نهێنی پشت بڕیاری دەستگیرکردنی زەکەریا عەبدوڵا

2022-08-14

قەرزاری کێیە وا تەنگیان پێ هەڵچنیەوە؟
ئایا خۆری زەکەریا عەبدوڵا لای بارزانییەکان ئاوا دەبێت؟
چۆن گۆرانییەکانی بۆ پەیوەندییە سیاسییەکانی بەکاردەهێنا
زەکەریا عەبدوڵا، کاتێک گوێت لە ناوی دەبێت، سەدان یادگاریت بیردەکەوێتەوە، بۆ ئەوانەی لە دوو دەیەی ڕابردوودا عاشق بوون، هیچیان ناتوانن دەنگی ئەو گەنجە لە یاد بکەن کە دوور لە نیشتیمانەکەی دەستی بە گۆرانی وتن کرد و هەر زوو هەموانی سەرسامکرد، سەرەتا وەک هەمیشە ڕەخنەی لێگیرا، بەڵام دواتر بوو بە دڵخوازی هەموان و ئێستاش هەر هەواڵێکی زەکەریا هەبێت سەدان هەزارکەس بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەکەن، بەڵام هاوسەرگیرییەک ژیانی بە تەواوی گۆڕی و لە گۆرانبێژەوە کردییە سەرمایەدار.
زەکەریا، سەرەتا وەک میوزیک ژەن دەستی پێکرد و لە ساڵی ١٩٩٨ یەکەم ئەلبومی خۆی بە ناوی تۆ ھاتی بڵاوکردەوە و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٠ دووەمین ئەلبومی بەناوی بگەڕێوە بڵاوکردەوە، لە ساڵی ٢٠٠٢دا ئەلبومی ڕۆژگاری بڵاوکردەوە و لایەنگرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. ئەم ئەلبومە تا ئێستا ١٫٥ ملیۆن کۆپی لێ کراوە زەکەریا ئەلبومی تیلینازی لە ساڵی ٢٠٠٤ بڵاو کردەوە کە سێ ملیۆن کۆپی لێ بڵاوکرایەوە.
زەکەریاش ئەلبومی گەنجی پیری لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی ٢٠٠٧ بڵاوکردەوە و  دوای چەندین ساڵ وەستانیش کۆتا ئەلبوومی بە ناوی لاپەڕەی سپی بڵاوکردەوە.
کۆتا ئەلبوومی زەکەریا ڕێک تێکەڵاوبوونێکی سەیری سیاسی پێوە دیار بوو، بە تایبەت کە لە کۆی ١٢ گۆرانی کە لەم کۆتایانەدا وتوویەتی نۆ هۆنراوەی لەلایەن سامی ئەرگوشییەوە دانرابوون، کە سکرتێری ڕۆژنامەوانی نێچیرڤان بارزانی بوو، ئەمەش ئەوەندەی دیکە دەروازەکانی بە ڕوودا کردبوویەوە.


زەکەریا ئێستا دوو ساڵ و یەک ڕۆژە هیچ پۆستێکی لە فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەکردووە، بەڵام بەردەوام هەواڵی گیر وگرفتەکانی بە هۆی قەرزارییەوە بڵاودەکرێتەوە.
زەکەریا مام جەلالی  بە ئەفسانەی سەدەی ٢١ ناودەبرد، کەچی خۆی بەرەی پارتییەکانی هەڵبژارد، لە ساڵی ٢٠١٠ەوە هیچ بەرهەمێکی هونەری بڵاونەکردووەتەوە، دواجاریش کە گۆرانی وت لە ساڵی ٢٠١٧دا بوو.
زەکەریا، یەکەم کەسە کە پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە ناوی خۆیەوە لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات و ئێستا هەم لە هەولێر هەم لەسلێمانی بە ناوی خۆیەوە پڕۆژەی هەیە
زەکەریا دوای تێکەڵاوبوونی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ  چنار سەرباز هەورامی، کە کچی یەکێک لە بەرپرسە نزیکەکانی نێچیرڤان بارزانییە پێکهێنا، بەڵام ماوەی دوو ساڵە پێدەچێت پەیوەندییەکانی بەرە بەرە لەگەڵ دۆستەکانی نێچیرڤان بارزانیدا تێکچووبێت، بە تایبەت کە قەرزاری بانکی کوردستانە، کە دەوترێت هی نێچیرڤان بارزانییە.
لە ئێستادا لەسەر قەرزەکەی بانکی کوردستان، لەلایەن وەزیری ناوخۆوە بڕیاری دەستگیرکردنەکەی گشتێنراوە، کە کەسی نزیکی مەسرور بارزانییە، بۆیە پێدەچێت لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدرابێت و کەس نازانێت بڕیارەکەی یەکێک لە متمانەپێکراوترین پیاوەکانی مەسرور بارزانی لە حکومەتدا جێبەجێ دەکرێت.
ئەوەی ڕوونە، پێدەچێت جارێکی دیکە گوێتان لە هیچ بەرهەمێکی تازەی زەکەریا نەبێتەوە، چونکە خۆی ساڵەکانی چالاکبوونی خۆی بە ١٩٩٧ تا ٢٠١٠ دیاریکردووە و پێناچێت ئیدی بگەڕێتەوە و گۆرانی بگەڕێوە بڵێت.