کەرکوک وەک گەمەی شەترەنج   بینین و بیر کردنەوە

فارس نەورۆڵی

2023-12-24

 بۆ ئەوەی بە وتار و کردارێکی دیکەی نوێ بچینە گەمەی سیاسی، بۆ لەدەست نەدانی کەرکوک پێویستە لەم هەل و مەرجە سیاسیەی دوای هەڵبژاردن و دۆخی سیاسی و دارایی هەرێم و پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغداو تێڕوانینی دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ کەرکوک بەدروستی تێبگەین، چیتر واز لەو وتار و دروشمانە بێنین کە چەند قوربانیمان لەپێناو کەرکوکدا بەخشیوە. دوێنێ چوو ئەمڕۆچی ؟ ئەوانە بوو بە دوێنێ و تەنها دەکرێ وانەی لێوەرگرین نەک بەردەوام بیڵێینەوە. 

ئێستا حزبی کوردی لە کەرکوک و سنورەکانی مادەی (١٤٠) تەنها یەکێتی و پارتی کورسییان هێناوە، ئیتر نەکرێتە تاوانی کەس بۆ کورسی زیاترمان نەهێناوەو تاوانی هەموو حیزبەکانە، هەریەکەو بەپێی پێگەی خۆی چونکە کورد بونمان کردە قوربانی حزب بوون! 

ئەوەی گرنگە ئێستا پارتی و یەکێتی کاری لەسەر بکەن سڕکردنی هەمو ئامانجێک و بەرژەوەندی وناکۆکی حزبیە، نەخشە ڕێگای ئەم ساتەوەختەی دانوستاندنی پێکهاتەکانی کەرکوک بۆ حکومەتی خۆجێی پێویستی بە کوردبونێکی مەدەنیانەوپێکەوەژیانە و خۆلادان لەدروشم بازی ، ئیتر شەڕ لەسەر ئەوە نەکەن کە پارێزگاری کەرکوک دەبێ پارتی بێت یان یەکێتی بێت، گرنگ ئەوەیە پارێزگارێکی پاک و کورد پەروەر بێت و بتوانێ هاوسەنگی پێکهاتەکانی کەرکوک ڕاگرێت. بەلەبەرچاوگرتنی کورد بوونی کەرکوک .

ئەم جارە پارتی و یەکێتی نمونەیەکی جیاوازو جوانتر لەبەڕێوەبردن نیشان بدەن بۆ ئەوەی پێکهاتەکانی دیکە لەژیانی خۆیان نەترسن و هەر حزبێک ئەم ڕێگایە بگرێتە بەر ئەوا مێژوو بە سەروەری بۆی تۆمار دەکات و بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان شەقامی کوردی و دەنگدەرانی هەرێم پاداشتی دەدەنەوە. خۆ ئەگەر پارتی و یەکێتی هەر عینادی یەکتر بکەن و بەرژەوەندی حزبی بخەنە سەروی کوردبونەوە بە دڵنیاییەوە لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا شەقامی کوردی قسەی خۆی دەکات و تۆڵەیان لێ دەکەنەوە دەنگی پێنادەن. 

بۆیە ئەمە بۆ مێژوو دەڵێم، دەبێت وریا بن گەمەی ئەم جارەی کەرکوک وەک گەمەی شەترەنجە، هەم بینینی فراوانی دەوێت ، هەم بیر کردنەوەی قوڵ ، دەرەنجامیش پاساو قبوڵ ناکات .