گفتوگۆ لە ئێستای ئیسلامیەکان و سیکۆلارەکاندا

یەحیا کامیل

2022-09-27

گفتوگۆ وەک بەشێک لە فەلسەفەی گوتار، سەکۆیەکە بۆ بەیەکگەیاندنی چەمکە مرۆییە جیاوازەکان هەر لە فیکر و ئایدیا جیاوازەکانەوە هەتاکو دەوڵەت و تەبەقە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان، واتە گفتوگۆ بەرهەمی جیاوازیە لە فیکر و ڕوانین و بەژەوەندی. بەگوێرەی سروشتی کۆمەڵناسی، هەر کۆمەڵگەیەک هەڵگری دوو یان زیاتر لە دووی لایەن و تەبەقەی فیکری یاخود خاوەن بەرژەوەندی جیاوازن. کۆمەڵگەی کوردیش بەشیک لەم تەبیعەتە کۆمەڵناسیەی لەخۆگرتووە و لە نێوان دوو تەبەقەی فیکری و ئایینیدا دابەش بوون، ئەویش تەبەقە ئیسلامیەکە و تەبەقە سیکۆلاریستیەکەیە.

لەناو ئەم پەیوندیەدا ئیسلامیەکان و عەلمانیەکان بە گوێرەی ئەو پێدراوە مێژووییەی کە هەیە، هەمیشە سروشتی پەیوەندیەکانیان زیاتر لە لێکترازانەوە نزیک بووە وەک لەوەی کە لێکتێگەیشتن و داننان بە مافی یەکتردا بوونی هەبووبێت. بنەما و هۆکاری ئەم پەیوەندیە ناتەندروستە بەڕێژەیەکی زۆر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پابەند نەبوون بەو گوتارانەی خۆیانەوە کە بانگەشەی بۆ دەکەن لە بابەتی گفتوگۆ و پێکەوە ژیانەوە، دەکرێت لێرەدا پشکی شێر بەر سیکۆلاریستەکان بکەوێت بەو دەلیلەی کە سیستەم و سوڵتەی سیاسیان بەدەستەوە بووە بە درێژایی سی ساڵی ڕابردوو، واتە توانایەکی زیاتریان لەبەردەمدا بووە بۆ ڕەخساندنی فەزایەک کە تیایدا هەر تاکێک بەدەر لە هەر دەمارگیرییەک مومارسەی بیر و ئایدیا و باوەڕی خۆی بکات لە چوارچێوەی ئەو فەرهەنگەی کە تێیدا گەورەبوە و ژیاوە.

ئەگەر لە گوتار و فەرهەنگی خودی ئیسلامەوە بڕواننین، چەندین دەقی مەعریفی و جەدەلی بەدی دەکەین کە ڕاماندەکێشتە ناو ئەو بارودۆخەی لەڕێی گفتوگۆوە مومارەسەی بیروباوەڕی ئاینی بکەین وەک لەو دەقەدا خوای گەورە دەفەرموێت(ٱدْعُ إِلَىٰ سَبِيلِ رَبِّكَ بِٱلْحِكْمَةِ وَٱلْمَوْعِظَةِ ٱلْحَسَنَةِ ۖ وَجَٰدِلْهُم بِٱلَّتِى هِىَ أَحْسَنُ ۚ) لەم دەقە پیرۆزەدا خوای گەورە جەخت لەوە دەکاتەوە کە باشترین ڕێگای بانگەواز گفتوگۆ و جەدەلە.

بەگوێرەی ڕاڤەی ابن ڕوشدی فەیلەسوف لەم دەقەدا خوای گەورە بنەماکانی گفتوگۆ و بانگەوازی دین دابەش ئەکاتە سەر سێ ئاستی مەعریفی کە ئەوانیش ئاستی خیتابی( الموعظة الحسنة)،و ئاستی دووەمیش ئاستی جەدەلیە( وجدلهم)، سێیەمیش ئاستی بورهانی و فەلسەفیە (الحكمة). واتە بانگەوازی ئیسلامی لەگەڵ سێ ئاستی مەعریفی ڕووبەڕووە ئاستی سەرەتایی خەڵک کە بە عەوام ناسراوە و تیایدا بەئامۆژگاری و نمونە و مژدەبەخشین و ترساندن بەیانی دین دەکات ،وە ئاستی دووەمییش لەگەڵ خوێندەوارەکان ڕووبەڕووە کە کوالێتی مەعریفی ئەم تەبەقە لەوەی پێشتر بەرزترە، وە ئاستی سێیەمیش ئیتر لەئاستە بەرزە فەلسەفیەکەوە بانگەواز بڵاودەکاتەوە. لەم سەردەمەی ئێستاماندا بانگەوازی ئیسلامی لەپاشەکشەیەکی جدی و خراپی مەعریفیدایە، لەبەرئەوەی مەعریفەی بانگەوازەکەیان لەئاستی تەنها چینی عەوامین و سەرەتاییدایە و هەربەو نیمچە مەعریفەیەوە جەدەل و بورهانیەتیش بەیان دەکەن و ئامادەن لەگەڵ فەیلەسوفانیش ڕوبەڕووبن . دەکرێت هۆکاری ئەمە زیاتر ئەوە بێت کە بانگەوازان زیاتر لە ڕەهەندە فیقهیەکەوە ڕۆچووبن و کەلتورە فکریەکەی دینیان فەرمۆش کردبێت، بۆیە کاتێک بەریەککەوتنیان لەگەڵ فیکر و ئایدیایەکی دنیای دەرەوەی خۆیان دەبێت هەربە پێوەرە فیقهیەکە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن لەکاتێکدا ئەمە لەڕووی میتۆدەوە زۆر هەڵەیە. بۆیە زۆر گرنگە مامەڵە کردن لەگەڵ کەلتور و ئایدیاکانی دنیای دەروە لەئاستێکی بەرزی مەعریفیدا بێت، واتە فیکر بەرامبەر فیکر بێت نەک فیقهـ بەرامبەر فیکر،( وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ) بەزمانی سەردەم واتە ئێوەمان لەچەند کەلتور و نەتەویەک دروست کردووە بۆ ئەوەی تەعاروف و یەکترناسینتان هەبێت، ئایا تەعاروف بە دژایەتی و دوژمنایەتی دێتە بەررهەم یاخود گفتوگۆ و جەدەل؟ وڵامەکە لێرەدا ڕوونە کە چیە، لەحاڵەتی گفتوگۆیشدا کاتێک بەرامبەرەکەت بەکەرەستەی فیکریەوە دێتە بەردەمت دواجار تۆش پێویستە فیکرت هەبێت تا ئەوەی گفتوگۆیەکی هاوسەنگ ئەنجام بدرێت. کەواتە ڕوونە لەسەردەمی ئێستای سەردەمی تەکنەلۆجیای زانیاریدا گفتوگۆ باشترین وەسیلەی گۆڕینەوی بیروباوەڕەکانە نەک دژایەتی و لەبەریەک هەڵوەشاندن. ڕۆحی گوتاری ئیسلامی پڕیەتی لە گرنگی و بەهای گفتوگۆ ، لەئەزمونی ژیانی پەیامبەریشدا ، ڕێکەوتنی حودەیبیە جوانترین مۆدێلی گفتوگۆ و دانوستانە.

