دەرمانخوارد کردنەکە!

2021-08-07

هادی حەمەڕەشید


١
شاناز برایم ئەحمەد دوێنێ لە گفتوگۆی دەنگی ئەمریکا دیسان سەربوردەی دەرمانخواردکردنی بافڵ تاڵەبانیی هێنابووە گۆڕێ، وەك یەکێك لە کەیسە گەرمەکانی سەر لاهور شێخ جەنگیی کە پێی تۆمەتبار کراوە، پێداگریی لێکردبووەوە.

دەرمانخواردکردن چەکێکی کاریگەری ناو ململانێی کۆشك و بنەماڵە سیاسییەکان بووە، تا ئەو ڕادەیەی کە هەندێ جار وەك سزای یاسایی و میکانیزمێك لە میکانیزمەکانی کۆتایی هێنان بە ژیانی کەسێکی ناو بنەماڵە یان دەست و پەیوەند کەڵکی لێ وەرگیراوە.

لەناو دەسەڵاتدارانی کورددا لە ڕابردووی دوور و نزیکدا چەکێکی ئامادەبووە، بەڵام چونکە دواجار بۆ خۆیان دەسەڵاتدار و دادگا و دائیرە و پۆلیسیان بە دەستەوە بووە، هەر زوو دێزەبەدەرخۆنەیان کردووە و بە «دان» و «ستان»ێك ڕێكکەوتوون.

٢
پێکدادان و پاکتاوکردنەکانی ناو هەناوی ماڵی تاڵەبانیی، وای لێئەکەوێتەوە کە گوایە بارزانییەکان دوورن لەم دەرد و گرفتەوە و ئەوان بنەماڵەیەکی تۆکمەن.
لەکاتێکدا کە لە مێژووی نوێی کورددا هیچ ململانێیەکی خێزانیی هێندەی یەکترسڕینەوە و پاکتاوی ماڵی بارزانیی توند و درێژ مەوداش نەبووە.

مەلا مستەفا کە لە چەندین شوێندا باسی گەورەیی و کاریگەریی شێخ ئەحمەدی برا گەورەی و خودانی بارزان(پێگەیەکی گرنگی ئاینییە لەلایان) کردووە و بە دەستەواژەی بەپیرۆززانین وتوویەتی: ئیتاعەتی موتڵەقی ئەو لەسەر من واحبە.

،،

بەڵام کاتێك کە حەمایل زێباریی لەماڵی ئەودا هەژموون پەیدا ئەکات و کوڕەکانی گەورە ئەبن، یەکەم کارێکی دزێو کە بە مەلا مستەفای ئەنجام ئەدات کاڵکردنەوەی ڕۆڵی براگەورەکەی و بگرە دژایەتیشی ئەبێت.


ئەم بەرخوردە کاتێك توند و توندتر ئەبێتەوە لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی پێشوو، بۆ ڕۆڵبەخشینی زیاتر بە مناڵەکانی حەمایل، ئاو لەژێری شێخ عوسمانی کوڕی شێخ ئەحمەد ئەکات کە هاوکات جێگریی باوکی بوو لە پایە ئاینییەکەیدا.

هەر وەك بێ بەزەییانە کێشای بەسەری هەر سێ کوڕی ژنی یەکەمیدا، کە عوبەیدوڵڵا و سابیر و لوقمان بوون، ناچاری کردن کە ڕوو لە بەغدا بکەن و بە قەولی خۆیان ببن بە جاش و کاربەدەستی بەعس، هەر ئەو ململانێیە بوو کە پاشتریش سەری خواردن و سەددام لە سێدارەی دان و گۆڕبزریشی کردن!

ئەیوب بارزانیی کە ئەکاتە پسمامی مەسعود بارزانیی و هاوسەری خوشکەکەشی، لە کتێبی #پوکانەوەی_سەرکەوتندا باس لە دڵڕەقیی مناڵەکانی حەمایل ئەکات دژ بە هەموو برا باوکییەکانیان، تەنانەت دژ بە تاکە کوڕی ژنی دووەمیشی کە ئیدریس بارزانییە، ئەو ئەڵێ: نەك ئێمە بگرە ئیدریس بۆ خۆیشی ئەو ڕاستییەی ئەزانیی کە چەندە لە پیلاندان بۆی، بەڵام نازانم بۆچی ناچاریش بوو لەگەڵیان بمێنێتەوە؟!

