لەدوای شکانی دژە هێرشەکەی ئۆکرانیا چی ڕوودەدات؟

ڕەوا موسا

2023-12-30

دژە هێرشەکەی سوپای ئۆکرانیا لەنێوان دەمەکانی کاتژمێری سەربازی و کاتژمێری سیاسیدا تێکشکا!
دۆخی نوێی ئۆکرانیا
بۆچی هەواڵی نەمانی عیتادی تۆپخانەکانی ئۆکرانیا دەکرێت فێڵ بێت؟!
 
لەدوای شکانی دژە- هێرشەکەی ئۆکرانیا چی ڕوودەدات؟!
 ئەمریکا چۆن پۆتین بە دانووستان ڕازی دەکات؟!

 بۆچی حکومەتی کاربەڕێکەری هۆڵەندا پەلە لە ناردنی فڕۆکەی F-16 دەکات بۆ ئۆکرانیا؟!
دانووستانی کۆتاییهاتنی جەنگ لەسەرچی دەکرێت؟!


ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردۆتەوە کە هێزەکانی ئۆکرانیا خەریکە خەزانەکانی تۆپیان خاڵی دەبێت بەهۆی وەستانی هاوکارییەکانی خۆرئاوا. 

ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە و ڕەنگە ڕووسیا بتوانێت سودی لێ وەربگرێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەرتاسەری، کەمی چڕی تۆپباران دەرفەت بەهێزی وشکانی ڕووسیا دەدات هێرشی زەمینی فراوان دەستپێبکەن و هەوڵی گرتنی ناوچەیەکی فراوان بدەن بەتایبەتی دوای ئەوەی زنجیرە دژەهێرشەکانی ئۆکرانیا بە شکست کۆتاییان هات و هێڵەکان گۆڕانکاری ئەوتۆیان بەسەردا نەهات. ژەنەڕاڵەکانی ئۆکرانیا بۆئەوەی ئەم بۆشاییە پڕبکەنەوە داوایان لە زیلینسکی سەرۆک کۆمار کردووە پڕۆسەیەکی تری بە سەربازگرتن دەستپێبکات و نزیکەی نیو ملیۆن کەسی تر چەکدار بکات! ئەم هێزە زۆرە بۆئەوەیە هێڵە درێژەکانی پشتەوە قایم بکەن کە بەدرێژایی هەزاران کیلۆمەتر بەرامبەر ڕووسیا لە جەنگدان و سەنگەریان داکوتیووە. بەڵام ئاخۆ ئەمریکاش چاوی لە هێرشی نوێی ڕووسیا نییە؟! 



ئەگەر بەبیرتان مابێت لە چەند وتارێکدا باسی ئەوەمانکرد کە دژە هێرشی ئۆکرانییەکان زامنی ستراتیژی داهاتووی جەنگەکە دەکات ئاخۆ بەردەوام دەبێت یان دانووستان دێتە جێگای، لەم دژە هێرشەدا ئۆکرانیا کۆمەڵێک شت یەکلایی دەکاتەوە، باسمان لەوەکرد ئەگەر سەرکەوتووبێت ئەوا بۆ ماوەیەکی زۆر درێژتر چەک و تەقەمەنی و هاوکاری پێدەگات و خۆرئاوا بەردەوام دەبن لەهاوکاریکردنی، ئەگەریش سەرکەوتوو نەبوو ئەوا خۆرئاوا بێزار و بێتاقەت دەبن لە هەڵگرتنی ئەرکی قورسی ئەم جەنگە و بەرەو دانووستان پاڵی پێوەدەنێنن. پاش ئەوەی حکومەتی ئۆکرانیا زەختێکی زۆری لە فەرماندەکانی کرد و پێشتریش ئاماژەمان پێدا کە ئەم زەختە زۆرەی حکومەتی ئۆکرانیا سوپاکەی بەرەو شکست دەبات چونکە گوشارێکی وا زۆر لە فەرماندەکان و سەربازە نوێیەکان کە بەپەلەپەل ڕاهێنانی نوێی مەزهەبی ناتۆیان تەواوکردووە، وا دەکات نەتوانن لەنێوانی دوو بەرداشی تاکتیک و ستراتیژەکانی مەزهەبی سۆڤیەت و ناتۆ و چەکە نوێیەکان ڕزگاریان ببێت و هەزمی مەیدانەکە بکەن، فەرماندەکان ناچار دەکات پشت بە هێرشی زۆر و بەردەوامی سەربازە نوێیەکان ببەستن لەکاتێکدا هێزەکانی ڕووسیا لەپشتی کۆمەڵێک هێڵی بەرگری بەهێزەوە خۆیان مەڵاس داوە و تۆپخانەکانی زەبەلاحیشیان ئامادەکردبوو تا ئەم هەڵەیە بقۆزێتەوە، بە ئاسودەیی لەپشتی سەنگەرەکانەوە دەرچوونە خێراکانی هێزەکانی ئۆکرانیایان کردە ئامانج و لەژێر بۆردوومانی چڕی تۆپخانەکاندا ئۆکرانییەکان نەیانتوانی بەدرێژایی زنجیرە دژە-هێرشەکانیان پێشڕەوییەکی ئەوتۆ بکەن. 

