تەڵاق هەڕەشە لە کۆمەڵگەی کـوردی دەکات

2022-04-06

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و ساڵ لەدوای ساڵ، ڕێژەکە زیاتر دەکات و دیاردەکە بەرفراوانتر دەبێت.

هەڵکشان و بەرزبوونەوەی ژمارەی تەڵاق بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆسەر کۆمەڵگەی کوردی و دادگاکان ئاماری مەترسیدار بڵاودەکەنەوە.

تا دێت تەڵاق زۆرترو خێراتر پەلاماری خێزانەکان دەدات و شارەزایانیش دەڵێن بۆمبێکی مەترسیدارەو بە کۆمەڵگەی کوردیدا تەقیوەتەوە.

ئاماری فەرمی دادگاکان نیشانی دەدەن کە هاوکات لەگەڵ زۆربوونی ڕێژەی هاوسەرگیریدا، ڕێژەی جیابوونەوەش هەڵدەکشێت و بەردەوامیش لە بەرزبوونەوەدایە.

بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانەی کە لەدادگاکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە لەبەرانبەر هەر پێنج پرۆسەیەکی هاوسەرگیریدا، تەڵاقێکی نێوان هاوسەران تۆمار دەکرێت.

ئامارە فەرمییەکان نیشانی دەدەن کە ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوە لە ساڵی ۲۰۱۹ زۆر زیاتر بووە لە ساڵی پێشخۆیی و ساڵی ۲۰۲۰ ڕێژەکە زیاتر بووەو پارساڵیش ڕێژەکە زۆرترو زیاتر هەڵکشاوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە دادگاکانی کوردستان بڵاویان کردووتەوە لە ساڵی ڕابردودا لەهەر پێنج پرۆسەیەکی هاوسەرگیری، پرۆسەیەکیان بەجیابوونەوە کۆتایی هاتووە

ئاماری فەرمیی دادگاکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن لە ساڵی ۲۰۲۱دا لەبەرانبەر ٥٤٨۳۷ پرۆسەی هاوسەرگیریدا، ۱۱٦۹۹ حاڵەتی تەڵاق تۆمار کراوە.

لە ساڵی ڕابردودا، لەسەر ئاستی هەرێم، پارێزگای سلێمانی ۲۰۱٤۷ پرۆسەی هاوسەرگیری لە دادگا تۆمارکراوەو لەبەرانبەریشدا ٤۷٦۷ خێزان لەیەک جیابوونەتەوەو بەوەش لە ڕێژەی تەڵاقدا سلێمانی لەپێش پارێزگاکانی ترەوەیە.

هەڵکشانی ڕێژەی تەڵاق لە سلێمانی لەساڵی ۲۰۲۱دا لەکاتێکدایە کە ساڵی ڕابردوتر لە سلێمانی ژمارەی تەڵاق ۳۰۰۲
حاڵەت بووە، واتە لەماوەی یەک ساڵدا ۱۷٦٥ تەڵاق زیادی کردووە.

پارێزگای هەولێر لە ڕووی هەڵکشانی ڕێژەی تەڵاقدا لە پاش سلێمانییەوەیەو لە ساڵی ۲۰۲۰دا ۳۲٦۱ خێزان لەیەک جیابوونەتەوەو لە ساڵی ۲۰۲۱دا ڕێژەکە بۆ ٤۰٤۳ حاڵەت هەڵکشاوە، واتە لە ماوەی یەک ساڵدا لە پارێزگای هەولێر ۷٨۲ جیابوونەوەی نێوان هاوسەران زیادی کردووە.

ئاماری دادگاکان دەریدەخەن، بەهەمانجۆر ڕێژەی تەڵاق لە ساڵی ۲۰۲۱ بە بەراوردی ساڵی ۲۰۲۰ زۆر زیادی کردووەو ڕێژەکە بەرز بووەتەوە.

لە ساڵی ۲۰۲۰دا لە پارێزگای دهۆک ۱۳۰۳ خێزان لە یەکدی جیابوونەتەوەو، لە ساڵی دواتردا، واتە پارساڵ، ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران بۆ ۱۷۹٦ حاڵەت زیادی کردووە، واتە ژمارەی تەڵاق لە ساڵی ڕابردودا لەپارێزگای دهۆک ٤۹۳ حاڵەت زیادی کردووە.

هاوشانی هەرسێ پارێزگای هەولێرو سلێمانی و دهۆک، ئامارو ڕێژەی تۆمارکراوی تەڵاق لە دادگاکانی لە سنوری " کەرکوک ــ گەرمیان"یشدا، لە ساڵی ڕابردودا زۆر زیادی کردووەو هەڵکشاوە.

بەپێی ئاماری فەرمی دادگای باری کەسێتی، لەساڵی ۲۰۲۰ دا، لە سنوری دادگاکانی کەرکوک ــ گەرمیان دا، ٥۱٥ حاڵەتی تەڵاق تۆمار کراوە، بەڵام لە ساڵی ۲۰۲۱دا ڕێژەکە بۆ دوو هێندە زیاتر هەڵکشاوەو ۱۰۹۳ پرۆسەی هاوسەرگیری هەڵوەشاتەوە، واتە بە بەراوردی ساڵی ۲۰۲۰ لە ساڵی ڕابردودا لە سنووری دادگاکانی کەرکوک ــ گەرمیان دا، ٥۷٨ حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران زیادی کردووە.

ئاماری دادگاکانی باری کەسێتی هەرێمی کوردستان دەریدەخەن کە لە ساڵی ۲۰۲۱دا ( ٥٤٨۳۷) پرۆسەی هاوسەرگیری تۆمارکراوەو لەبەرانبەردا ( ۱۱٦۹۹) تەڵاق تۆمار کراوە، واتە لەبەرانبەر هەر پێنج پرۆسەیەکی هاوسەرگیریدا، پرۆسەیەکی تەڵاق و جیابوونەوەش تۆمار کراوە.