ئەو لەساڵی 1944 و دوو ساڵ بەر لە مەسعودی کوڕە گەورەی حەمایل لەدایك بوو بوو، لە دوای مردنی باوکیان ئەبوو ئەو جێگریی بووبا، بەڵام بەهۆی خواستی مەسعود بارزانیی لە دانیشتن لەسەر ئەو کورسییە، لە ساڵی ١٩٧٩ـەوە مەسعود لە کۆنگرەی نۆ لە مەرگەوەر(پارتیی لە ئەدەبیاتی خۆیدا ئەڵێت:بە کۆی دەنگ کراوە بە سەرۆك).

مەسعود و برا دایکییەکانی بەوەش نەوەستان و پێیان وابوو کە ئیدریس بارزانیی هەڕەشەی جدیی ئەبێت لەسەر سەرۆکایەتیی پارتیی!

لە 31ی كانونی دووەمی ساڵی 1987 لەناحیەی سلێڤانە سەربە پارێزگای ورمێی ئێران لەڕووداوێكدا کە زۆربەی خەڵکی و چاودێران دەستەواژەی «تەمومژاویی» بۆ بەکار ئەهێنن، كۆچی دوایی كرد.

«تەمومژاویی» دەستەواژەیەکە بۆ خۆلادان لە سین و جیمی ناو ڕووداوەکە، هاوکات سەروەختی مانگی هەنگوینی ئاشتەوایی حیزبە کوردستانییەکان بوو، تازە #بەرەی_کوردستانیی پێکهێنرابوو، هیچ حیزبێكی دەرەوەی پارتیی نەیانئەویست خۆیان لەوەها پرسیار و گومانێك بدەن و تەنیا تەمومژاوییان بۆ ڕووداوەکە پاشگرکرد!

،،

بەڵام تەنانەت خودی گێڕانەوەکانی ناو سەرکردە و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ئەو سەردەمەی پارتیی (کە ڕیوایەتەکان زۆر جیاوازن لەیەکتر) دەرخەری بوونی ئەو گومانەن.


هەندێك بە نەخۆشیی سكئێشەیەکی توند و دڵتێکهەڵهاتن و هەندێك بە زراوتەقینی لە ترسی دەنگی فڕۆکە و هەندێك بە بەرکەوتنی دەستڕێژی فڕۆکە... هۆکاری مردنەکەی دیاریی ئەکەن!

تەنانەت کە لە دوای ڕاپەڕین نیچیرڤان بارزانیی کاتێك کەلوپەلی بەنداوی بێخمە ئەفرۆشێت(کە بەهای چەند سەد ملیۆن دۆلار ئەبوو) کۆمەڵێك کەس گلەیی لەو کارەی ئەکەن، ئەو پێیان ئەڵێت: باوکم پارەی پێنەبوو، بۆیە بەئاسانیی لە گۆڕەپانی سیاسیی ئاوت کرا.
کەواتە نێچیرڤانیش ئەزانێت کە باوکی تیرۆر و دەرمانخوارد کراوە نەك مردن و بەرکەوتن بە فڕۆکە!

٣
لەدوای ڕاپەڕینیش ئەگەرچی سەرەتا تا نزیك بە دە ساڵ پارتە نەیارەکان لە شەڕی بەرەییدا پاکتاوی یەکتریان کرد و نیوەی کۆمەڵگایان قڕکرد، بەڵام لە سەردەمی ئاشتیی و پاش پڕۆسەی ئازادیی عێراق دیسانەوە ئەم پڕۆسەیە کەوتەوە سەر زاری خەڵك و میدیاکاران.

جەوهەر نامیق تا لە پارتییدا بە بێدەنگیی و بێ کێشە کارئەکات دوورە لە نەخۆشیی و ناخۆشیی، بەڵام کە دەست بە ڕەخنەگرتن ئەکات، بە قودرەتی قادر و بەبێ پێشەکیی کۆتایی بە ژیانی هات، دیسان قسە و باسی دەرمانخواردکردن هاتەوە گۆڕێ، بەڵام مادام جیهازی دادگا و پۆلیس و هەواڵگریی لای خۆیانە لە بەڕێکردنی تەرمەکەیدا پرسە و مەراسیمی و فرمێسك و لاواندنەوە هەموو شتێکی کۆتایی پێهێنا!

