویش بەوەی هەر کەسەو گروپی خۆی هەیە".
ڕۆژی دوو شەممە، ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیای یەکێتی ناوی هاوسەرۆکیان گۆڕی بە سەرۆک، بەڵام ئەوانەی سەر بە لاهور وەک خۆی ماونەتەوە.


ڤلادمێر ڤان ولگینبێرگ، شارەزا لە بواری کاروباری کورد و هاودانەری کتێبی (کوردەکانی باکوری سوریا: فەرمانڕەوایی و هەمەچەشنی و ململانێ) وتی ڕەنگە ئەم گۆڕانکاریانە کاربکاتە سەرچارەنوسی پەیوەندی هاوپەیمانی نێوان گۆڕان و یەکێتی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق، گەر بافێڵ تاڵەبانی بەردەوام نەبێت لە هاوپەیمانیدا لەگەڵ گۆڕان.


شەڕی جێگرەوە جەلال تاڵەبانی هەر لە کۆچی دواییەوە لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ وە دەستی پێکردووە، هەفتەیەک دوای سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کە وڵاتانی ئێران و تورکیا و ئەمریکا بە توندی دژی بوون و هەروەها لە لایەن بافێڵ و لاهوریشەوە بە بیانووی ئەوەی هێشتا زووە دژایەتی دەکرا. دواجار هەردووکیان بەردەوام لەلایەن بارزانیەوە بە خائین تۆمەت باردەکرێن بوەی کە کەرکوکیان تەسلیمی دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی کردەوە. کەرکوک شارێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و ئەمەش بۆ دەوڵەتی داهاتووی کوردی زۆر گرنگ دەبێت.


ناکۆکی و ململانێی نێوان ئەم دوو ئامۆزایە بەشێوەیەکی کاتی چارەسەرکرا ئەویش بەوەی لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەردوکیان بوونە هاوسەرۆکی پارتەکەیان و هەردووکیشیان پێکەوە کەوتنە لابردنی هەموو ئەوانەی سەر بە بنەماڵەکەیان نەبوون و منافەسەیان دەکردن.

،،

یەکێتی هەمیشە لە کۆندا شانازی بەوەوە دەکرد کە "عەشایەریی" نیە وەک پارتی کە بارزانی سەرکردایەتی دەکات.


ڕەمزی ماردینی توێژەر لە ئامۆژگای پێرسۆن ی سەر بە زانکۆی شیکاگۆ کە دراسەی چارەسەری ناکۆکیەکان دەکات بە مۆنیتەری وت "یەکێتی بۆ ئەوە دروستنەبووە بنەمایەکی عەشایەری هەبێت، بەڵام ئێستا دەبینین کوڕەکانی تاڵەبانی پارتەکە بەڕێوەدەبەن". زیاتر وتیشی کە کاتی ئەم پاکتاوکردنە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ تیشک خستنە سەر ئەو داینامیکیەی کە هەیە. "یان لەسەر بنەمای پێشگرتنە و بۆ پاراستنە. یان بافێڵ و قوباد هۆکاریان هەبووە باوەڕ بەوە بکەن کە لاهور لەوەیە هەنگاو لە دژیان بهاوێت، یان هۆکاریان هەبووە باوەڕ بەوە بێنن کە ئەگەر هەیە لاهور لە داهاتوودا دەبێتە سەرۆک و دوایش هەل نابێت ڕێ لەوە بگرن". ئەمەش ڕەنگە پەیوەندی بە خراپبوونی باری تەندروستی هێرۆ خانی ژنی مام جەلالەوە هەبێت، کە چالاکوانێکی سیاسی گەورەیە خۆی لە خۆیدا.


ماردینی وتیشی "ڕەنگە لەبەرئەوە بێت گەر کۆچی دوایی بکات، کوڕانی تاڵەبانی چیتر ناتوانن دەسەڵاتیان جێگیربکەن، بەڵام من پێموایە تا لەژیاندا بێت، هەرچەندە لەدەرەوەی بوارەکەش بێت، یارمەتی کوڕانی دەدات کە لەسەر پێی خۆیان بوەستن".