حکومەتی ئۆکرانیش بیانوو بۆ پەلەکردنەکەی بەوە دەهێنێتەوە کە ئەگەر زیاتر دژەهێرشەکانیان دواخستبا ئەوا ڕووسیا ناوچەی زیاتری مینڕێژ دەکرد و هێڵی بەرگری زیاتری لێدەدا، بەڵام ئەم بیانووە جێی خۆی نەگرت چونکە سوپای ئۆکرانیا بەهۆی پەلەکردنەکەیەوە نەیتوانی تەنانەت بگاتە هێڵی دووەمی بەرگری هێزەکانی ڕووسیا چ جای ڕووبەڕووی مەیدانی مینڕێژکراو و هێڵی بەرگری نوێی ئیحتیادببنەوە! دەبوو وازیان لە سوپا بهێنابا بەپێی کاتژمێری سەربازی شەڕیانبکردبا نەک بەپێی کاتژمێری سیاسی! وەک لە وتارەکانی پێشووش بەر لە دژە هێرشەکە باسمانکرد ئەم دژە هێرشەی ئۆکرانیا بەپێی کاتژمێری سەربازی زوو و بەپێی کاتژمێری سیاسی درەنگ دەکەوێت! حکومەتی ئۆکرانی لەگەڵ گووتنی بیانووەکەیدا ڕاستگۆنەبوو، چونکە هۆکاری پەلەکردنەکەیان لەڕاستیدا ترس بوو لە زوو هاتنی کاتی دانووستانەکانیان لەگەڵ ڕووسیا لەژێر گوشاری خۆرئاوادا نەک لێدانی سەنگەر و هێڵی زیاتر!

ئەم شکانەی ئۆکرانیا وەک بەر لە دژە-هێرشەکە باسمان کرد بەرەو دانووستانی دەبات، حکومەتی ئۆکرانیش بەسەرۆکایەتی زیلینسکی نەیدەوویست لەخاکی وڵاتەکەی خۆشببێت بۆیە پەلەی لە دژە هێرشەکەدا کرد. لەئێستادا لەدوایین وتاری بایدندا ئاماژەکانی دانووستان دەرکەوتن کاتێک ووتی " هاوکاری ئۆکرانیا دەکەین  ئەوەندەی بۆمان بکرێت"! پێشتر بایدن ڕاهاتبوو بڵێت" ئەوەندەی بیخایەنێت" نەک "....ئەوەندەی بۆمان بکرێت"! ئەم وتەیەی بایدن لەدوای ئەوە هات کە کۆمارییەکان پڕۆژەیەکی نوێی بایدنیان ڕاگرت کە تێیدا بە بەهای 60 ملیار دۆلاری تر هاوکاری ئۆکرانیای دەکرد.

بێ ئەنجامی دژەهێرشەکەی ئۆکرانیا وڵاتانی خۆرئاوای کەمێک بێئومێد کرد بۆیە بیر لە فڕێدانی بەردە قورسەکەی شانیان  دەکەنەوە کە تێچووێکی زۆری هەیە و کێشەی سیاسی ناوخۆیشی لە چەندین وڵات درووستکردووە، هەر دوێنێ ئاژانسی  پۆلیتیکۆی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بەپشت بەستن بەسەرچاوەیەکی ناو کۆشکی سپی، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت زانیاری دەربارەی ئەگەری دانووستان لەگەڵ ڕووسیا بڵاوکردۆتەوە و ڕایگەیاندووە ئیدارەی بایدن بەنهێنی ستراتیژی خۆیان دەگۆڕن و هەوڵی دانووستان لەگەڵ ڕووسیادا دەدەن.