ئەمە بۆ فەرەیدون جوانڕۆییش ڕاست بوو، بەجیاوازی کوشتنەکەیەوە کە بەهۆی چەکی قورسیی میلانۆوە بوو، کە ڕوونە لە دەستی کێدایە!

پاشان بۆ دلۆڤان بارزانیی برا و جمکی نێچیرڤانیش!


٤
با بێینەوە سەر باسەکەی شاناز و گفتوگۆکەی، شاناز بۆ خۆی لە ناوەڕاستی ڕووداوەکاندایە و بەشێکیشە لە پیلان و کودەتاکە، ئاگاداری دەرهاویشتەکانیشە، بەڵام خۆ کاتێك دەنگی ئەمریکا پرسیاری ئەو ڕووداوەی لێئەکات ناچارە لەبەرژەوندیی خۆیان و بەبێ حسابکردن بۆ دادگا لێدوان بدات و پەنجە بخاتە سەر سەری هاوسەرۆکی یەکەم!

شاناز خۆی لەناو ئەو تیمەدایە کە کاتێك ئەمریکیی و بەریتانییەکان داوای بەڵگەی دەرمانخواردکردنیان لێکردوون، وتوویانە: بافڵ و پۆڵاد شێخ جەنگیی و کوڕی بازرگانێکی سلێمانیی شەوێك پێکەوە دانیشتوون و خواردوویانەتەوە، پاشتر بافڵ تووشی دڵتێکهەڵاتن و ڕشانەوە ئەبێت و ئەچێتە نەخۆشخانە، دکتۆرەکان پێیئەڵێن: توشی (تسمم) بووە، کە لای هەمووان ڕوونە تەسەمومێك کە مرۆڤ بەخێرایی نەکوژێت واتە خراپ خۆریی کردووە!
بەڵام ئەوان کردوویانە بە بەڵگەی ئەوەی کە گوایە پۆڵاد ژاری بۆ لە خواردنەوەکە کردبێت.

،،

بۆیە چ ئەمریکییەکان و دیسان بەریتانییەکانیش بە توڕەییەوە بەڵگەکەیان ڕەدکردووەتەوە و پێیان وتوون: ئەوە پێئەوترێت ژەهراوییبوونی سادە کە مرۆڤ بە هۆی زۆرخواردن و زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی کحولیی تووشی ئەبێت.

٥
وەك هونەر تۆفیق ئاماژەی پێداوە یەکێتیی چۆن لە ساڵی ١٩٨٨ و لە تراژیدیای هەڵەبجەدا کە ڕاوڕووت و دەستدرێژییی بۆ سەر موڵك و ماڵی خەڵك کرابوو لەلایەن پێشمەرگەوە، هەموو لایەنەکان بڕیاری دروستکردنی لیژنە و ئیجرائاتیاندا، تەنیا یەکێتیی نەبێت کە ئابڕوی چەند بەرپرسێکی خۆی برد و هەموو تاڵان و بڕۆکەی لەسەر خۆی ساغکردەوە، کەسیتر هیچی نەکرد!

ئەو ئەڵێ گەندەڵییش لەناو هەموو حیزبەکاندا نکولی نەکراوە، دیسان یەکێتیی بەم ڕووداوانەی دوای ٨ی تەمووز ڕووی هەمووانی سپی کردەوە و هەمووی لەسەر خۆی ساغکردەوە!

دەرمانخواردکردنیش وەك ئاماژەمان پێدا لە مێژووی حیزبایەتی ئێمەدا نکولی نەکراوە، ڕەنگە بە یەکلابوونەوەی پۆلیس و هەواڵگریی و دادگا بۆ ماڵی برایم ئەحمەد و خوشکەزاکانیان(کە بافڵ و قوباد زۆرتر لای گەلاوێژ و برایم ئەحمەد ژیاون) دیسان یەکەمین کەیسی پشتڕاتکراوەی دەرمانخواردکردن لە مێژووی کورددا لەسەر یەکێتییدا تۆمار بکەن!