بڵێسە جەبار فەرمان
وشەی مەرجەع لە وشەی (یَرجَعْ) سەچاوە دەگرێت. واتا گەڕانەوە بۆ شوێنێک یاخود کەسێک، بەو چەشنە ئەو شوێنە یاخود ئەو کەسە دەبێتە مەرجەع. وشەی مرجع لە لایەنگرانی ئیمامی عەلییەوە سەری ھەڵداوەو، لەلایەن شیعە مەزھەبەکانەوە بەکار دەھێنرێت.
ئەم دەستەواژەیە دوای سەدان ساڵ ئاڵوگوڕی بەسەرداھات و تەنھا بۆ "أهل البيت" بەکارناھێنرێت
،،
بەڵکو وەکو بەرزترین بڕوانامە تەماشا دەکرێت کاتێک خوێندکاریکی ئاینی لە حەوزەی قوم یا نەجەف بەدەستی بھێنێت.
خوێندن لەم دوو حەوزەیە بەچەندەھا قۆناغ و ئاستدا تێدەپەرێت و بەرزترینیان
"آية الله العظمى" و "حجة الإسلام".
لە دوای أبو القاسم الخوئی کە تا ساڵی ١٩٩٢ مرجعی شیعەکانی عیراق بوو، علی الحسينی السيستانی بوو بە مەرجەعی شیعەکانی "اھل البیت".
علی حسینی سیستانی تەمەنی ٩٠ ساڵی تێپەراندوە و باری تەندروستی ناجێگیرە، ھەربۆیە بیر لە مەرحەلەی دوای سیستانی و جێگرەوەی دەکرێت. لە ئێستادا سیستانی سێ جێگرەوەی ھەیە کە ھەرسێکیان شھادەی آية الله ھەیە. ئەوانیش "إسحاق الفياض"
کە بە رەچەڵەک ئەفغانیە. بشیر النجفی کە بە رەچەڵەک پاکستانیە. محمد سعید الحکیم کە بە رەچەڵەک عیراقیە.
ئەوەی دژی کاندیدکردنی ئەم سیانەیە ئەوەیە کە ھەرسێکیان تەمەنیان لە سیستانیەوە نزیکەو بەھەمان شێوەی ئەو باری تەندروستیان جێگیر نیە. ئەمەش وادەکات لە بازنەی دووەم دا بەدوای جێگرەوەیەک بگەرێن و کوڕی سیستانی لەجێگرەوەی باوکی نزیک ببێتەوە.
محمدرضا الحسینی السیستانی کوڕە گەورەی سیستانیەو ھەموو ئیش و کارەکانی باوکی ڕادەپەرێنێت. ھەموو کاروباری ئاینی و سیاسی باوکی گرتۆتە ئەستۆ بەو ھۆیەشەوە لە ساحەی سیاسی و ئاینی عیراق دا ناسراوە.
محمد سیستانی بەشێوەیەک کاوربارەکانی باوکی گرتۆتە ئەستح کە دەوترێت ئەو ھەموو بڕیارەکان لە بری سیستانی باوکی دەدات.
بەدەر لە محمدرضای سیستانی، دوو خێزانی تری عیراقی لەھەوڵی ئەوەدان ببن بە مەرجەعی شیعەکان. ئەوانیش ھەریەک لە اھلی حکیم و اھلی صدرە.
عمار حکیم کوڕی عبد العزیز الحکیم ە کە سەرۆکی مجلسی باڵای ئسلامیەکانی عیراق بووە و ھەروەھا نەوەی آية الله محسن الطباطبائي الحكيم ە کە مرجعی شیعەکانی عیراق بووە تا ساڵی ١٩٧٠. ھەربۆیە لە ھەوڵی ئەوەدایە ببێت بە مەرجەعی شیعەکانی عیراق و ئەو پایە بگەرێنێتەوە بۆ خێزانەکەی.
مقتدی صدر کوری محمد محمد باقر صدرە. برازای محمد باقر صدرە کە مرجعی شیعەکانی عیراق بووە تا ئەو کاتەی لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە لە سێدارە دەدرێت.
مقتدی صدر مرجعیەتی شیعەکان بە مافی خۆی دەزانێت و ھەموو ھەوڵێکی بۆ ئەوەیە ئەو پلەیە بگەرێنێتەوە بۆ ناو خێزانەکەی.
