پێشکەشە بە خۆڕاگری شێروان شێروانی

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2023-07-21

لە ئەدەبیاتی دینی مەسیحیدا شتێکی سەرنجڕاکێش هەیە بەناوی دوا ماچی مەرگ. سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم فرێزە بۆ سەردەمی عیسا و دوازدە حەوارییەکەی دەگەڕێتەوە. کاتێک هێزەکەی پلاتۆس بە خۆی و سەربازە خوێنڕێژەکانییەوە دەگاتە لای مەسیح و دوازدە حەوارییەکە، نازانێت کامە لەوانە عیسایە. بۆیە یەهوودای جوولەکە دێت و دەچپێنێت بە گوێیدا و پێی دەڵێت من نزیک ئەبمەوە لێیان،  کامە لەوانەم ماچ کرد ئەوە مەسیحە و بیکوژە. یەهوودا دەچێتە نزیک مەسیح و دوا ماچی دەکات. پلاتۆسیش مەسیح دەناسێتەوە و قۆڵبەستی دەکات. لێرەوە وێژەی دوا ماچی مەرگ دێتە نێو دونیای مەسحییەتە و دواتریش هەر ئەم واژەیە دەپەڕێتەوە بۆ دونیای سیاسەت.

زۆرن ئەو ماچانەی مەرگ ئەمڕۆ کە دۆخی دونیاکەی ئێمەیان لەخاچداوە و ئێمەیان بەمڕۆ گەیاندووە، بەجۆرێک لەخاچدراوین بوارێکیان بۆ لنگەفرتەیەکیش نەهێشتۆتەوە ، بە بڕوای من خائینانەترین و  یەهووداییترین دوا ماچ کە ئێمە کرابێتین ماچی ئەو جوڵانەوە نالەخۆ و هاوردەیە بوو کە لەڕابردوودا ناوی شۆڕشی لەخۆی نابوو، گرنکترین میوەی ئەم دوا ماچەش پایەماڵکردنی ئازادییە کەسییەکان و قانون و عەدالەت و بێ ڕۆڵکردنی دادگاکان بوو. 

ئەم دوا ماچە کوشندەیە بەجۆرێک مەستی کردین جێگری سەرۆکی هەرێم بە ئاشکرا و لە کەناڵێکیی بینراوەوە بڵێت ئەوەی بەعس و سەدام پێی نەکرا ئێمە بە میلەتەکەی خۆمان کرد و کەسیش نوزەی لێوە نەیەت و پرسیارێک نەکات ئایا ئێوە چیتان کرد؟

بە بۆچوونی من ئەوە گرنگترین دانپێدانانێکی مێژووی هەشتاساڵی ڕابردووی ئێمەیە لە زاری باڵاترین دەسەڵاتی پاش شۆڕشەوە دەرچووبێت. بەڵێ ئەوەی ئەوان کردیان هەڵگرتنی یەکجارەکی یاسا و قانوون و بێ رۆڵکروونی ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری بوو لە ئەداکردنە ڕەقابییەکەی خۆی بۆ دەسەڵاتی تەشریعی و جێبەجێکردن.

ئەمڕۆ زۆرن ئەو سیاسیی و ڕۆشنبیر و پارلەمانتارانەی کەوتونەتەوە ناو مەستیی هەمان ئەو ماچە بکوژە و داوای هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی پارلەمان و خۆپیشناندان و چاکسازی ڕیشەیی دەکەن، وەک بڵێیت بارتەقای کێشەکە هەڵبژاردن  و پارلەمان بێت. زۆرم پێ سەیرە سیاسییەک هەڵبژاردن و پارلەمان بە ئەساسیاتی دیموکراسی بزانێت بەڵام لەسەر دەسەڵاتی دادوەری بچوکترین نوتقی نییە. ڕۆشنبیرێک، موفەکیرێک، ڕۆماننوسێک، شاعیرێک کەس هیچ لەسەر ئەم موعجیزەی مەیسەرکردنی ژیانە بۆ هەموان ناڵێت، قڕوقاپ هەموومان کەوتوینەتە نێو یارییەکی دەستی چواری ئەو قەزیانەی ڕۆژانە دیکتاتۆر ئەیانوروژێنێت.  تا دەسەڵاتێکی دادوەریی بێلایەنی ئازای تێروتەسەل دروست نەبێت "نەوەک دروستبکرێت" مەستیی ئەو ماچە بکوژە بەرمان نادات و هیچ شتێک چاک نابێت، نەک هەر چاک نابێت دوێنێ لەمڕۆ زیاتر و سبەینێش لەمڕۆ کەمتر دێنێت و ڕۆژ دوای ڕۆژ دۆخەکە بۆگەنیوتر دەبێت.