دوایین لێدوانی وتەبێژی کۆشکی سپیش ئاماژەیەکی دیکەی تێدابوو کاتێک ووتی " ئێمە دەمانەوێت ئۆکرانیا دەستێکی بەهێزی هەبێت لەو پێشهاتانەی دیکەی ڕەنگە بێن"  لە شوێنێکی تر ووتی "دەمانەوێت لە شوێنێکی بەهێزتربن تا خاکی خۆیان بپارێزن، هەرچەندە ناشمانەوێ بێوورەیان بکەین لەوەی هێرشی تر ئەنجامنەدەن" ئەم لێدوانانە لەگەڵ لێدوانی جۆن کێربی سەرۆکی بەشی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا کە گووتی " نزیک بووینەتەوە لە کۆتایی هاتنی تواناکانمان لە یارمەتیدانی ئۆکرانیا" دووبارە ئاماژەن بەوەی ئیدارەی بایدن نزیکن لەوەی دانووستانەکانیان لەگەڵ ڕووسیا دەستپێبکەن، ئێستا لەنێوان خۆیاندا تاوتوێی دۆخەکە دەکەن ئاخۆ چۆن و بەچ میکانیزمێک ئۆکرانیا بەرنە ناو دانووستانەکان و داوای چی بکەن. 

ئیدارەی بایدن لەگەڵ ئەوەی تووشی گوشاری ناوخۆ بۆتەوە لەهەمانکاتدا ڕووسەکان لەڕێگەی حەماسەوە توانیان بەرەیەکی دیکەی جەنگ بۆ ئەمریکا بکەنەوە لە ئیسڕائیل، ئیدارەکە ملیارەها دۆلاری تری بۆ هاوکاریکردنی ئیسڕائیل لەدژی حەماس خەرجکردووە و خەریکی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی تریشە دژی حوسییەکان بۆ کردنەوەی تەواوەتی دەریای سور بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی. هەروەها لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی هۆڵەندا پارتی ڕاستڕەوی "سەربەرستی" زۆرترین کورسی پەرلەمانی بردەوە و ئەگەری هەیە بتوانن حکومەتی داهاتووی هۆڵەندا پێکبهێنن، لەو ئەگەرەشدا هۆڵەندا دەچێتە بەرەی هەنگاریاوە و هاوکارییەکانی خۆی بۆ ئۆکرانیا دەبڕێت کە لەئێستادا حکومەتی کاربەڕێکەر بەنیازن بەر لەو کاتە 18 فڕۆکەی f-16 لەڕێگای پۆڵەنداوە بۆ ئۆکرانیا بەڕێبخەن. ئەم هۆکارانە وا لە ئیدارەی بایدن و خۆرئاوا دەکات بەرلەوەی هاوپەیمانی نێوان خۆیان هەڵبوەشێتەوە ئۆکرانیا بەرنەناو دانووستانەوە لەدوای ئەوەی لە دژەهێرشەکەی شکستیهێنا.

چۆن پۆتین ڕازی دەکەن؟

 بۆئەمەش دەبێت دووبارە گوشار لەپۆتین بکەن تا ئەویش بە دانووستان ڕازی ببێت، بەڕای منیش ئیدارەی بایدن پلانی ئەوە دادەنێت هێزەکانی ڕووسیا بخاتە هەمان دۆخی هێزەکانی ئۆکرانیاوە تا بەرەو دانووستانیان ڕابکێشێت، واتا وەک چۆن هێزەکانی ئۆکرانیا لە زنجیرە دژەهێرشێکدا تێکشکاون و بێئومێدبوون بەهەمانشێوە هێزەکانی ڕووسیا ڕابکێشنەناو دژە هێرشێکی تاقەتپڕوکێنەوە تا بایی ئەوەندە زیانیان بەربکەوێت فلادیمیر پۆتینیش بێئومێدانە ناچار بە مێزی گفتوگۆ بکات. 