لە ئێستا ململانیەکی زۆر لەنێوان ئەم سێ کەسایەتیە بەدی دەکرێت.
ئەم خێزانانە و شیعە مەزھەبەکانی دوانزە ئیمامی عیراقی مافی خۆیانە باسی مەرجەع و گەرانەوە بۆ بەرزترین دەسەڵاتی ئاینی بکەن و بۆ شەرعی بوون و نەبوونی ھەموو بابەتێک بگەرێنەوە بۆ ئەو کەسە.
بەڵام پرسیاری جەوھەری لێرەدا ئەوەیە ئایا مەرجەعیەت بۆ بەرێوەبردنی وڵاتێک و ھەرێمێک گونجاوە؟
ئەوەی ئێستا لە ھەرێمدا بەدی دەکرێت ھەوڵدانە بۆ دروست کردنی مەرجەعیەتێک.
شۆڕشە دوابەدواکانی گەلەکەمان بۆ چەسپاندنی دیمۆکراسیەت و ئازادی بوو. سەرکەوتووترین و تازەگەرترین شێوازی حوکمرانی لە جیھاندا سیستێمی ھەڵبژاردن و نوێنەرایەتی گەل و دەستاودەست کردنی دەسەڵاتە. ئەم سیستێمە بریتیە لە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن. واتا بریتیە لە پەرلەمان و چەندەھا وەزارەت لەھەموو بوارەکاندا. بەرنامەی کاری حکومەت لەلایەن حزبە براوەکانی ھەڵبژاردنەوە دەنوسرێتەوەو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکانەوە جێبەجێ دەکرێت. لە لایەن پەرلەمانیشەوە چاودێری دەکرێت.
،،
لە سیستێمی دیموکراسی دا شتێک نیە بەناوی مەرجەعیەتەوە. ھەموو بڕیارەکان بە شێوەیەکی دیوکراسی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاری لێوە دەدرێت.
بوونی مەرجەع و گەڕانەوەی ھەموو بڕیارەکان و دەسەڵاتەکان بۆ شەخسێک دژ بە ھەوڵ و خەبات و تێکۆشانی دانەبڕاوی سەدان ساڵەی گەڵەکەمانە.
بەداخەوە ئەوەی ئێستا لە ھەرێمی کوردستانی عیراقدا بەدی دەکرێت سەرباری بوونی چەندەھا ئۆرگانی تەنفیزی و تەشریعی بەڵام ھەموو ھەوڵەکان و چپەچپە ژێر بەژێرەکان بۆ ئەوەن شەخسێک بە مەرجەعی کورد بناسرێت.
ئەم رێکەوتنانەی کە ھەوڵدەدرێ بکرێ بۆ چەسپاندنی بوجەو موچەی کوردستان و مافە دەستوریەکان نیە، بۆ مافی پێشمەرگە و مادەی ١٤٠ و گەڕانەوەی خاکی زەوتکراوو ھەموو ئەو کێشە ھەڵپەسێردراوانە نیە، بەڵکو تەنھا لەپای یەک خواستە ئەویش بوونی مقتدی صدر بە مەرجەعی شیعە کە لەگەڵ سیستێم و دیدی شیعەکان گونجاوەو خواستێکی تەندروستەو بوونی کەسێکی تر بە مەرجەعی کورد و گەڕانەوە بۆ ئەو. لە بوونی مەرجەع و گەرانەوە بۆ مەرجەع چ پێوستیمان بەم ھەموو وەزارەت و وەزیر و پەرلەمانتارانە ھەیە؟
مەرجەعی ئاینی بابەتەکان لەرووی ئاین و مەزھەب و شەرعی بوون و نەبوونیەوە ھەڵئەسەنگێنێ. مەرجەعی نەتەوەیەک بابەتەلان لە چ روویەکەوە دەبێت ھەڵبسەنگێنێ؟
ھەموو بڕیارێک وابەستە بە میلەتەکەمان و ھەرێمەکەمان دەبێت بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی ھەڵبژێردراوی گەلی کوردستان و حزبەکانی گۆرەپانی سیاسی کوردستان و نەک کەسێک کە ناوی خۆی ناوە مەرجەع.