هەڵبژاردن، پارلەمان، حکومەت و میدیا دەشێت وەک میوەی دیموکراسیی چاویان لێبکرێت، بەڵام دەسەڵاتی دادوەریی دڵ و بڕبڕەی پشتی هەمو دیموکراسییەکە. دەشێت دیکتاتۆرترین و خوێنڕژترین و دزترین دەسەڵاتدارەکان باوەڕیان بە هەڵبژاردن و پارلەمان و حکومەتی بنکە فراوان و میدیای ئاکتیڤ و تەنانەت ڕەخنەگریش هەبێت، بەڵام هێندەی مەحاڵ نەکردەیە مرۆڤێکی بچوک و ترسنۆک و ناخ شێواو و سایکۆپات و کەللەرڕەقی وەک کەسێتی دیکتاتۆر باوەڕی بە دەسەڵاتێکی دادوەریی ئازا و سەربەخۆ هەبێت. لە بەشار ئەسەد و ئاردۆگان و سەدام و قەزافی و موبارەکەوە بۆ پوتن و هیتلەر و مۆسۆلینی  هەمویان بە هەڵبژاردن هاتونەتە سەر کورسی دەسەڵات، میدیای ئاکتیڤیان هەبووە، حکومەتەکانیان چەند ساڵ جارێک گۆڕیوە، پارلەمانیان بە هەڵبژاردن داناوە بەڵام ئەوەی ئەمان نەیانبووە و هەمیشە لێی ترساون دەسەڵاتێکی دادوەریی موحاید و ئازا و بێلایەن و جەسور بووە. 

ئەمڕۆ بەهۆی بوونی دەسەڵاتێکی دادوەری بەهێز و بوونی لانی زۆری عەدالەت لە ئامریکا و کەنەدا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی و لیبراڵدا هیچ کەسێک ڕووت و بێکەس و بێ لانە نییە، سواڵکەرترین و بێ مەئواترین و بێنەواترین کەسانی سەرجادەش بێ بەهرە نین لەم مافەی عەدالەت. کەس ناتوانێت سنوری کەس ببەزێنێت. ئەوەی لەوێ ژیانی یەکسانی بێمەرجی بۆ هەموان دابین کردووە ئەوەیە عەدالەت کراوەتە پێشمەرجی چونیەکی ژیان. گرنگترین میوەش کە عەدالەت پێشکەشی ژیانی بکات ئازادییە نەوەک پارلەمان و حکومەتی بێسەواد و میدیای زبڵدان.
کە عەدالەت کرایە پێشمەرج، ئازادی بۆخۆی تەحسیل حاسڵە، کە ئازادیش هەبوو کەس ئیتر کەس ڕووت نابێت و ئێمەومانانیش ئەم وتارە مسۆدە دوورودرێژانە نانووسین!




مرۆڤ چەندە بۆ عەدالەت بژی، عەدالەتیش ئەوەندە پەردە لە ڕووی خۆی بۆ لادەدات. بەو شێوەیە نییە عەدالەت هاوردە بکرێت بەڵکو عەدالەت لە ناوەوەی مرۆڤەوە هەڵدەقوڵێت بۆ دەرەوە. لە تەرمینۆلۆژی کۆنی ئیسلامییدا قسەیەک هەیە دەوترێت تەنها کەسانی موعتەدیل و خاوەن عەدالەت و ئاشتیی ناوەکیی دەتوانن عادل بن لە دەوڵەتدارییدا. مەحاڵە کەسێک لە ناخی خۆیدا و بەرامبەر خۆی شێواو و  ناعادل بێت بتوانێت کۆمەڵگا و حکومەت و ڕەعیەتێکی عەدالەتخواز سەرڕێبخات. ئەم شتە لە ناوەوە دێتە دەرەوە.

‍ لەم جۆرە وڵاتانەی ئێمەدا دەسەڵاتی دادوەریی کە دەبێت پشت و پەنای خەڵک بێت زۆر جار بە فیتی سیاسیی و لەژێر فشاری میدیای دەوڵەمەنددا لە دژی خەڵکەکەی خۆی مۆبەڵایز دەکرێت، کەم نین ژمارەی ئەو سیاسی و دادوەرانەی ڕۆژانە هاواراین لە دەستتێوەردانە سیاسییەکان بۆ دادگا لێ بەرز دەبێتەوە. دۆخی دەستتێوەردانەکە بەجۆرێکە تەنانەت کەسێکی وەک سەرۆکی هەرێمیش هەر وەک ئێمە دەتوانێت جار جار لەژێر لێوەوە نەرمە گلەییەک بکات. ئەمڕۆ لاوازترین دەسەڵاتک کە بشێت لەم وڵاتانەی لەمەڕ خۆمان بیبینین دەسەڵاتی دادوەرییە. زۆرجار کاریگەریی دادوەرێک یا داواکارێکی گشتی یا ئەنجومەنێکی وەک ئەنجومەنی شورا لە کاریگەریی نووسەرێک یا میدیاچییەکی میدیایەکی دەوڵەمەند کەمترە.