عەلمانیەکان بەگشتی لەگەڵ دوو گرفتدا ڕووبەڕوون، یەکەم ئاستە مەعریفیەکەیان و ڕۆحی ئەو چەمکانەی کەبەکاریان دێنن هاوسەنگ نیە، بۆنمونە زۆر بەباڵای ڕۆشنگەریدا هەڵدەدات ڕۆسۆ و ڤۆڵتێر و کانتیش ناناسێت، زۆر بەباڵای ئازادیدا هەڵدەدات و جۆن لۆک یان هانا ئارێنت ناناسێت ، لەزۆر حاڵەتیشدا دەستەواژەی نەخوێنەواری دەخنە پاڵ ئیسلامیەکان.

 

گەر بێینیە سەر گوتاری سیکۆلاریستەکانیش، لەگەڵ ئیشکالاتی گەورە ڕووبەڕووین ، هەمان ئەو ئیشکالیەتەی لەگوتاری ئیسلامیەکاندا باسمان کرد دەربارەی کوالێتی مەعریفی لێرەش بەزەقی وجودی هەیە، ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین سیکۆلاریستەکانیش گوتارەکانیان لەدەوری کۆمەڵێک چەمک و زارەوەی مرۆییدا دەسوڕێنەوە کە ئەتوانین بڵێین تەنیا وەک گەمەی زمانەوانی بەکاریان دەهێنن ، وەک ئازادی ، یەکسانی و تۆلێرانس و پێکەوەژیان و ....هتد.

عەلمانیەکان بەگشتی لەگەڵ دوو گرفتدا ڕووبەڕوون، یەکەم ئاستە مەعریفیەکەیان و ڕۆحی ئەو چەمکانەی کەبەکاریان دێنن هاوسەنگ نیە، بۆنمونە زۆر بەباڵای ڕۆشنگەریدا هەڵدەدات ڕۆسۆ و ڤۆڵتێر و کانتیش ناناسێت، زۆر بەباڵای ئازادیدا هەڵدەدات و جۆن لۆک یان هانا ئارێنت ناناسێت ، لەزۆر حاڵەتیشدا دەستەواژەی نەخوێنەواری دەخنە پاڵ ئیسلامیەکان.

ئیشکالی دووەم کارنەکردنە بەو بانگەشانەی خۆیانەوە کە بەردەوام هاواری بۆدەکەن ، بۆنمونە بانگەشەی ئازادی دەکات و دەشڵێت نابێت باڵاپۆشی بمێنێت، بانگەشەی پێکەوە ژیان دەکات و دەڵێت نابێت کەلتوری ئیسلامی بمێنێت لەناو کۆمەڵگەدا. سیکۆلاریستەکان ئەبێت لەوە تێبگەن یەکپارچەکردنی کۆمەڵگا مانای سیستەمێکی سەرکەوتوو نادات بەدەستەوە، بەڵکو زیاتر لەسیستەمێکی دیسپۆتیستی چەوسێنەر دەچێت، وەک مارتن بوبەری فەیلەسوف کە بە باوکی فەلەسەفەی دیالۆگ ناسراوە دەڵێت گفتوگۆکردن بەمانای یەکڕەنگ کردن نایەت بەڵکو گونجاندنی ڕەنگەکانە، ئەمە بۆ ئیسلامیەکانیش ڕاستە.
بابەتەکە هۆکار و قسەگەلی زیاتر لەخۆ ئەگرێت ، بەس ڕەنگ لانیکەم زاهیری بابەتەکەمان ڕوونکردبێتەوە، بەمانا هیگڵیەکەی ئێمە پێوستە گەمارۆی بابەتێک بدەین کە ئەویش مرۆڤە ، ئەمە ڕۆحی ئیسلام و چەمکە باڵا مرۆیەکانیشە. ئەتوانین دەرەنجام ئەوە بڵێین کە پۆڵ ڕیکۆر ئەیڵێت ، ئەزمونی ژیانی من نابێت بە ئەزمونی ژیانی تۆ ، کەواتە وەرن با گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی بگونجێین.