هێرشی کەمتیارەکانی سۆشیالمیدیا!!

2022-01-30

محمد خۆشناو

لەنیوەی ڕێگەی ژیانماندا
خۆم لەناو لێڕێکی تاریکدا دۆزیەوە
دانتی


ڕاستیەکی تاڵ هەیە ئەوەیە ، ئێمە لەچرکەساتێکی غەمگین لە مێژووی گەلەکەماندا دەژین ، کە تیایدا ساختە و درۆ و فێڵ و دووڕویی و چڵێسی و حەسودی و زانیاری هەڵە و سەرلێشێواندن بڵاوە و ، لەسەر ئەمانەدا بڕوا دادەمەزرێت و لە ئاکامی ئەو بڕوایانەش هەڵویست وەردەگیرێن و ، پاشان ئەو بڕوایانە دەگۆڕدرێن بۆ ڕەفتاری کردەیی لە واقیعدا.


تۆ وەرە سەیرکە بزانە لەناو خۆمان حاڵمان چۆنە و ، هەروەها لە سۆشیالمیدیا چ هەرا و مەهزەلەیەکە و پێگە ئەلکترۆنیەکان چۆن بۆنەتە گۆڕەپانی ڕقوکینە و تووندوتیژی و کوشتن…پیاوکوژ هەر ئەوە نیە بە چەک تەقەت لێبکات و بتکوژێت ، ئەو نامەردەیە لە سۆشیالمیدیا درۆ و پڕوپاگەندە هەڵدەبەستێت و مێژووی پاکت دەشێوێنێت و بەرهەم و دەستکەوتەکان دەخاتە ناو چڵپاو ، ئەمانە وەکو کەمتیارە تاکەکان لەو فەزایەدا تەراتێن دەکەن و بە دەست لەپشدان یا بە بوونی ڕقێکی تاریکی کۆن کە لەقووڵایدا ماوەتەوە بەربوونەتە ئەم و ئەو ، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەش بڵێین ، کە لەبەرچی وایلێهاتووە کەسێک بە هەواڵی درۆ باوەڕبکات ؟ یا لەبەرچی ئەو پێیگ و سەکۆیانەی سۆشیالمیدیا بازاڕیان لە بازاڕی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی حزبەکان و دەسەڵات گەرمترە و هەموو جارێکیش ئەو هەواڵانە بەڕسمی بەدرۆ دەخرێنەوە ، بەڵام هەر دەنێردرێن بۆ دۆست و برادەرەکانیان یا زانیاریە ساختەکە بەتاڵ دەکرێنەوە کەچی بەردوام بەدواداچوون دەکرێن؟ وابزانم توخمی متمانە ڕۆلێکی گەورە دەگێڕێت کە لەکن ئێمە زۆر کزولاوازە ، بەڵام لەبەرچی ئێمە بوینەتە کۆمەڵگەیەکی وا شەڕانگێز کە چێژ لە بە کەلەپچە و زنجیرکردنی ئەوانی دیکە ببینین و ، کەچی سۆسیالمیدیا ئامرازێکی نوێی داوەتێ بۆ ئەوەی ئەو کارە لەپشت پەردەوە بکات و ، بەمەش بوونەتە ئازاردار و شەڕانگێزی زیاتر بۆ ئەوانی دیکە؟!

،،

ماکرۆن پێی وایە کە ئایندەی ڕۆشنگەری لە جیهان کەوتۆتە دەست کۆمپانیا زەبەلاحەکانی «تەکنۆلۆجیا» و «سۆشیالمیدیا» و «سەکۆکانی» ئەنتەرنێت ، ئێستا هەموو جیهان پێویستی بە« جەنگی ڕۆشنگەری» نوێیە بۆ پاراستنی بنەماکانی کلتووری و مێژوویی کۆمەڵگە جیاجیاکان


ئەم پەتایە وەکو کۆڤید19 جیهانیە و ، فەزایەکی وا بەرفراوانی هەیە کە جۆرەها تاوانی دیکەی لێدەکرێت ، لەوانە خۆسەپاندن و کەلەگایی ئەلکترۆنی کە ناسراوە بە کەلەگایی سیبرانی« التنمر السيبراني» کە هەوڵدانێکە بۆ سوودوەرگرتن لە تەکنیکی زانیاری و پەیوەندیەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجی تاوانکاری کە وەک کەڵە گەمتیار لە ڕێگەی ئاشکراکردنی ئەو زانیاریانە کەسیانەی کە سرووشتی هەستیاری هەیە بەردەبنە کەسەکان ، ئەمە بەپێی لێکۆڵەرەوەکان جۆرێکە لەجۆرەکانی« شەقاوی ئەلکترۆنی-البلطجة الاكترونية».


هەر پەیوەست بەم بابەتە ماوەیەک لەمەوبەر ، سەرۆکی فەڕەنسا ماکڕۆن لە گووتاری ساڵانەیدا داوای لە «جیرار برونێ»ی زانای گەورەی کۆمەڵناسی فەڕەنسی کرد ، کە لیژنەیەک لە ئەکادمیست و لێکۆلەر و تایبەتمەندەکانی زانستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەنثرۆپۆلۆجی و ڕاگەیاندن لەژیر سەرۆکایەتی خۆی پێکبهێنیت بۆ لێکۆڵینەوە لە دیاردەیەکی ترسناک کە بەروەڕووی کۆمەڵگەی فەڕەنسی و هەروەها گشت کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بۆتەوە ، ئەویش ئیستیغلالکردنی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتنی دیگیتاڵی لە دروستکردنی سەکۆی سیبرانی و بەکارهێنانی پێگەکانی سۆشیالمیدیا و یوتیوب لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و زانیاری سەرلێشێواندن ، کە ڕۆلێکی ترسناک لە ئاراستەکردنی ڕەفتاری مرۆڤ و ساختەکردنی هۆشیاریان بە بیری درۆ دەگیڕێت ، ماکرۆن ئەو چواچێوە پێشنیارکراوەی ناونا« ڕۆشنگەری ئەلکترۆنی» لەسەر شێوازی« ڕیسانسی فەلسەفی» سەدەی هەژدەمی فەڕەنسا ، ماکرۆن پێی وایە کە ئایندەی ڕۆشنگەری لە جیهان کەوتۆتە دەست کۆمپانیا زەبەلاحەکانی «تەکنۆلۆجیا» و «سۆشیالمیدیا» و «سەکۆکانی» ئەنتەرنێت ، ئێستا هەموو جیهان پێویستی بە« جەنگی ڕۆشنگەری» نوێیە بۆ پاراستنی بنەماکانی کلتووری و مێژوویی کۆمەڵگە جیاجیاکان و ، لەهەمان کاتیشدا سوودوەرگرتن لەو تەکنۆلۆجیا نوێیە بێ ئەوەی بەتەنیا بەجێبهێڵدرێت و گەمە بە ئایندەی مرۆڤایەتی و دەوڵەت و گەلان بکات