پێش شەڕی قڕناقە و پشتئاشان چی ڕویدا؟

د. فایەق گوڵپی

2023-02-20

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ینک ئەوەیە، گوێ بە قسەو باسی ڕکەبەر و دوژمنەکانی نادات، بۆیە بەرامبەر بە گیڕانەوەی ئەو ڕوداوانە و ڕوداوی تریش بێدەنگی هەڵدەبژێرێ.ئەم بێدەنگییەی ینک لەسەر مێژووی ململانێکانی خۆی و ڕکەبەرەکانی تەنها زیان بە ینک ناگەیەنێت، بەڵکو مێژوی خوێناوی تێکۆشانی گەلی کورد لێڵ دەکات.
من وەک پزیشک و پێشمەرگەیەکی دێرینی ینک، وەک کەسێک کە لە کاتی شەڕ و ناخۆشییەکانیشدا پزیشکی هەموو هێزە سیاسیە بەشەڕهاتوەکانی کوردستان بووم، بەرامبەر بە مێژوی تێکۆشان و شەڕو ململانێکانی خولەکانی شەڕی براکوژی نێوان حزبەکان خۆم بە بەرپرسیار دەزانم هەر زانیارییەکم لابێت بیخەمە بەردەستی خوێنەرانی ئەمڕۆی کوردستان تا ڕاستی ڕوداوەکان وەک خۆیان ببینن.
لەسەر ئەو بنەمایە باسی شەڕی قڕناقە و پشتئاسانتان بۆ دەکەم.
١.شەڕی قڕناقە و پشتئاشان قۆناغی کۆتایی کۆمەڵەشەڕێکی نێوان ینک و بەرەی جود( پدک، حشع، حسک، پاسۆک) بوو، سەرەتا شەڕ لە سەرگەڵوی سنوری مەڵبەندی دووی ینک وە دەستیپێکرد. لە مانگی ئازاری -١٩٨٣ سالاری مامە عەبە بەرپرسی ڕیکخستنی حسک لە ناوچەکەدا، لە نەخۆشخانەکەی سەرگەڵو سەردانی کردم و وتی:
 دکتور ئێمە بەرنامەمان داناوە مەڵبەندی دوو بگرین، تۆ مەترسە، ڕامەکە، تۆ دکتۆری، هەموو لایەنەکان پێویستیان بە تۆ دەبێت، ئێمە تۆمان خۆشدەوێت گیانت دەپارێزین.
لە نەورۆزی ١٩٨٣ بە کۆڵەپشتێک دەرمانەوە بۆ چارەسەری بریندارێک لە سەرگەڵو بەرەو مەرگە بەڕێکەوتم، لە گەڕانەوەمدا زیرۆ عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی عەسکەری ینکم بینی، نامەیەکی دایەدەستم، وتی دکتور ئەو نامەیە بگەیەنە دەست برادەرانی مەڵبەند. 
کە گەیشتمەوە سەرگەڵو سەردانی ماڵی عەلی بچکۆلی بەرپرسی مەڵبەندم کرد، سەیردەکەم مستەفا چاوڕەش و ئاوات عەبدولخەفوریش لەوێن، نامەکم دابەدەست عەلی بچکۆل، هەرسێکیان نامەکەیان خوێندەوە، هیچ شتێکیان بە من نەوت، سەری ڕازیبوونیان بۆ یەکتر و بۆ نامەکە لەقاندا.
فەرماندەیەکی حسک بەناوی سورەی قۆڕیتانی لە زیندانی مەلبەندی دوی ینک  گیرابوو، ڕۆژێک دوای گەیشتنی نامەکە سورەی قوڕیتانی لە زیندان دەرکرا و ڕەمی کرا. بۆ ڕۆژی دوایی هێزەکانی سنوری مەڵبەندی دووی ینک  هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی حسک کە لە چیاکانی ئاسۆس و دەوروبەری مەرگە سەنگەریان گرتبوو،دەستپێکرد، دوای  دە ڕۆژ شەڕی نێوان پێشمەرگەی ینک و پێشمەرگەی حسک، هێزەکانی حسک شکان و بەرەو دەشتی کۆیە پاشەکشەیان کرد.
٢.دوای ئەوەی هێزەکەی حسک گەیشتە سنوری دەشتی کۆیە، لەگەڵ پێشمەرگەکانی سنوری دەشتی کۆیەی حسک و پێشمەرگەکانی دەشتی کۆیەی حزبی شیوعی یەکیانگرت، پیلانگێڕیەکیان بۆ تیپی ٩٣ دەشتی کۆیەی ینک دانا، فەرماندەی ئەو کاتەی حسک نامەیەکی بۆ شەماڵی فەرماندەی تیپی ٩٣ دەشتی کۆیەی ینک نارد، لە نامەکەدا داوای ئاشتەوایی کردبو، داوا لە شەماڵ دەکات، با لە سنوری دەشتی کۆیەدا شەری براکوژی نەکەن، با پێکەوە دابنیشن و بەرنامەیەک بۆ ئاشتەوایی دابنێن. 
