کوردی
عربي
English
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیرووڕا
English
عربي
وتار
مووچەو مافی خانەنشیان لە نێوان هەرێم و بەغداد دا
ڕێبەر ئەکرەم
2024-03-03
گرنگترین جیاوازییەکانی مافی خانەنشینان لەنێوان قانونی عێراق و هەرێمی کوردستاندا
لەئێستادا ئەو قانوونەی بواری خانەنشینیی کە لەعێراق جێبەجێ دەکرێت بریتییە لەقانونی ژمارە (٩)ی ساڵی (٢٠١٤)ی هەموارکراو، بەڵام لەهەرێمی کوردستان تائێستا کار بەقانونی ژمارە (٢٧)ی ساڵی (٢٠٠٦) دەکرێت، لەکاتێکدا ئەم قانونی خانەنشینییەی ساڵی (٢٠٠٦) بەپێی ماددەی (٤٠) لە قانونی ژمارە (٩)ی ساڵی (٢٠١٤) هەڵوەشاوەتەوە.
هەروەها دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لەڕێکەوتی (٢٣/١١/٢٠٢٢) بڕیاریدا بە نادەستوریبوونی کارکردن بە قانونی خانەنشینیی ساڵی (٢٠٠٦)، وە هەرێمی کوردستانی پابەندکرد بە کارکردن بە قانونی خانەنشینیی ساڵی (٢٠١٤). ئەگەرچی بەپێی ماددەی (٩٤)ی دەستوری عێراقی ساڵی (٢٠٠٥)، بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری بنبڕو کۆتایین، واتە شیاوی تانەلێگرتن نین، وە پابەندکارن بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان، بەڵام تائێستا لەهەرێمی کوردستان کار بەقانونی خانەنشینیی عێراق، ژمارە (٩)ی ساڵی (٢٠١٤) ناکرێت، کە تیایدا کۆمەڵێک ماف و ئیمتیازی زیاتر بۆ خانەنشینان دەستەبەر کراوە.
لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک دەق و حوکمی هاوبەش لەنێوان هەردوو قانونی ئاماژەپێکراودا هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک جیاوازیی گرنگ لەنێوانیان ئەو دوو قانونەدا هەیە بەتایبەت دەربارەی مافەکانی خانەنشینان، لەخوارەوە ئاماژە بە گرنگترین جیاوازییەکانی نێوان هەردوو قانونی ئاماژەپێکراو دەدەین:
١- کەمترین مووچەی خانەنشینیی لەقانونی ساڵی (٢٠٠٦)دا بریتییە لە (٢٢٠٠٠٠) دووسەدو بیست هەزار دینار، بەڵام لەقانونی ساڵی (٢٠١٤)ی هەموارکراودا بەگشتیی بریتییە لە(٥٠٠٠٠٠) پێنج سەد هەزار دینار.
٢- لەقانونی ساڵی (٢٠١٤)ی هەموارکراودا دەرماڵەی بژێویی بەڕێژەی (١٪)ی مووچەی خانەنشینی بۆ هەرساڵێکی خزمەت ئەژماردەکرێت، لەگەڵ دەرماڵەی بڕوانامە بەڕێژەی (٥٪) بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم، وە (١٠٪) بۆ بەکالۆریۆس، وە (١٥٪) بۆ ماستەرو دبلۆمی باڵا، وە (٢٠٪) بۆ دکتۆرا، بەڵام ئەم دوو جۆرە دەرماڵەیە لەقانونی ساڵی (٢٠٠٦)دا ئاماژەی پێ نەکراوە.
٣- ڕێسای گشتیی بۆ تەمەنی ڕەوانەکردن بۆ خانەنشینیی لەقانونی ساڵی (٢٠٠٦)دا بریتییە لەتەواوکردنی (٦٣)ساڵی تەمەن، بەڵام لەقانونی ساڵی (٢٠١٤)ی هەموارکراودا بریتییە لە تەواوکردنی (٦٠)ساڵی تەمەن.
٤- لەقانونی ساڵی (٢٠٠٦)دا، لەحاڵەتی ڕەوانەکردن بۆ خانەنشینیی بەهۆی تەواوکردنی تەمەنی قانونییەوە، مەرجە لانی کەم (١٥) ساڵ خزمەت هەبێت بۆ شایستەبوون بەمووچەی خانەنشینیی، بەڵام لەقانونی ساڵی (٢٠١٤)ی هەموارکراودا ئەوانەش کە خزمەتیان لە (١٥) ساڵ کەمترەو لە (١٠)ساڵ کەمتر نییە، دەکرێت مووچەی خانەنشینییان پێبدرێت بەبڕی جیاواز بەگوێرەی ماوەی ساڵانی خزمەتەکانیان.
٥- لای سەرووی مووچەی خانەنشینیی لەقانونی ساڵی (٢٠٠٦)دا بریتییە لە ڕێژەی (٨٠٪)ی دوایین مووچەی وەزیفی فەرمانبەر، بەڵام لەقانونی ساڵی (٢٠١٤)ی هەموارکراودا بریتییە لە ڕێژەی (١٠٠٪).