بۆ ئەم مەبەستە بەبڕوای من لە ماوەیەکی نزیکدا هێزەکانی ئۆکرانیا بە ڕاوێژ و ئامۆژگاری ئەفسەرانی ئەمریکا و ناتۆ چەندین هێڵی بەرگری بەهێز لێدەدەن و هەزاران سەنگەر و رەبایە درووستدەکەن و سەدان کیلۆمەتر مینڕێژ دەکەن و بەدەوری خۆرهەڵات و باکوری ئۆکرانیادا سنورەکانیان لەگەڵ ڕووسیا و بیلاڕووسیا بەتەواوی تێلبەند دەکەن و چاڵ و تونێل و خەندەق هەڵدەکۆڵن و هێڵی بەرگری دژە تانکیش درووستدەکەن، هاوشێوەی ڕووسییەکان دەکەونە لێدانی چەندین هێڵی یەک لەدوای یەکی بەرگری سەخت و چڕەوە کە بڕینی بە پیادە و تانک و زرێپۆش تەواو ئەستەم و دژاوبێت. وەستاندنی هێرشەکانی خۆشیان ڕووسییەکان هاندەدات هێرشی سەرتاسەری بکەن و ڕەنگە کشانەوەی ئەم دواییەی ئۆکرانیا لەهەندەک شوێن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی نەمانی عیتادی تۆپخانەکان فێڵێک بێت بۆ ڕاکێشانی ڕووسییەکان بۆ ئەم هێرشە سەرتاسەرییە، تا لەداهاتوودا بۆ هێڵە بەرگرییەکانی خۆیان ڕایانبکێشن و سەری زەبەلاحی سوپای ڕووسیا لەو فێڵەبدەن کە سەری خۆیانی پێکەوت و وەستاندنی! شکانی ڕووسەکان لەم هێرشە سەرتاسەرییەی داهاتوویان دۆخەکە بەرەو چەقبەستووییەکی وەها دەبات کە فلادیمیر پۆتینیش بێزاربکات و ناچار لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت. 

خۆئەگەریش پۆتین لەسەرەتاوە بەگفتوگۆ ڕازی ببێت پێویست بەو هێرشەی ڕووسیا و لێدانی هێڵی بەرگری ئۆکرانیا ناکات، بەڵام کاتێک پۆتین سوپای شکاو و پەشۆکاوی ئۆکرانیا لەدوای شکستی دژەهێرشەکەی خۆیان دەبینێت هەوڵدەدات ئەگەر مەودایەکی کەمیش بێت بتوانێت سود لە پەشۆکاوی سوپای ئۆکرانیا ببینێت و لانی کەم چەند شارۆچکەیەکی تر بەدەستبهێنێت یاخود تا ئەو هێڵە بڕواتەپێشەوە کە ئۆکرانیا لەپشتی سوپاکەی خۆیەوە خەریکی لێدانی دەبێت، ئەمەش بژاردەی زیاتری پێدەدات تا دانووستانی پێبکات لەداهاتوودا. 

گفتوگۆ لەسەر چی دەکەن؟ 

چونکە هێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناغی گفتوگۆ بۆیە ڕەنگە سەدا سەد نەزانین گفتوگۆ لەسەرچی دەکەن، بەڵام هەرچۆنێک بێت بەرەو ئاراستەی وەستاندنی جەنگ گفتوگۆ دەکەن. ڕەنگە فلادیمیر پۆتین لەبەرامبەر دانپێدانانی وەرگرتنی سەدا بیستی خاکی ئۆکرانیا لە دۆنێتسک و لوهانسک و کریمیا ڕازی ببێت ئۆکرانیا بچێتەناو هاوپەیمانی ناتۆوە. یاخود بەپێچەوانەوە بە کشانەوەی لەو ناوچانەی دوای دەستپێکردنی جەنگ داگیریکردوون لە ئۆکرانیا زیلینسکی ڕازیببێت بەوەی نەچێتە ناو ناتۆوە. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە لوهانسک و دۆنێتسک لەوەیە دوو شوێن بن دانووستانی لەسەربکرێت بەڵام پۆتین دانووستان لەسەر کریمیا ناکات و ئەوە دواهەمین جێگایە کە تەنها بە جەنگ دەستی لێ هەڵدەگرێت. بەبۆچوونی من ئەگەری پێدانی لوهانسک و دۆنێتسک بە ڕووسیا بەفەرمی لە بەرامبەر چوونە ناو ناتۆ نزیکترین ئەگەرە.