حکومەتی هۆلەنداو هەڵبژاردن

2021-10-06

خالید رەزا

لاتان سەیر و سەمەرە نەبێ!

لەم هۆڵەندایە، کە لە ناوجەرگەی ئەوروپا و یەکێک لە وڵاتە باش و دیمۆکراسی‌یەکانە، زیاتر لە ٦ مانگە (١٧ی ٣ی ٢٠٢١) هەڵبژاردنی پارلەمان کراوە. هەتا ئێستە حیزبەکان نەیان توانیوە لەسەر بەرنامەیەک بۆ پێکهێنانی کابینە، رێک بکەون. ئاسۆش رون نیە و لە ئێستەدا قسە لەسەر ئەوە ئەکرێ، کە کابینەی کەمینە پێک بهێنن!..
ئێستە لە هۆلەندا ١٩ فراکسێۆن بە کورسی جیاجیاوە لە پارلەماندان. هیچ حیزبێ نەی توانیوە و ناشتوانێ زۆرینەی کورسی‌یەکان لە کۆی ١٥٠ کورسی، بەدەست بهێنێ. بۆیە بۆ پێکهێنانی کابینە ئەبێ حکومەتی هاوپەیمانی دروست بکرێ. زۆرترین کورسی لە حیزبەکەی مارک روتە (VVD)یە، کە ٣٤ کورسی هەیە!.
حکومەت لە پێش هەڵبژاردنەوە، لە ٢١-١-٢٠٢١وە حکومەتی کاربەڕێکەرە، بە ئێستەشەوە. لێرە زۆرترین گێرمەوکێشە لەسەر بەرنامەی چوار ساڵی کابینەکەیە نەک پۆستەکان، کە هەر حیزبە و لە هەڵمەتی هەڵبژاردن‌دا

،،

بەڵێنی بە دەنگ‌دەرەکانی داوە، هەریەکە و بە پێ‌ی ژمارەی کورسی‌یەکانی ئەیەوێت لە پرۆگرامی چوار ساڵی کابینەکەدا بەشێکی، نەک هەمووی تیا جێ بکاتەوە.


هەر لەسەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە، حیزبەکان لە دیبەیتەکانیان‌دا هەندێ هێڵیان بۆ خۆیان دیاریکردوە، بۆ نمونە حیزبێ وتویەتی: "لە پێکهینانی کابینەی نوێ‌دا لەگەڵ فڵان حیزب کار ناکەم" ئێستە ئەمە روی داوە، بۆ نمونە، حیزبە براوەکان نایانەوێ لە گەڵ حیزبەکەی خێیرت ڤیلدەرس (Pvv) و حیزبەکەی جێری باودێت فۆروم فۆر دیمۆکراسی (FVD) کە هەردوکیان دو حیزبی پۆپۆلیست و دژە یەکێتی ئەوروپان و بە هەردوکیان (١٧+٥) ٢٢ کورسی پارلەمانین، لە دەرەوەی یاری‌یەکەن و هیچ حیزبێ نایەوێ لەگەڵیان هاوپەیمانی ببەستێ. لەبەر ئەوەی بەرەی راست و بەرەی چەپ و دیمۆکرات، تا ئێستە نەیان توانیوە بگەنە رێکەوتن و زۆرینەی پارلەمانی پێک بهێنن. بۆیە لە ئێستەدا بیر لە کابینەی کەمینەی پارلەمانی ئەکەنەوە، بە سەرۆکایەتی مارک روتە، کە لە بری ئەوەی ببن بە خاوەنی ٧٦ کورسی یان زیاتر کە لەم چرکە ساتەدا هەموو هەوڵەکانیان بۆ هاوپەیمانتیەتیەکی ٧٦ کورسی پارلەمانییە! ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات ئەوا ئەیانەوێ کابینەی کەمینە بە هاوپەیمانی ٣ حیزب و بە کۆی ٧٢ کورسی لە ١٥٠ کورسی دروست بکەن. بێگومان ئەمەش بێ ئاریشە و بێ تەنگوچەڵەمە نابێ. خۆ ئەگەر ئەمەش رو نەدا، ئەوا بە دور نازانرێ، کە هەڵبژاردن سەرلەنوێ بکرێتەوە. بە کورتی و کرمانجی لە ناوەڕاستی مانگی یەکەوە واتە ٩ مانگە، حکومەتەکەی مارک ڕوتە، کابینەی کار بەڕێکەرە. بۆیە بەلاتانەوە سەیروسەمەرە نەبێ کە لەم وڵاتانەش لە پرۆسەی پیکهێنانی کابینەدا، شتیی وا ڕوو ئەدات

ئەم کورتە نوسینە بۆ؟
لە راستیا بۆ بەرچاورونی کوردستانیانە، لە کوردستان بن یان لە هەر شوێنێکی تر. تا بزانن لە وڵاتێکدا، کە لە سەدەی ١٦وە هەیە و لە ساڵی ١٨١٤وە نیزامی پاشایەتی هەیە، ئەم جۆرە شتانەی تیا رو ئەدا. خەڵکەکەش لە چون بۆ دەنگ‌دان سارد نەبونەتەوە و بەشداریکردن‌یان لە دەنگدان، وەکو ماف و ئەرک ئەبینن.

بۆیە نابێ خەڵکی کوردستان دەسبەرداری مافی دەنگدان و ئەرکی دەنگدان ببن

،،

چونکە ریگا دروستەکە ئەوەیە، بچن بۆ دەنگدان و بایکۆت نەکەن. لەبەر ئەوەی ئەڵتەرناتیڤ نیە، بایکۆت‌کردن بارودۆخی ئێستەی کوردستان ئەگەر خراپتر نەکا، باشتری ناکات.


بێگومان رەنگە من لە زۆر کەس زیاتر لەم حکومڕانی‌یە و لەم دەسەڵاتە ناڕازی بم و ئەتوانم کتێبێ لەسەر کەموکوڕی و خراپەکانیان بنوسم، بۆیە ئەم نوسینەی من ناچێتە خانەی بەرگریکردن لێ‌یان. بەڵکو ئەمەوێ هانی خەڵک بدەم بچن بۆ دەنگدان، چونکە دەنگدان، بەشداریکردنە لە گۆڕینی ئەمری واقیع‌دا. دواتر پرتەوبۆڵە هیچی لێ سەوز نابێ و کورد وتەنی: لە پاش باران کەپەنک!
بۆیە داوا لە هەمو ئەوانە ئەکەم، کە ئەمناسن، برۆن دەنگی خۆتان بدەن بەو کاندیدانەی، کە دڵخوازی خۆتانە.
پێشینان وتویانە: "کردە پەشیمانی باشترە، لە نەکردە پەشیمانی"...