ئەمەریکا نەیارانی خۆی بەهێز دەکات!

2021-08-15

محمد خۆشناو


لەبەر چی ئەو شکستە خێرایە بەسەر هێزەکانی حکومەتی ئەفغانی سەر بە واشنتون روویدا ، کە ژمارەیان نزیکەی«٢٠٠» هەزار سەرباز زیاتر دەبوو ، کە ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا مەشقی پێکردبوون و باشترین چەکی نوێی دابوونێ؟ لەکاتێکدا تالیبان نە زرێپۆش و فرۆکە و موشەکی بەرگری ئاسمانی و چەکی قورسی نەبوو؟ ئیدارەی ئەمەریکا دەلێت ، هەلسەنگاندنی بۆ دۆخی ئەفغانستان هەلە بوو و ، لەهەمان کاتیشدا بزووتنەوەی تالیبانی بەوە تاوانبار کرد ، کە دانوسانکارانی ئەمریکیەکانی فریو داوە و لەکاتی ئاشتیش بەردەوام بوونە لە شەر و گرتنی شوێن ، لەراستیدا ئەم بیانۆ هێنانەوە شیاو نیە بۆ دەولەتێکی مەزنی وەکو ئەمەریکا ، کە گەورەترین دەزگای هەوالگری و لێکۆلینەوە و چاودێریکردن بە مانگە دەسکردەکان و فرۆکەی هەیە ، بۆچی ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە هەرەسهێنانی سوپای ئەفغانستان و کۆنترۆلکردنی زۆربەی خاکی ئەو ولاتە لەلایەن تالیبانەوە تووشی شۆک هات؟

بۆ وەلامی ئەم پرسیارە ، ئەوەیە کە هەلەی ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەوەبوو ، کە زۆر بروا و متمانەی بە سوپای ئەفغانستان و هەوالگریەکەی هەبوو ، هەر ئەم متمانەیە بوو تووشی شەرمازاری کرد ، کاتێک چەند رۆژێک لەمەوبەر راپۆرتی دەزگای هەوالگری ئەمەریکا«c. I.a» ئاماژەی بەوە کرد کە تالیبان«٩٠» رۆژی دیکە کابۆل دەگرێت ، لەکاتێکدا تالیبان رایگەیاندبوو ، کە بەکەمتر لە مانگێک دەگەینە کابۆل ، لە لایەکی دیکەوە ئەمەریکا گوێی نەدایە پاکستان لەسەر پتەوکردنی پەیوەندیەکانی واشنتون بە هیندستانەوە ، بەهیوای بەشداریکردنی هیند بۆ روبەووروبونەوەی چین ، ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێشبینی بە هێزی حکومەتی ئەفغانی تەنها بە قەبارەی سوپا و چەکەکان دەکرد.

دەشێت ئەفغانستانی ژێر کۆنترۆلی تالیبان ، پەنا بۆ چین و روسیا و ئێران ببات و داوای یارمەتیان لێبکات ، ئەگەر ئەمە روویدا ، ئەوە زەرەری واشنتون گەورە دەبێت ، بەلام زەرەری گەورەتری لە باقی ئەو شوێنانە دەبێت ، کە هێزەکانی ئەمەریکای لێیە ، ئەویش عێراق و سوریا ، کە ئیستا مەعنەویاتی ئەو هێزانەی دژی بوونی ئەمەریکان لەو دوو ولاتە بەرز کردۆتەوە و ، لەهەمان کاتیش متمانەی ئەو کەسانەی هاوکاری ئەمەریکا دەکەن کەم بۆتەوە ، کە ئەمەش وا دەکات فورسەتی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق لاواز بێت ، پێم وایە کە ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا نایەوێت واقیعی نوێ ببینی و ، قبولی ئەوەش ناکات دان بەوە بنێت کە «ئەو» چیتر تاکە زلهێز نیە بەسەر جیهانەوە ، فەشەل لەدوای فەشەل هەر لە ئەفغانستان و عێراق و هەتا خۆرهەلاتی ناوەراستی نوێ ،

،،

بەدوای نەخشە و پلانی ئەمەریکاوەیە ، کە ئەمەش زەرەرێکی گەورەن بۆ سەر نفوزی ئەمەریکا و ئاماژەن بۆ پاشەکشەی هێزەکانی ئەمەریکا.

ئێستا ئەفغانستان دەچیتە سەردەمی دواکەوتوویی و تاریکی ، کە چیتر مۆسیقا و سینەما و ئارایشگەی ژنان و سەرتاشخانەی پیاوانی لێنابینیت و ، ماوەیەکی تر ریش بەردانەوە بە ئیجباری دەبیت و ، ژن دەبێت کار نەکات و بچێتەوە بەندینخانەکەی خۆی واتە مالەوە و ، ئەو کەسەی دزی بکات جارێکی تر بەپێی شەرع دەبێت دەستی ببردرێت ، ئەفغانیەکان نەیانتوانی فورسەتی بوونی سەربازی ئەمەریکا بقۆزنەوە بۆ بونیاتنانی سیستەمێکی جیاواز کە بۆ ژیان بشێت، ئەوەیان نەکرد ، خەریکی گەندەلی و مشەخۆری بوون و متمانەی گەلەکەیان لەدەستدا و رازی بوون بە هاتنی رژێمێکی تاریک و ستەمکار و تاریکایی و دواکەوتوو.