شەماڵی فەرماندەی تیپی ٩٣ دەشتی کۆیەی ینک، بە بەرنامەکەی حسک ڕازیدەبێت و سەردانیان دەکات، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە شوێنی کۆبونەوەکە، ڕوبەڕوی کەمینی پێشمەرگەکانی حسک و حشع دەبێتەوە، شەماڵی فەرماندەی تیپ و سەربازی جێگری تیپ و هەموو پێشمەرگەکانی ینک بێجگە لە شۆڕش حاجی ڕابەر سیاسی تیپ، لەبەر ئەوەی دەکەوێتە ژێر لاشەی شەهیدەکان ڕزگاری دەبێت، هەموویان دەکوژرێن.
شەهیدبوونی شەماڵ و سەرباز و پێشمەرگەکانی تری ینک بەو پیلانگێرێیە هاوبەشەی پێشمەرگەکانی حسک و حشع، بەرپرس و کادر و پێشمەرگەی ینک توڕە و نیگەران کرد، ئیتر ئیتر لەو کاتەوە هەموو هەست و نەستیان بە شوێن تٶلەدا دەگەڕا، هوتافی تۆڵەبەسەبرە ئەمما بە زەبرەیان دەوتەوە.
٣،دوای شەهیدبوون شەماڵ و سەرباز و هاوڕێکانیان، پێشمەرگەکانی بەرەی جود، لە بالیسانی ناوچەی خۆشناوەتی پەلاماری بارەگای مەڵبەندی ٣ ینک یاندا، بارەگای مەڵبەندیان داگیرکرد، کادێڕیکی ینک بە ناوی پێشەڕەو چەمچەماڵی و چەندان  پێشمەرگەی ینک شەهیدبوون. هێزەکەی جود تەنها بە دەستبەسەراگرتنی مەڵبەندی یەکێتییەوە نەوەستان، لە ناو خەڵکی ناوچەکەدا دەستیان بە پڕۆپاگەندەی ئەخلاقی دژی هەندێک لە کادر و بەرپرسەکانی ینک دەستپێکرد و هەوڵی ئابڕوبردنیان دان.
٤.دوای ئەو ڕوداوانە نەوشیروان مستەفا هاتە سەرگەڵو،هێزەکانی  مەلبەندی یەک و دووی کۆکردەوە. (لەو کاتەدا من سەردانی نەوشیروان مستەفام کرد، دەربارەی هەڵویستی جیاوازی حزبی شیوعی لە سنوری سلێمانی و هەولێر بەرامبەر ینک پرسیارم لێکرد، ئەو وتی :
شیوعیەکانی سنوری سلێمانی حەز بە دۆستایەتی ینک دەکەن، شیوعیەکانی سنوری هەولێر لەگەڵ پارتیدان.)
نەشیروان مستەفا هێزەکەی مەڵبەندی یەک و دووی بەرە و سنوری دەسەڵاتی جود  برد، لەگەڵ هێزە توڕەکەی مەڵبەندی سێ یەکیانگرتەوە، پێش ئەوەی بگەنە شوێنی خۆیان سوپای عێراق هێزەکەی ینکی تۆپبارانبکرد، لەوێش ڕابەری سیاسی تیپی ٢١ کەرکوک  مام بێستون شەهیدبوو.
حسک و و پاسۆک و پارتی و حشع کە زانیبویان نەوشیروان مستەفا بە هێزێکی زۆرەوە بەرەو خۆشناوەتی و قەندیل هاتووە و دەیەوێت تٶڵە بکاتەوە، ترسییان لێنیشتبوو، خۆیان نەدابوو بە دەم هێزەکەی ینکەوە، سنوری مەڵبەندی سێی ینک یان بە بێ شەڕ چۆڵکرد.
هێزەکەی ینک بەرەو قڕناقە و پشتئاشانی سنوری دەسەڵاتی جود کشا، لەوێش حزبەکانی تر، بێجگە  لە حزبی شیوعی پاشەکشەیان کرد و شیوعیەکانیان بە تەنها بەجێهێشت، ئیتر کارەساتی قڕناقە و پشتئاسان و پەرێزتان پاکبێت باڵی بەسەر هەموو ڕوداوەکاندا کێشا.
تێبینی:
*سالاری مامە عەبە لە ژیاند ماوە.
*عەلی بچکۆل و مستەفا چاوڕەش لە بیرەوریەکانی خۆیاندا باسی ئەو نامەیە ناکەن، ئەو نامەیە گرنگە شتی زۆر ڕوندەکاتەوە.
*بێجگە لەوەی نەوشیروان مستەفا سەرکردەیەکی ینک بوو، شەماڵ و پێشڕەو و ئەو بەرپرسەی ینک ی سنوری مەڵبەندی سێی زۆر خۆشدەویستن کە هەوڵی لەکەدارکردنی دەدرا.
* دوای ڕاپەڕین بەرپرسێکی پاسۆک بۆیگێرامەوە وتی کە زانیمان نەوشیروان مستەفا بە هێزێکی زۆرەوە بەرەو ڕوماندێت پاشەکشێمان کرد.
* کەریم ئەحمەدی سەرکردەی حشع لە بیرەوەرییەکانیدا باسی دەکات کە هێزەکانی تری بەرەی جود بێئەوەی ئەوان ئاگادار بکەنەوە، لە قڕناقە و پشتئاشان پاشەکشەیان کردووە.
* زۆربەی ئەم زانیاریانەم لە کتێبی( کە لێرەوە سەیری ژیانی خۆم ئەکە) نوسیوەتەوە.
* ئەم وتارەی من بۆ ئەوە نییە ڕەوایی بدات بە کۆڵکوژی شیوعیەکان لە شەڕی قڕناقە و پشتئاساندا، بۆ ئەوەیە چۆنییەتی ئەو کارەساتە ڕونبکرێتەوە.