کێ شکستی هێنا؟

هادی حەمە ڕەشید 

2023-12-20

ئەوەی کە شکستی هێنا بە پلەی یەکەم پڕۆژەی نیشتیمانیی بوو، ئەوەشی براوە بوو، هێڵەکانی ئاراستەکراوی دەرەوە بوو، ئەوەی دۆڕاوی چەند بارە بوو وەهمی(مەدەنیی و لۆژیکی ناتوندوتیژیی) بوو، ئەوەش کە براوە بوو لیستی سێبەری پۆستاڵ و نینۆك تیژەکان بوو!

لە دوای هەموو هەڵبژاردنێك دەرگای نوکتە و قسەی قۆشمە و تەنز ئەکرێتەوە، بە تەنیشت ڕەخنە و گلەیی و خۆ خاڵیکردنەوە بەسەر دۆڕاو و هێزە شکستخوادووەکان.

ئەوەی لە تابلۆ سیاسییەکەدا قسەی جدییە ئەوەیە؛ دەمێکە ئێمەومانان ئەڵێین پڕۆسەی سیاسیی لە کوردستاندا گەیشتووەتە بنبەست، یەکێتیی و پارتیی قۆرخی هەموو شتێکیان کردووە، ئەوان بە پاڵپشتی وڵاتانی هەرێمایەتیی و بە بەکارهێنانی سەرباز و ئەمن لە پێشی هەر شتێکەوە، دەستیان بەسەر داهات و ئیدارە و مەرز و بازاڕ و پیرۆزییەکانی کوردستاندا گرتووە!

ئێمە زوو وتمان: لەبەرامبەر ئەم دوو ماڵە قۆرخکارەدا، پانتاییەکی گەورە لە ناڕەزایەتیی هەیە، پانتاییەکی بێ ڕوئیا و لوتبەرزی هیچ لەباردا نەبوو، ئەوان ئەوەندە فشەڵ و بێ سەنگی سیاسیین کە پارتیی و یەکێتیی بێ کێشە دەرئەکەون(لەچاو کێشە زۆرەکانی ئەواندا)!

ناڕازییەکان دابەش بوون بەسەر؛ حیزبی ڕێکخراو و کەسایەتیی و کانتۆناتی ناڕێکخراودا.
حیزبەکان؛ نەوەی نوێ و یەکگرتوو و کۆمەڵن، ئەوەی یەکەمیان شەق لە هەور ئەدات و پێی وایە ماسییەك لە زەریای ئەتڵەسی و ئارام و هیندیی تا ئەگات بە کۆی ئەستێرەکانی ئاسمان، بەبێ پرس و خواستی شاسوار ناجوڵێت!
کێشەی ئۆکراین و ڕووسیا و فەلەستین و ئیسرائیل تەنیا و تەنیا بە ئەمری جەنابیان چارەسەر ئەبێت!

ئەو کە خۆی بازرگانێکی ناو هەناوی سەرمایەدارییە، کەچی بە هەناسەی چەپێکی چلەکانی سەدەی ڕابردوو، بە زمانی سیاسییەکی زۆر نا کامڵ لە هەموو پرسێکدا و زۆر سەتحیی قسە ئەکات، ئەو کە لەسەردەمی دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتیی و بەشێوەیەکی زۆر ناڕوون دەوڵەمەند بووە، ئێستا باسی دادپەروەریی ئەکات و لەپێش پارتیی و یەکێتییەوە ڕەخنە لە خەڵکە ناڕازییەکە ئەگرێت و بەهەڵمەتی ڕێکخراو تەشهیریان پێئەکات و تیرۆری کەسایەتییان ئەکات!
بەلوتبەرزییەکی بێ پێشیینەوە موخاتەبەی خەڵك ئەکات، بەشێك لە ڕۆژنامەنووسان و دەستەبژێری(ڕۆشنبیر) لەلای خۆی کردووە بە موچەخۆر، هەر بەو چاوەوە سەیری هەموو کۆمەڵگا ئەکات!

یەکگرتوو و کۆمەڵ جگە لە چەند هەزار دەنگێکی ئایدۆلۆژیی و پەیوەست بە کارنامەکەیان، کاریگەرییان تەواو سنووردارە و سەرقاڵی بیزنسن لە بواری زانکۆ و خوێندنگە و نەخۆشخانەی ئەهلیی و کردنەوەی قوتابخانەی تەحفیز و پرسە سیاسییەکەیان ترشاندووە بەسەر یەکدا و دابەشی دوو ئەجێندای ئێرانیی و تورکیین!

کەسایەتیی و گرووپە ناڕێکخراوەکان؛ کەمتر لەو سێ حیزبە ئۆباڵی خراپیی بارودۆخەکەیان لەسەر نییە!
ئەوانیش کۆمەڵە گرووپێکی سەیر و سەمەرەن، کول و کۆڵ ئەبیت تا دوانیان پێکەوە تەنیا گفتوگۆ بکەن!

ئەمانەش کە زۆرینەیان خانەنشینی چەند ملیۆنیی و خاوەنی پەیجی چەند هەزار لایك و لەسایەی ئەم دۆخەدا بوون بە پەبلیك فیگەر، خۆیان لێگۆڕاوە و هەر یەکەیان وەك شاسوار پێیان وایە بە وتارێك یان دیمانەیەك ئەتوانن دەسەڵات بڕۆخێنن!
بە سەردانێکی بەغدا و بینینی فەرمابەرێکی وەزارەتی دارایی موچەی دزراو ئەگێڕنەوە و بە تۆمارکردنی سکاڵایەك سەرانی پارتیی و یەکێتیی زیندانیی ئەکەن!

هەموو چەکێکی دەستی ئەوان لیست دروستکردن و هەڵبژاردنە، ئەوەش هەڵبژاردن، یەکێتیی و پارتیی دە ساڵ قەزوان کۆکردنەوەت بە ڕۆژێك گوێز کڕین لێئەباتەوە!

ئەوەی کە دۆڕاوە هەموومانین، تەنیا نەوەی نوێ و لیستەکەی کۆمەڵ و یەکگرتوو نییە!
پارتیی و یەکێتیی هەموو شتێکی ئێمەیان بردووە، لەعێراقدا بچووك و وابەستەی ئەم و ئەون، ئەوەش ڕکابەرەکانیانە لێرە!