وەلا نانی خراپ!

2021-08-10

لەکاتێکدا ئەم چەند دێڕە دەنوسم، دەمەوێت ئەوە بڵێم: بەهەموو تەمەنم لاهور شێخ جەنگیم ڕووبەڕوو نەدیوە، تەنها یەکجار نامەیەکم بۆ نوسیووە، بەئاگاداری کەسێکی نزیکی کە ئێستا پۆستەکەم دەبینێت، نامەکە سێیەم ڕۆژی جەژن بوو، دوو ساڵ لەمەوبەر، تێیدا باسی خراپی دۆخی گەرمیانم کردبوو، وەڵامم وەرگرتەوە، بەڵام هەنگاوی کرداریم نەبینی.

کە بەنامە بۆم نوسی، ئەوە نەبوو نەتوانم بیبینم، بەڵکو وام بەباش زانی، ئەگینا پێشتر و لەسەردانێکیدا بۆ گەرمیان، لیوا … داوایکرد لە کەلار سەری لێبدەم و پێشنیارەکانم بخەمەڕوو، بەڵام بەڕێزەوە پێموت، ناتوانم، چونکە ببینرێم، بەجۆرێ تر لێکدەدرێتەوە و دواتر خەڵکم پێ تێناگەیەنرێت، کە من بۆ خەمی گەرمیان هاتووم، نەک خۆم ئیشێکی تایبەتم هەبێت.

بەهەمانشێوە، جگە لەو دانیشتنە ڕۆژنامەوانیەی وەکو کۆمەڵێک ڕۆژنامەوان لەگەڵی دانیشتین و کەناڵەکان بڵاویانکردەوە، هەرگیز بافڵ تاڵەبانیشم نەدیووە، بەڵام سێ جار ڕووبەڕوو لەگەڵ قوباد تاڵەبانیدا و هەر جارەو بۆ مەبەستێک دانیشتووم، جاری یەکەم لەسەر قەڵای شێروانە و بۆ خانووی مامۆستایان، جاری دووەمیش لە ئەنجومەنی وەزیران و لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستادا، بۆ کەمکردنەوەی نرخی خانووەکان

،،

جارێکی تریش لە خانوەکەی مەلا بەختیار لە خانەقین، لێدوانم بۆ دەنگی ئەمەریکا لێوەرگرت، بەڵام نکۆڵی لەوەش ناکەم، زۆرێک لە هاوڕێکانمان هاوبەشن.

دێمە سەر ئەسڵی مەقسەد، ئەوەی دۆخی لاهور شێخ جەنگی گەیاندە ئەمڕۆ خراپی دەوروبەرەکەیەتی، من نازانم خۆی ئاگاداربوو یاخود نە، بەڵام هەندێک خەڵک بەناوی ئەوەوە خراپە نەما نەیکەن، وایلێهاتبوو سڵیان نەدەکردەوە لە کاری خراپ.

چەند مانگێک لەمەوبەر چووبوونە سەر سەرمایەدارێکی گەرمیانی، کە هێندە کاسب و داماوە، من ناوەکەشی بنوسم، ڕەنگە گەرمیانیەکان نەیناسن، داوای ٤ ملیۆن دۆلاریان لێکردبوو، وتبووی: ئاخر لەپای چی، ئەم پارەم بە زۆر لێدەسێنن، وتبوویان: هەر دەمانەوێ!

پارەکەی نەدابوو، شەو قومبەلەیەکیان خستبووە ماڵەکەی!

ئاخر کارەساتە، کادیری ڕەش و ڕووتی حیزبەکەت، بەگیرفانی بەتاڵەوە شەڕت بۆ بکەن، کەچی لەم نەوعە خەڵکانە دۆخەکە ئیستیغلال بکەن بۆ گیرفان پڕ کردن و خراپەکاری. ئەمەی باسمکرد مشتێکە لە خەروارێ، دەیان و بگرە سەدان حاڵەتی تری واش هەیە.

ئەمە مانای ئەوە نیە، خێزانی مام جەلالیش بی خەوش و کەم و کوڕی بن، ئەوانیش خەڵکی خراپیان لەدەور هەیە و وریا نەبن دەخزێن، بەتایبەت دۆخی سلێمانی گێڕانەوەی متمانەی دەوێ، بڕینی دەستی حیزب ئیستیغلال کەرەکانی لە بازرگان و بازاڕ و ژیانی خەڵکی دەوێ.

من هیواخواز نیم دۆخی یەکێتی لەمە خراپتر بێت، چونکە ئەم زۆنە تا پەرت بێت، وەزعی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک خراپتر دەبێت، بەڵام ئومێدەوارەکانم لە ڕووداوەکان پەند وەربگیرێ.

شتێک کە بەلای منەوە گرنگە، کە هیوادارم پارتیەکان، یەکێتیەکان و هەموو لایەک تێبگەن، ئەوانەی لە ژێر سێبەری ئەوان و بەرپرسەکانیاندا، خەڵک ئەزیەت دەدەن، سەرانە دەسێنن، کاری خراپ دەکەن، سودی تورێکی قوڕاویان بۆ حیزبەکانیان نیە، بە پێچەوانەوە زوو بێت یان درەنگ، دەیانخەن، چونکە کاری ئەمانە، دابڕانی زیاتر لە نێوان ئەوان و خەڵکدا دروست دەکات.

،،

ڕوونیشە ئەوەی شەڕی حیزبەکان دەکات، کادیرە گیرفان خاڵی و ڕەش و ڕووتەکانن، تێ ناگەم، ئیتر چی سودێک لە سێبەری خراپەکار و سەرانەسێن وەردەگرن، جگە لە لەدەستدانی متمانەی زیاتر.

گەر واش تێبگەن، ئەم خەڵکە خراپانە قارەمانن و لە تەنگیدا دەتانپارێزن، هەڵەن، لە کاتی ڕووداودا و دەرفەت ڕەخسا، ئەمان پێش هەمووی هەڵدێن، نموونەش نەمانی بەرگریکارە لە ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردووداو ئەوەی قوربانی دا، پێشمەرگە و خەڵکی ڕەش و ڕووت بوو.