٦- لەقانونی ساڵی (٢٠٠٦)دا دەکرێت ڕاژەی فەرمانبەر درێژبکرێتەوە بۆماوەیەک کە لە (٣)ساڵ تێپەڕنەکات، بەڵام لەقانونی ساڵی (٢٠١٤)ی هەموارکراودا ئاماژە بەدرێژکردنەوەی ڕاژە نەکراوە.
٧- مەرجی تەمەن بۆ خانەنشینکردن لەسەر داوای فەرمانبەر لەقانونی ساڵی (٢٠٠٦)دا بریتییە لە تەواوکردنی (٥٠)ساڵ، بەڵام لەقانونی ساڵی (٢٠١٤)ی هەموارکراودا کەمکراوەتەوە بۆ (٤٥) ساڵ.
٨- خانەنشینکردن لەبەرهۆکاری تەندروستی لەقانونی ساڵی (٢٠٠٦)دا بەڕەهایی هاتووە، بەڵام لەقانونی ساڵی (٢٠١٤)ی هەموارکراودا تایبەتمەندیی دراوە بەوەی کە ئەگەر خانەنشینبوونەکە بەهۆی پێکان لەوەزیفەدا بێت، واتە لەم حاڵەتەدا ئەحکام و ڕێژەی تایبەتی بۆ دانراوە.
۹- لەقانونی ساڵی (٢٠١٤)ی هەموارکراودا، ڕێگەدراوە بە فەرمانبەری ئافرەتی هاوسەردار یان ٲرملة یان تەڵاقدراو کە داوای ڕەوانەکردن بۆ خانەنشینکردن بکات، بەمەرجێک خزمەتی لە(١٥) ساڵ کەمتر نەبێت، وە ژمارەی منداڵەکانی لە (٣) منداڵ کەمتر نەبێت و تەمەنی هەریەکەیان لە (١٥) ساڵ زیاتر نەبێت، وە خۆی تەرخان بکات بۆ چاودێریکردنیان، بەڵام ئەم حاڵەتە لەقانونی ساڵی (٢٠٠٦)دا بوونی نییە.
١٠- ڕێژەی لێبڕینی خانەنشینیی لەقانونی ساڵی (٢٠٠٦)دا بریتییە لە (٧٪)ی مووچە، بەڵام لەقانونی ساڵی (٢٠١٤)ی هەموارکراودا زیادکراوە بۆ (١٠٪).
١١- لەقانونی ساڵی (٢٠١٤)ی هەموارکراودا ئەوانەی شایستەی خانەنشینبوون دەبن بەهۆی کۆتاییهاتن بەڕاژە لەڕێگەی وەک لەکارخستن(العزل)و دەستلەکارکێشانەوەو فەسڵکردن و...، هۆکاری دیکەی بۆ زیادکراوەو بازنەی هۆکارەکان فراوان کراوە، وە مەرجی تەمەن لەم حاڵەتانەدا لە (٥٠) ساڵەوە کەمکراوەتەوە بۆ (٤٥) ساڵ، وە بڕی مووچەی خانەنشینییان بریتییە لە (٣٧٥٠٠٠)، کە ئەم بڕە لەقانونی (٢٠٠٦)دا ئاماژەی پێ نەکراوە.
١٢- لەقانونی ساڵی (٢٠١٤)ی هەموارکراودا پێگەی قانونیی فەرمانبەری گرێبەست بەهێزترەو ئەحکامی تایبەت و گونجاوی باشتری بۆ دانراوە بە بەراورد بەقانونی ساڵی (٢٠٠٦).
ڕێبەر ٲکرم فایق ــ ماستەر لەیاسای گشتی
زیاتر بخوێنەرەوە
بێستون شەهیدجەبار
ئەم هەرێمە چۆن چاک دەبێت؟
ئەلەند مەحوى
سودانی، ئەو پیاوەی بە "چانس" گەمەکان دەباتەوە
بڕوا ستار
حکومەتی عێراق غەدری لە هەرێمی کوردستان کردووە؟
بەهروز حاجی
تکایە لەعەلی حەمەساڵح و هاوڕێیانی
فارس نەورۆڵی
مووچە یان نیشتیمان؟
محمد خۆشناو
گەڕانەوەی سەرۆکە بێشەرمەکە !!
فارس نەورۆڵی
لە ١٠ی ٦ دا گۆرانی بۆ لەیلای خۆت بڵێ
سالار مەحمود
لە مولازم عومەرەوە بۆ مەسعود بارزانی
بەهروز حاجی
وردە وردە،لەقاڵبدان
محمد خۆشناو
کورد و کۆتایی مێژوو !
ئەمانەش ببینە
بەپەلە ... بانکی تی بی ئای گەیشتن و تەوتین دەستپێدەکات
مام بێستون باوکی یەکێك لەو چوار شاخەوانەی گیانیان لە دەست دا قسە بۆ دیپلۆماتیك دەکات
کرێکارێک لە پرۆژەیەکی نیشتەجێ بوون لە قاتی ١٧ دەکەوێتە خوارەوە
ئەردۆگان بڕیاری توندی دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند
پارتی لەگەڵ دیزاینەرەکە ڕێکدەکەوێت ... بە پێنوسی:عوسمان گوڵپی
بەپەلە... فەزاحەت ئاشکرابوو ... بۆچی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا موچە دابەش نەکات؟
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
بابەتەکان
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیروڕا
ئەرشیف
ئێمە کێێن
دەربارە
پەیوەندی
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2024 Diplomatic Magazine