ئاو، ئاگر لە ئەهواز بەردەدات

2021-07-25

خۆپیشاندانەكانی ئەهواز خۆی نایە دەیەمین رۆژەوە، هەروەها چالاكوانانیش داوا دەكەن درێژە بە خۆپیشاندان بدرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ كپكردنەوەی خۆپیشاندانەكان، هێڵی ئینتەرنێت و كارەبایان لە چەندین شار پچڕاندووە.

هەروەها چالاكوانانی دیكەش لە چەندین پارێزگای ئێران داوا دەكەن بۆ هاوسۆزی خەڵكی ئەهواز خۆپیشاندان ساز بكرێت، هاوكات حكومەتی ئێرانیش بۆ كۆتایی هێنانی توڕەیی شەقام، حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسدارانی بۆ ئاهواز ناردووە.

خەڵكی لە گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوەكەیان توڕەن

توڕەیی خەڵكی ئەهواز و خوزستان، ریشەیەكی مێژوویی هەیە، چونكە بەشێكی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكانیان پەیوەستە بە جیاوازی نەتەوەیی و مەزهەبی، بەڵام هۆكاری سەرەكی توڕەیی ئەمجارەیان تەنها داواكارییە مێژووییەكانیان نییە، بەڵكو داواكاری دابینكردنی ئاوە بۆ ناوچەكەیان، كە خۆی بە بوونی ئاوێكی زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام حكومەتی ئێران ڕێرەوی ئاوەكەی بۆ شارە فارسیەكان گۆڕیوەو شارێكی وەك خوزستانی وشك كردووە.

،،

یوسف عەزیزی، كەسایەتی ئەكادیمی ئەهوازی كە لە لەندەن نیشتەجێیە لە لێدوانێكیدا بە ماڵپەڕی " الحرە"ی ڕاگەیاندووی كە" ڕژێم لە خوزستان بەنداوێكی دروست كردووە، بۆ ئەوەی ڕێڕەوی ئاوەكە بۆ شارە فارسیەكانی ناوەڕاستی وڵات ببات، بۆیە خەڵكی پارێزگاكەی توڕە كردووە".


هەرچەندە ترسێكی زۆر هەیە، كە خۆپیشاندانی ئەمجارەی ئاو، ببێتە بڵێسەیەك و هەموو شارەكانی ئێران بگرێتەوە، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران، تاوەكو ئێستا بۆ وەڵامی خۆپیشاندەران، تەنها هەڕەشە دەكات و داواكانیان جێبەجێ ناكات، لە نوێترین لێدوانیشدا، عەلی موسەوی جەزائیری، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران و نوێنەری پێشووی ڕێبەری باڵا لە ئەهواز ڕایگەیاند،ئەوانەی خۆپیشاندان دەكەن دوژمنانی شۆڕش و ئیسلامن"، ئاماژەی بەوەش كرد كە " ئەوان جوداخوازن و توندترین سزا دەدرێن".
بەرپرسانی ئێرانی، هۆكاری كەم ئاوی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، كە خەڵكی ئەو ناوچەیە برنجێكی زۆر دەچێنن، لەوبارەیەوە ئیسحاق جیهانگیری، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئێران ڕۆژی شەممە رایگەیاند، كە " هۆكاری سەرەكی كەمی ئاو بۆ " چاندنی برنجێكی زۆر دەگەڕێتەوە".


پاسدار و بەسیج بڵاوەیان پێكراوە:

چالاكوانانی ئەهواز ئاشكرای دەكەن، كە دەسەڵاتداران چەندین گەنجیان دەستگیر كردووە، ئەوانەی كە بەشداریان لە خۆپیشاندانەكان كردووە، دووپاتیشی دەكەنەوە، كە ژمارەیەكی زۆری پاسدار و باسیج لە شارەكانی ئێران بڵاوەیان پێكراوە، بەتایبەت لە ناوچەكانی خەفاجیە و حەمیدیە و مەعشور و فەلاحیە و مزگەوتی سلێمان و سوس.
هەروەها ئەوەش ئاشكرا دەكەن، كە دەسەڵاتداران قەدەغەی هاتوچۆی ڕانەگەیەندراویان لەو ناوچانە جێبەجێ كردووە،ئەمە جگە لەوەی كە كارەبای لە تەواوی ئاهواز پچڕاندووە.
هەرچەندە زۆرینەی ناوچەكان بە هێزە ئەمنیەكان تەندراوە، بەڵام ئێوارەی رۆژی هەینی ، خۆپیشاندەران توانیان گەمارۆی ناوچەكان بشكێنن و دروشم بڵێنەوە، كە زیاتر بریتی بوون لە داوای مافەكانیان و كۆتایی هاتنی سیاسەتی راگواستن و نەتەوە پەرستی و دوژمنایەتی لەگەڵ عەرەبی ناوچەكە.

تانكەر یان تانك:

جەواد حەیدەری رۆژنامەنوس و چالاكوانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئاشكرای دەكات، كە دەسەڵاتداران لەبری ئەوەی كە بە تانكەر ئاو بۆ خۆپیشاندەرانی تینو ڕەوانە بكەن، تانك بۆ كوشتنیان دەنێرن، لەو بارەیەوە، لە وتارێكیدا لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك دەڵێت:" حكومەتی ئێران لەبری ئەوەی ئاو بۆ پارێزگاكانی ئێران دابین بكات، هێزی سەربازی ڕەوانە كردووە و تا ئێستا نزیكەی 10 خۆپیشاندەری تینوو بە تەقەی هێزە ئەمنییەكان كوژراون. لەبری ئەوەی تانكەری ئاو بنێرێ، تانكی ناردووە".
دەشڵێت:" بێ ئاویی، بێ كارەبایی، بێكاری، بێ نانی، بێ دەرمانی ، بێ مووچەیی، و سەدانی" بێی" دیكە باڵیان لەبەسەر هەموو گەلانی ئێراندا گرتووە".

9 كوژرا و سەدان دەستگیر كراو:

چالاكوانان و شایەتحاڵانی ناوخۆیی ئاشكرای دەكەن، كە هێزە ئەمنیەكانی ئێران، هەڵمەتێكی فراوانی بۆ دەستگیركردنی خۆپیشاندەران و چالاكوانان دەست پێكردووە.
لەو بارەیەوە ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئەهواز (AHRO) كە نوسینگەكەی لە برۆكسلە، ئاشكرای دەكات كە تاكو ئێستا 350 كەس لە ئەهواز دەستگیر كراون، هەروەها بۆ شوێنێكی نادیار گوازراونەتەوە.
هەروەها ئاژانسی " هرانا" كە سەر بە كۆمەڵێك چالاكوانی مافەكانی مرۆڤی ئێرانە و لە دەرەوە چالاكیەكانیان بەڕێوەدەبەن، ئاشكرای دەكات كە

،،

" تاكو ئێستا 9 خۆپیشاندەری ئاهواز كوژراون"، بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمیەكان ژمارەی كوژراوەكان زۆر زیاترە.


لە كۆتایشدا ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی كە نوسینگەكەی لە لەندەنە، داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەكات كە كۆتایی بە داپڵۆسینی خۆپیشاندەران بهێنێت، كە 8 خۆپیشاندەر بە گوللەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەكان كوژراون.