مووچە یان نیشتیمان؟

فارس نەورۆڵی

2024-03-13

ئەمەی لە کوردستان دەگوزەرێ لە هەموو کایەکاندا بەرەنجامە، کێشەکان ئەوەندە ئاڵۆزن بیری تیژی دەوێ تا بتوانێ دەستکاری بکات چونکە لەدۆخێکی پارچە پارچە بووی ئەخلاقی و سیاسیداین ،وەک نالی دەڵێ: (مەی چۆن نەڕژێ شوشە لەسەد لاوە شکاوە). 

ئێستا کێشەی مووچە یەکێکە لەو کێشانەی کە بەردەگای ماڵ بەماڵی هاوڵاتیانی گرتووەو دەستی خستوەتە بینی خەڵک و لە خنکان نزیکی کردۆەتەوە، چونکە قوتی خەڵکی بڕیووە و کاتێک مرۆڤ قوتی ڕۆژانەی نەبوو ناتوانێ ئەرێنی بیربکاتەوە بەڵکو دەبێتە مرۆڤێکی کۆلارەی واتە تاک کە کێشەی داهاتی بۆ دروست بوو کێشە بۆ بیرکردنەوە و ڕەفتاری دروست دەبێ، ڕاستە بڕینی قوتی خەڵک جۆرێکە لەشەڕ بۆ تێکشکانی تاکی کوردی. بەڵام بەرامبەر ئەم شەڕە هەرێم هیچ ئامادەکارییەکی نەکردوە.

ئەوەی جێگای نیگەرانییە بۆ ئەم کێشەیەو کێشەکانی دیکە لەسەر ئاستی گشتیش کورد نەیتوانیوە یەک هەڵوێست بێت، کەسانێک هەن زۆر بەسادەیی دەڵێن: جا مووچە چییە نیشتیمان هەموو شتە (کەنان نیە کێک بخۆن)، لەڕاستیدا ئەم جۆرە کەسانە لەگیرفانی پڕی خۆیانەوە گیرفانی ئەوانی دیکە دەبینن. پرسیارەکە ئەوەیە کاتێک منداڵێک بەیانی دەچێ بۆ خوێندن داوای ڕۆژانە لە باوکی هەژاری دەکات باوکیش هیچ لەگیرفانیدا نیە ڕۆحی دەسوتێ چی بە منداڵەکەی بڵێ یاخود بەم ڕەمەزانە دەچێتەوە سفرەی خاڵی منداڵەکانی دەبینێ چیان پێ بڵێ چۆن تێیان بگەیەنێ نیشتیمان خۆشەویستە! 

لەلایەکی دیکەوە کەسانێک هەن دەڵێن نیشتیمان هیچ نیە هەرچەندە باوەڕم وایە بەشێک لەو کەسانە لەدڵەوە ئەوە باوەڕیان نیە بەڵکو لەژێر فشاری ئەو هەلومەرجەدا ئەو دۆخە دەرونیەیان بۆ دروست بووە!

کەواتە پێویستە هەڵگرانی ئەو جۆرە لە بیرکردنەو ە لەوە تێبگەن بێ نیشتیمان هیچ بەدەس ناهێنین وەک پەشێو دەڵێ: ( ئەوەی نیشتیمانی نەبێ ١…٢… ٣.  کوا) بۆیە هەردوو بیرکردنەوەکە هەڵەیە ئەگەر نەفی یەکتر بکەن دەبێ هەمومان تێبگەین هەم مووچە گرنگە، هەم نیشتیمان. چونکە گەر مووچە نەبوو نان نەبوو ژیان دەوەستێ گەر نیشتیمان نەبوو سەرگەردان دەبین، لەم هەلومەرجەدا هاوڵاتی و فەرمانبەر جێگای گلەیی نین مافی خۆیانە ڕەخنە بگرن نیگەران بن چونکە هەرئەوانن لەژێر باری گرانی ژیاندان کێشە ئەوەیە هەندێک سیاسەت باز کێشەی مووچە بکەنە موزایەدەی سیاسی، بێ گوێدانە ژیانی سەختی هاوڵاتی بێ گوێدانە کەرامەتی نیشتیمان، ئێستا سیاسی هەیە بەناوی نیشتیمانپەروەری قسەی گەورەو ناوەڕۆکی پووچ بۆتە وێردی زمانی و نان و گیرفانی خەڵکی لا هیچ نیە. سیاسی هەیە بەناوی بەرەی گەلەوە خەریکی خەڵەتاندنی ڕای گشتیەو خۆی بەفریاد ڕەس نیشان دەدات و نیشتیمانی لا هیچ نیە ئەوە هەڵە کوشندەکەیە کە بیر لەچارەسەر ناکەنەوە تەنها سەرقاڵی بازاڕ گەرمی میدیایی و موزایەدەی سیاسی دەبن!

 ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئێمە لەو واقیعە تێبگەین و پرسیار لەخۆمان بکەین بۆ گەشتینە ئێرە؟ 
خۆ ئەگەر لەو واقیعە تێنەگەین ناتوانین چارەسەری بۆ بدۆزینەوەو دەبێ بزانین ئێمە لەپێناوی بەهاو کەرامەتدا جەنگاوین نەک بۆ ئەم نەفیکردنەی یەکتر، لەهەمان کاتدا دەبێ بزانین نان سیمبولی ژیانە و نیشتیمان سیمبولی کەرامەت. نەبونی هەریەک لەم دوانە دەرگا بۆ ڕسوای مرۆڤ دەکاتەوە.

بۆیە پێویستە ئەم گفتوگۆ بیزەنتینیە لە هەموو کایەکاندا تێپەڕێنین، هەرچەندە نازانم (کات ماوە یان نەماوە)، بەڵام پێویستە سەرکردایەتی کورد و کەسی یەکەمی حیزبەکان گوتارێک بدۆزنەوە بۆ گفتوگۆ لەتەک بەغداد و دۆستەکانمان و دراوسێکان کە نان و ژیانی خەڵک نەکرێتە کارتی سیاسی و ئەمە سەرەتایترین مافی مرۆڤە،  ئەگەر ئێمە نەتوانین چارەیەک بۆ ئەو دۆخە بدۆزینەوە هەم نان لەدەست دەدەین هەم نیشتیمان!