هەر ئەمەیە وادەکات بەشی زۆری خەڵک متمانە بەو دەسەڵاتە نەکەن و دیوەخانەکانی پێش هاتنی ئیسلام هێشتا ئاوەدان بن و جمەیان بێت بۆ سوڵحی ژنهەڵگرتن و خەلەوخەرمان سوتاندن و چەتەیی و ڕاو و ڕووت.

لاوازیی و پاسیڤیی دەسەڵاتی دادوەری لای ئێمەی ڕۆژهەڵاتیی بەجۆرێکە هیچ کەسێک بە خەیاڵیشیدا نایەت ڕۆژێک لەڕۆژان بتوانێت سەرۆک، سوڵتان یا پادشای وڵات بباتە بەردەستی ئەو دەسەڵاتەوە، ئەمە نەوەک واقیع نییە، هێشتا نەبووەتە خەونیش!هیچ کەسێکی حیجازیی  بیری لەوەکردۆتەوە ڕۆژێک مەلیک سەلمانی سعودیە یا محەمەدی کوڕیبچێتە بەردەم دادوەرێک؟ یان ئاردۆگان بچێتە دادگای تاوانەکانی ئیستانبوڵ؟ ئەمانە هێشتا خەون و خەیاڵیش نین، ئەمە لەبەر ئەوەنییە  زۆر عەدالەتخوازن و بەچاوی یەکسان لەهەموان دەڕوانن، نەخێر هۆکارەکەی نەبوونی ئەم دەزگایەیە لە بیرکردنەوە و زیهن و خەیاڵدانی خەڵکدا، کاتێکش شتێک لە زیهندا نەبوو مەحاڵە لە واقیعدا جێکەوت بکرێت.

 لەسەرۆک و براگەورە و قائیدی زەروورە و خەلیفە گەڕێ کە زیاتر وەک خودایەک لێی دەڕواندرێت لە ڕۆژهەڵات و باشووری جیهاندا، لە مێشکی خەڵکدا حاشییەنشین و دەربارەکانیشیان ڕۆژێک لەڕۆژان کەس ناتوانێت ڕاپێچی دادگا و دەسەڵاتی دادوەرییان بکات. کاتێکیش کەسێکی پلەچوار یا پلە پێنجیان دادگایی دەکرێت و دادگا بە حیسابی خۆی عەدالەت دەچەسپێنێت و بڕیارێکی لەدژ دەردەکا ئیدی دەبێتە جەژن لای خەڵک، چونکە خەڵکەکە هەر لەسەرەتاوە لە گرنگیی ئەم دەزگایە تێنەگەیشتووە ئێستاش هەر لێی تێناگات! گەر مرۆڤێک دە ساڵە دزە ئەم دەزگایە چۆنە پێشتر لێی نەپرسیوەتەوە؟ گەر دزیش نییە دیارە ئەم بڕیارە عەدالت نییە.

وەک چۆن یەکەمین ئۆرگانی مرۆڤ لە پاش مەرگ لەکار دەکەوێت دڵە، بەهەمان شێوە لە مەنزومەیەکی فاشیل و دیکتاتۆرییشدا  یەکەمین دامەزراوەیەک کە لەکار دەکەوێت دامەزراوەی دادوەرییە، ئیدی لە پاش لەکارکەوتنی ئەم دڵە زیندووە ماکیاجکردنی جەستەیەک کە دڵەکەی لە لێدان کەوتووە لە تراژیکۆمیدییەکی تەمام عەیار زیاتر نییە. بوونی میدیا و پارلەمان و حکومەت و ڕۆژنامە و ئیدیعای بوونی ئازادیی هەمان ئەو ماکیاجکردنەیە، بە تێپەڕبوونی کات ماکیاجکردن دادی جەستەکە نادات و بۆگەن دەبێت. بەقەولی مەحوی دەبێتە قەسابخانەیەکی بۆگەنیو:

لەعارف عامییەک پرسی هەواڵی مەسلەخ و قەساب
بەئەنگوشتی شەهادەی کرد کە شوێنی مەحکەمە و نائیب

ماچە کوشندەکانی وڵاتی ئێمە بێ ژمارە و بێ حیسابن، بەڵام گەر قەرار بێ یەکێکیان لە هەموویان کوشندەتر بێت و ناوی دواماچی مەرگی لێبنێین ئەو ماچە بوو کە عەدالەت و دەسەڵاتی دادوەریی پایەماڵ کرد و بۆ ئەبەد لەخاچی دا.