حکومەتی عێراق غەدری لە هەرێمی کوردستان کردووە؟

بڕوا ستار

2024-03-14

بە درێژایی ١٩ ساڵ لە یەکەمین کابینەی حکومەتی عێراقەوە، ئەم درووشمەی سەرەوە وێردی سەر زوبانی دەستەڵاتدارانی هەرێم بووە، بە تایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام با ئێمە گوزەرێک بەو مێژووە بکەین کە گوایە "عیراق غەدر لە هەرێم دەکات" و بزانین تا چەند ئەمە ڕاستە:

لایەنی دارایی و ئابووری:
لە یەکەمین خولی پەرلەمانی عێراقەوە، بە چاوساغی لایەنە دەستەڵاتدارەکانی هەرێم کە زۆرینەی لایەنی کوردی بوون، بەشە بودجەی هەرێمی دەستنیشانکردووە و ئەوانیش دەنگیان پێداوە، تا ساتی ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ، هەرێم مانگانە هاوشانی بودجەی عیراق بەبێ دواکەوتن، لێبڕین و پاشەکەوت، بودجەی لە بەغداوە بۆ دەهات، بە قسەی دەستەڵاتدارانی هەرێمیش بێت تا ئێرە هیچ کێشەیەکی دارایی و ئابووری لەنێوان بەغداد و هەولێردا نەبووە، سەرەڕای ناردنی ئەو پارەیەش، بەهۆی تەخشان و پەخشان کردنی ئەو بودجە زەبەلاحەوە، هیچ پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە هەرێمدا جێبەجێنەکرا، (_ئەگەر پرسیاری ئەوەش دێتە پێشەوە، ئەی ئەم هەموو باڵەخانە و سیتییە چییە؟)، ئەوا وەڵامی ئەوەش ئاسانە.
دوای ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ، بەهۆی بێ باکی دەستەڵاتدارانی هەرێم و حیساب نەکردن بۆ عێراق و قۆستنەوەی لاوازی حکومەتی فیدڕاڵی و نەزانینی خەڵکەوە، ٤٢ کۆمپانیای بیانی، کە لە ١٣ وڵاتی جیاوە نێردرابوون، دەستیانکرد بە هەڵکۆڵینی زەوی کاکی بە کای کوردستان و بنکۆڵیان کرد، کەچی ئەم پیلانەی "ئابووری سەربەخۆ"، نەک نەیتوانی خیر و بەرەکەت بۆ کوردستان بهێنێت، بەڵکو رۆژ بە ڕۆژ هەرێمی لاوازتر و سەرگەردانتر کرد، تا وای لێهات لە ٢٠١٤دا حکومەتی عیراق بە سەرکردایتی نوری مالیکی، بودجەی هەرێمیان بڕی، بەڵام هەرێم پروپاگەندەی ئەوەی دەکرد، کە گوایە عێراق غەدر لە هەرێم دەکات، بەڵام چۆن؟
هەرێم پییوابوو، نەوت، داهاتی ناوخۆ، داهاتی دەروازەکان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گومرگ هەمووی بە تەنیا بۆ خۆی بێت، بەڵام حکومەتی عێراق پێویستە لە هەموو ئەو داهاتانەی کە لە عێراق کۆدەکرێنەوە، بەشی هەرێمی کوردستانیش بدەن، وەک ئەو پەندە کوردیەی کە دەڵێت؛ بەشی خۆم بۆ خۆم و هی تۆش دەخۆم.!
لەلایەکی ترەوە ئەو شاڵاوی دامەزراندنە حیزبی و کەسییانەی، کە قوڕی بۆ هەرێمی کوردستان گرتەوە، وای کرد ئەو پارەیەی کە دەستی دەکەوێت، بەشی تەنانەت موچەش نەکات، سەرباری ئەوەی بەشیکی زۆر لەو داهاتانە کەس نەیدەزانی لە کام پڕۆژەی وەهمی خەرج دەکرێت.!

لایەنی سیاسی:
هەمیشە دەستەڵاتدارانی هەرێم، بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە گوایە حکومەتی عیراق، دژی قەوارەی هەرێمە و دەیانەوێت لەناوی ببەن، کە ئەمەش پروپاگەندەیەکی پوچ و بێ بنەمایە، چونکە:
یەکەم: قەوارەی هەرێم، قەوارەیەکی دەستوورییە، تەنها دوو ڕێگە بۆ دژایەتی هەیە، ئەویش ڕاپرسیی هەڵوەشانەوەی مادە دەستوورییەکە و کودەتایەکی سەربازی و سیاسییە، کە ئەم دووانە هەرگیز لکە عێراقی دوای ٢٠٠٣ رونادەن، چونکە عێراق ئێستاش لەژێر هەژموونی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەتی.
دووەم: هەرێمی کوردستان وەک جاران نییە و ئێستا هاوسۆزییەکی گەورەی لە جیهاندا لەگەڵە، بە تایبەتیش دوای ئەوەی کە کورد توانی گەورەترین هێزی تیرۆ*ریستی لەناو ببات.
بابەتی ناوچە جێناکۆکەکانە، کە هەمیشە لایەنە دەستەڵاتدارەکانی هەرێم بانگەشەی ئەوە دەکەن، عێراق نایەوێ ئەو مادەیە جێبەجێ بکات، کە لە دەستووردا هاتووە (مادەی ١٤٠)، بەڵام دیسانەوە هۆکاری جێبەجێنەکردنی ئەو مادەیە، لە ئەستۆی دەستەڵاتدارانی هەرێمە، چونکە هەرگیز وەک بابەتێکی گرنگ مامەڵەیان لەگەڵدا نەکردووە، ئەگینا جێبەجێکردنی ئەو مادەیە هێندە ئاسان بوو، دەتوانرا لە شەو و ڕۆژێکدا ڕاپرسی بکرێت، چونکە ئەو کاتە عێراق لە شەڕیکی مەزهەبی قوڵ و گیرۆدەی تیرۆر بوو، بەڵام هیچ کات دەستەڵاتدارانی هەرێم نەیانویست ئەو مادەیە جێبەجێ بکەن، بە شێوازێکیش بابەتەکەیان باس دەکرد، کە گوایە عێراق نەیکردووە، بەڵام خۆ ڕوونە عێراق لە ئەگری کردنیشی توانای ڕاگرتنی نەبوو.

ئەمانە و چەندین لایەنی تر، کە پروپاگەندەی دەستەلاتدارانی هەرێم، کە دەڵێن عێراق غەدر لە هەرێم دەکات پوچ دەکاتەوە.

ئــەرێ بەڕاست، ئێستاش پێتــــوایە
چەقۆی غەدر لە دەستی بەغدایە؟